لە یادی 33 ساڵوەگەڕی شۆرشی گەلانی ئێراندا(1979)

Monday, 23/01/2012, 12:00

2501 بینراوە


 فاكتەرەكانی شۆڕش لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

- "من لێرەدا دەگەم بەوەی، كە ببینم كاریگەریی تێكشاندنی چینە فەرمانڕەوا دەسەڵاتدارەكان لە كات و قۆناغی جیاوازدوا لە لای گەلانی جۆراوجۆر چی بووە، هەڵبەتە من لە بوونی فڵان رووداو، فڵان هۆكاری بەرێكەوت و رواڵەتیی بێئاگا نیم، بەڵام باوەڕ بكەن، كە هۆكاری راستیینە، هۆكاری لەدەستچوونی دەسەڵات لەدەستی خەڵكانێك، ئەوە بووە، كە ئەوان ئیدی گەیشتبوونە قۆناغێك كە شایستەیی ئەوە نەبوون چیدی دەسەڵاتیان لە دەستدا بێت." (ئەلێكسی دوتۆكڤێل)

- " گوڵەكانی بەرگریی و ئازادییخوازیی لە تۆوی فەرهەنگەوە شین دەبن و  شكۆفە دەكەن."  ( ئەمیلكار كابرال)

هیچ رووداوێكی مێژوویی نییە لە خۆڕاو بێ بنەما رووبدات و چ رووداوێكی راچڵەكێنەریش نییە پێشتر كەسانێك زەمینەی رەخسانیان بۆ نەسازاندبێت و بگرە كەسانێكیش نەبن پێشتر پێشبینیان نەكردبێ تو بانگیان بۆ هەڵنەدابێت، بەتایبەتی شۆڕش (Revolution)، كە وەك دیاردەیەكی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی، كە ئامانجی گۆڕانكارییەكی ریشەییە و سەراسەرییە لە قەڵەمبازێكی مێژووییدا، بەیەكێك لەو دیاردە هەرە سەرەكیی و سەرنجڕاكێشانەی مێژووی نوێ و هاوچەرخ دادەنرێت كە ریشەكەی بەقووڵایی مێژوودا رۆچووە و روودانیشی لە قۆناغە جیاوەزەكان و شوێنە جۆراوجۆرەكاندا سەرنجی بایەخدارانی راكێشاوە، بە چەشنێك هەوڵیانداوە كە سەبارەت بە چەمك و مانا و هۆكارو كاریگەریی و هەڵوێستوەرگرتن لە حاستیدا، سەرنج و زانیاریی  لێكدانەوە و ئەنجامگیریی و رای هەمەجۆرمان بخەنە بەردەست، بەتایبەت كە شۆڕشەكانیش تەنیا لە تەرز و شێوازێكدا خۆنمایش ناكەن (وەك : شۆڕشی نەتەوەیی، شۆڕشی دیموكراتیی، شۆڕشی چینایەتیی، تەنانەت شۆڕشی پیشەسازیی و تەكنەلۆجییو..هتد) و سنوورێكی تەواو كۆنكرێتیشیان نییە تاكو لەگەلأ چەمكەكانی دیكەی گۆڕانكاریی وەك " چاكسازیی"و "كودەتا"و "راپەڕین"و "یاخییبوون"..هتد تێكەلأ نەبن.
دیارە شێوازەكانی ئەو گۆڕانە ریشەییە قەڵەمبازئامێزە،(بەوەی كە توندوتیژیی تێیدا بە رەگەزێكی خۆلێلانەدراو نەبینرێت و بەشێوەی ناتوندوتیژیی بهێنرێتەدی)، وایكردووە چەمكەكان و ئەزموونەكانی وەك شۆڕشی سپی و شۆڕشی پرتەقاڵی و شۆڕشی وەنەوشەیی..هتد ببنە ئەزموونی نوێ و لەسەر خەرمانی چەند سەد ساڵەی شۆڕشەكانی دیكە كەڵەكە بن.
شارەزایانی بواری سیاسیی و كۆمەڵایەتیی، هەریەكە و بەگوێرەی بایەخ و تێگەیشتنی خۆیان لەو دیاردە سەرنجڕاكێشە، لێكدانەوەی جۆراوجۆریان بۆ شۆڕش هەبووەو قامكیان خستۆتە سەر هۆكارە سەرەكییەكانی.
ئەوەی كە سەرنجی ئەو بایەخدارانەی راكێشاوە ئەوەیە، كە بۆچی هەندێك لە سیستمە سیاسییەكان زیاتر لەوانی دیكە رووبەڕووی مەترسیی شۆڕش دەبنەوە؟ یان بۆچی شۆڕش لە هێندێك وڵات روودەدات و لە هێندێكی دیكە نا؟ یاخود بۆچی ناو بەناو شۆڕشەكان وەك پەتا بەخێرایی بەناوچەیەكی دیارییكراودا بڵاو دەبنەوە؟ یا چۆن شۆڕشەكان زەمینەی روودانیان بۆ خۆشدەكرێت یان رێگە لە روودانیان دەگیرێت..هتد؟،
 رەنگە هەركەس كاتێك ناوی شۆڕش دەبیستێت راستەوخۆ سەرنجی بچێتە سەر دوو هۆكاری سەركیی كە ستەمكاریی سیاسیی و نادادپەروەریی ئابووریی و كۆمەڵایەتییە، ئەو دوو هۆكارەی تاڕادەیەكی زۆر بەشێكی گەورەی شۆڕشەكانی كۆن و نوێ پێكدەهێنن، بەڵام بە وردبوونەوەی لەو بابەتە شرۆڤەكارییانەی شۆڕشناسەكان كە تاکوئێستا سەبارەت بە ریشەگەلی شۆڕشەكان پێشكەشیان كردووین، دەتوانین پێنج هۆكاری هەرە سەرەكیی بۆ روودانی شۆڕش بخەیەنە بەرچاو كە بریتین لە بوونی:

- گەشەكردنی وابەستە.
- حكومەتێكی سەركوتكار لە سایەی تاكێكی دەسەڵاتخوازدا.
- فەرهەنگی سیاسیی ناڕەزایەتییبەخش و بەرگرییخواز.
- داكشان و داچوونی ئابووریی.
- سوودوەرگرتن لە دەرفەتی كرانەوەی دەركیی سیستمی جیهانیی.

 تێهەڵكێشبوونی ئەم پێنج هۆكارە بۆتە هۆی روودانی گرنگترین شۆڕشە سەركەوتووەكانی دنیا، بەتایبەت لەو وڵاتانەی پێشتر بە جیهانی سێیەم ناودەبرا، وەك شۆڕشەكانی: مەكسیك (1910-1920)، چین (1911-1949)، كوبا (1953-1959)، ئێران (1977-1979)، هەروەها نیكەراگوا (1977-1979).

بەو پێیەی كە ئێمە شارەزاییەكی زیاترمان لە مێژووی ئێران و ئاگادارییەكی وردترمان سەبارەت بە شۆڕشی ئێران و سەرنگونی رژێمی شاهەنشاهیی پەهلەوی لە ساڵی 1979دا هەیە، هەروەها لە رووی جیۆگرافییەوە نزكترین ئەزموونە لە خۆمانەوە، وادەبینین بێسوود نابێت، كە هێندێك بە درێژیی سەبارەت بەو شۆڕشە و تێهەڵكێشبوونی ئەو پێنج هۆكارەی سەرەوە تێیدا قسان بكەین.

مەبەست لە گەشەكردنی وابەستە بریتیە لەو پەرەسەندنە خێراو كوتوپڕەی نێو سنوورە دیارییكراوەكان، كە كەمتر پشت بە گەشەكردنێكی نێوخۆیی قۆناغ بە قۆناغ و هەمەلایەنە دەبەستێت و زیاتر بەپاڵپشتیی و هاندان و قازانجی دەرەكیی و دەستەیەكی دیارییكراوی ناوخۆ بەڕێوەدەچێت و قەیرانی كۆمەڵایەتیی و ئابووریی وەك: هەڵتۆقینی دراو، زێدەبوونی نایەكسانیی، كەمبوونی خزمەتگوزارییە ژێرخانیەكانی وەك شوێنی نیشتەجێبوون و پەڕپوتی پەروەردەو تەندروستیی..هتد، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكان لە نێو چینە كۆمەڵایەتییەكانی وەك: چینی ناوەڕاستی شارەكان، كرێكاران، جووتیاران و  زەحمەتكێشانی شار و لادێ لێدەكەوێتەوەو گرژیی و دژوارییەكان پەرەدەسێنن.




سەبارەت بە ئێران، حكومەتی ئێران لە ساڵی 1949 بە مشۆرەت لەگەڵ دامودەزگا تایبەتكارە ئەمەریكییەكاندا وردەكارییەكانی هەوەڵ پلانی گەشەپێدانی ئابووریی دانا بۆ ماوەی حەفت ساڵان بە ئامانجی پەرەپێدانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و خزمەتگوزاریی تەندروستیی و فێركاریی، پلانەكە خەرجكردنی 21000 ملیۆن ریاڵی ئێرانیی لە خۆدەگرت "نێزیكەی 40 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی" كە حكومەت خوازیاربوو وەدەستی بهێنێت، وەك بەشێك لە داهاتەكانی نەوت و قەرزی بانكی نیشتیمانیی ئێرانی و بانكی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە، بەڵام پلانی ئابووریی نێوبراو بەهۆی كێشەی سەرمایەوە شكستیهێنا، بانكی نێودەوڵەتیش قەرزێكی سنوورداری پێشكەش بە ئێران كرد، هەروەها داهاتەكانی نەوت لە نێوان ساڵانی 1951 1954 بە تەواوەتی وەستا، پاش رووخاندنی حكومەتەكەی دكتۆر موسەدیق بە پلانی شا- ئەرتەش- سیاو ئێم ئای 6،و هەروەها كۆتاییهێنان بەكێشەی نەوت بە قازانجی نیوەیی لەنێوان ئێران و كۆمپانیاكانی كۆنسۆرسیۆم، و لێشاوی كۆمەكییە ماڵییەكانی ئەمەریكا بۆ ئێران هەنگاوەكانی گەشەكردن دەستیپێكردەوە، لە ساڵی 1955 پلانێكی تری پەرەپێدانی ئابووریی بۆ ماوەی حەفت ساڵان دەستی بە كارەكانی كرد دوای ئەوەی داهاتەكانی نەوت رووی لە باشیی كردو ئەمەریكاش بەڵێنیدا قەرزێكی زۆر ببەخشێت بە ئێران بەمەبەستی جێبەجێكردنی پلانەكە كە نێزیكەی خەرجكردنی 1071 ملیۆن دۆلاری لە خۆدەگرت.
 نەخشەكە پتر چڕ كرایەوە لەسەر فراوانكردنی بونیاتی ژێرخانی گواستنەوەو گەیاندن و پەرەپێدانی كشتوكاڵ، بەڵام بەرفراوانیی لە پێشكەشكردنی قەرزەكان بۆ كەرتی تایبەتو زیادەی خێرا لە خەرجكاریی حكومیدا بووە مایەى هەڵایسانی تەنگژەی ئابووری و كورتهێنانی تەرازووی پێدانەكان و بەرزبوونەوەى نرخ بەهۆی هەڵاوسانەوە، حكومەتیش ناچاربوو داوای بڕگەلێكی تری قەرز بكات لە وڵاتانی دەرەوە.
ئیدی ئەو لایەنانەى قەرزیان دابوو بە ئێران داوایانكرد بەرنامەگەلی جێگیریی ئابووریی جێبەجێ بكات كە كەمكردنەوەى خەرجیی لەسەر بەندەكانی پلانی پەرەپێدانیی ئابووریی لە خۆ دەگرت، لەگەڵ كەمكردنەوەى بەخشینی قەرزی بانكیی بە كەرتی تایبەت، لەگەڵ ئەمەشدا پلانی پەرەپێدانی ئابووریی دووەم هێندێك پێشكەوتنی بەخۆوە بینی، بە تایبەت لە بواری دامەزراندنی بەنداواندا
ئەو وڵاتە هەر لەسەرەتاى ساڵى (1963)وە بەرەو قۆناغێكى گرنگ و خەتەرناك هەنگاوى نا كە خۆى لەپیادەكردنى پرۆسەى پەرەپێدانێكى ئاڵۆز دەبینێتەوە كە تیایدا دەوڵەت رۆڵێكى گەورەو كاریگەرى لە گۆڕین و دیاریكردنى شێوازى پێكهاتەى كۆمەڵایەتیى كۆمەڵگەدا یارى كرد.
شایەنى باسە لەمڕووەوە پێویستە ئاماژە بەو راستیە بكرێت كە وێڕاى ئەوەى محەمەد رەزاشا لە زۆربەى چاوپێكەوتن و كۆڕو كۆبوونەوەو وتارەكانیدا ئەو قسەیەى چەند بارە دەكردەوە، كە پرۆسەى كاپیتالیزەكردن و مۆدێرنیزەكردنى كۆمەڵگەى ئێرانیى لەسەر بنچینەكانى شۆڕى سپى، ئێران بەرەو (تمدن / بزرگ شارستانییەتى مەزن) دەبات و  دەیكاتە پێنجەمین هێزى سیاسیی و ئابووریی لە جیهاندا. كەچى ئاكامەكانى هەوڵى چەند ساڵەى سەراپا ریفۆرم و شۆڕشە سپییەكە دروست پێچەوانەى بەڵێن و راگەیاندنەكانى شا كەوتنەوەو قەیرانێكى ئابووریی و كۆمەڵایەتیى مەزنیان بۆ ئێران هێنایە گۆڕێ، كە مەترسییدارترین دیاردەكانى:

- دابەزینى چاوەڕواننەكراوى بەرهەمى وەرزێریى.
- تێكچوون و وێران بوونى گوندە كشتوكاڵییەكان.
- هوروژمى جووتیارانى بێ زەوى لە گوندەكانەوە بۆ شارەكان.
- هەڵتۆقینى خێراى شارەكان و لاوازیى ئاستى گوزەرانى دانیشتوان.
- كەوتنەوەى گرانیی و برسێتیی و بێكاریى.
-  شڵەقاندنى چینە كۆمەڵایەتیەكان و بنیاتنانى ئابورییەكى لاوازى سەرمایەداریی لەسەر دارو پەردوى پەیوەندییە نیمچە دەرەبەگییەكان كە نەئەوەبوو پشت بە كشتوكاڵ ببەستێت و، نە بە ئابورییەكى پیشەسازیی تۆكمە، ئاكامێكى سەختى وا كە جگە لەهێنانە كایەى توێژێكى سەرمایەداریى مشەخۆرو وابەستە بە رژێم و، جگە لە پاراستنى بەرژەوەندییەكانى كۆمپانیا بازرگانییەكانى بێگانەو كارگە چەك بەرهەمهێنرەكانى وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا قازانجى بەرچاوى گەلانى ئێران و كۆمەڵانى خەڵكى زەحمەتكێشى وڵاتى تێدا بەدى نەدەكرا.



دابەشنەكردنى سامانى نیشتمانیی و داهاتى نەتەوەیى بەشێوەیەكى دادپەروەرانە لەنێوان هەرێمەكانى وڵات و چینو توێژەكانى كۆمەڵگەى ئێرانییدا، یەكێك بوو لەو هەڵە ئابوورییە سەرەكییانەى رژێمى شاهەنشاهیی كەبەرەو ئەو چارەنووسەیان برد،
لەئێرانى محەمەد رەزاشادا بەشی زۆرى هەرێمەكانى وڵات لەپرۆسەى سەرمایە گوزاریىو گەشەپێدان بێبەش بوون، لەم بارەیە تارانى پایتەخت بەشی شێرى پچڕیبوو، بەجۆرێك 8%ى دانیشتووانى وڵات، 1/3ى هەموو كارمەندانى دەوڵەتى، 60%ى كۆى خوێندكارانى ئێران، 50% كۆى نوژدارانى وڵاتى تیادا كۆبووەوە، بەشێكى زۆرى چین و توێژەكانى كۆمەڵگەو هەرێمەكانى دیكەو وڵات سوودێكى وایان لەو پرۆسانە نەدەدیت، دانیشتوانى ئێران لەگوندەكاندا ژیانێكى كولەمەرگیان بەسەر دەبرد، كە 90%ى گوندەكانى ئێران لەرووناكیى كارەبا بێبەش بوون. 2/3ى دانیشتووانى وڵات بێ دكتۆرو دەرمان بوون، تەنانەت لەخودى تارانى پایتەخت دا 42% خەڵكى شوێنى شیاویان بۆ ژیان نەبووو لەئاوو كارەباو باقى دیكەی پێویستییە خزمەتگوزارییەكان بێبەش بوون، گەندەڵیى ئیداریى، دزیى، بەرتیل خۆریى، هەژاریى، بڵاوبونەوەى سێكسفرۆشیى لە دیاردە بەربڵاوەكانى كۆمەڵگەى ئێرانیی بوو،
لە ئێرانى محەمەد رەزادا كە بەپێى قسەى خۆى بەرەو شارستانیەتى مەزن دەڕۆیشت، كار گەیشتبووە رادەیەك كەسانى واهەبوو لەبەر برسێتیى پاشەرۆكى ئەسپ و وڵاخیان دەقۆستەوە تابزانن داخۆ دەنكە جۆى ساغى تێداماوە!


سەبارەت بە هۆكاری دووەم كە بوونی حكومەتێكی سەركوتكارە لەسایەی تاكێكی دەسەڵاتخوازدا، ئەوەی هەمیشە شانەبەشانی گەشەكردنێكی وابەستە خۆی دەسەپێنێت و كاردەكات بۆ سەركوتكردنی هێزەكانی چینی خوارەوەو كەنارخستنی چینی ناوەڕاست و پێشگیریی لە بەشدارییكردنی بژاردە ئابوورییەكان دەكات لە كاروباری سیاسییدا. ئەم جۆرە حكومەتانە دەگونجێت لە سیستمە پاشایەتییە میراتگرییە ملهوڕەكان یان دیكتاتۆرییە سەربازییەكان یاخود ئەو فەرمانڕەوا چیڕەدرێژانەی كە لەرێگەی ئامرازەكانی سەركوتو ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنەوە ماوەیەكی زۆر كورسی دەسەڵات قۆرخ دەكەن. گەرچی ئەم حكومەتانە دەتوانن بۆماوەیەك نەزمو وەزعی مەمەلەكەت بۆماوەیەك زامنكەنو بەوتەی هیوی نویتن :" بتوانن شۆڕشگێڕان لەزیندانێ بكەن، بەڵام ناتوانن خودی شۆڕش بخەنە نێو زیندان"، چونكە ئەم سیستمانە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەكان پەرەپێدەدەن و تادێت چینو توێژە زیانلێكەوتووو ناڕازییەكان بەرفراوان دەبنو لەدەرفەتێك دەگەڕێن كە تێیدا پێكەوە دەسەڵاتی وەخت و حكومەتە ستەمكارەكەی بكەنە ئامانجو پێیدا بتەقنەوەو بۆ رووخاندنی قۆڵی لێهەڵبكەن.


ئاشكرایە كە رژێمی شاهەنشاهیی پەهلەویی رژێمێكى دیكتاتۆریی ناسیۆنالیستیى تۆتالیتێر بوو بەجۆرێك شوێنێكى بۆ ئازادییە سیاسییو دیموكراتییەكان لەئێراندا نەهێشتبووەوە، محەمەد رەزاشا لەدواى كودەتاى 19ى ئوتی 1952وە بەدرێژاییى 25 ساڵ بەچاولێكەریى باوكى وەك دیكتاتۆرێكى كەم وێنەو بەپشت بەستن بەسوپایەكى پەرداختو هێزە جاسوسیی و سەركوتكەرەكانى كورسى دەسەڵاتى بۆخۆى مسۆگەركردبوو، جگە لە خۆى كەس مافى دەستتێوەردانى كاروبارى (شهرەبانى، ژاندارمەرى، ساواك، ئەرتەشى) نەبوو، بەئارەزووى خۆی و بێ لێپرسینەوە دەستى لەتەواوى كاروبارەكانى سیاسەتى ناوەوەو دەرەوەى وڵات دەداو خۆى بەسێبەرى خودا دەزانى بێ ئه‌وه‌ی لەبەر دەم هیچ كەس و یاسایەكدا بەرپرسیاربێت.
 لەئێرانى شاهەنشاهیدا دەرفەتێك بۆ ژیانى پلوڕاڵیى سیاسیی و فرە حیزبییدا نەبوو، ئازادى هەڵبژاردن و چاپەمەنیى نەدەبوایە قسەى لێَبكرێت، ئەو یەك دوو حیزبە كارتۆنییەش كە بەناوى (مردم، ملیون، ایران نوین) دامەزرابوون زۆرى نەخایەند لەساڵى 1975دا شوێنیان بۆ سیستمى تاقەحیزبیى بەناوى (حیزب رستاخیز/ پارتى رابوون) چۆڵكرد، ئەو حیزبەى كە بەزۆر خەڵكیان ناچار دەكرد ببنە ئەندامى، هەربۆیە بەپێى نووسینى ساواك لەماوەى چەند مانگێكدا ژمارەى ئەندامەكانى گەیشتە (20) ملیۆن كەس، كەچى دواى راگەیاندنى هەڵوەشاندنەوەى ساڵى 1979 لەشەوو ڕۆژێكدا ئەندامێكى نەمایەوە.
لەئێرانى شاهنشاهیدا كەمترین نارەزایى بەتووندترین شێواز سەركوتدەكرا، زیندانەكانى قەسرى قاجار، قزڵ قەڵا، فەلەك لئەفلاك، برازجانو عادل ئاواى شیراز بەهێزە ئۆپۆزسیۆنەكانى وەك حیزبى تودەوجەبهەى میللیى، حیزبى دیموكراتى كوردستان، چریكە فیداییەكان،وموجاهدین وگروپە چەپ و ماركسیستەكان سیخناخبوون، بەپێی دانپیانانى خودی شا، لە ساڵى1970 دا، 3000 گیراوى سیاسیی هەبووە. لەكاتێكدا هێندێك سەرچاوەبە (50-100) هەزاریان قەبڵاندووە.
زیندانیى سیاسیی جگەلەوەى لەمافى پارێزەرگرتن و رەخنە گرتن لە حوكمەكەى بێ بەش بوو، خاوەنى چ مافێكى ئینسانیى نەبوو، بەنوێترین ئامێرو شێوازى شكەنجە ئازار دەدران. هەروەها لەنێوان ساڵانى 1972-1977دا زیاتر لە 400 كەس پاش دادگاییكردنێكى سەرپێى سەربازیى گوللەباران كراون، تیرۆركردنى كەسایەتییە ئازادیخوازەكانى دژ بەڕژێم لەناوەوەو دەرەوەى ئێران ئەركێكى سەرەكیى رێخراوى ساواك بوو، لەمڕووەوە لیژنەى نێودەوڵەتى مافپەروەران لە ژنێڤ لە راپۆرتێكیدا ساڵى 1976 بڵاویكردەوە "ژمارەیەك بەڵگە دەیسەلمێنن كەئێران شێوازى نابەجێى بۆ شكەنجەى لاشەیىو دەروونیى بەكاردێنێت." هەروەها رێكخراوى لێبوردنى نێو دەوڵەتیى ئاشكرایكرد، كە هیچ وڵاتێكى جیهان هێندەى ئێران پێشینەیەكى خراپى لەبوارى پێشێلكردنى مافى مرۆڤدا نییە. هەربۆیە ئاسایى دێتە بەرچاو كەدروشمەكانى(ئازادیى، دیموكراتیى و بەردانى گیراوە سیاسییەكان) لەپێشەوەى ئەودروشمانەدابوو كە بە درێژایى خۆپیشاندانەكانی ساڵى 1978 لەلایەن هەزار كەسەوە بەرزدەكرایەوە.


شایەنی باسە، بۆئەوەی شۆڕش رووبدات پێویستە ناڕەزایەتییەكان پەرەبسێنن و  لەچوارچێوەی هەڵمەتێكی یەكانگیر دژ بە رژێم دەربكەون.
بۆئەوەش دەبێت فەرهەنگی سیاسیی بەرهەڵستكاریی و بەرگرییخوازیی شكۆفە بكات و بێئومێدییو بێمتمانەیی لە دەسەڵاتی وەخت پەرەبسێنێت تاكو زیاترینی چینو توێژە ناڕازییەكان لەسایەی توڕەییو بێزارییان ئامادەیی هاوكاریی پێشانبدەن و لەسایەی دروشمی هاوبەشی وەك "ئازادی"و "سەربەخۆیی"و دادپەروەریی"دا دژی ستەمكاریی دەسەڵات بێنەمەیدان. بۆئەوەش سوود لە فەرهەنگی مللییو ئایدیۆلۆجیای وەك نەتەوایەتییو سۆشیالیستیی و ئاینیی و تەنانەت ئەفسانە میللییەكان ..هتد وەردەگیرێت،چونكە چەندە یەكانگیریی چین و توێژە ناڕەزایەتیەكان بەهێز بێت، ئەوەندەش ئەگەری روودانی شۆڕش و سەركەوتنی لەباردەبێت و بەپێچەوانەشەوە.



لە ڕاستییدا، تایبەتمەندیەكانی دیكتاتۆریی و سێكیولاریستیی و رۆژئاواگەرایی رژێمی پەهلەویی ناكۆكییەكی توندو گرژو دژواری سیاسیی و كۆمەڵایەتیی لەكۆمەڵگای ئێرانیدا هێنابووەئارا، زیندوكردنەوەى نەرێتى ئیمپراتۆریی و سەپاندنى كلتورى فارسیى بەسەر كلتورى ئیسلامیىو شیعەگەرێتیدا، گۆڕینى ساڵنامەى كۆچیی بە شاهەنشاهیی، سوكایەتییكردن بەپیاوانى ئاین و بەتوندیى سەركوتكردنى هەر ناڕەزایەتییەكیان، هاندان و بڵاوكردنەوەى لایەنە نێگەتیڤەكانی فەرهەنگى رۆژئاوا لەنێو كۆمەڵگەى ئێرانییدا وەك: هەڵوەشاندنەوەى بنەماكانى خێزان، بەدرەوشتیى، نۆشینى خواردنەوە كهولییەكان، بەكارهێنانى حەشیشەو ماددە سڕكەرەكان، هاندانى روتكردنەوەى ئافرەتانو ڕاكێشانیان بۆ كۆڕى بەزمو خۆشیى كاربەدەستانى رژێم، برەوپێدانى دانس و سەماى رۆژئاواو كردنەوەى باڕو شوێنى رابواردن و سێكسخانەكان، هاندانى بەرەڵایىو تێكشكاندنى رۆحیەتى لاوانو دوورخستنەوەیان لەهەموو رەوشتێكى بنیاتنەرانە، ئەوانەی لە ئاكامی شكستی ریفۆرمی كشتوكاڵیی لەلادێكانەوە روویان لەشارەكان كردبوو نەئەوەبوو بتوانن فەرهەنگی ساكاری لادێییانەیان بپارێزن، نە ئەوەشبوو بتوانن تێكەلأ بە فەرهەنگی رۆژئاواگەرایی شارەكان بن، ئەوەی تووشی نامۆییەكی سەختی كردبوون.


ئەوەی لەگەڵ فەرهەنگ و بەها كۆمەڵایەتییە مەزهەبیی و ساكارەكانى كۆمەڵگەى ئێرانییدا یەكیان نەدەگرتەوە، ئەوەش ئەوانەی لە سایەی دەزگاى ئاینیى زیاتر لەرژێمى شا دردۆنگ كردو بەتوندیى بۆ دژایەتیكردنى هێنانیە مەیدان. هێزە ناڕازییە ئێرانییەكانی وەك ئیسلامیی بونیادگەرا (لایەنگرانی خومەینی)، ئیسلامی رادیكاڵ (پەیڕەوانی عەلی شەریعەتی)، ئیسلامی لیبرالأ (جەماعەتی مەهدی بازرگان)، نەتەوەیی دیموكراتی(جەبهەی میلی)، ماركسیزمی كلاسیكی(حیزبی تودە)، ماركسیزمی رادیكالأ (چریكە فیدائییەكان)و هەروەها سۆسیالیزمی ئیسلامیی(موجاهدینی خەلق)، ئەوە جگە لە نەتەوە غەیرە فارسەكانی وەك كوردو ئازەر كە لە فارسگەرایی رەگەزپەرستانەی رژێم و پێشێلكردنی مافەكانیان هەراسان بوون.
 هەریەك لەم هێزانەو بەگوێرەی پێكهاتەی ئایدیۆلۆجیی ودنیابینی خۆیان لە رژێم سەنگەریان گرت و ئامادەبوون لەپێناو رووخاندنی رژێمداو لەسایەی دروشمەكانی "ئیستیقلال"و "ئازادیی" و عەدالەت" رووخاندنی رژێمی پەهلەویی بكەنە ئامانجی هاوبەش و ملیۆنەها ئێرانی بە چەپ و راست و لیبراڵەوە، بە كوردو ئازەری و عەرەب و فارسەوە، بە لاوو ژن و پیرو منداڵەوە بێننە سەر شەقامەكان و درێژە بە خۆپێشاندانەكان بدەن تاكو ژێرەوژووركردنی سیستمی شاهەنشاهیی دانەمركێنەوە.

دیارە لەقۆناغی یەكەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێراندا خومەینی وەك چەترێك توانی هەموو هێزە نەیارەكانی رژێم لەپشت خۆیەوە كۆبكاتەوە (خەتی ئیمام)، ئەو خومەینەی سەرزەنشتی شای بەوە دەكرد كە:"وڵاتی بە بێگانان فرۆشتووەو خەڵكی بێبەش و مەحرومی فەرامۆش كردووە".

دوو هۆكاری دوایی شۆڕش، واتە داكشان و داچوونی ئابووریی و هەروەها كرانەوەی دەرەكیی سیستمی جیهانیی دەتوانن لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكیی، دەوڵەتە سەركوتكارەكان لاوازترو هێزە شۆڕشگێڕەكان جەسوورتر بكەن.
بێگومان هەریەك لەو دوو هۆكارەش زۆر كاریگەرن بۆ خێراتركردنو زەمینەخۆشكردنی تەقینەوەی شۆڕش.

لە ئێراندا دوو دیاردەی سەرەكیی رۆڵیان لە داكشانی ئابوورییدا بینیی:
یەكەمیان گەندەڵیی دارایی.
دووەمیشیان دابەزینی لەناكاوی نرخی نەوت لەدوای ناوەڕاستی ساڵانی 1970كاندا.
 
 لێرەدا ناكرێت باس لەو دەستبڵاویی و پارە بەفیرۆدانەى شاهەنشاو خودى بنەماڵەى پەهلەویی و دەزگا بیرۆكراتییەكانى رژێم نەكرێت، كە بۆخۆى چەشنێك بوو لەتاڵانیى سەروەتو سامانى نیشتمانیى. وەك ئاشكرایە وێراى ئەوەى دەوڵەت بەفەرمیى بودجەى 40 ملیۆن دۆلارى بۆ خەرجى ساڵانەى شا بڕیبووەوە، كەچى ناوبراو بێ هیچ لێپرسینەوەیەك مافى دەرهێنان و خەرجكردنى سامانوپارەو پولى دەوڵەتى هەبوو، خودى شا راستەوخۆ چاودێرى دەرامەتى كۆمپانیاى نەوتى ئێرانى دەكرد، (دەزگاى خێرخوازیی پەهلەویی) كە بە رەواڵەت وەك دەزگایەكى خێرخوازیى سەیردەكرا، ئامانجى جگە لەكۆكردنەوەى پارەو پول بۆ بنەماڵەى پەهلەویی شتێكى دیكە نەبوو.

ئەو دەزگایە لە ئێراندا خاوەنى دەیەها بانك و كۆمپانیاو ناوچەى گەشتوگوزار بوو 32 ملیۆن دۆلار پارەى مۆڵى هەبوو. شایەنى باسە هێندێك سەرچاوە سامانى شەخسیى محەمەد رەزاشا یان لەدەرەوەى ئێراندا بە 30 ملیار فرەنك مەزەندەكردووە، كە بۆخۆى ژمارەیەكى خەیاڵیاییە. پسوڵەى پێداویستییەكانى دەربار لەكێشدا نەبوو، ئەو پارانەى كەلە بۆنەو یادە جیاوازەكاندا خەرج دەكران جێگاى باوەڕ ِنەبوون، بۆ نموونە لە ساڵى 1976دا، بەبۆنەى ئاهەنگى هاتنە سەركارى كورسى شاهێتیی و لەساڵى 1971دا بەیادى جەژنى 2500 ساڵەى شاهەنشاهێتى لە ئێراندا نزیكەى 300ملیۆن دۆلار خەرجكرا. هەروەها لاساییكردنەوەى دەوڵەتە سەرمایەدارە مەزنەكان، بە بەخشینى قەرزو بەشداركردن لەسەرمایەگوزاریى پرۆژەو كۆمپانیا مەزنە ناودارەكان، كەبەدواى دابەزینى نرخى نەوتدا قەیرانێكى دارایى گەورەیان بۆ ئێران دروستكرد وزۆر بەخراپیى لەسەر ئابوورییە فشەڵەكەى ئێران رەنگى دایەوە.
چونكە لەدواى نیوەى دووەمى ئەو دەیەیەدا، مەسەلەكە رەوتێكى ترى گرتەبەر كە پەنمینى ئابووریی، كەوتنەوەى بێكاریى، وەستاندنى پرۆسە سەرمایە گوزارییەكان و بڵاوبوونەوەى گرانیى، نالەبارترین دیاردە سەرەكییەكانى ئابووریى ئێران بوون.

لەراستیدا ریفۆرمى زەوى بەو شێوازەى لەئێراندا پیادەكرا گورزێكى گەورەى لەسامانى كشتوكاڵى وەشاندو بەسەدان هەزار جوتیار كە ریفۆرم نەیدەگرتنەوە بەرەو شارەكان كۆچیان كرد، بەم شێوە هەم گوندەكان هێزى كارى خۆیان لەدەستدا كە ئاكامەكەى بە وێرانبوونى پرۆسە سەرەكییەكانى ئاودێریىو دابەزینى بەرهەمى كشتوكاڵیى كۆتاییهات، هەم شارەكانیش تواناى لەخۆگرتنى ئەو ژمارە زۆرەى دانیشتوانى نەبوو كە رووى تێدەكرد، هەر بۆیە ئەو توێژەى كۆمەڵ لە دژوارترین هەلومەرجدا ژیانێكى كولەمەرگیان بەسەر دەبرد، ئەمەش واى لێكردن ئامادەبن لەپێناوى هەرگۆڕانێكدا بەگەرمیى بێنە مەیدانەوە.
 
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمەریكا، لەكۆتایی 1970كاندا تووشی ساردییەكی كتوپڕهات، بەتایبەت دواى هاتنەسەركارى حیزبى دیموكرات لەئەمەریكا بەڕابەریى (جیمى كارتەر) مەسەلەكە رەهەندێكى نوێى گرتەخۆ. كارتەر بەراشكاویى رایگەیاند كە وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا ئامادە نییە چەك بەو وڵاتانە بفرۆشێ كە رژێمەكانیان مافى مرۆڤ پیشێل دەكەنو ناوى ئێرانى لەپێشەوەى ئەوڵاتانەدا برد، ئەم ئاخاوتنەى كارتەر تیشكى سەوزى بۆنەیارانى رژێمى شاهەنشاهیی لەدەرەوە وناوەوەى ئێران هەڵكرد كە بۆ رووخاندنى ئەو رژێمە وەخۆكەون. بەمەش هەر پێنج هۆكارەكە تێهەڵكێش بوونو شۆرشیان لە ئێراندا كردە واقیع.

دیارە شۆڕشیش وەك هەر دیاردەیەكی دیكەی زیندووی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی، بەگۆڕانی ژیان و ئاستی شارستانییەتی مرۆڤایەتیی، دەكرێت گۆڕان بەسەر تایبەتمەندییەكانیدا بێتو شێوازو چۆنێتی روودانی لە قۆناغێكەوە بۆ ئەوی دیكەی جیاواز بێت، وێڕای ئەوەی هەمیشە هۆكارەكانی روودانی بە جۆرێك چەسپاویی دەمێننەوە. لێرەشدا دەكرێت ئاماژە بەو شۆڕشانە بدرێت كە زەمینەی هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیی سۆڤێتیان رەخساندو لەكۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەتەكاندا گۆڕانكارییەكی گەورەیان لە سیستمی جیهانیی بەگشتییو لە ئەوروپای رۆژهەڵات بەتایبەتیی هێنایەكایەوە، ئەوەی كە بەهێزیی یەكێتیی هێزە بەهەڵستكارەكان و زێدەبوونی ناكۆكییەكانی نێو دەسەڵات و بێلایەنی سوپاو هێزە چەكدارەكان و هۆشیاریی دیموكراتیی جەماوەر رۆڵی مەزنیان لە سەركەوتنیدا گێڕا.
ئەوەی بەسەركەوتنی بەرەی دیموكراتی لیبرالأ لەبەرامبەر سیستمە كۆمۆنیستە تۆتالیتارییەكان كۆتاییهات، و بیرمەندانێكی هێنایەسەر ئەو باوەڕەی كە "مێژوو كۆتاییهاتووە"و ئیدی سەردەمی شۆڕشەكان پێچرانەوە. لەڕاستییدا، گەشەكردنی هۆشیاریی دیموكراتیی و هێزە مەدەنییەكان وایكرد كە چیدی شۆڕشگێڕان لەپێناوی ئازادییو دادپەرەوەرییدا وێڵی گەڕان بەدوای وەشاندنی گورزی گورجكبڕ وتوندوتیژیی نەبن و بەدوای میكانیزمی ناتوندوتیژدا بگەڕێن بۆ بەدیهێنانی خەونەكانیان.
لەم نێوەشدا بیرمەندان كەوتنە پەی دۆزینەوەو داهێنانی تیۆرەكانی ناتوندوتیژیی لەپێناوی گۆڕانكاریی و گواستنەوە لە قۆناغی دیكتاتۆرییو ستەمكارییەوە بۆ دیموكراتیی و ئازادیی..
جێگای سەرنجە ساڵی پار رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش یەكێك لە گرنگترین و مەترسییدارترین قۆناغەكانی مێژوویی خۆی دەستپێكرد، قۆناغی رابوونی جەماوەریی و راماڵینی سیستمە دیكتاتۆرییە بنەماڵەییەكان و هەوڵدان بۆ ئاواكردنی سیستمێك كە كار بۆ هێنانەكایەی ئازادیی و دادپەرەوەریی بكات، ئەوەی ناوی شۆرشی لاوان و دواتر "بەهاری عەرەبیی" لێنرا.
شایەنی باسە، (د. عزت حجازی) لەساڵی 1985داو لەكتێبی (الشباب العربی ومشكلاتە) بە ئاشكرا پیشَبینی ئەم شۆڕشەكەی كردووە، هەروەها (جان فۆرن) یس كە تیۆرسینێكی شۆڕشەكانە 15 سالأ بەرلەئێستا وتویەتی "شۆڕش لەبەردەركەی میسردایە". ئێمە لە وتارێكماندا بەناونیشانی "گەلان خوازیارن كە سیستمی خۆیان ئاوا بكەن" كە لە 22ی فێبرایەری 2011دا لە یەكێك لە سایتە كوردییەكاندا بڵاومانكردۆتەوە نووسیومانە:


"ئاشكرایە ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەو وڵاتانەی دەیان ساڵە سیستمی ستەمكارو گەندەڵكارو دژ بە مافی مرۆڤی تێدا سەپێنراوە، وەك حەتمییەتی مێژوویی دیموكراتیزەبوون كەوتوونەتە بەر باهۆزو شەپۆلێكی گۆڕانكاریی گەورە، گۆڕانكارییەك، داینەمۆكەی نەوەیەكی نوێیەو خولیای بنیاتنانی سیستمێكی هاوچەرخی هەیە كە پایەكانی ئازدایی، دادپەرەوەریی و مافی مرۆڤە، ئەو نەوەیەی كە لە ئاكامی جیهانگیریی و تەكنەلۆژیای هاوچەرخدا چیدی وەك نەوەكانی پێشوو ئەسیری كەلتورێكی ملكەچیی و جەبرییەتی دەستبەرداربوونی مافە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانی نییەو لەسۆنگەی بارگاویی بوونی بە كەلتوریی جیهانی دیموكراسیی و ئازادەوە خرۆشاوەو كەوتۆتە خۆ لەپێناو وەرچەرخان و قەڵەمبازێكی مێژووییداو خوازیارە كۆتایی بە قۆناغێكی داڕزاو لە بوونی تەرزە سیستمێكی سیاسییو كۆمەڵایەتیی ستۆكو ئێكسپایەر بهێنێت كە بناغەكەی لەسەر زۆرداریی، جەردەسالاریی و چەواشەكاریی دامەزراوەو دەیەوێت سیتمێكی نوێو ئاوا بكات و پەردە لەسەر قۆناغێكی مێژوویی نوێ هەڵبداتەوە.
ئەوەی لەگوڕێدایە تەنیا راپەڕینێكی رەمەكیی و شۆڕشێكی خۆجێی سونەتیی داخراو نییە، بەڵكو وەرچەرخانێكی جیهانیی هاوچەرخەو فاكتەرەكانی قووڵاییەكی مێژووییان هەیە. ئەوەی دەستپێكردنی وەك هەر رووداوێكی تری مێژوویی لەئاكامی هۆكارێكی راستەوخۆ هاتەكایەوە كە خۆسووتاندنی (محەمەد بوعزیزی) تونسیی بوو وەك ناڕەزایەتییەك دژی ئەو زللەیەی لەلایەن (پۆلیس) ێكەوە لێیدرا، ئەو زللەیەی جیهانێكی گڕتێبەردا، نەك هەربووە هۆی راپەڕاندنی نەوەی نوێ و راونانی سەرۆكە دیكتاتۆرە پاوانخوازە ستەمكارەكەی تونس، بەڵكو بووە سەرەتای وەرچەرخانێكی مێژوویی لە ناوچەكە بەتایبەت و لە جیهانیش بەگشتیی. ئەو شەپۆلی وەرچەرخانەی بەخێرایی پەڕییەوە بۆ میسرو سەرۆكە سكرابە ملهوڕەكەی ئەوێشی راماڵیی و ئێستا رووی لە لیبیاو یەمەنو ئێران و بەحرەین و ئەرمینیاو چین كردووەو هاكە لەو وڵاتانەش سیستمە ستەمكارو جەردەسالارەكانی لە ریشەوە گۆڕییو سیمبولەكانی خیستنە زبڵدانی مێژووەوە."

سەبارەت بە رەوشی باشووری كوردستانیش كە لەدوای رووداوەكانی 17ی شوبات/فێبرایەری پارەوە رووبەڕووی دۆخێكی ناجێگیرتر بۆتەوەو دیالێكتێك خۆی سەپاندووە داخوا گەلی كوردیش لەم پارچەیەی كوردستاندا دەتوانێت پەی گەلانی عەرەب لەتونس و میسرو لیبیاو یەمەن و سوریا بكەوێت و "شۆڕش دژ بە ستەمكارانی بكات"، یان وەك هێندێك دەڵێن "كوردستان تونس و میسر نییەو كورد لەبەهاری ساڵی 1991دا بەراپەڕینەكەی قۆناغێك پێش بەهاری عەرەبیی كەوتووە"!! بێئەوەی درك بەوە بكەن كە شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبیی دژ بە ستەمكاریی خۆماڵییە نەك داگیركاریی دەرەكیی، هەروەها وڵاتێكی وەك چین بە یەك گوژمە شۆڕشی نەتەوایەتیی و كۆمەڵایەتیی خۆی تەیكرد. ئەمەش بۆخۆی مشتومڕێكە دەكرێت وردتر قسەی لەبارەوە بكرێت.
شایەنی باسە، لە زمانی كوردییدا، سەرەتا چەمكە عەرەبییەكان بۆ جووڵانەوە ناڕازاییە سیاسییەكان لەجیاتی چەمكی (شۆڕش) بەكارهاتووە، بە تێڕوانێك لە رۆژنامە كوردییەكانی نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم،چەمكەكانی وەك: "انقلاب گێران (تێگَەیشتنی راستی، ژ65،پ7 كانوونی دووەم 1919)، " اختلال، اختلالچی، هیجان" (بانگی كوردستان، 1922) بەكارهاتووە، رەنگەی چەمكی "انقلاب" وەك ئاكام و "اختلال" وەك هۆكار دروستترین زاراوە بن بۆ تەعبیركردن لە شۆڕش. لەڕاستییدا، نزیك بە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بوو كە چەمكی "شۆڕش" لەزمانی كوردییدا، لەسایەی كاریگەریی بیری چەپگەرایی مانا هاوچەرخەكەی خۆی وەرگرت، دەنا پێشتر هەر بەمانای هەژانو ئاژاوەو هەراوهوریای توندوتیژو خوێناویی هاتووە كە دوورنییە ریشەكەی هەمان "شوریدن" بێت كە لەزمانی فارسییدا هەیە. لەم بارەیەوە، مستەفا پاشا یامولكی لە ژمارە6ی بانگی كوردستاندا، لە 18 ئەیلولی 1922، شیعرێكی بڵاوكردۆتەوە كە دەڵێت:

دەترسم ئەی وەتــــەن بمـــــــرم نەبینم بەختــــــــــــیاری تۆ
هومـــــای پەهــــــــلەوی كـــــــەی بێ بەســـەر تۆدا بنیشێتۆ
هەموو قەومێ بەدەوڵەت بوون كەچی كوردان لەگەلأ یەكتر
خەریكی شــۆڕشــن یاڕەب وەكو گورگان لــــــەگەلأ یـــــەكتر

هەروەها مەلاحەسەنی شاهۆ لەساڵی 1927دا وتویەتی:

سەرچاوەی ئەم چەشمەی خوێنە لە چە لایە؟
چی بێ ئەبێ ئەم شۆڕشو غەوغایە، لە ئەقتار؟

بە سەرنجێكی مێژوویی لە رەوتی سەدەو نیوێكی گەشەكردنی سیاسییوكۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای كوردیی، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە كۆمەڵگای كوردیی نەك هەر گەشەكردنێكی پێكەوەپەیوەست و پلەبەپلەی تەی نەكردووە (evolution)، بەڵكو لەئاكامی چەندین هۆكاری جیۆپۆلۆتیكیو سیاسیی و كۆمەڵایەتیی بەدۆخێكی ئەوپەڕی ناسروشتییو ناجێگیرییدا تێپەڕیوەو فرە بە سستیی لەگەلأ چەرخی مێژوودا چۆتە پێش، ئەوەی كۆمەڵێك تایبەتمەندیی بۆ كورد وەك تاكو وەك كۆمەلأ هێناوەتەئارا، كە زادەی ئەو پەرەسەندنە ناسروشتییەن.
ئەوەش وایكردووە مێژووی گەلی كورد مێژوویەكی بەتالأ بێت لەو تەرزە شۆڕشانەی (Revolution) كە گەلانێكی وەك فەرەنسیی، یان ئەمریكیی یاخود وەك روسیی لەمێژووی خۆیاندا ئەنجامیان داون.
 ئەوەش بە شۆڕشی كوردستان ناودەبرێت كە لەڕاستییدا جووڵانەوەی چەكدارانەی كوردە دژی ستەمی دەوڵەتانی داگیركەر، هێندەی هەژانێكی كاتیی نابەرامبەرو كاردانەوەی خۆجێی رەمەكیی و شەڕوشۆڕ بووە (Revolt) هێندە بزاڤێكی جەماوەریی یەكانگیریی خاوەن پرنسیپ و بەرنامەی راستیینەی شۆڕشگێڕانە نەبووە. رەنگە ئەوەی كە شۆڕشەكانی كورد لەماوەی سەدەی بیستەمدا نزیكەی تەواویان خۆجێ بوون، بە نەمانی سەركردەكانیان بەزیون، هەمیشە لە ناكۆكیی و براكوژییدا چەقیون، بەڵگەیەك بێت بۆ ئەم بۆچوونەی ئێمە. هێشتا لەوەش روونتر، كە تەواوی تێكڕای ئەزموونە دەسەڵاتدارییە كوردییەكانی سەدەی بیستەم : حوكمڕانییەتی شێخ مەحموود لە باشووری كوردستان 1919-1924،كۆماری كوردستان لە مەهاباد 1946، حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئێستا 1992-؟ ، لەئاكامی خەباتێكی قۆناغ بەقۆناغی سەركەوتووەوە نەهاتۆتە ئاراو هەر هەموویان هەلومەرجێكی دەرەكیی زەمینەی هەڵتۆقینی بۆ رەخساندوون بێئەوەی بناغەیەكی پتەوو تۆكمەیان بۆ داڕێژرابێت. پایەی توێژی رووناكبیری كورد ئەوەندە لەرزۆك بووە ئەو توێژەی كزۆڵەی ناچاركردووە دەست بەداوێنی سەرەكخێلأو شێخەكانەوە بگرنو بەوەش مێنتەڵیتەی خێلأ بەهەموو نەرێنییەكانییەوە (ساكاریی، پەرتییو ناكۆكیی، توندوتیژیی، خۆبەكەمزانیی، شڕەخۆریی، هەڵاواردنی ژنان، خەساویی زهنیی، خۆسەنتەریی..هتد) بۆتە بەشێك لە سەرخانی شۆڕشەكانو وایكردووە لەكاتی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتیشدا نەتوانن وەرچەرخانی رادیكالأ لەكۆمەڵگادا بێننەئارا.

هەر بۆیە كاتێك بەراوردكاریی لەنێوان بەهاو دەستكەوتە بنیاتنەرەكانی مێژووی 150 ساڵی شۆڕشی چەكداریی كوردستان لەگەلأ وێرانكارایی و عەقڵكوژیی و  خوێنی بەناهەقڕژاوی سەدەها هەزار ئینسان دەكەین، بەرداوردكارییەكی فرە ناهاوسەنگ دەبێت بەجۆرێك دەتوانین بڵێن سفر هیچ بەدەستەوە!! ئەمەشە كە ئەنتۆنیۆ گرامشی ناوی لێناوە "سستە شۆڕش / passive revolution".

هەر بۆیە ئێمە، وێڕای ئەوەی كۆمەڵگای كوردیی بە كۆمەڵگایەكی ستەملێدراو دەزانین و بەردەوام رەخنەی ئەوەمان لە دەسەڵاتدارانی سوننەتیی كورد گرتووە كە نەیانتوانیوە پاش راپەڕینەكەی بەهاری 1991 لەباشووری كوردستاندا سیستمێكی دامەزراوەیی نیشتمانیی هاوچەرخ دابمەزرێنن و كار بۆ بەرقەراركردنی ئازادییەكان و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی بكەن و بەوەش ستەمكارییەكی خۆماڵییان هێناوەتەئارا.
دیارە هیچ شتێكش لەوە باشتر نییە كە خانوویەكی وێران لەبناغەوە تێكدەیت و سەرلەنوێ بە نوێترین مۆدێل و جوانترین دیزاینی وەخت دروستیبكەیتەوە، بەڵام ئایا ئەم مەسەلەیە بۆ كوردو لەم قۆناغەی ئێستایداو بە تەرزی خۆماڵیی(شەڕۆشۆڕ) كردەنییە؟!!
 ئێمە بڕوامان وایە كە گەلی كورد لە باشووری كوردستان لەم هەلومەرجەی ئێستایدا بە تەرزە كوردییەكەی شۆڕش (هەژان و شەڕۆشۆڕو سووتاندنی تەڕوشك پێكەوە) ناتوانێت بەئاكامێكی بنیاتنەرو ئایندەیەكی باشتر لەوەی هەیە بگات.
شایەنی باسە، پێدەچێت هەستكردن بەمە وایكردبێت ئێستا زۆربەی هێزە بەرهەڵستكارەكان، بە بەشێك لە هێزەكانی نێو دەسەڵاتیشەوە، خوازیاری ئەوەبن لەڕێگەی گرتنەبەری ئاكاری مەدەنیی و گەشەكردنی هێمنی ئەزموونەكەوە، هەڵە بونیادییە مەزنەكانی پێشووراستبكەنەوە، لەو بارەیەشەوە زیاتر چەمكەكانی "چاكسازیی"، گۆڕانی ریشەیی"، "چاكسازیی هەمەلایەنە"، "وەرچەرخانی گشتگیرو هێمنانە" هاتونەتەگۆڕێ.
 دیارە لەم رووەوە چەندە ئەركێكی گەورەی خەڵكی ناڕازیی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانە، پشت لە تەرزە كوردییەكەی شۆڕش بكەن و رێدۆزی ناتوندوتیژیی و مەدەنیی هاوچەرخ بۆ گۆڕانكاریی بێننەئارا، دە هێندەش زیاتر ئەركی سەرشانی حیزبە دەسەڵاتدارەكانە بۆ رێگرتن لە بە بنبەست گەیشتن هەنگاوی جیدیی بنێن، چونكە بێباكیی فاكتەرەكانی شۆڕش دەخولقێنێت و بەهێزتری دەكات و ئەو هەڕەشانەشی لە بەغداوە دەكرێن، بەتایبەت سەبارەت بەبڕینی 17%ی بودجە، داكشانی ئابووری لە كوردستان دێنێتەئارا، كە ئەگەر ئەوە رووبدات شۆڕش دەخاتە سەر راستەڕێ و گەر بە تەرزە كوردییەكەی بقەومێت گرێنتییەك بۆ نەسووتانی تەڕو وشك پێكەوە نامێنێت، بەتایبەت كە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكیی و سنگدەرپەڕاندنی مالیكیی و ئاڵۆزبوونی هەلومەرجەكەی عێراقی(هیواو ئاشتیی!!)و گرژبوونی پەیوەندیی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، زۆر چاوەڕواندەكرێت گرژییو ئاڵۆزیی بەهۆی گۆڕانكاریی هاوكێشە سیاسییەكانەوە بێتەئارا. ئەو راستییەش گرنگە لێرەدا بیخەینەبەرچاو كە چاكسازیی گشتگیرو هێمنانە لە باشووری كوردستان پێویستی بە رێبەرایەتییەكی سیاسیی مۆدێرن هەیەو بەدەسەڵاتدارانو مێنتەڵیتەی سوننەتی بەڕێوەناچێت. بەهاری عەرەبیش دەشێت هاندەرێكی دەرەكیی بێت بۆ گوڕانكاریی، بەڵام كورد گەر بە باشیی لە نەورۆزی كوردیی خۆی تێبگات و بەدێدێكی نوێتر تێیبڕوانێت، (واتە لەبری "چەكوشەكەی كاوە" گەشەپێدانی فەرهەنگی دیموكراتی و ئاكاری مەدەنیی بكاتە ئامراز، و لەبری لەناوبردنی "زوحاك"یش، چارەسەركردنی نەخۆشییەكەی و نەهێشتنی دوو ماری شانەكانی كە هێمان بۆ ستەمی سیاسیی و قۆرخكاریی ئابووریی  گەندەڵیی)، دەتوانێت لەسایەیدا نوێببێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە