لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


ئه‌گەر بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان چووم، خوا خۆم بگرێت!

Saturday, 13/04/2013, 12:00

1973 بینراوە



پێم بڵێ چۆن پێبکەنم؟
کە دەوری لێوەکانمیان بە مین چاندووە
(گەرۆس عەبدول مەلکییان)

با بێین گەشتێکی 23 ساڵە بەناو مەملەکەتەکەماندا بکەین و لەو پۆخڵانە بڕوانین کە حاکمی بەسەرمانەوە دەکەن، با بێین بۆ تەنها جارێک هزرمان بخەینە گەڕ، پرسیارێک لە ویژدانمان بکەین و بڵێین پێشینان ووتەنی (یه‌که‌م جار خوا بیانگرێت، دووه‌مجار خوا خۆم بگرێت) بەڕاستی ئەمە جاری چەندەمە و خواش تاقەتی لێمان چووە دیارە خۆمان حەزمان بەو بەشەیە کە ڕیسوابوون بچنینەوە.
کاتێک ئەمانە لە ئێران بوون "پشکۆ نەجمەدین" ووتەنی لەودیو سنور لە پەساپۆرتی قولاپی و نرخی دۆلاردا مەست بووبوون، که‌ ڕاپەڕین کرا، بەهەزاران تکا و ڕجا، بە لەز گەڕانەوە، گەڕانەوە تاکو ببنە حاکم ئەوان لەگەڵ خۆیاندا دەستێ جڵی کەتافی و جوتێ پێڵاوی لاستیک یان ئەدیداسی ئێرانیان لە پێدا بوو لەگەڵ چەند جامەدانییەکی چڵکن و هەندێک تفەنگی ژەنگاوی، له‌گه‌ڵ یەک دوو جیهازی ڕاکار و چەند هۆکی تۆکیەکی لەکارکەوتوو تۆزێ تمەنی ئێرانیان لەگەڵ خۆیاندا هێنایەوە، هاتنەوە و پێیانمان ووت مادام ئازاد بووین، ئیتر ئێوەش دابنیشن و ماندوو بوونی خۆتان دەربکەن و ڕێز لە مێژووی تەمومژاوی وگوماناویتان بگرن لەو شاخانە کە چنیوتانەتەوە، حورمەتتان هەبێت بۆ شەهید و ئەنفالکراوەکان، ڕێز لەو هەموو قوربانییە بگرن . لە چرپە چرپ زیاتر دەنگتان نەیەت، دەنگتان هێندەی خوڕەی میزکردنی سەگێک بێت کە بەدیوارێکی چڵکندا دەیکات . ئێمە لەهەموو تاوانەکانتان دەبوورین، لەهێنانی پاسداران، لە تیرۆری نەیارانتان، لەقەبارەی فایلەکانتان، لە کوشتنی دیلەکان، لە شەرواڵپیسیتان، لەو هەموو بێحورمەتییەی کە بەناوی شۆڕشەوە کردوتانە، دەزانین ئێوە چەندە بە کۆڵی خەڵکەوە بوون و لە سایەی ووڵاتانی داگیرکەرانی تردا پشوی ئارامتان داوە، دانیشن و سوکایەتی بەو گەلە مەکەن، کە لە هەناویا، سەدان تێکشکانی لەگەڵدا گەورەبووە، لەقوتابخانەی ئێوەدا کە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان کەسانی کۆیلە و قەزم و ئەڵقەلەگوێ و بچوک و دەست لەسەر سنگ دروست بکەن، میللەتێک بێ پرەنسیپ و ئاوارە و پەرش و بڵاو لە هزردا بەرهەم بهێنن.
ولێم ڕایش دەڵێ "ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ کە مرۆڤ دەبێت ڕەنج بکێشێت، ئەو کاتە دەبێت ئامانج لە فرمێسک و ماندووبوون مەعقولێتێکی تێدا بێت" ئایا ئەم هەموو دەردی سەرییەی، که‌ ئێوە بەسەر ئێمەتان هێناوە، تۆ بڵێی مەعقولێتیکی تێدا بووبێت؟
ئێمه‌ هەر توانیمان ساڵانێکی زۆر داستان و ئەفسانە مان بەدەوری ئێوە دروست بکەین و خۆمان و منداله‌کانمان بخه‌ڵیتێنین گوایه‌ ئێوه‌ بۆ داخوازی مافی ئێمه‌ داوتانه‌ته‌ ساخ و خه‌باتمان بۆ ده‌که‌ن، ساڵانێکی زۆر بوختانی ئازایەتی و قارەمانیمان بۆ ده‌هۆنینەوە و گەلەکەمان پێگۆش ده‌کرد، وەک چۆن خۆمانتان بەو شێوەیە گۆش کردبوو . بەبێ ئەوەی ئێوە شایستەی ئەو هەموو بوختانی قارەمانێتیە بن.
ئێوە لەشاخ بەڵێنی مرۆڤی ئازاد و باڵاتان پێداین، کەچی لە23ساڵەی حوکمڕانیتاندا و تاقیکردنەوەی ئەم چەند ساڵە ی ژیان لەگەڵ ئێوەدا پێی ووتین: ئێوە لە کۆیلەبوونی خۆتاندا و لە بچوکی خۆتاندا لەبەردەم داگیرکەراندا بە پلان دەتانەوێت خەڵکی ئێمەش وەک خۆتان بچکۆلە و گوێڕایەڵ بکەن.
لەهەناوی ئەم 23ساڵەدا ئێوە لەناو پەرلەماندا بڕیارتان دا فرەژنی ئازادبێت، خەڵکتان فێرکرد دوعاکان بەردەباران بکەن و ڕەجم بکرێن، بەنازەکان ئاگر لەجەستەیان بەربدەن، کێ ڕاستییەکی بەرامبەرتان وت و لێتان هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ لە نادیاردا تیرۆری بکەن، سەردەشت و سۆران و ئاری هتد نموونەی تیرۆری دەستی ئێوەن، زیندانەکانتان سیخناخ کرد لە مرۆڤی کورد، وەک بەعس نەتان هێشت وەجاخی کوێربێتەوە سەدان کۆنە جاش و فایلدار و ئەنفالچیتان کردە جەلاد و ئاسایش و پاراستن و دژەتیرۆرو زڕێڤانی ترسنۆک، کە لە ئاستی ئێمەدا وه‌ک پاڵەوانن و لەئاستی دوژمنانیشدا وەک سەرۆکەکەتان له‌ کاتی ته‌نگانه‌دا خۆی بشارێته‌وه‌.
ئێوە خەونی ووڵاتی ئازادیتان کوشت و لە سەر گۆڕی دوژمنە سەر سەختەکانەوە وەک ئەتاتورک و خومەینی و ئەسەد ئەتان ووت "ئەو کوردەی بیر لە ئازادیی ووڵات بکاتەوە گێلە، دروستبوونی دەوڵەتی کوردی خەونی شێرکۆ بێکەسی شاعیرە "، زوو زووش مەسعود بارزانی دەیووت کورد تەماحی لە موسڵ نییە و ئێمە خاکی عەرەب داگیر ناکەین، ئێوە یەکەمین تفەنگی زۆڵتان بەرامبەر یەک تەقاند، جەرگی هەزاران دایکتان سوتاند، لە ناو هەناوی هەموو کوردێکدا بوغز و کینه‌تان چاند و هێندە ناقۆڵابوون دوژمنانمان بیرچۆوە، ستەمی 34 ساڵەی بەعسمان لە یاد کرد، ناشرینی ئێوەی دەسەڵاتداران لەوەدایە کاتێک قسە دەکەن بەناوی کوردەوە قسە دەکەن، کاتێکیش دزی دەکەن و نیشتمان هەراج دەکەن تەنها بیر لە بنەماڵە و خێڵەکەتان دەکەنەوە، ئێوە لە ماوەی ئەم 23 ساڵەدا سیستەمی سۆسیال عەشایرتان بۆ زیندووکردینەوە، هەزاران کەستان بەناوی شەڕی براکانەوە کوشت و گۆڕەکانیشیان نازانین، فەرهەنگی جوێندان و قسەی ناشرینتان هێنایە ناومانەوە، ئێوە ڕەواییتان دا بە دزیی به‌ کوشتن و گەندەڵی و پیسخۆریی و ئاودیوکردنی سامانی ووڵات، یەکەمین دزیتان کرده‌ کەلتور وەک نێچیر دوای لە قسەیەکی پوچدا ووتی گەندەڵی کەلتورە، سەدی بێخمە یەکەمین دزی بەر چاو بوو کە تاڵان کراو بە ووڵاتێکی داگیرکەری وەک ئێرانتان فرۆشت، وای لێهاتوو بۆ دەرمانیش شۆفڵێک ئۆتۆمۆبێلێکی خزمەتگوزاریت نەدەدی، بەوەشەوە نەوەستان قۆنتەراتی تیرۆری کوردەکانی بەشەکانی ترتان بۆ داگیر کەران کردە کەلتور، هەر ڕۆژەی لەجێگەیەکەوە سەری کوردێکتان لە تەلەیس دەنا و بۆ داگیر کەرانی تورکیا و ئێرانتان دەبردەوە، ئامانتان لەهیچ شوێنێک نەهێشت، ئێوە و بەپشتیوانی ئێوەی مافیا سەدان کۆنە جاش و ئیستخباراتی بەعستان کردە قاچاخچی لە ڕێگەی یۆنان و تورکیا و ئیتاڵیاو هەزاران خێزانی کوردتان لەبەر یەک هەڵوەشاند و هەموو ئەو کەسانەی لەو ڕێگەیەوە ڕۆیشتوون چیرۆکێکی قێزەونیان لەگەڵ خۆیاندا لەهەگبەکەیان هەڵگرتووە، ئێوە ئەوەی بەخوێی چێشتیش بە ئێوە بگەشتایە دەتان نارد بۆ ئەوروپا و خزم و کەسوکاری ئێوە بەدنیادا بڵاو بوونه‌وه‌، کاتێکیش ئەمەریکا عێراقی داگیر کرد ئەوانەتان بردەوە کە خۆیان کردبوو به‌ عەرەب و تورکمان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریی، بۆ ئەوەی خەڵک دەنگتان پێ بدەن هەموو میللەتان خانەنشین کردووە، زەوی و شاخ و دۆڵی هەموو کوردستانتان داگیر کردووە، سەدان تاوانتان ئەنجام داوە، ژینگەی ئەو ووڵاتەتان تێک داوە، کەس لە شارەکاندا هەناسەیەکی پاکی بۆ هەڵنامژرێ، هەرچی دەرمانی خراپ هەیە لە ڕێگەی پیاوە کۆیلەکانتانەوە هێناوتانەتە کوردستانەوە، بە ملیۆنان تۆن خۆراکی بەسەرچوو خراپتان دەرخوارد داوین، جگەرەی خراپ، کەلتوری نێرگەلە ی عەرەبان و مەوادی موخەدەر و فەسادی و سێکستان لە تاو ناوگەڵ پیسی خۆتان بۆ ئێمە کردۆتە کەلتورو لەودیو سنور ئەو دیاردەیەشتان بۆ هێناوینەتەوە، ئەوەتانێ شارێکی وەک سۆران هەموو ئەوانەن کە لە 74رەوە لەئێران بوون لەوێ نیشتە جێیان کردوون دەڵی کوچەیەکی ڕەژدە و تلیاک خۆرەکانی تێدا مۆڵ بووە. بە کورتی و بەکوردی شارێکی ئێرانەو لەوێ بە سانای هەرچی موخەدەر هەیە بەدەستی دەهێنی و ئەو مودمینانەش هێزی زرێڤانی و دەنگدەرتانن. چیتان نەکرد؟ نوێژ و نزاکانتان بردە سەرشەقامەکان وەک میسرییه‌کان بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە دینیش لە هەموو بەهاکانی ڕووت بکەنەوە، ئابڕووی کتێب و ڕۆژنامە و نووسینتان برد، چیتان نەکرد ؟ دەیان کەناڵی تەلەفیزیۆن و مێدیاتان بۆ کردوینەتەوە و کە خەڵکانی سوک و قەزم و خۆ فرۆش و ترسنۆک وەک لە پێشەوە ئاماژەم پێدا بەڕێوەی دەبه‌ن، بۆ ئەوەی نەهێڵن دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بگاتە کەسە بەشمەینەتەکان لەم نیشتمانەدا، ئێوە هەموومانتان نەخۆش خست، ژمارەی خۆکوژیی و گورچیلەفرۆشتنی گەنجان، موخەدەرات و ئاڵودەی سێکس و خواردنەوە و بەرهەمی ئێوەیە، ئێوەش پێویستان بە دەنگی ئێمەیە و لەکاتی دەنگداندا شەهیدەکانمان بیردەخەنەوە، درۆمان لەگەڵ دەکەن پەیمانمان دەدەنێ، بەس ئازایەتیتان تێدا نییە کە کە بکوژەکانی 17ی شوباتمان بۆ بدەنە دادگا، ئێوە دادگا و دراو کەنزەکانی ژێرزەمینیشتان قۆرخ کردوە، ئێوە هەرچی جوانی هەبوو لەووڵاتەی ئێمەدا نەتان هێشت، چیتان نەکرد؟ سوپای داگیر کەرانتان هێنایە سەرمان، دەزگاکانی موخابەراتی جیهانیتان بۆ کردینە میوانێکی ناوەخت و بەناوی ڕێکخراوی خێرخوازییه‌وە دەمان دۆشن و نەخۆشی و نەهامەتیمان لەناودا بڵاودەکەنەوە و کۆیلەمان دەکەن، ئێوە داڵدەی جەلادەکانی بەعستان داوە، پیرە تاوانبارەکانی بەعس و خێزانەکانی سەرکردە بەعسییه‌کان لای ئێوە شاراونەتەوە، ئێوە کەرامەتی میللەتێکتان وەک کەرامەتی خۆتان هەراج کردوە، چیتان نەکرد؟
ئیتر ئێمە چۆن دێین و جارێکی تر کڵاوی دوراوی ئێوە لەسەر دەنێین و دەنگ بەئێوەی خائین و نیشتمانفرۆش و مێژوو ڕەش دەدەین ؟ گەر چی من وەک تاکێکی کورد لە ژیانمدا دەنگم بەهیچ کەسێک لە ئێوەی دەسەڵاتدار و ئێوەی ئۆپۆسیسیۆنیش نەداوە، بەڵام دێمەوە سەر قسە بەپێزەکەی هونەرمەندی گەلەکەم کاک "بورهان مەجید" و دەپرسم داخۆ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دیکتاتۆرێک و خائینێک و گەندەڵێک و دز و سوکێکی بەر قاپی داگیرکەران بە دەنگدان گۆڕاوە؟
بەدڵنیایەوە نا حیکمەتەکانی باپیرانمان جوانیان ووتوە:

(یه‌که‌م جار خوا بیانگرێت، دووه‌مجار خوا خۆم بگرێت)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە