لە رزگاركردنی موسڵ مەرجی پێشوەختی كورد پێویستە

Tuesday, 10/03/2015, 12:00

1431 بینراوە




قسەوباسی زۆر دەكرێت لەسەر بەشداری كردنی كورد لە رزگاركردنی موسڵ و كۆتاییهێنان بە بونی داعش لەو ناوچەیە . بە درێژایی مێژوو و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كورد سوودی لە لەباربونی بارودۆخی بابەتی وەرنەگرتووە و پراگماتیانە رەفتاری نەكردووە . هەمیشە لە روداوە گەورە و بچوكەكانیشدا بە دەست بەتاڵ لێی دەرچووە و هەندێك جار كە دەیتوانی لە پێناو پرسەكەی خۆی روداوگەلێك بەكار بێنێت، بەڵام ئەگەر لە نەزانین بوبێت یان ساویلكەیی یان دڵپاكی و مامەڵەی مرۆڤدۆستانە هەمیشە لەگەڵ حەقدا بووە و بۆچون و رەفتارەكانی ئەگەر لەزەرەری دوورمەودای خۆیشی بوبێت بێ سڵەمینەوە پیادەی كردووە و دواجار دوژمنانی رەحمی پێ نەكردون، بە زەرەر لێی دەرچووە .
ئەمرۆ، باس و خواسی زۆر لە سەر خاڵی یەكلاكەرەوەی كۆتایی ئەم قۆناغە دەكرێت، كە لە رزگاركردنی موسل لە دەستی داعش خۆی دەبینێتەوە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەكاری و لێدوان و تەنانەت ململانێی پێشوەختیش لە نێوان لایەنە پەیوەندی دارەكانی دەرەكی و ناوەكیش بە روونی دیارە . هەریەكە و بە ئەجێندای تایبەتی خۆیەوە ئامادەباشە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی هەموو رێگەكانی گرتووەتە بەر . توركیا؛ مەرامێكی تایبەتی خۆی هەیەی و دەیەوێت زامنی مانەوەی پەیوەستبونی موسڵ بە خۆیەوە بكات بەهەر شێوەیەك بێت، ئەگەر لە توانایشیدا نەبێت لەم كاتەدا بیخاتە سەر خۆی كە دەیان ساڵە بێ ئومید نەبووە لەم شارە و بە موڵكی خۆی دەزانێت، بەڵام دەیەوێت هەر رەفتار و كردەوەیەك لەم ناوچەیە پیادەبكرێت لە سنوری قازانجەكانی ئەو دەرنەچێت. ئەگەر پلانێكی بۆدانابێت كە قۆناغ بە قۆناغ بیخاتەوە ژێر ركێڤی خۆی كە بە رەفتار و لێدوان و جموجوڵەكانیەوە زۆر بە زەقی دیارە و بە هیچ شێوەیەك وەك رومادی و تكریت مامەڵەی لە گەڵدا ناكات، لەبەر ئەوەی بە ستراتیژیەتی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت و بە خەتی سووری دادەنێت . لەو نێوەندەشدا پشتگیری لەو گروپانە دەكات كە مەیلیان بەرەو توركیایە نەك ناوەندی عیراق لە لایەك و، بەهیچ شێوەیەك ناهێڵێت دەسترۆیشتوی ئێران یگاتە ناوەندێك كە خەتەر بۆ وڵاتەكەیان دروست بكات و لە ململانێی تەوەری سونە و شیعە خاڵێكی گەورە بداتە دەست ئێرانەوە . بۆیە پاش نەمانی داعش، وەزعی ئەو سێ پارێزگا عیراقیەی دەست داعشی ئێستا وەك خۆی نامێنێتەوە و گۆڕانی هەمەچەشنی دیموگرافی و سیاسی بەسەردا دێت و، هێزە میلیەكانی عیراقی سەربە ئێران جێگیر دەبن و، ئێران بە تەواوی دەیەوێت هەمان سیاسەتی پارێزگا گەرمەكانی وڵاتەكەی خۆی پاش شۆرشی ئیسلامی لە عێراقدا پیادەبكات و، چۆن پاسداران رۆڵی یەكلاكەرەوەیان بینی لەو ناوچانەی خۆی، حەشدی شەعبی و زۆرێك لەو پێكهاتە ئیستخباراتی و عەسكەریانەی سەر بەئەون رۆڵی چەند ساڵەی كاریگەر ببینن لە یەكلا كردنەوەی زامنكردنی قوڵایی ستراتیجی خۆی لە عیراق و خەتەری سونە لە سەر شوێنە شیعەنشینەكان و سنوری خۆی بە یەكجاری دوور بخاتەوە .
توركیاش لای خۆیەوە گرنگیەكی تایبەتی بە موسڵ دەدات و بەهیچ شێوەیەك ناهێڵێت دەستی ئێران بەسەر ئەم شارەدا (موسڵ و دەوروبەری) بە تایبەتی زاڵ بێت . لەم رووەشەوە هێزە عەرەبە موسڵاویەكانی بەدەستەوەیە و بە شێوەیەكی گوماناویش لەوانەیە لە مەودای نزیكیشدا پشت بە كورد ببەستێت . هێزی عەسكەری و سیاسی خۆی ئامادەیە و سڵ لە دەستێوەردان ناكاتەوە .
چۆن كورد قازانج لەم بارەوە بكات و بۆ یەكەمین جار پراگماتیانە بیر بكاتەوە و لەم ئاڵۆزیەی قۆناغەكە بە سەركەوتویی دەربچێت و چۆن رەفتار بكات ؟
یەكەم : پێش هەر رێككەوتن و جموجوڵێك، پێویستە مەرجەكانی خۆی دیاری بكات چ بە بەشداریەك كە دڵنیا بێت قازانجی لێ دەكات، یان بەشداری نەكردن و نەهێشتنی جێبەجێ كردنی مەرامی لایەنەكان و لەوبارەوە پێویستە ئامادەی عەسكەری و سیاسی و ئیستخباری هەبێت بۆ هەر كردەوەیەكی تایبەت ئەگەر دژ بە رەفتاری سەرجەم لایەنەكانیش بێت، كە لە قازانجی كورد دا بێت .
دووەم : وەك چۆن ئێستا بەسەر هەردوو تەوەری سونە و شیعەدا دابەشبووە، قازانج لەم بارە وەربگرێت و لەنێوان هەردوولادا یاری خۆی بكات و باڵانسی پەیوەندیەكانی را بگرێت و نەهێڵێت لایەكیان بەسەر ئەویتردا لە هەندێك خاڵ كە پەیوەندی بە ستراتیژی كوردەوە هەیەی زاڵ بێت، بۆ نمونە كەركوك و پرسی حوكمدارێتی و مامەڵەكردنی لەگەل ناوەندی عیراقدا بە شێوەیەكی یەكلایەنە رەفتار نەكات و لەگەڵ هیچ لایەكدا یەكلایی نەكاتەوە . واتە فەرزكردنی ئەمری واقعی ئەمرۆ و بە سەر بردنی كات و رێكخستنی باری نێوخۆی شارەكە بە جۆرێك كە زاڵبونی دەسەڵاتی كورد بە تۆكمەیی بەرجەستە بێت، یەكێكە لە ئامانجە هەرە گەورەكانی رۆژگاری ئەمرۆی كورد و بە سیاسەتی رۆژ دەتوانێت ئامانجەكانی بسەپێنێت .
سێیەم : ناوچەدابراوەكانی سەر بە موسڵ خاڵی گرنگی مەرجەكانی كورد بێت لەهەر رێككەوتنێكی پێویستی پێشوەخت لەگەڵ هەر لایەكدا لە رزگاركردنی موسڵ دا. لەوبارەشەوە دەبێت قسەو باسی نهێنی لەگەڵ هەرچوارلا ئەمریكا و ئێران و توركیا و ناوەندی عێراقیش بكرێت و، هەمیشە و پێش هەر شتێك و بە هەر شێوە و نرخێك بێت قازانجی خۆمان لەبەرچاو بگرین و، لەم قۆناغە یەكلاكەروەدا بە عاتیفەمامەڵە نەكەین، واتە مامەڵەی مرۆڤدۆستانە لەبەرامبەر دوژمن و تیرۆر زۆر جار زەرەری گەورەی دوور مەودای دەبێت و، زۆرجاریش رەفتاری رەش بۆ گەیشتن بە رۆژی سپی پێویستە .
چوارەم : لەهەموو گرنگتر، رێككەوتنی نهێنی لەگەڵ ئەمریكادا كە ئێستا لە حاڵەتی ناجێگیردایە لە ئاست ناوچەكە و گفتوگۆكانی لەسەر كورە ئەتۆمیەكانی ئێران بە هیچ بەرژەوەندیەكی تر نافرۆشێتەوە . بۆیە، پرسی موسڵ گفتوگۆی هەمەچەشن و لایەنی دەوێت و زیرەكی و هەنگاوی راست و دروستی هەر لایەكی ململانێكە لە چۆن كەوتنەوەی بارودۆخی ئەم ناوچەیەی پاش دەركردنی داعش دەردەكەوێت .
پێنجەم : لە نێوان بۆچون و رەفتار و هەڵوێستی عیراق و توركیا و ئەمریكا مەودای یاریكردنی سیاسی زۆر گەورەی بۆ كورد لە ئارادایە كە بتوانرێت بەرژەوەندیەكانی پاش دەرپەراندنی داعش بپارێزرێت، ئەگەر كورد بە خۆی لەم پرسەدا یەكگرتو بێت، لە دانان و دیراسەتكردنی مەرجەكان هاوبەش و یەك دەست بێت .
شەشەم : مەرجی كورد تەنها لە شاری موسڵ خۆی نەبینێتەوە و بەڵكو زۆرێك لەو مەرجە گرنگەی پەیوەستن بە پرسی كورد و دوارۆژەكەی، دەتوانرێت لەم قۆناغەدا بسەپێنرێت . پیادەكردنی سیاسەتی پراگماتیانە لەهەر لایەكەوە بێت، گوێ بە رەخنەی هەلپەرستانە نادات و گرنگ بەدیهێنانی ئامانجە دواكەوتوەكانە، ئێمەش كە خۆمان بە نەازنین و مێژووش بە باوردۆخی بابەتی نالەبار غەدری لێ كردوین و، هەمیشە سۆز و عاتیفەی سیاسی لە خشتەی بردوین، با بكەوینە ژێر رەخنەی تەنانەت دۆست و دوژمنانەوە، گرنگ گەیشتن بە ئامانجەكانە .
دەكرێت بڵێین ئەم هەلە و لەم قۆناغە ئاڵۆزە دا سەرەرای ئەوەی بۆ وەزعی ئابووری ناوخۆ زەرەرێكی كاتی هەیە لەلایەكەوە ،بەڵام لەلایەكی ترەوە زۆر لەبارە بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانی كورد ئەگەر عاقڵانە و سیاسیانە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و لە تواناماندا بێت مەرجەكانی خۆمان بسەپێنین، ئەگەر نا مانەوەی وەزعەكە بە ئاڵۆزی بۆ ماوەیەكی دورو درێژ لە قازانجی ئێمەدایە نەك بگاتە حاڵەتی چارەسەری زرەرەبەخش بە پرسەكەمان . بۆیە مەرجە هەمەجۆرە تایبەتیەكانی كورد لە رزگاركردنی كورد خاڵی یەكلاكەرەوەی چارەسەری پرسی كوردە لە كوردستانی باشور بە تایبەتی و لە ناوچەكەدا بە گشتی .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە