هەڕەشە و مەترسیەكانى سەر هەرێم لەنێوان خوێندنەوەى دەسەڵات و راستیەكاندا

Sunday, 24/05/2009, 12:00

1720 بینراوە


دەسەڵاتى سیاسی (پارتى و یەكێتیی) بەتایبەتى لە وتەكانى مەلا بەختیار و فازل میرانیدا ئەوە دەرئەكەوێ كە جگە لە هەڕەشە دەرەكیەكان هیچ هەڕەشەو مەترسیەكى تر بۆ سەر هەرێم و ئەزموونەكەى لەئارادەنیە و بارودۆخى ناوخۆى هەرێمیش ئارامى و یەكسانى و ئازادى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى و سەروەرى یاسا باڵى بەسەر تەواوى مەملەكەتدا كێشاوە ؟ ئەوانەشى باسى نەبووى ئازادى و كوشتنى ژنان و تیرۆركردنى نوسەر و رۆژنامەنوسى وەكو د. عبدالستار تاهیر شەریف و سۆرانى مامە حەمە و عەلیە سوورى گەرمیان و رووداوەكەى ئەم دواییەى مەراسیمى بەخاك سپاردنى ئەنفالكراوەكانى گەرمیان و پەراوێزخستن و گواستنەوە و لابردن و دەركردنى بەرێوەبەر و فەرمانبەران لە پۆستەكانیان و دەركردنى كادرانى حزبى ئەكات چاویان بە ئەزموونەكەمان هەڵنایە و یەكێتیی ریزەكانى یەكێتیی و دوژمنى رێكەوتنى ستراتیجى پارتى و یەكێتیین ؟ هەروەها لەدرێژەى وتە نالۆژیكى و نامەنتیقیەكانیاندا بوونى لیستى جیا و سەربەخۆ بەتایبەتى بوونى لیستى گۆڕان بە مەترسی و هەڕەشە دادەنێن لە سەر یەكریزى و یەكگرتووى خەڵكى هەرێم ، كەلەڕاستیدا فاكتەرێكى بەهێزە بۆ پتەوكردنى ریزەكانى خەڵك وئاوێنەى ئامانجە باڵاكانیەتى !
هەڕەشە ومەترسیەكان و ئەزموونى هەرێم دووبابەتى جیاوازن ، بەڵام لێك دابڕاونین . هەڕەشە و مەترسیەكانى ئەمڕۆ كەدەسەڵات بۆسەر ئەزموونى هەرێم ئەیان بینێ و خوێندنەوەى تایبەتى بۆی هەیە ، بۆ مەرامى سیاسی گەورەیان ئەكات و وەك بابەتێكى پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژارن بەكارى ئەهێنێ ! مەترسی سەر ئەزموونى هەرێم ئەوەنیە كە دەسەڵات باسیان ئەكات و هەرجارەى لە پێناو مەبەستێكدا دووبارە و دەبارەى ئەكاتەوە كە گوایە هێزە دەرەكیەكان لە سەنگەردان و لە هەرچوارلاوە گەمارۆى هەرێمى كوردستانیاندا و بڕستیان لێ بڕیوە ؟ ناكرێ حساب و پێوانەیەك بۆ بوونى دەرودراوسێى هاو نەتەوە و هاونیشتمان داگیر كەر نەكرێ ، بەڵام نابینا گرتنى بارودۆخى ئەمڕۆ و پەیوەندى هەرێم و ناوەند و ئەو ڕەوشە نوێیەى كە ئێستا كۆمەڵگەى نێو دەوڵەتى پێكى هێناوە و تێگەیشتن و بۆچوونى نوێ سەبارەت بە پێویستى پراكتیزەكردنى كۆمەڵێ بەها و چەمكى وەكو ئاسایشى تاك و پارستنى مافەكانى مرۆڤ و دابین كردنى زەمینەیەكى وا كە رەوشى دیموكراسی و هەڵبژاردن و دەستاودەست كردنى ئاشتیانەى دەسەڵات و ئازادى رادەربڕین ...تاد ، لە ناوخۆ بۆپێشەوە بەرێ و سیستەم و فەرمانڕەوایەتیەكان لە زوڵم و زۆرى و تاكڕەوى دوور بكەونەوە . مەلا و فازل میرانى بەبێ ئەوەى شتێكى زۆر دەربارەى چەمكى ئاسایشى نەتەوەیی و سەرچاوە سەرەكیەكانى هەڕەشەو مەترسیەكان و گۆڕان لە سروشتى هەڕەشەو مەترسیەكان بەتایبەتى لەم دواییانەدا ، درك پێ بكەن و بە توێژینەوەو لێكۆڵینەوە سەرچاوەى مەترسیەكان دەستنیشان بكەن و بۆ خەڵكى روون بكەنەوە ، هەرلەخۆوە بۆ كەناڵەكان لێدوان ئەدەن و خەڵك بۆ سواڵە دەنگ چەواشە ئەكەن و قەوانە سواوەكەى چەندین ساڵ لەمەوبەر دووبارە ئەكەنەوەو ئەیانەوێ بەم كارانە ڕێ لەڕەوتى بۆپێشەوە چووى بارى سیاسی و كۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و گۆڕان و داهێنانى مۆدیل و سیستمەمێكى تازە لە بەڕێوەبردنى حوكمڕانى خەڵكى كوردستان بگرن !
بۆئەوەى هەڵەو خوێندەوەى نالۆژیكى دەسەڵاتە گەندەڵەكەى كوردستان لەمەڕ جۆرو سەرچاوەى هەڕشەو مەترسیەكان بزانین و چەواشەكاریەكانیان دەربخەین ، پێویستە كەمێك سەرنج لە پێناسە و ئاراستە مێژووییەكانى چەمكى ئاسایشى نەتەوەیی بدەین و ئەو گۆڕان و ئاڵوگۆڕانەش بخەینە ڕوو كە هەم لە دید و بۆ چوون سەبارەت بەو چەمكە لەلایەك و گۆڕان لە سروشى خودى سەرچاوەى هەڕەشەو مەترسیەكانیش لەلاكەى ترەوە هاتوونەتە دى !
*- فێرگەى كلاسیكى
چەمكى ئاسایشى نەتەوەیی وەك زۆرێك لەبابەت و چەمكەكانى تر گەلێ پێناسە و لێكدانەوەى جیاجیاى بۆ كراوە ، كە لەهەر قۆناغێكدا جۆرێ: لە ئاراستە و لێكدانەوەى تایبەتى بەخۆوە بینیوە و خەسڵەت و نیشانەكانى پێداویستى و رەنگدانەوەى پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكان و شانۆى سیاسی نێو دەوڵەتى لە خۆ گرتووە ، لە سەرەتاى دەركەوتنى ئەم چەمكە زیاتر لە چوارچێوەى پاراستنى قەوارەى جوگرافى دەوڵەت و بوونى هێزى سەربازى تۆكمەدا سوڕاوەتەوە، چونكە لەم قۆناغەدا تێگەیشتن و پێناسی چەمكى ئاسایشى نەتەوەیی پشتى بە فێرگەى كلاسیكى بەستوە كەپێی وایە ئاسایشى نەتەوەیی پەیوەندى تەنها بەلایەنى سەربازیەوە هەیە ، وەك كلاوس فیدسى ئەڵمانى كە شارەزاییەكى باشى لەبوارى سەربازى وسیاسەتدا هەبوە دەربارەى ئاسایشى نەتەوەیی وتویەتى " دابینكردنى ئاسایشى نەتەوەیی واتە بوونى هێزێكى سەربازى پتەو كە تواناى تێكشكاندنى هەر هێرشێكى دوژمنى هەبێ " . لەبەرئەوەى دەوڵەت كیانێكى یاسایی و سیاسی و فەرمى و تاكە بكەرى عەقڵانى بوە لە پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكاندا لەسەر بنچینەى پرنسیپى دەستێوەرنەدان و پیرۆزى سەروەرى و سەربەخۆیەكەدا مامەڵەى لەگەڵا كراوە واى كردوە كە دەوڵەت جێگەى بایەخ و گرنگى پێدان و ئاسایشەكەشى لەدەورى خزمەتكردن بەو تەوەرە چڕبكرێتەوە كە دەوڵەتە. بەدرێژاى زیاتر لە (3) سێ سەدە واتە لەساڵى (1648 تــــا 1960) ئاسایشى نەتەوەیی بریتى بوو لە پاراستنى قەوارەى جوگرافى دەوڵەت و پاراستنى سنوورەكانى لە هەڕەشەكانى دەرەوە !

*- فێرگەى نوێ
بەڵام لە ساڵانى شەستەكانى سەدەى بیستدا ، لەسەر دەستى " روبرت ماكنمارا " كە شارەزاییەكى زۆرى لە بوارى ئابورى و سیاسەتدا هەبوو وێڕاى ئەوەى كە وەزیرى بەرگرى بوولە سەردەمى كینیدى و جۆنسۆندا (1960 ــــــ 1968) خوێندنەوە و لێكدانەوە و گۆڕانێكى گەورە بەسەر چەمكى ئاسایشى نەتەوەییدا هات كە بە وەرچەرخان و قۆناغێكى تازە ئەژمار ئەكرێ بەبەراورد بە قۆناغی پێشتر ، ماكنمارا پێناسەى ئاسایشى نەتەوەیی ئەكات بەوەى بریتیە لە " گەشەپێدان " و وتویەتى ئەو دەوڵەتەى بەمانا فراوانەكەى گەشەپێدان ، كارى گەشەپێدان ئەنجام نەدات ئەوا ئاسایشى نەتەوەیی دابین نابێت و لە واقیعدا ناتوانێ بە ئاشتى وبەئارامى بمێنێتەوە ، بەلاى ماكنماراوە گەشەپێدانیش واتایەكى فراوان دەگرێتەوە و بوارى جۆراوجۆر لەخۆ ئەگرێ وەك بوارى سیاسی و كۆمەڵایەتى و ئابوورى و پەیوەندى و بارودۆخى ناوخۆیی ، نەك هەرتەنها بوارى سەربازى !
ئەمەش لێكدانەوە و شیكارێكى نوێیە بۆ چەمكى ئاسایشى نەتەوەیی و رزگاركردنى ئەو چەمكەیە لەو چوارچێوە تەسك و تەنگەبەرەى كە فێرگەى كلاسیكى بۆ ئەو چەمكەى دانابوو كە تەنها جەختى لەلایەنى هەڕەشەى سەربازى و بەهێزى سوپا ئەكردەوە بۆ دابین كردنى ئاسایشى نەتەوەیی ، لەگەڵ ئەوەى ماكنمارا تازەگەریەكى لە بۆچوون و تێڕوانیندا بۆ چەمكى ئاسایشى نەتەوەیی هێنایە ئاراوە بەڵام گۆڕانى ریشەیی تیا دروست نەكرد چونكە ئەویش تەوەر و ئامانجى سەرەكى پاراستنى خودى دەوڵەت بوو بەڵام بە شێواز و كاركرن لە بوارى جیاجیادا ! چونكە دەوڵەت یەكەیەكى بنچینەیی بوە بەدرێژاى سەدان ساڵ و كاریگەرى ئەم درێژبوونەوەیە لە رێكخستن و جۆرى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانیشدا رەنگى داوەتەوە و پێرۆزیەكى گەورەى پێ بەخشراوە و بەردەوام دەسەڵات لەكاتە هەستیارو قەیرانەكانیدا ، لە ململانێی و بۆ تێكشاندنى نەیار و ناحەزەكانی یەكێتیى و پیرۆزى قەوارەى دەوڵەتى بەكارهێناوە و زۆرجاریش ناحەزاكانى و ئەوانەى ڕووبەڕوى وەستاونەتەوە بە خەڵكى خیانەتكار و دژ بە نیشتمان و پیرۆزى دەوڵەت لەكەداركراون و توشى ئازارو چەرمەسەرى كراونەتەوە و تۆمەتى سەیروسەمەرەیان دراوەتە پاڵ

*- فێرگەى هاوچەرخ
دواى نەمانى جەنگى سارد و بەتایبەتى دواى روخانى دیوارى بەرلین لە كۆتایی ساڵى 1989دا و سەرهەڵدانى سیستەمێكى نوێی جیهانى رەوتى ڕوودا و كێشە و گۆڕانەكانى بەئاقارێكى تردا بردو ، كۆمەڵێ چەمك و تێ گەیشتن و لێكدانەوەى نوێ لە نێوكۆمەڵگەى نێو دەوڵەتى و ناوەندەكانى بڕیارى وەكو ئەنجوومەنى نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنى ئاسایشى نێو دەوڵەتیدا وەكو چارەسەرى تازە و ئەڵتەرناتیڤێك بۆ كێشەو قەیرانە نێو دەوڵەتى و ناوخۆییەكان هێنایە ئاراوە و رۆڵى ئەم ئەنجوومەنانەى بەرەو ئەكتیڤبوون و چالاكى جۆراوجۆرو كاریگەرى زۆرتر بردووە لە دنیادا ، لەنێوان ئەم چەمك و تێگەیشتن و بابەتانەدا (بەجیهانی بوون ، كێشەى مرۆیى و دەستێوەردانى مرۆیی ، ئاسایشى مرۆیی و چاكسازى سیاسی و گۆران لە سیستەمەكانى بەرێوەبردن و پاراستنى مافەكانى مرۆڤ وئەنجامدانى پرۆسەى دیموكراسی و رێدان بۆ دەستاودەست كردنى بەئاشتیانەى دەسەڵاتى سیاسی) وەكۆمەڵێ تێگەیشتنى تر كە بوونە یەكێ لە ئامرازەكانى كارى دیبلۆماسیەتى نوێ و لە رێكخستنەوەى سیستەم و پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكاندا پێگەى گرنگ و بایەخى زۆرى پێدراو بووە ئەجێندەى زۆربەى كۆڕو كۆبوونەوە نێودەوڵەتیەكان ، بەڵام ئەوەى زۆر جەختى لێكراوەتەوەو هاودەنگیەكى گەورەى بەدەستهێناوە بابەتى پاراستنى مافەكانى مرۆڤ و ئاسایشى تاك بوە نەك ئاسایشى دەوڵەت كەئەمە خاڵى وەرچەرخان و گۆڕانى گەورە و رووداوێكى مێژووى گەورەبوە كە وەك دەرئەنجامێكى سەرهەڵدانى سیستەمى نێی دنیا رەنگى دایەوە ، ساڵى 2004 یەكێتی ئەوروپا وەك پێشنیاری ستراتیژى ئەوروپی بۆ بەدیهێنانى ئاسایشى مرۆیی بەشێوەیەكى گشتى تێگەیشتنى خۆى لەبەرامبەر دابینكردنى ئاسایشى مرۆیدا خستە ڕوو كە ئاسایش و پاراستنى تاكى وەك یەكەیەكى بنچینەیی دانا بۆ ئاسایشى دەوڵەت ، بەپشت بەستن بەوەى كە لەگەڵ ئەوەى ئاسایشى دەوڵەتى بەگرنگ زانى بەڵام پێی وایە ئێستا دەوڵەت بەتەنها ناتوانێ ئاسایشى تاكەكان دابین بكات ، چونكە هەندێ جار دەوڵەت شەرعیەتى خۆى لەدەست ئەدات و ئەگۆڕێ بۆ سیستەمێك كە دژى تاكەكانى خۆى دەوەستێتەوە ، لێرەوە دەوڵەت خۆى وەك سەرچاوەیەكى هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانى هاوڵاتیانى دەردەكەوێ
زۆربەى توێژینەوەو لێكۆڵینەوەكانى تایبەت بە جۆرو سەرچاوەكانى هەرەِشەو مەترسیەكانى سەرئاسایشى نەتەوەیی و مرۆیی ، چاكسازى نێوخۆیى وەك " چاكسازى سیاسی و سیستەمى حوكمڕانى و بەرجەستەكردنى دیموكراسی و دابینكردنى هەلى یەكسان بۆ هاوڵاتیان و سەقامگیرى ئاشتى و بوونى ئارامى لە ناوخۆى دەوڵەتاندا " بەهۆكارێكى بنچینەیی دادەنێن بۆ رووبەڕووبونەوەى سەرچاوەى جۆراوجۆرەكانى ئەو هەڕەشەو مەترسیانەى كە ئێستا لە ئارادان ، هەرلە هەمان ڕوانگەوە " د.بترۆس بترۆس غالى " ئەمیندارى گشتى پێشووى نەتەوەیەكگرتوەكان لەساڵى 1993 دا لەو راپۆرتەى كە پێشكەشى ئەندامانى ئەنجوومەنى نەتەوە یەكگرتوەكانى كرد جەخت لە پەیوەندى و بەیەكەوە گرێدرانى بابەتى گەشەپێدان و ئارامى و ئاشتی ئەكاتەوە و ئەڵێ : (گەشەپێدان لەراستیدا بۆ هەر دەوڵەتێك پێویستە لە سەر بناغەى بەشداری پێكردنى خەڵك بێ ، كە لە سایەى سیستەمێكى دیموكراسی و بایەخدان بە رێزگرتنى مافەكانى مرۆڤ و پاراستنى ئاسایشیانەوە دێتەدى) . چونكە ئەگەر دیموكراسی و رێزگرتن لەئیرادە و مافەكانى مرۆڤ و ئاسایشى هاوڵاتیان لە بەرچاو نەگیرا، كۆمەڵگە لەناوخۆیدا دووچارى ململانێ و كێشەى ناوخۆیی و تەنگژەو قەیرانى جۆراو جۆراوى وا ئەبێتەوە كەلەئەنجامدا تەواوى سیستەم و دەوڵەتیش ئەخاتە بەر مەترسی لەناوچوون و لێك هەڵوەشاندنەوەوە ، بۆیە ئەم بۆچوونە بابەتى گەشەپێدانى هەمەلایەنە لە بوارە جیاجیاكاندا وەك مەرجێكى بابەتى دەخاتە روو بۆ نەهێشتنى سەرچاوەكانى ئەو هەڕەشەو مەترسیانەى كەلەوانە زۆرێك لە كۆمەڵگەكان بێتە رێگەیان بەتایبەتیش ئەو دەوڵەتانەى كەتائێستا زۆربەى هەڕەشەو مەترسیەكانیان رەگو ڕیشەى لەناوخۆى خۆیاندا سەرچاوەى گرتووە!
ئەگەر سەرنجێكى ورد لە رووداو كێشەكان و جەنگەكان بدەین لە دەیەى كۆتایی سەدەى بیست ، واتە لە ساڵى 1991 وە بۆ سەرەوە ، گۆڕان و ئاڵوگۆڕى زۆر بەسەر سروشتى ناكۆكیەكاندا هاتوە ، بەوەى زۆربەى زۆرى ناكۆكى و ململانێكان ناكۆكى و ململانێى ناوخۆیی بون كەلەنێوان كۆمەڵەكان و تاكەكاندا روویداوە لە ناوخۆى دەوڵەتدا ،نەك ناكۆكى و دووبەرەكى نێوان دەوڵەتان بوو بن ، بۆ پشتگیرى ئەم بۆچوونە دەكرێ ئامارێكى (10) دە ساڵى كۆتایی سەدەى بیست وەربگرین تازیاتر ئەم راستیە روون ببێتەوە ، لە ئەم دە ساڵەدا (61) شەست و یەك ناكۆكى و دووبەرەكى تۆماركراوە كە (58) پەنجاو هەشت ناكۆكیان ، ناكۆكى ناوخۆیی بوون ، واتە لە 95% ناكۆكیەكان ناوخۆیی بوون و 90% قوربانیەكانیشى هاوڵاتى لە ژن و مناڵ بون نەك سەرباز ! ئێستاش هەندێك لەو ناكۆكیە ناوخۆییانە درێژەیان هەیە و رۆژانە قوربانى زۆرى لێ ئەكەوێتەوە وەكو ئەو كێشە و ناكۆكیە ناوخۆییانەى دەوڵەتانى (سۆمال، سریلانكا ، سۆدان ، عێراق ، توركیا ، ئێران ، سوریا، ئەفغانستان ، بەنگلادیش ، پاكستان) كە سەرچاوەى هەرەشەو مەترسیەكانى سەرچاوەى ناوخۆیین و دەرئەنجامى ناكۆكیە ناوخۆییەكانن كە خۆى لە نەبوونى سیاسەتێكى راست و دروست و دابین نەكردنى ئازادى و بەشداری پێنەكردنى هاوڵاتیان و دواكەوتووى بارى كۆمەڵایەتى و پێش نەخستنى پیشەسازى و بازرگانى و هەندێ هۆكارى ترى مێژوویی ئەگەڕێتەوە كە رەگێكى قوڵ و ئاڵۆزیان بۆ ناكۆكیەكان هێناوەتە ئاراوە .
لەم چەرخەدا ئاسایشى مرۆیی كێشەیەكە سروشتێكى جیهانى وەرگرتوە و لاى هەمووكەس گرنگە لە هەرشوێنێكى ئەم دنیایەبێت ، چ هەژاربێت چ دەوڵەمەند چونكە سەرچاوەى هەڕەشەكان سروشتێكى تارادەیەك هاوبەشى هەیە بۆ هەموو كۆمەڵگەكان وەك (بەرزبوونەوەى رێژەى بێكارى ، بڵاوبوونەوەى بازرگانى مادە بێهۆشكەرەكان ، بڵاوبوونەوەى هەندێ نەخۆشە مەترسیدارى وەكو ئایدز ، پێشێلكارى لەمافەكانى مرۆڤدا ، هەژارى ، كاركردن بەمناڵان ، دیاردەى تیرۆر ، پیسبوونى ژینگە) كە بەشێكى زۆرى ئەم هەڕەشانە بەهۆى ئاسان بوون و خێرایی و هاتوچو تێكەڵاوى گەلان و بازرگانى كردنەوە بە خێرایى بڵاو ئەبنەوە و سنوورى نەتەوەى تێ ئەپەڕێنێ ؟ بۆیە زۆر ئەستەمە دەوڵەت لەم چەرخەدا بەتەنها بتوانێ ئاسایشى تاكەكانى دابین بكات بێ كۆمەك و هاوكارى دەوڵەتانى تر وەئەمەش هۆكارێكى كاریگەر ئەبێ بۆ هاوكارى و هەماهەنگى نێودەوڵەتى و لێك نزیك كردنەوەى زیاترى دەوڵەتان لەیەكترى بۆ دۆزینەوە و چارەسەركردنى ئەم دیاردە و كێشانەى كە ئاسایشى تاك ئەخەنە ژێر پرسیارەوەو ئارامى و سەلامەتى ئەخاتە مەترسیەوە .
بیرخستنەوە ودەرخستنى فێرگەكانى ئاسایشى نەتەوەیی و ئەو گۆڕان و ئاڵوگۆڕانەى كە بەدرێژایی مێژوو بە سەر ئەم چەمكەدا هاتوە ، لەگەڵ نیشاندانى هەندێ راوبۆچوون و ئامار و داتا كە تەنها وەك نموونەیەكى ساكار خستومەتە ڕوو بەڵگەى ئەوەن كە لەگەڵ گۆڕانەكان و ئاڵوگۆڕەكاندا گۆڕانى بنەڕەتى بەسەر شیكارو لێكدانەوە بۆ چەمكى ئاسایشى نەتەوەیی و سەرچاوەكانى هەڕەشەو مەترسیەكانیشدا هاتووە ، بەڵام خوێندنەوەى دەسەڵات بۆ سەرچاوەى هەڕەشە و مەترسیەكانى سەر ئەزموونەكەمان خوێندنەوەیەكى كلاسیكى و هەڵقوڵاوى بیركردنەوەیەكى تاكڕەوانەى دەسەلاتە و دەرئەنجامى هەمان عەقڵیەتى ئەو مۆدیلە سیاسیەیە كە ساڵانێكى زۆرە پرسە چارەنووسسازەكانى نەتەوەكەمانى تووشى قەیران و رووبەرووى كارەساتى گەورە كردۆتەوە.
دەسەڵاتى سیاسی كوردستان خۆى لە گرفت و كێشە كۆمەڵایەتى و سیاسی و جیاوازى گەورەى نێوان خەڵك و ئەو توێژە كەمایەتیە دەوڵەمەندە كە لەسایەى سیاسیە بازرگانەكانەى دەسەڵاتەوە دروست بوون لائەدات و سەرنجى خەڵك ئەگوازێتەوە بۆسەر بابەتێكى تر كە لەبنچینەدا سەرچاوەى هەرەشەومەترسی زۆر گەورەنین و ئەوەى كە ئەمڕۆ و لەم چەرخەدا زیاتر وەك سەرچاوەى هەڕەشە و مەترسیە بۆ سەر ئەزموون و دەستكەوت و قوربانیەكانمان كێشە و سیاسەتى نادروستى پڕ هەڵەى سیستەمى بەرێوەبردن و ئەو تێڕوانین و بۆچوونانەیە كە رۆژانە لە لەسەر زمانى كەسانى وەكو مەلا بەختیار و فازل میرانیەوە دەدرێ بەگوێ ى خەڵكى كوردستاندا .
مەلا و فازل میرانى دوو كەسایەتى لادەر و دارماون ، گل بوونەتەوە بۆناو زەلكاوى گەندەڵى وخیانەتكارى ،جگە لە دوو خزمەتكارى بەرقاپى بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى چى تر نین ! ئەمانە پیاوى ئەوە نەماون باس لە مەسەلە و پرسە چارەنووس سازەكانى میللەتەكەمان بكەن و رێ و شوێن و دید و بۆچوونیان بەسەر ئێمەدا بسەپێنن و چەواشەمان بكەن ، خوێندنەوى ئێمە ، دید و تێڕوانینمان بۆ ئێستا و بۆ ئایندەى گەلەكەمان ئەوەیەكە :
- پێویستە سیستەم و عەقڵى سیاسی سەر لەنوێ دابڕێژرێتەوەو شێوازێكى پێشكەوتووتر بۆ بەرێوەبردنى كاروبارەكان دابنرێت .
- پەرلەمانێكى نوێ كە بنكە و پێكهاتەى فراوانتر بێت و یاساكانى هۆكارێك بن بۆ پێشخستنى بارى كۆمەڵایەتى و چاودێرێكى وردى سەر كاروبارەكانى حكومەت بێ و تواناى لێپرسینەوەو لێپێچینەوەى تەواوى هەبێ و دوور بخرێتەوە لە دەست تێوەردان و دەسەڵاتى حزبەكان .
- بەسەروەركردنى یاسا ، دابین كردنى هەلى یەكسان بۆ هەمووان ، هێنانەدى رێژەیەكى باش لە عەدالەتى كۆمەڵایەتى و لاكردنەوەى جدى لە گەنجان و چارەسەر كردنى كێشەى ژنان و رزگاركردنى ئەو نیوە بێ َبەشەى كۆمەڵ لە سیستم و كلتوورى خێڵ و پیاوسالارى .
- چاوخشاندنەوەو ورد بوونەوە بۆ سەرجەم گرفت و كێشە و ململانێ ناوخۆییەكان و دوزینەوەى رێگە چارەسەرى وا كە ببێتە پێشخستنى سیاسى و پرۆسەى گەشەپێدانى هەمەلایەنە كە هەموو بوارەكانى كۆمەڵگە بگرێتەوە .
- بڕوابوونى قوڵ بەدیموكراسی و قبوڵ كردنى ئاشتیانەى دەستاودەست كردنى دەسەڵات و دوور كەوتنەوە لە كلتوور و مۆدیلە سیاسیە تەقلیدیە دواكەوتوەكان .
- پەنابردنە بەر چەمكى لێك بوردن ولێك بووران ، لەگەڵ گرتنە بەرى گفتوگۆ و دانوستان لەبرى پیادەكردنى كارى توندوتیژى و دەمارگیرى و توند رەوى لە چارەسەركردنى كێشە و ناكۆكى و ململانێكاندا .
- هێنانە ئاراى هاوسەنگى و لێك نزیكى نێوان دێهات و شارۆچكە و شارە گەورەكاندا تا دابەشبوونى هاو چوونیەك دروست ببێ و پیشە و كەرتە تایبەت و گشتیەكان وەك بنەمایەكى بوژانەوەى ئابوورى و پێشخستنى ئاستى گوزەرانى خەڵك بخرێنە گەڕ و كەمێ گیروگرفت و تێكرژانى شارەكان كەم بكرێتەوە و ژیانى ئاسایی بۆ دێهاتو شارەكانیش بگەڕێتەوە .
- بازاڕو بازرگانى ئازاد بكەن و سیاسیەكانتان لەكارى بازرگانى دوور بخەنەوە و بازرگانى و بازاڕ بدەنەوە بەخەڵك .
- ناوەندێكى بڕیار بۆ هەرێم هەبێ و تواناى داڕشتنى ستراتیژى سیاسی و دەستنیشان كردنى بەرژەوەندیە باڵاكان و ئاسایشى نەتەوەیی بدرێتە دەست .
- دەستوورێكى هەمیشەیی و گشتى بۆ هەرێم دابنرێ و لە رێگەى راپرسیەوە (ریفراندۆم) ەوە پەسەند بكرێ .
- شەفافیەت لەكارو بارە گشتى و داراییەكاندا پیادەبكرێ و حكومەت دوور بكەوێتەوە لە گرێبەستى نهێنى و گوماناوى لە پەیوەنیەكانیدا .
- متمانە بگەرێنرێتەوە لە پەیوەندى نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا ،چونكە دەسەڵاتى ئێستا جێی متمانەى گشتى خەڵك نیە و بۆشاییەكى گەورە لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتى كوردستاندا هەیە ... !
- بایەخ و گرنگى تەواو بە پاراستنى مافەكانى مرۆڤ و ئاسایشى تاك بدرێ و وابكرێ خەڵك هەست بەئارامى و دڵنیایی تەواو بكات و دڵنیابكرێتەوە لەوەى كە ژیان و كەرامەتى پارێزراوە.
- ئازادیە مەدەنیەكان ، لەگەڵ ئازادیە سیاسیەكان بە بێ لەبەرچاوگرتنى (رەگەز ، ئایین و مەزهەب، بیروڕاى سیاسی ، نەتەوە) بۆ سەرجەم گەلى كوردستان دابین و فەراهەم بكرێ ... .
ئەمانەن كە گوزەران و بارى گشتى هاوڵاتیان پێش ئەخەن و ئاستى هوشیارى خەڵك بەرز ئەكاتەوە و ئاشتى و ئارامى و سەقامگیرى سیاسى و كۆمەڵایەتى لێ ئەكەوێتەوە و یەكێتیی ریزەكانى گەل پتەو ئەكات و ئارامى و ئاسیایشیان دابین ئەكات و بڕواو متمانەى بە خاك و دەسەڵات و حكومەتەكەى زیاتر ئەبێت و ئاسایشى ناوخۆى دابین ئەكات ، دابین كردنى ئاسایشى ناوخۆش كۆڵەكەیەكى بەهێزى ئاسایشى نەتەوەیی پێك ئەهێنێت ، بەتایبەتى لە رۆژگارى ئەمڕۆدا دابین بوونى ئاسایشى ناوخۆ لەمپەرێكى گەورەو بەهێزە بۆ هەر هەرەشەومەترسیەك هەرچەند سەرچاوەكەوى گەورەو مەترسیداریش بێ !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە