فەرزاد مه‌شخه‌ڵی باوه‌ڕبوویت..

Thursday, 26/08/2010, 12:00

1504 بینراوە


سەردار قادر










تۆ لە ئامێزی ئیرادەدا

وەك ئەویندارێكی پڕ لە خۆزگە
خەونەكانت بە خەندەوە بەڕێ دەكرد
فەرزاد تۆ چ عەشقێكی جاویدان
ئەم مەودا بێ سنوورەی لە خەوی قوڵ پێ ڕاچەنیت
بەر لەوەی فەرهەنگی شیرین
خوێنی گەرمت پڕ كا لە ئاونگی پەمەیی
مناڵانی كوردستانو
كیژە ڕەنگ هەتویەكانی سنە
بە ڕووخسارێكی گەشەوە
لە حزور تریفەی چاوەكانتا
پۆل پۆل ڕامابوون
لەو ساتەوە تۆ سەفەرت كرد
بەرەو چێژوانی ڕچیو
ساتەكان پڕ بوون لە هەنسكە پایزە
فەرزاد مامۆستا گەروو پڕ لە هاوارەكەم
ئەویندارە شكۆدارەكەی وڵاتێك لە تریفە
سنەم دی سەراپا نوقمی وەرزێكی گەلێ كپ بوو
خامۆشتر لە شەوی پێش وادەی بەفرانبار
سنە وەك دارستانێك لە دوا گیانەڵای باڕەشێكی بەهێزدا قوڵ نوستبوو
سنە وەك خۆرێكی لێ بزر بووبێ
تاریك تاریك بۆ ئاسمانی مات دەیڕوانی
سەرتاپای باڵاى نوقمی سەدەیەك دەیجور بوو
سنەی چی فەرزادەكەم
وەك چەمی بەهار فرمێسكی دەڕشت
گەڵاى درەختەكان بێ شنە شن
لەودیو خۆرئاوابوونێكی خنكاودا تابلۆیەك لە ئێوارەیەكى كاڵ و ئاڵو بوو
كەناری ئاسمان لە زەمەنی ئەو خۆرنشینەدا
ئاوێتە بە تەنكە هەورێكی سوورباو
ئاسمانى چاو خوێن بە ناویا ڕائەبووری
كوت و مت دەچووەوە سەر پشكۆ
تارمایی بەسەر كەژوكۆدا
سەرانسەر بنارى تەنیبوو
پۆل پۆل مەلی پەڕاگەندە
خۆیان بە شاباڵى فڕیندا هەڵدەواسی
نە بەرەو هێلانە دەچوونو نە دەڤەرێكیان لەم نیشتمانە دەناسی
مامۆستا گیان _ دوور بێ لە گیانت
پێ دەچێ كاتژمێرەكان لەم وەرزى هەڵوەرینەدا
هەواڵى ناودارێكیان لەم هەوارەدا بیستبێ
یاخود بۆنی كۆتایی دونیایان لەم چركە ساتەدا كردبێ
دە دەركەوە ئەی چەپكە تیشكی ئاڵتونی
دە وەرەوە بۆ ئاسمانی ئەم نیشتمانە ڕووخسار ئاویە
نێرگزو گوڵە ئەرخەوان خەونت پێوە دەبینن
دە وەرەوە وەك جاران بە هێمنی
لە لێدانی هەر زەنگێك لە ماڵە خامۆشەكەتا
دایكت بە عەزرەتەوە ئەزنەك دەداو
كە پێی وایە تۆیتو وەك جاران لە قوتابخانەكەت دەگەڕێیتەوە
دە وەرەوە با شەوە زەنگ لێدانی چركە زیویەكان و
ساتە ڕەنگاڵەییەكان بێ هیواتر نەكەن
دە وەرەوە دەرگای دڵمان لەسەر پشتە
بۆ هاتنەوەی كاروانێك لە ئەندێشەكانی ئێوە
دەوەرەوە شەقام پڕ لە ترپەی دڵەكانەو
بزەی لێویان لێ تۆراوە
دە وەرەوە فەرزادەكەم
كەمێك باسی سپێدەكانی ئەڤینو ئازادیمان بۆ بكە
باسی فرمێسكی مانگە شەوی ئەم هەوارەمان بۆ بكە
باسى زمانە شیرینەكەى كوردمان بۆكە
باسی دەغڵو دانو شینایی باسی لە خاچ دانو
وەرزی قۆچو قوربانی
دەوەرەوە فەرزادەكەم
ئەم ئێستا وڵات بێ تۆ دەگرى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە