سەنگەر گواستنەوە و ترس لەبەرژەوەندى(كام لیست گرەوەكەدەباتەوە لەبنبڕكردنى گەندەڵى و دروستكردنى بەهەشتدا)

Monday, 11/05/2009, 12:00

1883 بینراوە


كاتێك یەكێتیەكانى ناویەكێتى بونە چەند باڵێكەوە و لەهەڵبژاردنى مەڵبەند و كۆمیەتەكاندا بەڕوى یەكتردا تەقینەوە دور لەگەمەیەكى دیموكراسى و لەپێناوى بەرژەوندى خۆیاندا هەریەكەیان لەشێوەى دەستەو گروپ و تاك دا باوەشیان كرد بەیەكێك لە هەرسێ باڵەكەى ناویەكێتیدا , ئاماژەیەكى ترسناكى بەئایندەى یەكێتى نیشتمانى داو زیاتر ئەگەرى پارچەپارچەبونى یەكێتى ڕاگەیاند و وازهێنانى هەر چوار ئەندام (م . س) یەكێتى و دروستكردنى لیستێك بۆهەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان بەناوى (لیستى گۆڕان) بەسەر پەرشتى (نەوشیراون موستەفا) و پشتگیركردنى لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێكى لیستى سەوزو چەند كەسێكى ترى قیادى ئەو حیزبە لە گردەكە و بڕیارى خۆهەڵبژاردنەوەى (تاڵەبانى) بۆسكرتێرى گشتى یەكێتى و ئەو شەڕە ڕاگەیاندكارەى هەردو جەمسەرەكە بەو خێرایەو هەڵدانەوەى هەندێك لە پەڕە ڕەشەكانى سەركردەكانى باڵە ناكۆكەكان و دورخستنەوەى لایەنگرانى گردەكە لەهەندێك ناوچەدا لەپۆستە حیزبى و ئیداریەكان و پێداگرى گروپى ڕاگەیاندنى كۆمپانیاى ووشە لەسەر ڕوماڵكردنى كەمتەرخەمى و گەندەڵى هاوڕیكانى دوێنێیان و بڕیارى دەركردنى (نەوشیروان) لەكۆنگرەى داهاتوى یەكێتیدا لە یەكێتى , تۆمەتباركردنى سەرانى گردەكە لەلایەن یەكێتیەوە بە پەنابردن بۆدوژمونەكانى دوێنیى یەكێتى بۆلاوازكردنى یەكێتى و گۆڕینەوەى چەندین تۆمەتى تر بەرامبەر بەیەك , هیچ گومانێكى بۆ دوكەرت بونى یەكێتى نەهێشتەوە و ئەگەرچى هێشتا لایەنگرانى نەوشیراون وازهێنانى خۆیان لەو حیزبەدا ڕانەگایەندوە .
هەڵبژاردن هێشتا ماویەتى و كەس نازانێت لەو (سەد)كورسەیەى پەرلەمان ماوەتەوە چەندى لەدەستى ( پارتى و یەكێـتى) دەردەكرێت چۆن بەسەر لیستەجیاوازە كانى تردا دابەش دەكرێت ؟ كەچى سەنگەر گواستنەوە لەنێوان لایەنگرانى (گردەكەو قەلاچۆلان) دا بەشێوەیك پەرەى سەندوە كە ئەو گۆِرانكاریانەى كە هەمو لیستەكان بەلیستى هاوپەیمانیشەوە بانگەشەى بۆدەكەن تەنها لە چیرۆكێكى بێى كارەكتەر دەچێت و ئەو جۆرە سەنگەر گواستنەوەى كە لەپێناو بەرژەوەندى تایبەتدا ئێستا بەرجەستەبوە , بەم خولەى ترى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان هیچ ئاسۆیەك بۆ گۆِران وەدەرناخات ؟ چونكە بەرپرسانى (گردەكە) بەناوى گۆڕانەوە , كار بۆوەرگرتنى دەسەڵاتێ دەكەنەوە كە لە دەستیان دەرچوە و بەرپرسانى (قەلاچۆلان) یش بۆمانەوەیان لەسەر كورسیە ئاڵتونیەكانیان بانگەشەى بنبڕكردنى گەندەڵى دەكەن كە پێشتر خۆیان خولقاندویانە , كەواتە دروشمەكان وەهمی و چەواشەكاریە ؟ چونكە ئەگەر سیاسەتكردن وەك پێناسە باوەكەى خۆى ( هێنانى بەختەوەربێت لەئاسمانەوە بۆسەرزەوى مرۆڤەكان) ئەوا لەكوردستاندا سیاسەتكردن (چەواشەكاریى و وەرگرتنى كورسى دەسەڵاتە بۆ بەتاڵكردنەوەى هەمو گیرفانەكان) .
ئەوكەسانەى كەتادوێنێ سەربەباڵى تاڵەبانى بون و نەیان توانى كورسیەك بۆخویان داگیربكەن وەك ئەو هەمو كورسیەى تر كەداگیركراوە لەلایەن هاوڕێكانیانەوە و ئێستا تەنها لەبەر ئەوەى دڵیان ڕەنجاوەو سەنگەریان گواستوەتەوە و باسى ڕیفۆرم دەكەن و ڕٍیكلام بۆلیستى گۆڕان دەكەن, ئایا تاچەند موسداقیەتى كارەكتەرێكى حیزبى ڕیفۆرم خواز بەو كەسە دەبەخشێت لاى گروپەكەى نەوشیروان موستەفا ؟
یان ئەو كەسانەى كە سەربەباڵى نەوشیروان موستەفا بون ئێستا سەرقاڵى سەنگەر گواستنەوەن بۆ لاى گروپەكەى تاڵەبانى تەنها لەبەر ئەوەى لەسەركورسیەكانیان نەیانهێننەخوارەو لەپێناو بەرژەوەندیا دەبنەوەبە دژى هاوڕێ ڕیفۆرم خوازەكانیان , ئایا تاچەند دەبنە جێگاى متمانەى باڵى تاڵەبانى كە لەكاتێكدا ئەو كارەكتەرانە تەنها بەرژەوەندى بە یەكێتیان دەبەستیتەوە ؟
سەنگەر گواستنەوە لە هەردوو باڵەكەوە لەئێستادا ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە وەك چۆن بەهۆى شەڕى ناوخۆ و دەیان هەڵەى ترى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابورى سەركردایەتى سیاسى كوردەوە , گیانى نەتەوە پارێزى و ڕۆحیەتى شۆڕشگیرى تاڕادەیكى بەرچاو لاوازكردبو لاى كۆمەڵگاى كوردى , بەهەمان شیوەش ئەم جۆرە یارى كردنەى ئەو كەسە بەرژەوەندیخوازانە , پێمان دەڵێت هیچ شتێك بەناوى (مەبدەئـەوە) بونى نیەو ئەوەى دەكرێت تەنها گەمەیە كە بۆمانەوە و پارێزگاریكردن لەوەى كەبەدەست هاتەوە و هەوڵدان بۆئەوەى شتەى ناوى كورسى و سامانە كە نیمانە و دەمانەوێت وەدەستى بخەین.
لیستى گۆڕان لەدواى 18 ساڵ لە ئەزمونى حكوم ڕانى پارتى و یەكێتى یەوە لەگۆڕەپانەكەدا خۆى ئامادەكردوە بۆ ململانى لەسەر كورسیە كانى پەرلەمان و خەڵكیش لەدواى سێ ئەزمونى هەڵبژاردن , بەنیازە بەشدارى بكاتەوە لە هەڵبژاردنى نوێنەرەكانیان بۆپەرلەمان , ئایا خەڵكى كوردستان بەگشتى دەنگ بەبەرنامەو پرۆژەى لیسەتەكان ئەدەن یان هێشتا عاتیفە بەسەریاندا زاڵەو مەستن بە تواناى ئەو كاریزماحیزبیانەى كە ڕەهەندەى سیاسى و پێشمەرگایەتیان بۆى دروستكردون ؟
لەئەگەرى هوشیارى جەماوەری و دەنگ دانى خەڵكى كوردستان بە بەرنامەوە پرۆژەكان , ئایا كام لەپرۆژەى لیستەكان جیاوازترە و شەنسى بردنەوەو وە دەستهێنانى دەنگى زیاترى هەیە ؟ لەكاتێكدا كۆى بەرنامەو پرۆژەى لیستەكان قسەلەسەرلەسەر بنبڕِكردنى گەندەڵى و دروستكردنى بەهەشت دەكات بۆخەڵكى ؟
هەڵبژاردنى ئایندەى پەرلەمان ئەوە ڕوندەكاتەوە كە ئایا لیستى هاوپەیمانى كوردستان ئەو بەهەشتە دەخولقێنێت , یان لیستەكانى تر كاسەى هەمومان پڕدەكات .
تێبینى : ئەم وتارە لە ژمارە (523) ى ڕۆژنامەى (هاوڵاتى) بڵاو كراوەتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە