لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


پارتی مێژووی ڕاپەڕینیشی لە یەکێتی کڕییه‌وه‌!

Monday, 01/04/2013, 12:00

1851 بینراوە


من "پارتی"م وەک ئەو کابرا ترسنۆکە دێتە پێش چاو، کە بە چۆڵەوانیدا دەڕوات و بۆ ئارام بوونەوەی خۆی و ڕەوینەوەی ترسی خۆی، دەست دەکات به‌ فیکە لێدان.
بەر لە ٢٢ساڵ کاتێک داگیرکەران هێزەکانیان لە خوارووی عێراق مۆڵ ببوو سەرگەرمی شه‌ڕێک بوون و ووڵاتی کوێتیان داگیرکردبوو، هێزە نێونەتەوەیەکان بەسەرکردایەتی ئەمەریکا لە سوپای عێراقیان دا و لە کوێتیان دەرکردن، ئیتر بەعسییه‌کان بەرهەمی ئەو هەموو زوڵم و زۆریەیان وەرگرت، لە کوردستان و خواروی عێراق راپه‌ڕیین رووی دا.ئێمە له‌ مێژووی ئه‌و سه‌رده‌می عێراق دەگەڕێن و باس له‌ ڕاپەڕینی کوردستان دەکەین، بەدوای بکەرەکانیدا دەگەڕێین، ڕاپەڕین لە دەروازەی ڕانیەوە دەستی پێکرد و سلێمانی دوای دوو ڕۆژ شاری لە داگیرکەران پاککردەوە، پارتییه‌کان ئەو دەم خۆیان ووتیان" یەکێتییه‌کان ڕۆژێک پێش ئێمە گەیشتنە شار "، کەچی ئەمساڵ پارتییه‌کان بوونە پاڵەوانی فلیمەکان و هەر ڕۆژەی یادی شارێکی ڕزگارکراویان دەکردەوە .ئەوە تەنها من نەبووم کە بەو درۆیانە پێ بکەنم، بەڵکو زۆرکەس ووتیان ئەوە پارتییه‌کان وەک "کاسپەر" هاتوون و بەشداری ڕاپەڕین بوون یاخود ئەوانەی سیناروێکە دەنووسنەوە درۆکردن لایان ئاسایییە ؟
کامان نایەتەوە بیرمان کە "مەسعود بارزانی" لە شەقڵاوە جامەدانیە سورەکەی فڕێ دا و ووتی حەیامان چوو، دەچمە هەر شوێنێک، یەکێتییه‌کان دەبینم، خەستەخانە، گۆڕستانەکان، سەرتانکە سوتاوەکان، کەچی ئەم ساڵ وایان نیشاندا گوایه‌ مەسعود بارزانی نەخشە دارێژەری ئازادکردنی سلێمانی و کەرکوک و هەولێرو دهۆک بووه‌، لەوەش کۆمیدی تر "حەمەی مەلا قادر " ووتی من چوومە لای کاک مەسعود پێم ووت ڕێگەمان پێبدە با موسڵیش بگرین، ئەوە لە بەرنامەکی زاگرۆز تێڤێدا بوو لەسەر گرتنی کەرکوک .کەچی هەموومان دەزانین بەس لە " چیمەن " چەندین پێشمەرگەی یەکێتی گیانیان بەخشی جگە لە سەربازگەی خالید، ئەوەبوو موسڵ دانرابوو کە پارتی هێرشی بۆ بکات نەچووبوون "حەمەی مەلا قادر "یش ووتی ئاخر بۆ مێژوو دەڵێم کاک مەسعود چرای سەوزی بۆ هەڵنەکرابوو دەنا بەچەقەنەیەک موسڵمان دەگرت.
با لە ئەنجامی ڕاپەڕین بڕوانین : لە دهۆکەوە دەست پێدەکەین داخۆ ژمارەی کوژراوەکانی دوژمن چەند بوون؟ هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ڵامه‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێین : هیچ .
من چاکم له‌ بیرە کە لەیەکێک لە کەناڵەکانی تەلەفیزۆنەوە نیشان درا، هەموو سەرباز و بەرپرسە بەعسییه‌کان و پارێزگاری دهۆکیش لەحەوشی پارێزگا وەستابوون و دوای تەسلیمی بەعسییه‌کانیان کردنەوە بەسەلامەتی، کەچی لەسلێمانی دادگایان دانابوو کەم نەبوون ئەو ژنە ئازایانەی لە تۆڵەی کوڕو مێردی شەهیدیاندا بە تەورو داس بەعسیان دەکوشت، لە ئامێدیش هەرکەسێک جوگرافیای ئامێدی سەیر بکات دەزانیت داگیرکەران هیچ شانسی دەرچونیان نییە مەگەر لە شاخەکانەوە خۆکوژی بکەن، بەڵام لەوێش بەعسێکان بێ زیان گەڕانەوە .
کاتێک ئیسرائیلییه‌کان داوا لە "مەلامستەفا: دەکەن کە لە بۆریە نەوتەکانی کەرکوک بدەن، لەوەڵامدا دەڵێت، من کاری واناکەم دەبێت هێندە تێدا بهێڵینەوە کە بواری گفتوگۆ هەبێت، هەمان شت مەسعودیش پەیڕەوی کرد، لەو جێگایانەی دەسەڵاتی پارتی پێگەیشت بەعسییه‌کان بێ زیان بوون .
کێ مێژووی ڕاپەڕین بنووسێتەوە ؟ یان چاکترە بڵێین کێ مێژووی ڕاپەڕینمان بۆ بگێڕێتەوە ؟
ئەو کەسانەی ئەمڕۆ یەکێتین زۆریان نە لە دوور نە لە نزیک لە ڕاپەڕین بەشدار نەبوون، به‌ڵکو میلله‌ته‌که‌ خۆیان راپه‌ڕینیان ئه‌نجامدا، و به‌ دوایدا چه‌ند که‌سێکی ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندان دوایی هاتن و ڕۆڵیان هەبوو، هه‌روه‌ها کۆسرەت ڕەسوڵ فریای به‌شێکی که‌وت، کەچی ئێستا "سەعدی ئەحمەد پیرە " دێت و بە بەرگی شاڵ و جامەدانییه‌وە باسی ڕاپەڕینمان بۆ دەکات، یان مەلابەختیار دێت و هەموو ساڵێک لە ڕانیە پەیمان دەدات کە ڕانیە بکاتە پارێزگا و ساڵی دادێت دێت هەمان پەیمان دەداتەوە، نازانێ خەڵکی لە درۆکانیان بێزار بووه‌، تاڵەبانیش جگە لەوەی لە ڕاپەرین لەکوردستان نەبوو ئەو دەمێکە وازی لە سەنگەرگرتن هێناوه‌ دژی پارتی و خۆی وه‌ک سۆفیەکی بارزانی ده‌بینێته‌وه‌، بۆیە پارتی دێت و ئەو سەروەریەش له‌ یه‌کێتیی دەکڕێتەوە و خۆی دەکاتە پاڵەوانی ڕاپەڕینێک کە گوللەی موختارکوژیشیان تێدا نەتەقاندووە، هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه‌ هۆکارێکی تریشی هه‌بێت، ڕەنگە شانازییه‌کەی ئەوە بێت ئەمڕۆ هەزاران جاشی کۆن لایەنگرو ئەندامی ئەو حیزبەن و ئەوانیش کەزانیان بەعس ناتوانێ پارێزگاریان لێ بکات، گەرچی زۆریان بەرەو بەغدادی تاوان چون بەڵام دوای بەتەزکییه‌ی پارتەکان هاتنەوە، کوژراوەکانیان، وه‌ک شەهید و زیندۆکانیشیان وه‌ک ئەندام و موچەخۆر و پێشمەرگەی خانەنشین کران!
بۆیە فرۆشتنی مێژووی ڕاپەڕین بە پارتی خیانەتێکە لەو قوربانیانەی کە بەخوێنی خۆیان ئەو مێژووەیان نوسیوە و ئێستاش یەکێتی له‌مه‌ بێدەنگه‌، یه‌کێتیش ئەو قوربانیانه‌ لە بازاڕی سیاسەتدا هەراج دەکات، ڕاستە ئەوانە بەر لەوەی بۆ حیزبێکی دیاری کراو قوربانی بدەن، لەپێناو گەلەکەیاندا گیانیان بەخشی، بەڵام بەدیوەکەی تردا جێگەی داخ نییە، ئەو سەر بۆیاخ کراوانە بێن و ببنە میراتگری ئەو مـێژوە جوانەی راپەڕین ؟
گەریەکێتی لەسەر ئەم بێدەنگیەی بەردەوام بێت، سبەینێ دەبینین، شەڕی قەیوان ماوەت و گرتنی سەنگاو، قەرەداخ و تەقتەق و دابان و هەلاج و شەڕی حەمک و گەرمیان و لێدانی پارێزگای سلێمانی و هەولێر و کوشتنی ئەمنەکان و مەفرەزەی شەو شەڕەکانی گۆشت قوت و دەربەندی باسەڕە و هتد هه‌مووی به‌ پارتی ده‌فرۆشن و بنه‌ماله‌ی بارزانی و پارتیش هه‌رموو ئه‌و خه‌بات و قوربانییانه‌نیان لێده‌کڕن و دەڵێن ئەوە ئێمە بووین لەداستانی ڕزگاریدا ١٢٣ڕەبایە و دوومقەڕ فەوجمان گرت، ئەوە ئێمەبووین، بورجەکەی ئەزمڕمان تێکدا کاک مەسعود بارزانی نەخشەکەی کێشا.
من پارتی دڵنیا دەکەمەوە مێژوو بەدرۆ نانوسرێتەوە، چونکە ئەوەتانێ بەهەموو پاڵەوانەکانی حیزبی دیموکرات و پیرەمێردە مێژوونوسەکان ناتوانن مەلامستەفامان لێ بکەنە کاریزما، چونکە مامۆستا زرار بۆی گێڕاینەوە کە مەلامستەفا کێ بووە، بەهەمان شێوە هەزاران بەرنامە بکەن لەسەر ڕاپەڕین ئێمە هەر ئەوەمان بیرە کە مەسعود جامانەکەی فڕێ دا و ووتی کوا بۆ پارتییه‌کان لەهیچ جێگەیەک دیارنین ؟ پاشان کە ئێمە لەبەرنامەکانمان ڕوانی زانیمان ئەوانەی مێژووی ڕاپەڕینیان باس دەکرد لەئاپورەی خەڵکە ڕاپەڕیوەکەدا نەمان دیبوون.
بریا مێژوونوسە درۆزنەکان لە باتی ئەوەی دێن و پاڵەوانی درۆمان بۆ دادەتاشن بهاتنایە و مێژووی ڕاپەڕینیان وەک خۆیان بۆ تۆمار بکردینایە، باوەڕم وایە ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ وا بڕوات دێن و فلیمێکیشمان له‌سه‌ر مەسعود بارزانی بۆ ده‌رده‌که‌ن کە بەخۆی و تفەنگێکەوە بەرەو بابەگوڕگوڕ دەڕوات و تەقەلە ئاگرەکە دەکات، یان لە فلیمێکی تردا لەسەر قەڵای هەولێرەوە بە بیکەیسی تەقە لەبازاڕی شێخوڵا دەکات، هەر هیچ نەبێت لەبەردەم ئەمنە سورەکەدا دەمانچەکەی دەردەهێنێت و لە سەری ئەمنێکی ڕەشی عەرەبدا بەتاڵی دەکاتەوە و دەڵێت ئاها من لە کۆڵانی گه‌ڕه‌کی عەقاری سلێمانی بەناو زێرابەکاندا چوومە ناو حەوشی ئەمنە سورەکەوە .
ئەی هاوار بێدەنگی تاکەی لەو هەموو نمایشه‌ درۆیەی بەدەم ڕاپەڕینەوە دەکرێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە