روونکردنەوەیەک لەسەر جنێوەکانی فاروق رەفیق

Saturday, 17/02/2024, 13:56

1767 بینراوە


ماوەی چەند رۆژێکە بەشێکی کەم لە دەنگێکی (فاروق رەفیق) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە، کە کاتی خۆی لە رێگای (WhatsApp)ەوە بۆ کاک کەمال جەمال موختار بەرپرسی کوردستانپۆستی ناردبوو، لەو دەنگەدا کۆمەڵێک جنێو و قسەی بازاڕیانەی کردووە و ناوی چەند کەسێکی هێناوە گوایا ئەوانە قوتابی کوردستانپۆستن و کوردستانپۆستیش جنێوفرۆشە.
ئێمەش وەک کوردستانپۆست، پێمان باش نەبوو کە  هەموو دەنگە بڵاوبکرێتەوە، بەتایبەتی دەنگۆی ئەوە هەیە، کە تەواوی ئەو دەنگە، ئیستا لەبەر دەستی دەزگای پاراستندا بێت.
ئەمڕۆش پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر ئەو قسە و جنێوانەی فاروق رەفیقدا، دەرکەوت کە ئەم کابرایە پەیوەندیی بە پارتییەوە کردووە و پێدەچێت ئەو قسانەشی بۆ خزمەتی ئەوان کردبێت، چونکە وەک زانیاریمان وەرگرتووە، کە بڕیارە ماڵپەڕێکی ئەلەکترۆنی بکەنەوە، بەرپرسیارێتییەکەی بدەنە دەست فاروق رەفیق،  ئەو ماڵپەڕەش وەکو باسنیوز دەبێتە پاشکۆی راگەیاندنی دەزگای پاراستن و مانگانە موچەی 4 هەزار دۆلاریان بۆ فاروق بڕیوەتەوە، بۆیە ئیستا ماڵی گواستۆتەوە بۆ هەولێر.
ئێمە هەموو دەنگەکەی فاروق بڵاوناکەینەوە، بەڵام ئەو بەشەی کە پەیوەندیی بەو کەسانەی ترەوە هەبوو: (سەباح عەلی قارەمان، قادر نادر، نەبەز گۆران) ئەوانمان لێئاگادار کردەوە، ئەم روونکردنەوەیەی خواریشەوەمان بە پێویست زانی :

 1- نەبەز گۆران، هیچ پەیوەندییەکی لە ئیستا و لە رابردوودا بە کوردستانپۆستەوە نەبووە، بەڵکو ئێمە لە چەندین هەواڵ و نووسیندا وەک موچەخۆرێکی دەزگای پاراستن هەواڵ و نووسینمان لەسەر بڵاوکردۆتەوە و قسەمان کردووە. نەبەز گۆراان لە سەردەمانێکیشدا زیاتر لە 15 ساڵ  پێش ئیستا ناکۆکی لەگەڵ سەرۆ قادردا هەبوو، دواییەکەی بەوە شکایەوە، کە دەستیان لێوەشاند و بۆ ماوەیەک لە خەستەخانە خستیان، ئەو کاتە نەبەز گۆران لە نووسیندا گەرم بوو، هیچ شووێنێک دەرگای لێنەدەکردەوە، تەنیا کوردستانپۆست نەبێت، کە هەواڵ و زانیارییەکانی لێوەردەگرت و بڵاومان دەکردەوە. بە دوایدا بۆ ماوەیەک نووسینیشی بۆ کوردستانپۆست دەنارد. نەبەز گۆران وەکو نووسەرەکانی دیکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا وتاری نووسیوە و هیچی دیکە.
2- قادر نادر، ئەندامی ستافی کوردستانپۆست نەبووە و وەک دۆستێک جگە لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی، کە هەندێک جار ئەو هەواڵانەی دەستی کەوتبێت بۆی ناردووین، لەم دواییەشدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکی خۆی دەستپێکردووە، ئەو بۆ خۆی کار دەکات هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە.
3- سەباح عەلی قارەمان: دۆستێکی نزیکی کوردستانپۆستە، ئیستا وەکو جاران نانووسێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبوکدا بۆ خۆی کار دەکات، بۆ خۆی بیردەکاتەوە، پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵماندا بەردەوامە. لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و دۆستایەتییە، ئیدی هیچ پەیوەندییەکی بە کوردستانپۆستەوە نەماوە.
4- فاروق رەفیق: کە کوردستانپۆست بە جنێوفرۆش ناو دەبات، ماوەی بیست ساڵ زیاترە کە گەڕاوەتەوە کوردستان خۆی وەک دکتۆرێک  ناساندووە، دوایی دەرکەوت ئەمەشی راست نییە. لە دوای 17 شوبات، لەسەر پێشنیاری چەند بەڕێزێک پارەی بۆ کۆکرایەوە و بەناوی ستافی کوردستانپۆستەوە هێنامانە سوید، لە دوو شاری سوید  کۆڕ و سیمینارمان بۆ رێکخست. دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان هەروەکو ئەو کەسانەی سەرەوە بە ئاشکرا وتاری دەنارد، بە نهێنی زانیاریی پێدەداین، دەتوانین بڵێن لە پەیامنێرێک زیاتر چالاکتر بوو.
کوردستانپۆست ئەم روونکردنەوەیەی بە پێویست زانی کە بۆ خوێنەر و رای گشتی ئاشکرا بکات..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە