ئەسپەكە و مەلاى مزگەوتەكان

Tuesday, 30/06/2009, 12:00

1906 بینراوە


  لەگەڵ ئەوەیدا كە دەسەڵات لە رێگاى وەزارەتەكەیەوە وەزارەتى ئەوقاف و ئەویش لە رێگاى بەرپرسى راگەیاندنیەوە بەرێز مەریوان نەقشبەندیەوە هەمیشە باس لەوە دەكات كە پێویستە مزگەوتەكان لە كارو بارى حزبى بپارێزرێن و پێویستە مامۆستا بەرێزەكان ئاگاداربن لەو خاڵەى كە نابێت مینبەرى مزگەوتەكان بۆ بانگەشەى كارى حزبایەتى بەكار بهێنن ، بەڵام لێرەو لەوێ و لەلایەن ئەو مامۆستایانەوە كە مەیلیان لەگەڵ دەسەڵاتى هەرێمى كوردستاندایە واتە مەلا یەكێتى و پارتییەكان بۆ چەندین جار ئەو خاڵەى وەزارەتەكەیان پێشێل دەكەن و مینبەرو حەرەمى مزگەوتەكان بۆ ئەو مەبەستە بەكار دەهێنن ، بەڵام وادیارە مەبەست لەو بەكارهێنانە تەنها ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە كە سەر بە حزبە ئیسلامییەكانن ، ئەگینا چ فەرقێكى هەیە مەلا هەر مەلایەو مزگەوتیش هەر مزگەوتە ، ئەسپەكە كە لۆگۆى هەردوو حزبى دەسەڵاتەو لە مەنتیقى هێزەوە دەمانگێرێتەوە بۆ ئەدەبیاتى كلاسیكى كە ئەو كاتە ئەسپ هێماى بەهێزى و بەرەو پێش چوون بووە ، ئەوسا نەك ئێستا ؟!! هەفتەى رابردوو كۆستەرێك مەلا خۆیان كرد بە مزگەوتى زەهاوى دا ئەو مزگەوتەى كە پێشنوێژەكەى مامۆستا (مەلا نادر عەلى) كۆنە یەكگرتوو ە كە ئێستا بەپرسى مەلا یەكێتییەكانەو لە ژیرَ دەستى شۆرش ئیسماعیل دا كار دەكات واتە ئەو مەلایانەى كە لە رێكخستنى حزبێكدا كاردەكەن كە خۆى بە حزبێكى عەیارە بیست و چوارى عەلمانى دەزانێت و سكرتێرەكەشى ئەندامى سۆسیال دیموكراتى جیهانییە!!!
بەهەر حاڵ ئەو كۆستەرە مەلایە لەلایەن مامۆستاى مزگەوتەكەوە پێشوازیان لێكرا ، بەڵام خەڵكى كەرەك بەلایانەوە سەیر بووە چونكە نەمەولودە و نە ئیفتاریشە ئەى چى بووە بەم گەرمایە ئەم كۆستەرە مەلایە كۆ بوونەتەوە ، ئەوان كەى كۆ بوونەتەوە جگە لەسەر سفرەى ئیفتارو مەولودو سفرەى دەسەڵاتداران ، هەر واش بوو كۆبوونەوەیان هەبوو لە گەڵ بەرپرسە حیزبییەكەیاندا واتە شۆرش ئیسماعیل ، كە لەو كۆبوونەوەیەدا باسى رێكخستنەكانى یەكێتى بۆ كردوون لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى پاتى و پێى راگەیاندوون كە هەر چۆنێكتان كردووە ئەمجارەش یە كێتى زانایان واتە یەكێتى مامۆستا ئایینییەكان بخەنەوە ژێر دەستى خۆمان ، چونكە لە هەڵبژاردنەكانى پێش كۆنفرانسى ئەو یەكێتییەدا زۆرینەى دەنگى مەلاكان بۆ یەكگرتووى ئیسلامیى و كۆمەڵى ئیسلامیی بووە ،لە بەشێكى دیكەى كۆبوونەوە حزبییەكگەى مزگەوتى زەهازى دا باس لە پشتگیرى لیستى كوردستانى واتە لیستەكەى یەكێتى و پارتى كراوە و جەخت لە سەر ئەوە كراوەتەوە كە بەهەر جۆرێك بێت لە مزگەوتەكانەوە باس لە سەروەرى ئەو لیستە بكرێت و پێیان راگەیەنراوە كە بریارەكەى وەزارەتى ئەوقاف ئەوان ناگرێتەوە، ئەرێ بەراست وەزارەتى ئەوقافى بەرێزو بەرپرسى راگەیاندنەكەى بە رۆژى نیوەرۆو كۆبوونەوەى حزبی لە مزگەوتەكاندا چۆن چۆنى قەدەغەیە با ئێمەش بیزانین خێرتان دەگات ؟!!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە