کاک نەوشێروان! تۆ وات دەگوت!

Thursday, 26/02/2015, 12:00

2101 بینراوە


"گەلی کورد لە خاکەکەی خۆیدا بێگانەیە، بێبەشە لە هەموو مافێکی نەتەوەیی و دیموکراتی، بگرە لە هەموو مافێکی مرۆڤی ئەم سەردەمە، وڵاتێکی بە پیتوجوان و دەوڵەمەندی هەیە کە شوێنێکی جوگرافیای گرنگی هەیە و دابەشکراوە و لە چەند سەرەوە ئەچەوسێنرێتەوە:
- چەوسێنەرەکانی هاونەتەوە: دەرەبەگ، بورجوازی کۆسموپولیت و کەمبرادوری کورد.
- چینە کونەپەرست و چەوسێنەرەوەکانی نەتەوە دەسەڵاتدارەکان، بە تایبەتی بورجوازی بیروکراتی.
- ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزمی نوێ.
لەبەر ئەوەی گەل و نیشتمانەکەمان هەروەکو لە رێزی وڵاتە هەرە دواکەوتوەکانی دنیادایە، هەروەها لە ناو هەر یەکێک لەو دەولەتانەی بەسەریشیان دا دابەش کراوە لە رێزی ناوچە هەرە دواکەوتوەکانی ئەو وڵاتەش دایە.
ئێمە گەرەکمانە و خەبات ئەکەین بۆ گۆرێنی ئەم دۆخە نالەبارە. خەبات ئەکەین بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە بە هەمو شێوەکانیەوە: هی رەگەز، نەتەوایەتی، چینایەتی، دینیی، مەزهەبی. خەبات ئەکەین بۆ گٶڕین و نەهێشتنی پەیوەندیی زاڵمانەی نێوان کوردو کورد، نێوان کوردو حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، هی نێوان کورد و ئیمپریالیزمی جیهانی. " لە پاییزی ساڵی ١٩٧٨ یەکەم سەرووتار لە یەکەم وەرزنامەی کۆمەڵەدا (ل١-٢) بڵاوکراوەتەوە، لە نووسینی نەوشێروان مستەفا ئەمین" دوبارە نوسراوەتەوە لە (ل ٩ - ١٠)، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن.
-------------------------------------------------------------------------
ئەو جۆرە بیروبۆچوونە ئاوێنەی بیروباوەری تاکی ئازادیخوازیی نێو نەتەوەی کورد بووە ساڵی ١٩٧٨. بیگومان ئەوەی خۆی ساغکردەوە، بڕیاری بەشداری کردنی جوڵانەوەی رزگارییدا لەو ساتە مێژووییە دایریکراوەدا، سەرخۆشی ئەو جۆرە بیروباورو بۆچوونانە بوو، عاشقی وڵات، ئازادی، خۆشەویستی بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی بوو. نوخبەی بەشەداربووی مەستی سەرقاڵ بە خۆشەویستی وڵات و ئازادی، بێگومان لەوە غافڵ بوو ئەو جۆرە بابەتانە تەنیا بۆ وەرگرتنی متمانەیانە، بەکاردەهێنرێن بۆ سیاسیەتکردن، بەرژەوەندیی تایبەتی، بە ئاسانی دەستاودەستیان پێدەکرێت، رۆژێک تەسلیم دەکرێن بە تاڵەبانی، دواتر بە هێرۆ دواتریش بە بنەماڵەی بارزانی.
بارودۆخی ٢٠١٥ی گەلی کورد !
- دەرەبەگ، بورجوازی کۆسمۆپولیت و کەمبرادوری کورد ئیمرۆ چین و توژێکی تریشی بۆ زیاد بووە، هەریەکە لە کەساییەتی یەکەمی پارتەکان لەبەرزترین لوتکەی بەرزایەکانی هەولیرو سلێمانی نیشتەجێن، خاوەن بیرە نەوت، پاسەوان، کۆشکو باڵاخانە، گروپی مافیاو چەقۆکێش و جنیو فرۆش. بوونی پەرلەمانێک لەسەروی ئەو میللەتە هەژارەو پڕکردنی لە خەڵکی بودەڵە، بێ هەڵوێست، زەلیل و کۆیلەی ژێر دەستی کورو کورەزایی بارزانی، هێرۆ و قوبادی کوری. بوونی فایلدارو بەسەدان جاش وجاشولکەی سەر بە بەعس و ئەوانەی دەستیان لە ئەنفالکردنی ئەو میللەتە هەبووە، ئیمرۆ بوون بە دیارترین توێژ لە نێو پێکهاتەی حکومەتی کوردی بنکە فرەوانی هەرێم و دەوڵەمەنترین توێژ، لەدەرئەنجامدا ئەو جۆرە دەستەڵاتە سەپێندراوە بەسەر میللەت زۆر زاڵتر لە دەستەڵاتی ئاغاو دەرەبەگی ساڵانی نیوەی سەدەی رابردوو.
- چینە کۆنەپەرست و چەوسێنەرەوەکانی نەتەوە دەستەڵادارەکانی بە تایبەتی بورچوازی بیروکراتی، ئیمرۆ لە جاران دەسترۆیشتووترو بەهێز ترن، توانیوایانە نەک تەنیا میللەتی کورد کۆنترۆڵ بکەن، هەموو سەرکردەکانی تا دوینی لافوگەزافی شۆرشگێریان لێدەدا بکرن و کۆنتڕۆڵ بکەن. کۆنترۆڵی زیاتریان هەیە لەسەر جوگرافیایی کوردستان. دەستەڵاتدارانی عیراق، ئێران و تورکیا گەورەو سەرکردەی حکومەتی بنکەفرەوانی هەرێمن و بڕیار بەدەستن، خاوەن تاقمی چەکدار، دامودەزگایی سیخۆرین لە باشووری وڵات، بە ئاگاداری حکومەتی بنکە فرەوان پشکی تایبەتیان هەیە لە دەرامەتی بازرگانی کردن بە نەوت.
- ئیمپریالیزمی جیهانی وکۆڵۆنیالیزمی نوێ، لە جاران بەهێزترن، دەستەڵاتەکانیان لە وڵاتدا چەسپێندراوە، لە ئەنجامی پەیرەوکردنی سیاسەتی چەوتی حکومەتی بنکە فرەوان کوردستانیان کردوە بە مەیدانی شەری داعش، بە ئاشکرا حکومەتی بنکەفرەوان لەگەڵیان مامەڵە دەکات، پشکی خۆیان بە زیادەوە لە دەرامەتی وڵات دەبەن. لە هەر وڵاتێکی ئیمپریالیزمی و کۆڵۆنیالیزمی نوێ، نوێنەرەێکی حکومەت و پارتەکانی لێییە کە خاوەن موچەی تایبەتین لە سەر حیسابی ئابووری ئەو میللەتە هەژارە.
کورد بارودۆخی لە ساڵی ٢٠١٥ زۆر نالەبارتر و ناگونجاوترە بە بەراوورد کردن لەگەڵ ساڵی ١٩٧٨، تەنیا جیاوازی ئەوەیە ئەو کات سەرکردەکانی کورد لە دەستەڵاتدا نەبوون، ئیمرۆ لەدەستەڵاتدان و حوکمی باشور دەکەن، کەچی ئێستا نووسەری ئەو بابەتەی ساڵی ١٩٧٨ یەکێکە لە بڕیار بەدەستی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم و هەوڵی سەقامگیرکردنی دەستەڵاتیکی لەوجۆرە دەدات!

سەرچاوە:
١- پەنجەکان یەکتری دەشكینن (ل٩-١٠). نەوشێروان مستەفا ئەمین
٢- ژمارەی یەکەمی وەرزنامەی کۆمەڵە ١٩٧٨ ل (١-٢)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە