لەکوردستان بەڵێن و کردار پێچەوانەیە

Saturday, 18/06/2011, 12:00

1924 بینراوە


دوای ئەوەی یانەی زاخۆ توانی بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی هەرێمی کوردستان بۆ تۆپی پێ بەدەستبهێنیت و لەیاری کۆتاییدا لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەرێتەوە بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ، بۆ ئەم مەبەستە (نێچیرەڤان بارزانی) جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا یاریگایەکی نێودەوڵەتی بکاتە دیاری بۆ یانەی زاخۆ، سەرچاوەی هەواڵ بڕوانە (ئاژانسی هەواڵ و بەدواداچوونی کوردستان پەیامنێر ڕۆژی ٢٤/٥/٢٠١١.
کێ هەیە شادوومان نەبێت بەوەی کە هەموو شار و شارۆچکەیەکی کوردستان یاریگایەکی نێودەوڵەتی تێدا دروست نەکرێت، ئەڵبەت ئەمە نەک خەوخولیای تەنها وەرزشکارانە، بەڵکو ئاواتی هەر ئینسانێکە کە خوازیاری ئایندەیەکی جوان و گەشی کۆمەڵگای کوردستانە، یاریگا بەپێوەرە نێودەوڵەتیەکان یەکێکە لە سیما پێشکەوتوو شارستانیەکانی کۆمەڵگای مۆدێرنی ئێستا، لەمبارەوە چەندین وڵاتی گەورەی جیهان لە پێشبڕکێدان بۆ وەرگرتنی ئەم نازناوە.
لە هەموو جیهاندا دروست کردنی یاریگا و سەرپەرشتی کردنی بوارەکانی وەرزش لەدەست حکومەت و سەرمایەدارەکاندایە، حکومەت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگاو ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانەوە سەرپەرشتی هەندێک یەکەی گشتی وەرزشی دەکات، سەرمایەدارەکانیش وەک هۆکارێک بۆبازرگانی و سەرمایەگوزاری و قازانج خاوەنی یانەکانی وەرزشین، سەرمایەدارەکان بە سەرمایەکانیان لەپرۆسەیەکدا یاریگای یانەکانیان دروست دەکەن یاخود نۆژەنی دەکەنەوە، تەنانەت لەدنیای ئەمڕۆدا کڕین و فرۆشتن بە یاریزان و وەرزشکارانەوە وەک هەر کاڵایەک بازاری گەرم بووە.
سەرمایەدارێکی ئیماراتی بەناوی (شێخ مەنسور) خاوەنی یانەی مانجستەرسیتی بەریتانیە، سەرمایەدارێکی قەتەری خاوەنی یانەی مەلاقەی ئیسپانیە، ئەم دوو سەرمایەدارە کە خاوەنی سەرمایەیەکی زەبەلاحن لە پارە و سەروەت و سامان، لەڕیگای بەکاربردنی سەرەوەتەکانیانەوە بوونەتە خاوەنی ئەم یانانە، حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش بەم بوارە لە ڕێگای دابینکردنی بودجەی تایبەت و داهاتی قۆناغی ڕابوردوو گەشە بەهەموو بوارەکانی وەرزش دەدەن، وەک دروستکردنی یاریگا تاکو ڕیکخستنی پاڵەوانیەتی و چالاکیە هەمەجۆرەکان.
لەهیچ جێگایەکی دنیادا بەرپرسێکی حیزبی ئەرک و بەرپرسیارێتی دروستکردنی یاریگای نێودەوڵەتی ناخاتە ئەستۆی خۆی، چونکە ئەم هەنگاوە بێجگە گەندەڵی و بردنی سەرچاوەی ژیانی خەڵک بۆ ناو پرۆژەی حیزب هیچ لێکدانەوەیەکی نیە، دروستکردنی یاریگای نێودەوڵەتی بودجەو داهاتێکی گەورەی دەوێت بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی، تیمی تایبەتی ئەندازیار و شارەزایان و پسپۆڕانی دەوێت، کۆمپانیا و سەدان ئامێری کارکردنی دەوێت، لەشکرێک لە کرێکار و کارگوزاری دەوێت، ئەم تیمانە هەرهەموویان پارە و خەرجی و بودجەیان دەوێت، دەبێت (نێچیرەڤان بارزانی) پارە و بودجەی ئەم یاریگانێودەوڵەتیە لە کوێوە بهێنیت و سەرچاوەکەی بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ ئایا ئەو پارەیەی کە ئەم یاریگا نێودەوڵەتیەی پێ دروست دەکرێت داهاتی ئابونەوەی حیزبە یان سامانی خەڵکە لە دەستی حیزبدا، (نێچیرەڤان بارزانی) دەبێت ڕایبگەیەنێت کە ئەو یەکێکە لە سەرمایەدارەکانی کوردستان بۆیە توانیویەتی خەرجی دروستکردنی یاریگایەکی نێودەوڵەتی دابین بکات، چونکە هەموومان دەزانین کە (نیچیرەڤان بەرزانی) لە ئێستادا خاوەنی هیچ پلەیەکی ئیداری نیە لە حکومەتدا تاکو بڵێین فەرمانبەرێکی حکومەتەو ئەرکێکی خۆی ڕادەپەڕێنێت، بەبڕوای من (نێچیرەڤان بەرزانی) یەکێکە لە سەرمایەدارە گەورەکانی کوردستان بۆیە توانیویەتی بەڵێنی دروست کردنی یاریگایەکی نێودەوڵەتی بدات.
(مەسعود بەرزانی) سەرۆکی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەهەموو کۆبونەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن و لاپەڕەی بڵاوکراوەکاندا، بەردەوام باسی ئەوە دەکات کە کوردستان دەبێت ببێتە کۆمەڵگایەکی دامەزراوەی، کوردستان دەبێت لە گەندەڵی پاک بکرێتەوە و یاسا سەروەربێت، دەستی حیزب لەناو حکومەتدا کۆتابکرێت، ئەمەو دەیان شیعار و وتەی بێ سەرئەنجام، دەبێت سەرۆکی هەرێم وپارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پێمان بڵێت کە جێگر و برازاکەی سەرچاوەی خەرجی ئەو یاریگا نێودەوڵەتیەی لەکوێوە هێناوە؟ دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان بتوانێت پێمان بڵیت کە بۆ لەبری جێگری سەرۆکی حیزبەکەی، سەرۆکی حکومەتەکەی ئەرکی دروستکردنی یاریگانێودەوڵەتیەکان ناگرێتە ئەستۆی خۆی؟ ئەم سەرۆکە هەموو ڕۆژێک پێماندەڵێت کە دژاەیەتی و بنبڕکردنی گەندەڵی لە کەسە نزیکەکانی خۆیەوە دەست پێدەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە ڕۆژانە گەورەترین گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان، لەلایەن کەسە نزیکەکانی خۆیەوە ئاشکرا دەبێت.
لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ دێتە پێشەوە، تاکو کەی ئەم دەسەڵاتە داهات و سەروەت و سامانی ئەم کۆمەلگایە بۆ بەرژەوەندی حیزبی خۆی بەکاردەهێنێت؟؟؟!!!!!!.
[email protected]
بۆ بینینی هەواڵەکە سەیری ئەم لینکە بکە

http://www.peyamner.com/details.aspx?l=1&id=234958

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە