وەڵامێک بۆ زۆر بەڕێز کاک (قادر نادر) لەسەر مەسەلەی تاوان و سزاو، تاوانبارکردن و سزا!

Tuesday, 09/10/2012, 12:00

2384 بینراوە


ئەو پێکدادانەی کە لە نێوان قەیسەر ئیڤانی چوارو کوڕەکەیدا ڕویداو بوە هۆی مردنی کوڕەکەی لە کۆتایدا و پەشیمانی تاوانبارێکی لێکەوتەوە ، پەشیمان بونەوەی تاوان بارێک لە ناخەوە لە سزا گەورەترە ، هەر کاتێک سزا هەمان سەنگی تاوانی هەبوو ئەوا چەمکی سزا ڕۆڵی خۆی لەدەست ئەداو ئەبێتەوە بە تاوان ، تاوان بە تاوان کلتورێکی قوڵە لە ناو ئێمەدا ، بەڵام ئەبێ بە هەموومان تێبکۆشین بۆ ئەوەی هەردەم سزایەک بۆ تاوان دابنرێ کە تاوانبار بکەوێتە ناو گۆڕەپانی پەشیمانیەوە ، بەڵام ئێستا شتێکی کە هەیە کە خۆی تراژیدیایەکی گەورەیە وەلێ مرۆڤیش ئەخاتە پێکەنین ، ئەویش چەمکی تۆمەتبارکردنی نا ڕەواو سزاکەیەتی! بەڕێز کاک قادر نادر نوسینێکی منی هەڵگێڕاوەتەوە و لێکدانەوەی بۆ کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوانباریشم ئەکا ! ، ئایا ئەبێ منیش تاوانباری بکەمەوە؟! بێگومان نەخێر چونکە وەک وایە تاوان بە تاوان وەڵام بدەمەوە ، لەبەر ئەوە حەقیقت و ڕوونکردنەوەیەکی کۆنکرێتی ئەکەمە تەرازووی دەستم و خوێنەر با خۆی سزاکە دیاری بکات! .

ئه‌م وێنه‌یه‌ ئیشی هونەرمەندی ڕوسی (ئیلیا ڕێپین)ە بە ناوی(ئڤانی چوارەم و کوڕەکەی ئیڤان ،لە هەینی ١٦ نۆڤەمبەری ١٥٨١) کە بەس مرۆڤی دانا لە ناوەڕۆکی تێدەگات!

لە نووسینەکەمدا ناوی کەسم نەبرد بۆ ئەوەی نەکەومە ئەم حاڵەتی شەڕە نووسینەوە لەگەڵ هیچ بەڕێزێک ، بەڵام مادام هەندێ قسەی خۆت لە نووسینەکەی مندا ناسیوەتەوە ئەوا ئەمەوێ دێڕ دێڕ جوابی بدەمەوەو بۆ خوێنەرانی ڕونبکەینەوە کە کێ لەم بەینەدا بە هەڵەدا چوە و کێ بە هەڵەدا نەچووە.

یەکەم/ تێناگەم لە کوێودا من پشتگیری پەیکەر دروست کردنم کردوە؟ لە کاتێکدا من یەکەم کەس بووم لە کوردستان پۆست دژی پەیکەر وەستامەوە لەسەر ئاستی شێوەکارانی کورد ، ئەی بەڕێزتان بۆ تەنها لەم کاتەدا بەدەم باسی کاروانەوە هاتویت ئەتەوێ هەنێ مەسەلەی کۆن گەرم بکەیتەوە باسی هەنێ کەس و لایەن بکەی؟ ، ئەگەر بە وریایەوە نوسینەکەی منت خوێندبێتەوە چاک ئەزانی من باسی پەیکەرم نەکردوە و تێما سەرەکیەکەم هونەری کاروان بووە؟!.

دووەم/ کەوتویتەتە هەڵەیەکەوە و وا تێگەشتووی کە نوسینەکەم گشتی ڕووی لە تۆیە ، بەڵام بەڕێزم من کە باسی ئەوەم کردوە کە هەندێک ئەیانەوێ وێنەی سلێمانی بشێوێنن و بە سلبی ڕۆژ تا ئێوارە لەسەری بڵێن مەبەستم ئەو کەسانە نیە کە ڕەخنە لە کارە هەڵەکانی ناو سلێمانی ئەگرن هێندەی ڕووی نوسینم لەو چەواشەکارانە بوە کە دەیانەوێ بەدەم باسی ترەوە پەلاماری سلێمانی بدەن ، و نمونەشیان زۆرە ئەو کەسانە پێویست ناکا من له‌ نووسینەکانمدا ناویان بهێنم.

سێیەم/ خاڵی دووهەمت ڕەوا دانە بە کوشتن لە لایەن پێشمەرگەی کوردستانەوە لەژێڕ ناوی ئەو ئازادیەی کە تا ئێستا نیمانە، ئەتەوێ پێمان بڵێی کە ئەوەی پێشمەرگە بۆی بووە بە بکوژ (دیارە لێرەدا چەمکی بکوژ بە مانا گشتگیرەکەی دێ ، کە کوشتنە لە ژێر هەر پاساوێکدا بێ) ئامانجێکی زۆر جیاوازە و بە کورتەیەکەی تاوانێکی یاسایی و حەڵاڵە! ، لە هەمان خاڵدا کاک قادر منی تۆمەتبار کردوە بە ئەوەی پاساو بۆ تاوانی کاروان دەهێنمەوە ! تەحەدات ئەکەم ئەگەر بتوانی ئەو قسەیەی خۆت پشت ڕاست بکەیتەوە کە من پاساوم هێنابێتەوە ، لە کاتێکدا لە چەندین شوێندا ئاماژەم پێداوە کە کاروان وەک تاوانباری مێژوو دەبێ لە یاد بکرێ و بسڕێتەوە ، بەس ئەوەی کە نامرێت و هەر دەمێنێت هونەرەکەیەتی. من کە وتومە نیوەی میللەتی ئێمە بکوژەو لە شاخ بوین بەو بیرە تەسکە بیرم نەکردۆتەوە کە بکوژ هەر لە فەزای ناعەدالەتیدا ببینم ، ده‌بێت ئێمه‌ تێبگه‌ین کە کەسێ کەسێک بکوژە پێی دەوترێ بکوژ؟ جێ گیڤاراش بکوژە ، ئەوەی بکوژ نیە گاندیە نەک چێ گیڤارا ، ئیدی ئەگەر تۆش لایەنگری تاوانی حەڵاڵی ئەوه‌ کێشەی خۆتە چونکە من دژی ووشەی تاوانم لەژێر هەر پاساوێکدا بێت.

چوارەم/ منیش لەگەڵ وەستانی حەملەی پەیکەر دروست کردندام و پێم وایە بێ تام بوە . بەڵام بەڕێز کاک قادر هەر شتەو لە بابەتی خۆیدا ، تۆ نوسینێکت نوسیوە، گوایه‌ لەسەر کاروان عوسمانە بەڵام بەدەم کاروانەوە هاتویتەتە سەر پەیکەر و نوخبەکانی سلێمانی ، ئایە ئەمە چ یاسایەکی نووسینە؟ لە کاتێکدا ئەو باسانە هەر یەکە و باسی گرنگ و سەربەخۆن، بە تایبەت هونەری پەیکەرسازی و پەیکەر تاشی ، ئەگەر نا ئەزانم بەڕێزتان لەو کەسانە نین کە بە ئەنقەست بێنە سەر ئەو باسانە و گەنجانی سلێمانی بە هەڵگری کلتوری بەعس تۆمەتبار بکەیت بەس لەبەر ئەوەی شەوە ئاهەنگێکیان بۆ کاروان ساز کردوە ، هیچ نەبێ دوور بە دوور ئاگامان لە هەوڵ و ماندوبونەکانتە لەسەر مەسەلەی کورد و کوردستان و بابەتە ڕەخنەییەکانتان.

پێنجەم/ باسی هەنێ لایەن و کەست کردوە لە ناو حزبی دەسەڵات و هەنێ گەندەڵی کە من هیچ شارەزایم نیە تێیدا و زۆر دەست وەرنادەمە ئەو کارانەوەو ئیشی من نییە چونکە من تەنها لەسەر هونەر بە گشتی و شێوەکاری بە تایبەت ئەنوسم ، بە هیوام ڕامنەکێشیتە ناو بابەتی سیاسەت و گەندەڵیەوە . هەر کەسەو لە مەجالی خۆیدا ، من تا پێم بکرێ پشتگیری هونەری ڕاستەقینە دەکەم و دژی هونەری بێ مۆڕاڵ و دوور لە ئەتیکێت ئەوەستمەوە.

شەشەم/ لە نیوەی باسەکەتدا جارێکیتر ئەتەوێ پێمان بڵێی گوایه‌ من یەکێکم لەوانەی (گەنجە جوانەکانی) سلێمانی بە لاڕێدا دەبەم و وایان لێدەکم کە باوەڕ بەوە بێنن کە ئەگەر کەسێ داهێنەر بوو یان کەسێکی دیار بوو ئاساییە کاری قێزەون بکات!،بەڕاست کاک قادر لەسەرەوە من وەڵامم داوەتەوە و جارێکی تر ئەیڵێمەوە ، کاروان وەک بکوژێکی مێژوو لەبیربکەن! لە بیریکەن.

حەوتەم/ لە بەشێکی تردا لەژێر وێنەی گۆرانی نەمردا هێرشەکانت توند کردۆتەوە بۆ سەر من و پێم دەڵێی کە بۆچی ناوی خۆم نەنوسیوە و ئەترسم یان لوتبەرزم! ، نازانم لە چی بترسم یان بە چییەوە لوت بەرز بم؟! کاک قادر من پێشتریش ووتومە و ئەیڵێمەوە ، با ئێمه‌ وەک خۆیان واز لە دەم و چاو و کەسەکان بێنن! برای عەزیزم، کۆمەڵگای ئێمە بەدەست بێ بەرهەمیەوە دەناڵێنێ ، ئەرێ کاکە بۆ هەست بەوە نه‌کەین کە ئەم هەموو ناوە هەڵدەتۆقێ و کەسێک بەرهەمێکی ڕاستەقینەی نیە بۆ ئەو خاکە بۆ ئەو میللەتە؟ ، هەتاکەی بە دوای ناو و ناوبانگ و دەم و چاو و غەریزەی کەسەکانی تردا بڕۆین؟ تاکەی لەوە تێنه‌گەین مرۆڤ تاکە مەخلوقێکە کە ئەبێ بەرهەمی هەبێ ، بەرهەم بۆ مرۆڤ گرنگترین شتە ، گەر بەرهەم نەبوو ئیدی ناو و شوهرەت و ڕوخسارت بۆ چیە؟
بەڕێزم ئێوە و مانان هەر هیچ ووشەیەکتان پێنەمێنێ بۆ ووتن ئیدی ئەکەونە پرسیار کردن لەسه‌ر تەسکەرەی خەڵکی. ئینجا منت شوبهاندوە بە قارەمان و ئایا چەند پێشانگام دژی دەسەڵاتی ستەم کار کردۆتەوە!، یەکەم سەرەدەمی قارەمانەکان دەمێکە بەسەر چووە و ئێستا مرۆڤەکان تاکە هۆکاریان بۆ مانەوە ، خۆ گونجاندنیانە لەگەڵ کۆمەڵگادا لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە. چەند پێشانگام کردۆتەوە یان نەمکردۆتەوە لە وانەیە هیچ سودێک بە نوسینەکەم نەگەیەنێ. من ڕەخنە و پێشنیار ئەنوسم نەوەک بیۆگرافیای خۆم بۆ بەڕێزتان! . تۆمەتێکی ترتان بۆ داتاشیوم کە گوایە شارچێتی ئەکەم ، ئەگەر بەرگری لە سلێمانی شارچێتی بێ ئەوا گەورەترین شارچی کوردم ، ئەگەر ئەوەی دژی ئەو کەسانە بوەستمەوە کە بە گەنجانی شارەکەم دەڵێن بەعسی و دێن نوخبە دیارەکان و مێژوی ئەم شارە ئەشێوێنن ، ئەوا من باشترین شارچیم، هەرچەند تا ئێستا لە کوردستان پۆست سێ بابەتم بڵاوکردۆتەوە ، بەڵام باشترینیان لە لایەن خۆمەوە ئەو بابەتە بوو کە لە خەمی هەولێری پایتەختا نووسیم و ئاماژەم بەو سەرەتا ترسناکە کرد کە دەرکەوتوە لە هونەر و کولتور ، شارچێتی؟ ئیتر ناوچەگەری چی؟ لە کاتێکدا سلێمانی بەشێکە لە خاکی کوردستان ؟ بۆ ئەبێ بەرگری لێی ناوچەگەری بێ؟
کاک قادری بەڕێز ئەگەر هەر هیچم نەکردبێ بۆ سلێمانی ئەوەم بۆ کردوە کە بە هۆی تاوانێکەوە نەیەڵم هەندێ کەس وێنەی دڵگیری بشێوێنن ، نەیەڵم بەهۆی تاکەک کەسێکەوە کە تاوانێکی کردوە هەندێ کەس بێن و ڕاست و چەپ بەسەر ئەم شارەدا بهێنن، هەر هیچم بۆ نەکردبێ و هیچم لەدەست نەهاتنبێ بە قوڵی بیرم لێکردۆتەوە . زۆر هەن کە ناو و ناوبانگیان هەیە و بە چاکەت و پانتۆڵەوە دێنە سەر تەلەفزیۆن و وا خۆیان نیشان ئەدەن کە پارێزەری سلێمانی و کوردستانن ، بەڵام خیانەت کاری وەک خۆیان نمونەی کەمە . ناو و ناوبانگ پێوەر نیە بۆ دڵسۆزی تاکەکان ، بەڵک و دڵ و دەرون و مێشکیان پێوەرە ، پیرەمێرد ناوی هەبوایە یان نا هێندەی دڵسۆزیەکەی و چاپخانەکەی گرنگ نەبوون بۆ کورد ، ئیدی ناو چی؟ ئەی ناوبانگت لە چی؟

هەشتەم/ بۆ ئەوەی کە کاروان دوو قۆناغی لەیەک جیا کردۆتەوە پێداده‌گرم و ئەو تاکە کەسە کە هێڵی سووری کێشا ، ئەو هونەرمەندانەی وەک ڕەفێق چالاک و شەماڵ سایب و دیلان و هتد .. گشتیان کاریان لەسەر نوێگەری کردوەو کاریگەری زۆریان هەبوەوە بەڵام کەسیان نەیانتوانی ئەو هێڵە سورە بكێشن لە مابەین دونیای کلاسیک و مۆدێرن ، کاک قادر گیان من کە دەڵێم کاروان جیای کردۆتەوە بەڵگەم پێیە ، بەڵگەکەشم بەرهەمەکانیەتی ، ئەی بۆ نەموت کەمال موحەمەد؟ یان کڵپە؟ یان حسێن ڕەشید و سالار سەلمان؟ بەڕێزم ئەمانە گشتیان پێیەکیان لە کلاسیکدایە و پێیەکەی تریان لە مۆدێرنەدایە، ئەمە بۆ ئێستاش و بۆ ئەوساش هەر ڕاستە، کاروان کە چووە خزمەتی موحەمەدی ماملێ بۆ ئەوە نەبوو گۆرانیەکی لێ قەرز بکات هێندەی بۆ ئەوە بوو، کە ئەو گۆرانیە وەرگرێت و ڕوحێکی هونەری مۆدێرنی خاڵس بکات بە بەریدا . هەمومان گوێمان لە گۆرانی مەڕەنجێ بوە کە چ جیاوازیەکی لەگەڵ ئەوەی موحەمەدی ماملێدا هەیە و یەکسەر سەرەتای هەوڵی کاروان ئەبینین بۆ مۆدێرنەکردنی هونەر و موزیک ، من لەگەڵتاندام هونەرمەندانی تر لە ژێر کاریگەری شعرەکانی گۆراندا گۆڕانی زۆریان کرد بەسەر موزیکدا ، بەڵام کێشەکە ئەوەبوو بۆیان یەکلا نەدەبوەوە . بۆ حەسەن زیرەکی بلیمەتیش کەس نکۆڵی لێناکات بەڵام لە هونەری کلاسیکدا نەک هونەری مۆدێرن! ، هەڵەیەکیش کراوە لەوەو پێش با ڕاستی کەمەوە بۆتان ، کە گوایە کاروان بەشێکە لەو کەسانەی کە هونەری غەرب و شەرقیان تێکەڵ کردوە ، من بێ دوو دڵی ئەیڵێم کاروان ئەو گیتارەی بە جۆرێک بەکار هێناوە نە لە غەرب و نە لە شەرق بەو ڕیتمە کاری لەسەر نەکراوە تەواو ڕووحێکی کوردیانەی خۆماڵی پێوەیە ، هەر ئەوەش وادەکات کاروان قوتابخانەیەکی سەربەخۆ بێت.

نۆهەم و کۆتایی/ ئەوەی ناوی هەندێ هونەرمەند و کەسایەتیم هێناوە و ویستومە فێڵ لە خەڵک بکەم ، هەر کەسێ ئەو بابەتەی منی خوێندبێتەوە چاک دەزانێ بۆیە ئەو نمونانەم هێنایەوە بۆ ئەوەی ڕونی بکەمەوە کە ئەبێ ئێمە سەیری بەرهەمی مرۆڤەکان بکەین نەک غەریزە و حەز و هەڵسوکەوتیان ، وتم کاراڤاجیۆ کەسێکی کوشتوە ، بەڵام کەس بەلایەوە گرنگ نیە چونکە ئەوەی بۆ خەڵک جێی سەرنجە کارەکانیەتی!. کاراڤاجیۆ کە لە ساڵی ١٦٠٦ لە ڕۆما ئەو کەسەی کوشت لەسەر ناکۆکیەکی شەخسی بوو ، بەڵام دوای ئەوە هەتا ئەو ڕۆژەی بێسەر و شوێن بوو بەشێوەیەکی تەم و مژاوی مرد ، تاکو ئاخیری تەمەنی لەگەڵ کەنیسەدا لە شەڕدا بوو، بۆیە دوای ئەو تاوانە یەکسەر لە ڕۆماوە بەرەو دورگەکانی ماڵتا بەڕێکەوت و ماوەیەک خۆی حەشاردا بەڵام هەر بە دوایەوە بون ، لەم ماوەیەدا و دوای سەدان ساڵ لێکۆڵینەوەیەک دەریخست کە خۆشی بە دەستی کڵێسا و فەخامەتی قەشەکان کوژراوە !.

ئەمە یەکێکە لە ئاخیر ئیشەکانی کاراڤاجیۆ کە پۆرترێتی خۆی کێشاوە و سەری بە دەست گەنجێکی جحێلی وەک ساقیەکانی بەهەشت پەڕیوە ، خوێندنەوەی من بۆ پۆرترێتەکە ئەوەیە ، کە کاراڤاجیۆ چاوەڕانی ئەوە بوە کە چارەنوسی ئاوابێ ، چونکە هیچ نیشانەیەکی سەر سوڕمان بە ڕوخساریەوە نابینرێ ، لە باتی ئەوە ڕوخسارێک ئەبینین کە ئاههههێکی هەڵکێشاوەو بەرەو حەوانەوەیەکی ئەبەدی ئەڕوانێ ، ئەمەشی لە دووی خۆی وەک تاقە بەڵگەی کوژرانی بە جێهێشتوە و ئیدی ماوەیەکی کورت دوای ئەوە دیار نەماوە . لە هەمان کاتدا لەم تابلۆیەدا پەشیمانیەکی قوڵ لە ڕوخسرای جەلادە بچکۆلەکەدا ئەبینین ، پەشیمانیەک کە ڕیشەکەی ئەگەڕێتەوە سەر هەمان ڕیشەی پەشیمانی و هەڵاتنەکەی کاراڤاجیۆ دوای ئەوانیش هەمان پەشیمانیەکەی کاروان عوسمان ، هاوڕێم ئەمە پەشیمانی و هەست کردن بە تاوانە لای تاوان بارێک کە خۆشی نازانێ بۆ ئەکوژێ وەک هەمان حاڵەت لای ڕاسکۆڵنیکۆفی ڕۆمانی تاوان و سزا ئەبینین کە ئەویش بۆ بڕێ پارە پیرێژنێک دەکوژێ ، دوای هێند پەشیمان ئەبێتەوە کە خۆی دەچێتە دادگا ، بەڵام لای دیستۆیڤسکی تاوانباری دووەم ووجودی نیە ، وەک ئەوەی لای کاراڤاجیۆ و کاروان عوسمان بوونی هەیە!.


لە کۆتایدا بە هیوام بیرو بۆچونی کەس بە هەڵە لێک نەدرێتەوەو تۆمەت بۆ کەس دروست نەکرێ ، ئەم نوسینەی بۆ منت نوسیوە کاک قادی بەڕێز زیاتر توڕە بوون و هەڵچونی پێوە دیارە وەک لەوەی بە باشی لە نوسینەکەم گەشتبێتی ، سوپاس بۆ هەموو لایەکتان و بە هیوام کەس لەسەر نا حەقیەکان بێ دەنگ نەبێ و بەرهەمە باشەکانیش بپارێزرێ جا هینی هەر کەسێ بێ ، چونکە کە کار دێتە سەر بەرهەمی هونەری لە کۆتایدا ئه‌وه‌ هی خەڵک و مێژوو و کلتورە نەک هی هونەرمەند خۆی .

منیش تا پێم بکرێ ڕەخنە لە کاری ئاست نزمی هونەریی دەگرم و هەوڵ دەدەم پیشانی خوێنەر و تاکی کوردی بدەم کە چ ئیشێک هونەرە و چ ئیشێ هونەر نییە ، هونەر کلتورە ، کلتوریش نەتەوە!.

شێوەکارێک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە