تەقینەوەی 30ی حوزیران لەكەركوك و پەیوەندی بەدسەتووری هەرێمەوە چی بوو؟

Wednesday, 01/07/2009, 12:00

2235 بینراوە


بەپێ رێككەوتنێك لەنێوان واشنتۆن و بەغداد كە لەمانگی ئۆكتۆبری ساڵی (2008) ئیمزا كراوە، پێویستە هێزەكانی ئەمریكا لە (30)ی حوزەیران لە شارەكانی ئێراق بكشێننەوە، بەمشێوەیە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەئێراق دەست پێ دەكات و تاساڵی 2011 بەتەواوی لەئێراق دەردەچن.
رۆژی 29ی حوزەیران ئەمریكییەكان وەزارەتی بەرگری ئێراقیان بەتەواوی ـ وەكو دەگوترێت ـ لەمەراسیمێكدا رادەستی ئێراقیان كرد و ئاڵای ئێراق بەتەنها لەسەر وەزارەتەكە بەرز كرایەوە. لەو ماوەیەشدا هێزەكانی ئەمریكا (150) بنكەیان خۆیان رادەستی ئێراقییەكانیان كردەوە.
هێزی سەربازی و پۆلیسی ئێراق كە ئێستا ژمارەیان دەگاتە (750) هەزار سەرباز و پۆلیس بۆ بەرێوەبردنی ئەمنی ئێراق ئامادە كراون و ئەو هێزە لەژێر فەرمانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ لە (30)ی حوزەیرانەوە لەئەمنی هەموو شارەكانی ئێراق بەرپرسیارن. بەڵام شاری كەركوك بۆچوونی جیاوازی لەسەرە!! بۆ نموونە فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئەمریكا لەسەرەتای مانگی حوزەیراندا كاتێك سەردانی شاری كەركوكی كردبوو دۆسییەی ئەمنی شارەكەشی گفتوگۆ كردبوو، رایمۆند ئۆدێرنۆ سەبارەت بەشاری كەركوك گوتبووی؛ دۆسییەی ئەمنی شاری كەركوك رادەستی ئێراقییەكان ناكەین، چونكە هێشتا كەركوك كێشەكانی چارەسەر نەبووە!
توركەكانی شارەكە بەتایبەت بەرەی توركمانی و نوێنەرەكانیان لەپارێزگای كەركوك لەو باوەڕەدان كە پێویستە دوو فرقە لە ناوەڕاست و خواروی ئێراق بۆ پاراستنی ئەمنی كەركوك بێنە شارەكە. چونكە بەبۆچوونی ئەوان لەپاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ژیانی توركمانەكان دەكەوێـتە مەترسییەوە.
هەرچی عەرەبەكانە ناخوازن ئەمریكییەكان بكشێننەوە چونكە بەلای ئەوانەوە هێزی ئەمنی شارەكە هاوسەنگی تیادا نییە.
تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئێراق پێی وایە كە (30)ی حوزەیران رۆژێكی مێژووییە بۆ گەلی كورد، چونكە دەسەڵاتی لە ئێراق و بە تایبەتی لە كەركوك زیاتر دەبێتەوە دۆسییەی ئەمنی شاری كەركوك لەپاشت ئەمریكییەكان لەلایەن یەكێتییەوە بەڕێوە دەبرێت، دوای كشانەوە دەبنە هێزی یەكەمین. سەرۆك وەزیرانی ئێراق نوی مالكییش گوتویەتی هەڵەیەكی گەورەیە ئەوانەی وا دەزانن ئێراقییەكان ناتوانن ئەمنی وڵاتەكەیان بپارێزن. ئەمڕۆ رۆژی سیادەی نیشتمانییە كەدەستكەوتێكی هاوبەشە بۆ هەموو ئێراقییەكان. بەرژوەندی مالكیش لەوەدایە كە سیادەی هەموو ئێراق دەكەوێتە دەستی خۆی، خۆیشی دەبێتە پیاوی یەكەمین لە ئێراقدا. ئەمەش لە ناوچەكە و جیهان شكۆمەندنی زیاتر دەبێت و گرانی خۆی زیاتر پەیدا دەكاتەوە.
ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا لەپاش تەقینەوەكە گوتوویەتی ئەم تەقینەوانە سەلماندی كە هێشتا لەبەرامبەر ئێراق رۆژانی زەحمەت ماون ئەمەش ئاگادارییەكە.
وەكو لە بۆچوونەكانی سەرەوەدا دەردەكەوێت بۆچۆوونی ئۆباماش ئەوەیە كە هێشتا بۆ ئێراق رۆژانی زەحمەت ماون، بەڵام پێویستە بزانرێت كە رۆژانی زەحمەت ئەنجامی سیاسەتی كەموكورت و ناجێگیری ئەمریكا و هاوكارەكانییەتی كە ناخوازن و ناهێڵن كێشەی ناوچە دابڕاوەكان چارەسەر بێت، سیاسەتی بێ چارەیی خۆیان بەسەر گەلانی ناوچەكە دەسەپێنن. ئەو تەقینەوەیە سەلماندی كە ئەمریكا ناخوازێـت لەشاری كەركوك بكشێتەوە، بەپێی قسەكانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئەمریكا رایمۆند ئۆدێرنۆ بێت، هێشتا كێشەكانی شارەكە چارەسەر نەكراوە، كەواتە مانەوەی ئەمریكا ناچارییە لەقسەكەی ئۆباماشدا ئەو واتایە دەردەكەوێت كە بەرێوەبردنی ئەمنی ئێراق زەحمەتە لەوانەیە ئێراقییەكان بتوانن هەندێك شوێن بپارێزن، بەڵام كەركوك بەئێوە ناكرێت؟!! بەپێی رێككەوتنەكە ناوچە دابڕاوەكانیش دەگرێتەوە، بەڵام ئەمریكا ناخوازێت لەوێ دەرچێت، بۆ سەلماندنی ئەمەش باشترین شت دروستكردنی نا ئەمنییە لە ناوچەكە.
لێرەدا وەكو ئەنجام دەتوانرێت دوو شیمانە باس بكرێت كە هەردووكیشیانە پێچەوانەی یەكدین: یەكەم؛ ئەو تەقینەوەیە لەحسابی كورد و عەرەبی سووننی و توركمانیش و قاعیدەشدا نەبوو، تەنها بۆ پشت راستكردنەوەی قسەكانی رایمۆند ئۆدێرنۆ بوو تا دۆسییەی ئەمنی ناوچە دابڕاوەكان بەكەركوكیشەوە بكەوێتە گفتوگۆ و جارێكی دیكە بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەمریكییەكان. شیمانەی دووەم ؛ لە دەستووری هەرێمی هەرێمی كوردستاندا باسی ماددەی (140) كراوە، ئەمەش ناڕەزایی توركمان و عەربی لێكەوتەوە، لەپاش ئەو ناڕەزاییانە تەقینەوە هاتە ئاراوە! دەتوانرێت ئەمەش وەكو شیمانەیەك حیسابی بۆ بكرێت. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە