هەڵبژاردن بەهانەى گەل بوو بۆ سەرهەڵدان لەدژى دەسەڵاتدارى ئێران

Tuesday, 23/06/2009, 12:00

2151 بینراوە


لەپێش هەڵبژاردننەكانى سەرۆككۆمارى ئێران لە 12/6/2009 تا ئێستا بۆچوون، شیمانە و ئەگەرى جیاواز لە ئارادان، راستە لە ئەنجامى هەڵبژاردنەكاندا ئەحمەدى نەژاد لەبەرامبەر میر حسێن موسەوى سەركەوت، بەڵام ئەوە ئەنجامى سەر سندووقەكان بوو، دەرفەتى فێڵى زۆر هەبوو، بەراى میر حسێن موسەوى زۆر لایەنى دیكە و زۆربەى خەڵكى ئێران ئەو ئەنجامانە راست نیین. بەڵام بە راى ئەحمەدى نەژاد و خامەنەیى ئەنجامەكان راستن و جیاوازیەكەش یازدە ملیۆنە.
گەلى ئێران ئەم ناهەقییە پەسەند نەبوو لەبەرئەوە رژانە سەر جادەكان داكۆكیان لە دەنگەكانى خۆیان كرد و خاوەن لە دەنگەكانى خۆیان دەركەوتن. ئەو خاوەن دەركەوتنە بوو بە سەرهەڵدان تا دەهات گەورە دەبوو هەموو شارە گەورەكانى ئێرانى گرتەوە، بەڵام دەسەڵات لەبەرامبەر ئەو سەرهەڵدانە خۆى پێ رانەگیراو موداخەلەى كرد. ئێستا لە ناكۆكى نێوان نەژادى و موسەوى تێپەڕییوە و بووە بە شەڕى نێوان گەل و دەسەڵات. مەسەلەى هەڵبژاردن نەماوە بووە بە سەرهەڵدان و لە ناوخۆى ئێراندا پەنگ دەخواتەوە. 
لەبەرئەوەى ئەو سەرهەڵدانە بەشێوەیەكى باش پێشەنگایەتى بۆ ناكرێت، هێزێكى ئەوتۆ نییە پێشەنگایەتى بۆ بكات، ئەگەرى سەركەوتنى دەسەڵات زۆرترە.
لەو سەرهەڵدانەدا ئەوەى دەبینرێت فشارى ئیسلامى سیاسى ئاخوندى پەسەند ناكرێت، ژن پێشەنگایەتى بۆ سەرهەڵدانەكان دەكات و سەرپۆشەكەى فڕێ داوە و گوللەى بەردەكەوێت، هاوارى ئازادى دەكات. مەسەلەى هەڵبژاردن و موسەوى لە ئارادا نەماوە، موسەوى ناتوانێت پێشەنگایەتى بۆ ئەو سەرهەڵدانەكان بكات چونكە خۆى سیستەمى ویلایەتى فەقێیى پەسەندە و رابەرێكى ئیسلامى سیاسیەو بە ساڵانە خزمەتى بەو دەسەڵات و حكومەتە كردووە بۆ خۆى پەسەندكراوى ویلایەتى فەقێیە.
تواناى ئەو سەرهەڵدانە ئەوەیە چەند رۆژى دیكە بەردەوام بكات. هەژانێك لەگەڵ خۆى دروست بكات و لەدژى دەنگى ئاخوند دەنگى گەلیش دەردەكەوێت. گەل پەیامى خۆیدا كە ناهەقى پەسەند ناكات، لەبەرامبەر ئەو دەسەڵاتە و شێوازەكەی تەحەمول ناكات. پێویستى بە گۆڕان هەیە.
لێدوانە ملیۆنییەكەى خامنەیى واتاى نیشاندانى هێزە ئەو دەیتوانى لە تەلەفزیۆنیشەوە لێدوان بدات پێویستیشى بەوە نەبوو بە گریانەوە بڵێت یازدە ملیۆن جیاوازى هەبوو!!؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە