بێرکۆت و سەریڕەش!

Sunday, 01/03/2015, 12:00

5064 بینراوە


سەریڕەش بە لە خۆبایەوە بە بێرکۆت دەڵێت! بەر لە مێژوو سروشت لوتەکەیەکی بەرزی پێ بەخشیوم و ناوم "سەریڕەشە". هەموو کاتێک جێگەی تەماحی زاڵمان، مەنزڵگای سەیران و جێگە حەوانەوەی خوا پێداوان بووم. شوێنی مەست کردنی ژنان و کچانی خاوەن باوک، برا، مێرد، دەستگیران و خۆشەویستی پارەدار بووم. لەوەتەی هەم سوڵتان و پادشای ئەو ناوچەیەم. تۆ، بەرزاییەکان، گردۆڵەکەکان، پانتایەکان و قەڵای هەولێر کڕنۆشتان بۆ هێناوم. لێرەوە چاو سوور دەکەمەوە لە بابەگورگور.
سەردەم سەردەمی منە! کەس ناوێرێت ئاورێکم لێ بداتەوە. بووم بە شوێن و حەوانەوەی، کەسایەتییە دەست رۆیشتوەکان. هەموویان تێر وپۆشتە، خاوەن پارە، خزمەتکار، چەکدار، لانکرۆزەری جام ڕەش و بیرەنەوتەکانی وڵات. ئەو خانمانەیی لەسەر لووتکەکەم گوزەران دەکەن، گەلێک پۆشتەن! خشڵ و ملوانکەکانیان لە ئەڵماس، یاقوت، رووبین، عەجید، ئۆپڵ و مرواریی قوڵایی نێو ئۆقیانووسەکان درووست کراوە. دەستەخوشکەکانیان خەڵکی بەرزایەکانی قەڵاچۆڵانن، کە یەکێکن لە ژنە ملیۆنێرەکانی دنیا. بانکەکانی بەرزاییەکانی ماونت مەکینلی، شاخی ئارارات، مۆنتە ڕۆسا و ئەڤێرسیان پڕکردوە لە دۆلار، یۆرۆ و سەبیکەی زێر.
هەموو کوردێک ناوێرێت رووم تێ بکات! تەنیا ئەو کوردانە نەبێت کە خەڵکی بەرزاییەکانی قەڵاچۆلان، گردی زەرگەتەن  پارەدار، خاوەن و پشکدار لە بیرەنەوتەکان. میوانەکانم تەنیا کورد نین، سەڕانی ئەرتەش و چەندرەمەی تورکیی، سوپایی پاسدارن و سوپایی عیراقیین کە بە هەزاران هەزار کەلە سەری کوردییان خستۆتە ژێر پۆستاڵەکانیان.
قەدپاڵم، پڕکراوە لە کۆشک و باڵەخانە، رەنگاورەنگ، رازاونەتەوە بە بەردی حەلان و مەرمەڕی ئیتالی. دیوەخانەکەم بووە بە شوێنی دابەشکردنی پۆست، پارە و بیرەنەوتەکان. پۆڵ پۆڵ یاخی بووەکانی دوێنێ! بوون بەدۆستی نزیکی ئیمڕۆم، هەموویان هەڵگریی بیری نوێ، مارکسییەت، کۆمۆنیستی، شۆرشگێریی، ئاینیی، داخوازیاریی دەستکەوتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان بوون! زەمانێک بوو گڕو تەوژمی رقی تینی چەوساوەکان، هەژارەکان، رەش و رووتەکانیان تێم ئاڵاندبوو. ئیمرۆ من بووم بە برا گەورەی هەموویان، شوێنی متمانەی هەڵڕشتنی کۆڵی خەمەکانیان، هەر هەموویان زەلیل و کۆیلەیی بەردەستیی منن.
بێرکۆت! تۆ لەوەتەی هەیت ژێر دەستی من بوویت، لا دێیەک لە تەختاییەکی بچووک، خاوەن خەڵکێکی هەژار، جل و بەرگ دڕاوی بێ دەرامەت بوویت. خانمەکانت رووت و رەجاڵ، ماندوو، پێست سووتاوی بەر خۆرن، خانووەکانت لە قور دوورست کراون، هەرچی رەش و رووت نەبێت رووت تێناکات. من هەر سوڵتان و گەورەی تۆ بووم! ئیمرۆش ناوم لە 'سەریڕەشەوە "بووە بە "سەری بڵند"!
بێرکۆت! دێتە دەنگ و دەڵێت، سەریڕەش لە خۆت بای مەبە!  ئەوانەی روویان لە تۆیە دزو جەردەی نێو میللەتن، ناپاك، درۆ و دراو بووە بە پیشەیان، ئەو سەرکردانەیی دێن بۆ سەردانت هەموویان خوێنمژ، بەرژەوەندیی پەرست، رووخاو داڕماون. هیچ شتێکیان لا نەماوە بیبەخشن لە مۆراڵ، پرنسیپ، هەڵوێست، خۆشەویستی و هەستی مرۆڤاییەتی. ئەمانە سووک و رسوای نێو میللەتن، تۆ مەنزڵگای زاڵمان، رۆشەنبیرو نووسەری قەڵەم فرۆشیت، ناوت نەبووە بەسەری بڵند، بووە بە سەری سوور! تۆ سروشت دروستی کردویت خاوەن لوتکە بیت. من هەڵوێست بەرزی کردومەتەوە بەرەو حەوت تەبەقەی ئاسمان، من بێشەی ئەو خانمانەم دایکی ئەو شاعیرەن، کە بۆ سنوور و ئاڵایی کوردستان، ئازادی وڵات و خۆشەویستی نیشتمانیی نووسیوە. پەنجەی تاوانی درێژ کردوە بۆ گەندەڵکاران، دز، جەردە و زاڵمەکانی کە لە بەرزایەکانی تۆدا خۆیان حەشارداوە.  چۆکی دانەداوە بۆ پارە و سامانی تۆ. لە دیوەخانەکەت نەبووە بە سەپان و تۆ شێخ. من مەنزڵگایی لەدایک بووی قەڵەمیکی پڕ لە هەڵویستی بەرزە فڕی وەکو عەبدوڵا پەشێوم، بۆیە لەیادت نەچێت تۆ ناگەیت بە ووردترین خاکی بەرپێی هەژارەکانم، سەریشم لە لوتەکەی تۆ و بەرزترین لوتکەکانی جیهان بەرزترە.


تیبینی:
١- ماونت مەکینلی بەرزترین لوتکە لە ئەمریکا لە هەرێمی ئەلەسکە.
٢- شاخی ئارارات بەرزترین لوتکە لە تورکیا.
٣- مۆنتە رۆسا بەرزترین لوتکە لە سویسرا.
٤- ئەڤێرس، دەکەوێتە نێو چین و ناپۆڵ.
٥- بێرکوت ئەو گوندەیە نزیك بە شاری هەولێر، شوێنی لەدایک بوونی شاعیری ناودارو بە هەڵوێستی کورد عەبدوڵا پەشێو.
٦- دوای نیشتەجێبوونی بنەماڵەی بارزانی لە چیایی سەریڕەش ناوی گٶردراوە بۆ سەریبڵند.
* هەتا ئەو ساتە، شاعیری ناوداریی کورد عەبدوڵا پەشێو خاوەن هەڵویستی بەرزە بەرامبەر بە دۆزی رەوایی میللەتی کورد کە شایەنی رێزلێنانە. هیوادارم پارێزگاری لە هەڵوێستەکانی بکات تا کۆتایی چرکەیی ژیان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە