لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


تۆمارکردنی دەنگەکان

Wednesday, 08/06/2016, 20:50

3529 بینراوە


من لەم هاوکێشەیە تێناگام سیخورەکانی وڵات ئیستاکە کاروباری وڵات دەبەن بەڕێوەو ئیش لە بەرێوبردنی ژیان‌و عەقڵی خەڵکا دەکەن‌و خۆیانکردووە بە سیاسی‌و کاری دیبلۆماسی وڵاتیان گرتۆتە ئەستۆو بوونەتە گەورەترین سیاسەتمەدار لەو جوگرافیایەدا، بە پێچەوانەیەکەیەوە سیاسێکان و ڕۆشنبیران بوونەتە دەزگایەکی دەهۆڵ لێدان‌و سیخورێکی پیس بەسەر یەکتریەوە ژینگەیەکیان بۆ خوڵقاندووین بۆ تۆقاندن‌و ملشکاندن.
پارتی بۆ نموونە لە ڕێکخراوێکی سیخوریەو کە هەمیشە سیخوری بەسەر ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانەوە کردووە بۆتە مۆتەکەیەک بەسەر پیرۆزێکانی نیشتیمان‌و خەڵکدا لەوەیش کارەساتترو بەئازارتر ئیستاکە بۆتە شۆرشگێرێکی سیاسی لەو جوگرافیایەدا کە دەبواییە ئەو هەموو عەقڵەی لە پێناوی پاراستی نیشتیماندا بوایەو کارێکی نەبوایە بە سەر سیاسەتەوە چونکە کاری سیاسی جگە لە بەهاو شوێنی خۆی زۆر جودایە لە کاری سیخوری.
 پارتیش ئەو ڕێکخراوەیە کە لە زانستی سیاسەت زۆر داماوە جارێکە زۆری ماوە تالە واتای سیاسەت بگات چونکە سیاسەت هونەری عەقڵی بەرێوبردنی ژیانە نەک تێکدانی.
دەبوایە پارتی ئەو پۆلیسە بوایە کە کاری پاراستنی نیشتیمان بێت نەک تێکدانی بەداخەوە چونکە ئەم ڕێکخراوە هیچ لە بارەی سیاسەت نازانێت ئێمەی بەم ڕۆژە گەیاند.
سیاسیکانی ئێمەیش ئەوەندە چەمانەوە بۆ بەردەم ئەم عەقڵێتە ئێستاکە مەحاڵە بەو ئەژنۆ شلانەوە هەڵسنەوە سەرپای خۆیان.
ئەوەندە بچەمێرەوە کە ئەژنۆکانت توانای ئەوەی هەبێت کە بتخاتەوە سەر پێکانت ، چەمانەوە بەم تەمەنەوە تێکدەشکێنت نەک پشوویەک بە پێکانت بدات.
بەرزانی پیاوێکی خێڵەکییەو هەموو فەلسەفەی کورد ناگۆرێتەوە بە دار زەلەکەی باوکی.
 بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە دەزگا تۆقێنەرەکەی ئاسایش‌و پاراستنە کە خەریکی تۆمارکردنی دەنگەکانە.
کوشتنی موعینی لە حەفتاکاندا دانەوەیەی بە شای ئێران کارێکی سیخوری بوو نەک نیشتیمانی، لە ٣١ ئابدا هێنای دەبابەکانی سەدام بۆ سەر پیرۆزی پایتەختی هەرێم و خەڵکی سڤیلی شارەکانی باشور کارێکی سیخوری بوو نەک نیشتیمانی، ‌هێنانی سوپای تورکەکان بۆ سەر پیرۆزی خاکی باشور کارێکی سیخوری بوو نەک نیشتیمانی، بە کۆمەڵکوژی یەزیدێکان‌و بە کۆیلەکردنی کچانی کورد لە شەنگالدا کارێکی سیخوری بوو نەک نیشتیمانی!                          
بۆ بەڵگەخستنە ڕووی ئەم کردارە سیخوریانە سەلماندنیان بە شیوەیکی ڕوونتر و سادەتر ئەوەیە کاری تۆمارکردنی دەنگەکانی نەوشیروان موستەفایە! تۆمارکردنی دەنگ لە پێناوی پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتدا دەبێت بۆ پاراستنی تاکەکانی کۆمەڵ نەک بۆ پلاندانو شێواندنی تاکەکانی کۆمەڵ.
تۆمارکردنی دەنگ‌و وێنە و ڤیدۆکانی شیخ زاناکان و بێدەنگی پیاوە باڵا بەرزەکانی نیشتیمان ئەم تێکشاکاندنەیان لەملی ئێمەی بێتواندا گلاند ئێستاکە ملی تاکەکانی کۆمەڵ ژیانی داهاتووی کۆمەڵ توشی کارەستابووە لەبەردەم لێپرسینەوەدایە ئێمە داهاتوومان بۆ کێیەو ڕابردوومان کێ بۆی نووسینەوە؟
ئایا ڕابردوو پێش ئێمە کەوتووە یان ئەوە ئێمەین بە ڕابردووە لکاوین‌و لێنابینەوە. فەرامۆشکردنی ڕابردوو بەبێ لێپرسینەوە تێگەیشتنێک و خوێندنەوەیک، بەبێ ڕاڤەکردنی لە شکستێکانی ئەم دووپێیە ئێمەی بەم دۆخە گەیاند، دۆخێک کە تاک بەتاکمان پێوە سەرگەردانکرد.
پیرۆزکردنی ڕابردوو ئەو ڕابردووەی کە پڕە لە شەڕانگیزەکانی و ملشکاندنی یەکتری ئێمەی بێ بەهاکرد لە خودی خود بێ هیوایکردن بەخۆمان، نامۆبووین بەیەکتری‌و تاک بەتاکمانی کرد بە دووژمنی ئایدۆلۆژێکانی ئەم پیاوە مێشک پوتانەی کە خۆیان ناوناوە سیاسێکانی وڵات!
هەرچی ڕێکخراوی بەناو سیاسی‌و فەڕەنگی‌و ڕۆشنبیری هەیە بە خودی حیزبەکانیشەوە ڕێکخراوێکی عەقڵ تیرۆلیستی‌و بۆغزاوین لەسەر بنەماکانی تۆڵە سەندنەوە لەیەکتر خوڵقاون و دروستبوون نەک بۆ فراوانکردنی عەقڵی تاکی کورد! لای ئەمانە کوردایەتی بریتیە لە پیاهەڵدان بەشان‌و باڵی ڕابردوو پیاوە مردۆکاندا کەچی دۆزەخێکیان بۆ پیاوە زیندۆکان خولقاندووە لەو دۆزەخەی کە پێدەڵێن هەرێمی کوردستان!
ئەوانەی خەون بە ڤێلاو کۆشکەکانیانەوە دەبینن و کێلگەکانی ژیانیانکرد بە باخ‌و باخەکانیان گوێزایەوە بۆ گوڵدانی ماڵەکانیان هەرگیز لەوە نەگەیشتن کە ئازادی‌و سەروەری لە ژوورە تاریکو شێدارەکانی زیندانەوە خۆیانکرد بە عەقڵو هۆشی ئێمەدا و ماڵەکانمانی پڕکرد لە پێکەنین‌و بەرخودان‌و ڕووناکی خۆڕی تازە!
ئەوانەی خەون بە شارەوە دەبینین لە ئارامی گوندەکان و بڵندی چیاکان نەگەیشتوون ئەوانە هەرگیز لە جەوهەری خاک نەگەیشتن ئەگەر گوندێک بێت یان شارێک بێت کە ئارامی تێدا نەما ئیتر باڵندەی تێدا نافرێ ئیتر گوێی بیستنمان بە گمەگمی کۆترەکان ئاشنا نابێتەوە.
سروشت هەمیشە جوان گا گوند بێت گا شار بێت! ئێمەیش هەمیشە بەشێکین لە سروشت! ئەو سروشتەی کە ئێوە بۆتان خوڵقاندوون دۆزەخێکەوە خەڵکی لێهەڵدیت بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەش ئەو دەرفەتە بچوکە بوو کە ساڵی پار کەزیاد لە ٥٠ هەزار کەس بە خۆیان و خێزان‌و مناڵیانەوە دەستاین دایە جانتاکانیان‌و نیشتیمانیان جهێشت!
  ئالان خەونێک بوو لە نیشتیمان ئێوە خستانە قوڵای دەریاکانەوە! ئێوە بەلەمەکانی مردنتان لە بیرچۆوە؟ کە چۆن خەونەکانی نیشتیمانی دەفراند بۆ قوڵای دەریاکان! ئێوە زیلەکانی {بەعس}تان لە بیر چۆوە کە چۆن هەناسەکانی دەگوێزایەوە بۆ چاڵەکانی مردن! ئیجەو عەرعەر ، دەریاکان‌و بیابانەکان لەسەر مردنی ئێمە ڕێککەوتن، لەسەر کوشتنی ئێمە پەنجەیان مۆرکرد! کەچی ئێوە لەسەر ژیانی ئێمە گرەوتانکرد بیابانەکان یاخود دەریاکان کامیان زۆرمان لێدەکوژن!
میللەتێک ئەنفالی لە بیرچێتەوە بێگومانبن هەرگیز ئاسودە نابێت! تۆ دەوڵەتی کوردی دروستبکەو من لە هەموو گوناحەکانتات دەبوورم، تۆ جوگرافیایەک بۆ من بخوڵقێنە دوور لە تۆقین‌و ترس‌و فراندن‌و کوشتن  من لە هەموو ناپاکێکانت دەبوورم، چونکێکە من مرۆڤم لێبوردم تێدا هەیەو بڕوایشم هەیە کە ڕۆژێک دەمرم و دیسانەوە دەبمەوە مشتێ خۆڵ لە خاک و دەچمەوە نێو گەرووی نیشتیمان ، جەستەم لەم خاکەدا ڕەنگبووە و پیستم ڕەنگی خاکو ئاوو ئازارەکانی ئەم نیشتیمانەی گرتووە، من مرۆڤم ڕۆژێک دهێت دەمرم هەرگیز خوایایەتی لەمندا نەبووە دەزانم خواکان نامرن ئەوان ئەبەدین وەک ئازارەکانی من، وەک خەونی من بۆ نیشتیمان ئەوان ئەبەدین!
من بەوەوە جوانم کە لێبوردنم تێدایە هێشتاکە دڵم تۆزێکی تێداماوە بۆ ئەوین بەم تەمەنی کریستاڵیەوە بەم سوێسەکی دڵ‌و خۆرنیشنی تەمەنەوە هێشتاکە دڵم لای خاک‌و ئاوو مناڵە بێنازەکانی نیشتیمانە! هێشتاکە پەنجەکانم هێزی ئەوەی تێداماوە بێمە بەردەم دادگاکانی نیشتیمان‌و گواهی‌ بۆبدەم!
 تۆمارکردنی دەنگەکان بۆ بەردەم دادگای حیزب یان نیشتیمان؟ کارتی فشارە بۆ دەسەڵات! بەڵام بێدەنگی شەقامی ڕۆشنبیری تاکی کورد چیمان پێدەڵێت؟ نیشتیمان بۆتە ئەو بوونەوەر بەستزمانە‌و داماوەی کە هەرکەسێک ناپاکی لێبکات ئیتر ئەو بێدەنگی هەڵبژێرت! هەربۆیە ئەم جوگرافیایە هەرگیز ئاسودە نابێت تاکو تاک بە تاکی ئەم نیشتیمانە نەچێتە بەردەم دادگای نیشتیمان‌!
ئەم گەمە ترسناکە کە لەم جوگرایافیایەدا دەگوزەرێت و بێدەنگی تاکی کورد کارەسات بەدووخۆیدا دەهێنیت جازوو بێت یاخود دڕەنگ!
 تۆمارکردنی دەنگەکان بۆچی؟و چۆن؟ لە چ کات و زەمانێکدا بوو؟ سەردەمی تۆمارکردنی دەنگەکان کەی دەستی پێکرد؟ کێ بوو ئەو دەنگانەی تۆمارکرد؟ بۆ تۆماریکرد؟ چەند ساڵ بەسەر تۆمارکردنی دەنگەکاندا تێپەریوە؟ خێر بوو لەم کاتەدا کە نەک پەرلەمان بوونی هەیەو نە حوکمەت باوی ماوە و نە سەرۆک هەیەو نە دەستورێک هەیە بۆ دادگایکردنی دەنگەکان؟
ڕۆشنبیرێک دەڵێت هێمنکردنەوە دۆخەکە پەیوەندی بە دانیشتینی سەرکردەکانەوە هەیە؟ بەڵام لەبیریکردبوو یەکێک لەسەرکردەکان هەڵهاتووی دادگایەو دەبێت دادگایی بکرێت؟ ئایا تاوانبارێک دەتوانیت ئەم دۆزەغە هێمنبکاتەوە مەگەر فریشتە بێت نەک تاوانبار؟ کێ تاوانبارە؟ کی فریشتەیە؟ 
دانیشتینی دوو کەس ئەوەمان پێدەڵیت کە هیچ شتێک لەم جوگرافیایەدا نرخ‌ و بەهای نییە جگە لە قسەی دوو پیاو! ئەی پیاوەکانی وڵات! ئەی ڕۆشنبیران نیشتیمان! ئەی دادگاکان ئێستاکە دادگایی بکرێت یان سیستەمی وڵات سەرۆکی بێت‌ و ئیتر قورقەپی لێکەن چونکە لەم جوگرافیایەدا تەنها قسەی یەک پیاو دەخوات کە دەبابەکانی بەعسی هێنایە سەر ئابرووی نیشتیمان‌ و پەرلەمانی کرد بە دیوەخانی پیاوە بچووکەکانی وڵات، ئەو پیاوانەی کە ئێوە دەنگتان بۆدان!
پێمووتن دەستکاری مەکەن با خراپتر نەبێت، ئێستاکە لە خراپ خراپترە! یاخود دەبێت تاک بە تاکمان چاوەڕوانی دەزگا سیخورێکانی نیشتیمان بین و سەرمان داخەین‌و ملمان کەچکەین بۆ ئەوەی وێنە ڤیدۆیەکانمان‌و تۆمارە دەنگێکانمان بڵاو نەکەنەوە!
دەسەڵاتێک هەمیشە پەنجەی ترس‌و هەڕەشەمان لێبەرزکاتەوە وسیخوری بەسەر تاک بەتاکمانەوە بکات‌و مردۆکانمان لاپیرۆزبکات‌و هەرەشە لەسەر ژیانی تایبەتمان بکات دەبێت چاوەڕوانی چی لێبکەیت؟ 
ئێمە خوێنەرمان نییە بەڵکو خەڵکمان هەیە کە سیخوری بەسەر نوسینەکانمانەوە دەکات کە پێدەڵێن سیخورە خوێنەر!
تۆمارکردنی دەنگەکان‌و بێدەنگی شەقامی کورد چیمان پێدەڵێت؟ چۆن لەم هاوکێشەیە بگەین؟ کێن ئەوانەی دادگایمان دەکەن؟ كی دەبێت دادگایی بکرێت و بە سزای خۆی بگات؟ دەبابەکان یاخود تۆمارە دەنگێکان؟ یاخود ئەوە ئێمەین لە بەردەم دادگایی ئەم حیزب‌و پارت‌و جامبازانەوە هەمیشە ئازارو دەدرێن گاڵتە بە هەست‌و نەستمان دەکرێت هیچ شتێک لەم وڵاتەدا بوونی نییە جگە لە دوو پیاو ئەو دوو پیاوەیی کە یەکێکیان تاوانبارە بە تۆمارکردنی دەنگەکان و ئەوی تریشیان بە هێنانی دەبابەکان‌و تانکەکانی دووژمن.
هەرکەسێک خۆی بۆ گەورە پیاو بەکوشت بدات لای ئەو وایە گوناحە دەکات. سیخوریکردنی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵدا نەک تاوانە بەڵکو کارەساتە کە بەمزوانەیش ئەمیش دەچێتە خانەی بیرچوونەوە هەروەک ئەو هەموو تاوانانەی تر. هەرێمی کوردستان یاخود پانتاییەک بۆ ترس‌و تۆقاندن، بێدەنگبن تاکو ئەو کاتەی سەرەیش دهێتە سەر ئێوە چونکە جارێکە زۆرمانماوە تاکو لەواتای ئازادیی بگەین.

ئای لە ئێمە!
ئێمەی حەسرەتی
ئێمەی ڕەدوو بە دووی پیاوەکانی ئەنفالداو
ڕەدوو بە دووی پێچکەکانی ژیاندا
قاچێکما بە هەڵهاتنەوە
قاچەکەی ترمان بە جەهرەوە
دەستێکام بە گوڵەوە
دەستەکەی ترمان بەخوێنی براکانەوە
ئای لە ئێمە وای لە ئیمە!
ئێمە نەفرەتی
ئێمە ڕەدوو بە دووی پیاوەکانی ئەنفالدا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە