بۆرژوواكانى كوردستان لەپێناو چیدا سەرقاڵن؟

Friday, 20/08/2010, 12:00

1292 بینراوە





لەنیشتیمانێكى وەهادا كەبەردەوام گەندەڵى ژێر خانى ئابوورى هەڵتەكاندووە, هاوكات لەرەوشێكى وەك ئەمڕۆشدا كەسەراپاى ژیان پڕبووە لەهەژارى و نەخۆشى بەمەش چینێكى هەرە زۆرینە بۆ بژێوى ژیانیان لەحاڵەتى بژى و مەمرەدا دەژین, كەچى بەپێچەوانەوە لەم هەرێمەدا تەنها دەستەو تاقمێكى دیاریكراو ئەم بارودۆخەیان قۆرخ كردووە بۆ خۆیان و بەشێوەیەكى جیاوازتر لەسەر ئاستى هەرە بەرزی ژیاندا تەراتێن دەكەن.
لەم نیشتمانەدا, كە دەتوانین ئەمانە وەك بۆرژووایەكی مام ناوەند ناویان لێ بنرێت, تا دەگەنە پلەى سەرمایەدارى بەردەوام لەهەوڵ و تەقەلادان كە دەست بەسەر ئەم وڵاتەدا بگرن.
ئاشكرایە ئەم مشە خۆرانە یاخود ئەم چاوچنۆكانە هەر لەسەرەتاى ڕاپەرینەوە بەو پەرى بێویژدانیەوە دەمیان خستۆتە خوێنى ئەم میللتە بەش خوراوەو ستەم دیدەیەوە , ئەمانە بەشێوەیەكى لاسارانەو نایاساییانە دوور لەهەموو یاساو ڕێسایەك كەوتونەتە هەڕاجكردنى سەروەت وسامانى ئەم نیشتیمانە ,چ بەدزین, راوروت, ئاودیوكردن, گەندەڵى, بەرتیل, قاچاخ, كە ئەمانە لە ئەنجامدا بوونەتە هۆی فەسادى ئیداری, ئەمەو جگە لەوەش سڕینەوەى هەستى نەتەوایەتى لەهەر تاكێكدا ,كەچى تائێستاش بەردەوام لەم ڕەوشەدا بێشەرمانە سەرقاڵنو بێئەوەى هەست بە هیچ بەرپرسیاریەتیەك بكەن بەردەوام سنوورى بازرگانى و كۆمپانیاكانیان بەرفراوانتر دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەكى قاچاخو نایاسایی هەناردەكردنى سامانە سروشتیەكانى وەك(نەفتە, نەوتى ڕەش و...هتد) لەلایەن ئەم دەست و تاقمەوە مامەڵەى پێوە دەكەن، كە ئاشكرایە بەشێوەیەكى ناڕەسمى ڕۆژانە بەهەزاران تەنكەر ئاودیوى مەرزەكانى سەر سنووری وەك باشماخو پەروێزخان دەبن، تەنانەت خودى كۆمپانیاى نۆكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ناردنە دەرەوەى ئەم سوتەمەنیانە بە رەزامەندى و ئەمرى دەسەڵاتى هەرێم و بەغدایە. ئێستا ڕێگاكانى كوردستان بە شەو و بە ڕۆژ بووە بەڕێگا ڕەشەكانى ئەم دەستەو تاقمە ئەم مەسەلەیە هێندە گەورەبووە كە ڕەنگە ترسناكترین ئاسایشى نەتەوەیمان لە ئانو ساتا بۆ دروست بكات ئەمە جگە لەكۆمەڵانى خەڵك و ئۆپەزسیۆنە بەرهەڵستكارەكان ڕقیان لێ دەبارێ و بەتەواوى پڕبوون لەبێزارىو كەڵەكەبوونى ئەو غەدرو نا دادپەروەریانە كەدەرهەق بەم گەلە دەیكەن كەدوورنیە ئەوانە ببنە ئامڕازێك بۆ تەقینەوەیان.
ئەمانە لەكاتێكدا ئەوە دەكەن سەراپا نیشتمان بۆ خۆى بەدەست سیستەمێكی بۆگەنو نەخۆشەوە لە ئاست كەم تەرخەمیەكانیدا دەنالێنێ ,چ لەڕووى خزمەزت گوزاریەوە وەك كارەبا, ئاو, ئاوەرۆ, جادەو , قوتابخانە,....هتد. سەرجەم پێداویستیەكانى ژیانیان پەراوێز خستووە، لەسایەى ئەمانەدا تاكى ئەم نیشتیمانە خوازیارە بەڕەخساندنى هەلى كارو خوێندكارانى خاوەن بڕوانامەش خوازیاری دامەزراندنن چینە هەژارەكانی تریش چاوەڕوانی كەرەمی خوا، ئەم نادادوەری یەو نایەكسانی یە بە ڕوونی لە ڕووخساری ئەم نیشتمانەدا دەردەكەوێت، وە كاریگەری گەورەشی لەسەر داناوە، ڕۆژانە بە گشتی ژیان لە سێ پارێزگادا بەم شێوەیە دەگوزەرێت كە بە مەرجێ حكومەت دەیتوانی بە داهاتی لە (17%)كە ئەم سێ پارێزگایە بكاتە پێشەنگی هەموو شارەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵام بە پێچەوانەوە سێ پارێزگای وێرانەو داڕووخاو سێ پارێزگای ڕووخسار ناشرین ئەمەو جگە لە ڕووخساری دزێوی قەزاو ناحیەكانی ئەم نیشتمانەو چۆڵ كردنی گوندەكان بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری یەوە، كەواتە سەروەتو سامانی ئەم وڵاتە كێن ئەوانەی كە حەپەلوشیان كردووە، باشە ئەگەر هەناردە كردنی نەوت ڕەسمی یە كوا داهاتەكەی؟ یاخود بۆ ڕوون ناكرێتەوە بۆ كۆمەڵانی خەڵكو پەرلەمان، ئەگەر لەو داهاتە دامو دەزگایەك یاخود پرۆژەیەك بە بەرهەم هێنرابێت بۆ بەرژەوەندی ئەم نیشتمانە كوا بەڵگەنامەكانی، لە وەڵامدا جگە لە كۆمەڵێك درۆ هەڵبەستنو سازشكردنی بێ مانا بۆ چەواشەكردنی خەڵكی هیچی تر نیە، هەل پەرستو بەرژەوەندی خوازان زۆر بە بێباكی داهاتی ئەو سامانە سروشتیە دەخەنە گیرفانیان چونكە نە لە وەزارەتی دارایی نە لە خەزێنەی حكومەتدا ئەو پارانە بوونیان نیەو لەو بارەیەوە وەزارەتەكانی وەك دارایی بێ ئاگایی خۆیان ڕاگەیاندووە، بە ڕاستی سەیرو سەمەرەیە یاخود گاڵتە جاڕی یە، سیحرو نهێنی ئەم ڕەوشە نالەبارە كە ئەم دەستو تاقمەیە خولقاندویانە، گرنگ ئەوەیە ئەمانە دەناسرێن لە لایەن گەلەوە كە ئامانجیان چیە لەم هەموو تاڵانو بڕۆییەدا، بەڵام ئەوەی جێگەی باسە داخۆ ئەمانە كێ پشتیوانیان دەكات لەگەڵ كێدا گرێبەستیان كردووە بۆ چەند ساڵێك وەك كۆمپانیەكانی كەنەدیو نەرویجیو هەریەك لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئایا تاكەی ئەمانە بەم چەشنە یاخی دەبن ئەمانە پرسیار گەلێكن تا ئێستا بێ وەڵامن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە