ئەڤین چەتین: كورد لە ئێران و توركیاو سوریا لەژێر هێرشێكی گەورەدایە

Friday, 03/09/2010, 12:00

1707 بینراوە


وارڤین تایبەت: ئەڤین چەتین سیاسەتمەدار و ئەندامی پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید رایگەیاند، كورد لەئەوروپا لاوازەو پێویستی بە لۆبییەكی بەهێز هەیە. ئەڤین، داوا لە گەنجانی كوردی نیشتەجێی ئەوروپا دەكات كە روو لە گۆڕەپانی سیاسی بكەن و لەو رێگایەشەوە نوێنەرایەتی نەتەوەی كورد بكەن و داواكاری و پرسەكانی كورد بەگوێی جیهانیان بگەیەنن.

وارڤین: رۆڵی ئەڤین چەتین وەك ژنێكی كورد لە چارەسەری پرسی نەتەوەكەیدا چییە؟
ئەڤین: بوونی هەر كوردێك لە پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپی و پەرلەمانی ئەوروپا سوودێكی زۆری بۆ دۆزی كورد هەیە. چونكە دەتوانێت لەورێگەیەوە كێشەو داواكارییەكانی نەتەوەكەی بگەیەنێتە نەتەوەو وڵاتە جۆربەجۆرەكانی جیهان. نەتەوەی كورد پێویستی بە سیاسەت و لۆبی سیاسی هەیە. ئێمەی كورد لەوبوارەدا لاوازین. ئێستا سیاسەتی جیهان لەسەر بنەمای كاری دیپلۆماسی و خەباتی لۆبییەكان بەڕێوەدەچێت. بۆیە بەڕای من زۆر گرنگە كە گەنجانی كوردی نیشتەجێی ئەوروپا لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەشداری بكەن و نوێنەرایەتی نەتەوەكەی خۆیان بكەن. داواكاری و كێشەی نەتەوەكەیان دەرببڕن.

وارڤین:  ئێوە تەنیا بۆ باكووری كوردستان كار دەكەن یان بۆ پارچەكانی تریش؟
ئەڤین: كارەساتی هەڵەبجە، ئەنفال و قڕكردن لەبەرامبەر نەتەوەی كورد دا پێڕەو كراوەو كەسیش ناتوانێ چاوی خۆی لە ئاست ئەو پرسە دابخات. دەبێ لەدەستپێكدا داگیركەرانی كوردستان و دواتر هەموو وڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەوروپا ئەو راستییە قبووڵ بكەن. لە كۆنگرەی پارتی سۆسیال دیمۆكراتەكاندا كە منیش ئەندامم، كارەساتی هەڵەبجە وەك قڕكردن قبووڵ كرا. لەو بوارەدا سیاسەتیان روونە. ئەمساڵ لەساڵوەگەڕی كارەساتی هەڵەبجەدا سەرۆكی پارتەكەمان مۆنا سالین ئەو قەتڵوعامەی سەركۆنە كرد. راستە كارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال و هەموو قەتڵوعامەكانی كورد لەسەرانسەری كوردستان وەك تاوان دەناسرێن، بەڵام وەك لە سەرەوە گوتم، بۆ ئەوەی ئەو راستییە لەلایەن ئەوانی دیكەشەوە قبووڵ بكرێت و دانی پێدابنرێت، پێویستە كورد بۆ خۆی ببێتە هێز. ئەگەر ئێمە لەناو ئەم پارتانەدا و لەناو پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپادا هێزێكی سیاسی و دیپلۆماسی دانەمەزرێنین، نەبینە خاوەن لۆبییەكی بەهێز، ناتوانین هیچ شتێك بەكەس قبووڵ بدەینە قبووڵ كردن. داگیركەرانی كوردستان لەهەموو شوێنێك لۆبییەكی بەهێزیان هەیەو بەداخەوە لەو رێگایەوە دەتوانن كارە خراپەكانیشیان بدەنە قبووڵ كرن. بەڵام ئیتر ئێمەی كوردیش لەسەردەمێكی وەهاداین كە گەلەك دەرفەتمان بۆ هاتووەتە پێش. دەتوانین ببینە هێزێكی گەورەو داخواز و دۆزی نەتەوەكەمان لەهەموو گۆڕەپانەكانی جیهاندا بێنینە زمان. هیواردارم لەداهاتوویەكی نزیكدا هەڵەبجەو هەموو ئەو تاوانەی كە دەرهەق بە نەتەوەی كورد كراوە لەجیهاندا وەك تاوان بناسرێن و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دا بكرێت.

وارڤین:  ئێستا خۆت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید پاڵاوتووە. داواكاریت لە كوردانی نیشتەجێی ئەوروپا چییە؟
ئەڤین: نەتەوەی كورد كەلە 40 ملیۆن زیاترە، ئێستا گەلەك كێشەی گەورە بەرەوڕووی بووەتەوە. لە توركیا، ئێران و سوریا لەژێر هێرشی گەورەدایەو سیاسەتی نكۆڵی و سڕینەوە لەدژیان پێڕەو دەكرێت. نەتەوەی كوردیش وەك هەموو نەتەوەكانی جیهان مافی دیموكراسی و ئازادی هەیە. تێكۆشانی كورد رەواترین و مەشروعترین تێكۆشانی ئازادییە. كێشەی كورد لەرۆژهەڵاتی ناڤین و جیهاندا كێشەیەكی گەورەیەو دەبێ چارەسەر بكرێت. كوردستان مافی ئازادبوونی هەیە. دەبێ وەك گەلانی دیكەی جیهان، هەموو مافەكانی كورد وەك نەتەوەیی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، هونەری و كەلتووری دابین بكرێت.
داگیركەرانی كوردستان وەك ئێران و توركیا و سوریا جۆگرافیا، ناسنامە، زمان و هەموو هەبوونێكی كورد پێشێل دەكەن. لەكاتێكدا كە باس لە بەجیهانیبوون دەكرێ و بانگی دیموكراسی و ئازادی دەدرێت، هێشتا چەوساندنەوەی كورد بەشێوەیەكی سیستەماتیك بەردەوامە. هەموو جیهان لەچارەسەركردنی پرسی كورد دا بەرپرسیارە.

وارڤین: لەم ماوەیەی دواییدا چەندین كچی كورد لەئێران دەستگیر كراون. ئەڤین چی بۆ ئەو كچانە دەكات؟
ئەڤین: رژێمی ئێران لەئێستادا كە سەردەمێكی نۆژەن و مۆدێڕنە تاوانی زۆر گەورە دەكات و كورد وەك قوربانی لەسێدارە دەدات. بەسەدان كچ و كوڕی كوڕی كورد، بەتۆمەتی نەبینراو و نەسەلمێندراو دەخاتە زیندان و دەیانكوژێ. ئەو دەیەوێ بەخوێنی گەنجانی كورد تەمەنی رژێمی خۆی درێژ بكات. بەڵام ئەوە بزانن كە هیچ زوڵم و زاڵمێك لەجیهاندا بەردەوام نەبووە، ئێرانیش ناتوانێت ئاوەها بەردەوام بێت. من هەوڵدەدەم ببمە دەنگی ئەو كچ و كوڕە گەنجانەی كەلە زیندانەكانی ئێران، سوریاو توركیادا دەستبەسەرن. بۆ ئەو پرسە خەباتی ئێمە لەگەڵ رێكخراو و كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤدا بەردەوامە. لەوبڕوایەدام كە ئەگەر ئێمە بچینە پەرلەمان دەرفەتی زیاترمان بۆ دەڕەخسێت تا دەنگی زیندانییە كوردەكان بەرزتر بكەینەوەو بیگەیەنینە گوێی جیهانیان. ئەو زوڵموزۆرەی كە ئێران لە كوردی دەكات، دەبێ ببێتە هۆی یەكێتییەكی بەهێز لەناو كورد دا. دەبێ كورد لەهەمبەر زوڵمی داگیركەراندا دەستی یەكبگرن و تێكۆشانی رەواو مرۆڤانەی خۆیان بەردەوام بكەن. زیندانییەكان پێویستیان بەهاوكاری هەموو گەلی كورد هەیە. دەبێ ئەو بانگ و دەنگانەی ئەوان ببێتەهۆی یەكڕیزی و تەبایی هەموو كورد. ئەوەشمان لەبیرنەچێت دەبێ ئەوروپا هۆشیار بێتەوەو چاوی خۆی لەهەمبەر ئەو كارانەی ئێراندا نەپۆشێت و دەنگهەڵبڕێت.

ئەڤین چەتین كێیە؟
لەساڵی 1984 لەدایكبووە. خەڵكی (نسێبین)ی سەر بە پارێزگای مێردینی باكووری كوردستانە. تەمەنی 2ساڵ و نیو بووە كە لەگەڵ خێزانەكەیدا كۆچبەری سوید بووە. بەشی مافەكانی زانكۆی ئۆپسالای تەواو كردووە. لەكاتی خوێندكاریدا لە دادگای باڵای دایەرەی كۆچبەران كاری كردووە. دواتر لە كۆمیسیۆنی چاودێری یەكێتی ئەوروپادا ئەركی پێ سپێردراوە. ماوەی دوو ساڵ لە ستراسبۆرگ و بروكسێل كاری كردووە. لەماوەی كاری خۆی لە بروكسێل دا لە پرسی ئەندامێتی توركیا بۆ یەكێتی ئەوروپا جێیگرتووە. هەروەها لەناو لیژنەكانی چاودێریدا چووەتە لیتڤانی، ئیستۆنیا، ئۆكراینا، روسیا و گورجستان. لە2007 وەك ئەندامی چاودێری سۆسیال دیمۆكرات بۆ هەڵبژاردنەكانی توركیا لە جولەمێرگ و شێرنەخ ئەركدار كراوە. لە2009دا دیسان وەك ئەندامی چاودێری هەڵبژاردنە هەرێمییەكانی توركیا چووەتە باكووری كوردستان و لە میدیاد و دیاربەكر كاری كردووە. لە 2007دا لە زانكۆی ماستجیجتێ هۆڵەندا دەستی بەخوێندنی ماستەرەكەی لەبواری حقوقی یەكێتی ئەوروپا كردووە. لەساڵی 2008 وەك راوێژكاری سەرۆكی شارەوانی سۆدێرتاڵجەی پارتی سۆسیال دیمۆكراتی سوید كار دەكات و هاوكات جێگری سەرۆكی شارەوانیشە.
لەساڵی 2008دا لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی سۆدێرتاڵجە(ئاندرێس لاگۆ) بۆ تاوتوێكردنی رەوشی پەنابەرانی عێراق سەردانی ئەمریكای كردووەو لەگەڵ باراك ئۆباما كۆبووەتەوە. ئێستا پاڵێوراوی پارتی سۆسیال دیمۆكراتە بۆ پەرلەمانی سوید.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە