بۆ کوبانی گرنگە بۆ دنیا؟

Monday, 10/11/2014, 12:00

2044 بینراوە


جاران کوردبوون لە ئەوروپا مۆری کچکوشتنی لێ ئەدرا، ئێستا مۆری کوبانی
پیاو ژنێک دەپارێزێت، ئافرەت هەموو جیهان
لە کوبانی ساڵی ٢٠١٤ بەرامبەر بە چەرخی بەردیین راوەستاوە

(چەند فاکتەرێک کوبانی کرد بە نێوەندی قورسایی سەرنجی جیهان. یەکەم، لایەنی مرۆڤایەتیی کە هەزارەها ئاوارەبوون. دووەم، دڕندەیی پەلامارەکانی داعش. سێیەم، فاکتەری سیاسیی کە وڵاتان دەبوو لەبەر خۆیان بەر لە داعش بگرن. چوارەم، هەڵوەشانی سیستێمی بەرگریی لە کوردستان و عێراق. پێنجەم، بەرخۆدانی خۆرئاواو کوبانی بە رەنگی کچانەوە. چۆن؟ لە خوارەوە وردەکاریی پڕۆسەکە بخوێنەرەوە!)

پەیامی داعش بۆ جیهان رەوشی وەحشەتگەرییە. رەوشێک کە مرۆڤی سەرەتا نەیتوانیووە لێی رزگار ببن تا لە کۆنتراکتێکی نەنوسراوەدا کۆمەڵگاو دەستەڵاتیان لە خۆیان دروست کردووە. دەستەڵاتێک کە بتوانێت هەم کۆمەڵگاکەی لە دوژمنی دەرەوە هەم ئەندامانی کۆمەڵەکە لە دەستدرێژیی یەکتریی بپارێزێت.
لە ڤیدیۆیەکدا دوو داعش لەسەر دیوارێک دانیشتوون. سەرێکی بڕاویان لە نێوانی خۆیاندا داناوە گاڵتەی پێ دەکەن و لەتە پیتزا ئەدەن لە دەمییەوە. وێنەیەک پیشانی ئەدات کچێکی دە ساڵانە سەرێکی بڕاوی بە دەستەوەیە وەکو سەرە مەڕ بێت ئاسایی بەناو خەڵکەکەدا دەڕوات. لە وێنەیەکی تردا پیاوێک منداڵێکی دوو سێ ساڵانەی لە باوەشدایە بە پێکەنینەوە منداڵەکەی شۆڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەی قاچی منداڵەکە بخاتە سەر کەلـلەی سەربڕاوەکە. لە بەڵگەنامەیەکدا داعش تەمەنی ئافرەتەکان و نرخی فرۆشتنیان بڵاو دەکاتەوە. ئەوەی لە هەندێک فلیمی ترسناک و خەیاڵییدا دەبینرێت ئێستا بە راستیی لە ناوچەکەماندا دەلەزێت. کردەوەکانی داعش ئازادییەکی رەهایان پیشان ئەدات بۆ تاوانکردن. ئازاد لە هەموو رێگرێکی موراڵیی و سەرئەنجام گەڕانەوە بۆ بارێک کە دووپێ تیایدا هێشتا نەبووە بە مرۆڤ. بەدەر لە ئەقڵ و ژیریی لە داعشێکدا کە تینووی لەناوبردنە.
گرتنی شەنگال و لە ئەنجامدا دانە شاخی هاوڵاتیانی شەنگال جیهانی جوڵاند. وەزیری دەرەوەی سوید وتی لە حەفتا ساڵدا کارەساتی وا نەبینراوە. وڵاتانی دنیاو رێکخراوە مرۆییەکان کەوتنە خۆیان بۆ یارمەتیدان. روداوەکان لە رووی مرۆڤایەتییەوە سەرنجی کۆمەڵگاکانی جیهانیان راکێشاو قورساییەکیان دروست کرد. بەڵام کێشەکە هەر لەم خانەی مرۆڤایەتییەدا نەوەستایەوە. چووە خانەیەکی سیاسیشەوە.

تاوانەکانی سەردەم بە ئیسلام روخسار دەکرێن و بە قورئان رەواییان پێ دەدرێن. موسوڵمانیش ئەمڕۆ لە هەموو سوچێکی جیهاندا هەیە. سەرکەوتنی داعش و دەوڵەتگرتنە دەست مەترسیی ئەوەی لێ دەکرێت کە ببێت بە بنکەیەک بۆ دەستوەشاندنی داعش لە وڵاتانی دنیا. بە تایبەت ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپیی وەکو لە رابوردودا رێکخراوی ئەلقاعیدە پیشانی داوە. سێ کەس دەتوانن وڵاتێک تێکبدەن. جوڵانەوەی تاوانکاریی دەیەوێت بە ئاینی ئیسلام خۆی رێکبخات، بەهێز بێت و تاوانەکانی گەورەترو فراوانتر بکات. ئێستا داعش بووە بە مەترسییەکی جیهانیی. ئەمەریکاو وڵاتانی تری ناتۆ رێکەوتنێکیان بۆ شەڕی دژی داعش مۆر کرد. ئەم فاکتەرەش چووە سەر کێشی گرنگیی جیهانیی. ئایا کێ ئەم شەڕە بکات؟ قورساییەکە لە باوەشی کێدا کۆ دەبێتەوەو گرنگ ئەبێت؟



ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپیی تا هێزێک هەبێت لە ناوچەکەدا بتوانێت شەڕی دژی داعش بکات ئەمان هۆیەکیان نابێت سەربازی خۆیان بە کوشت بدەن. وڵاتانی دنیا یەک لە دوای یەک ئامادەیی خۆیان بۆ پشتگیریی حکومەتی هەرێم دەربڕی و کاربەدەستەکانیان هاتنە هەولێر. ئارامیی وڵاتانی دنیا کەوتە سەر هیمەتی شەڕکەرانی دژی داعش لە کوردستان و ناوچەکەدا. بەڵام ئایا روداوەکان ئەم تۆپە ئاسنە لە کوێوەو بۆ کوێی دەبەن؟ ئایا ئەم قورساییە لە کوێدا دەگیرسێتەوە؟

هێزی بەرگریی هەرێمی کوردستان لە روداوی شەنگالدا پیشانی دا کە پشتی پێ نابەسترێت. بەڵکو بە پێچەوانەوە، خۆی بارێک بوو کە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپیی دەبوو لە پێشدا هەم لە رووی سیاسییەوە راستی بکەنەوە هەم لە رووی سەربازییەوە هەڵی بسێننەوە. چونکە هێزێکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەریی تورکیادایە. بە بێ بەرگریی هێزی هەرێم شەنگالی چۆڵ کرد. شارەکانی هەولێرو تا رادەیەک سلێمانی کەوتنە دڵەڕاوکێ بۆ راکردن و شار چۆڵکردن لە ترسی داعش. بەڵگەکان تا دەهات پشتگیریی تورکیایان بۆ داعش دەسەلماند. شەنگال کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە: ئایا شەنگال گیرا یان چۆڵ کرا بۆ داعش؟

سوپای عێراق لە موسڵ و شوێنەکانی تر هەڵوەشا. حکومەتی عێراق شلۆق بوو. سیستێمی بەرگریی لە کوردستان و عێراقدا کونی تێ بوو، قورسایی سیاسەتی جیهانیی تیا بەند نەئەبوو.

لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە خۆپیشاندان بۆ پشتگیریی کوبانی دەستی پێ کرد. ئەمەریکاو ئەوروپا نەیاندەتوانی دابەزن بۆ ئاستی تورکیا. گەلەکانیان لە دەستەڵاتەکانیانی قبوڵ نەدەکرد تورکیا بە داعش کوبانی خاپور بکات. کەوتنی کوبانی حەیاچوونی ئەمەریکاو ناتۆی دەگەیاند. ئەمەریکا رۆژی ٢٢/١٠ یارمەتیی بۆ کوبانی لە ئاسمانەوە بەردایەوە. روداوەکان وردە وردە تۆپەکەیان خل کردەوە بۆ کوبانی. بەرخۆدانی کوبانی بوو بە باوەشێک بۆ قورسایی سیاسەتی جیهانیی. شارێک هەموو دنیای خستۆتە پشت خۆیەوەو تەنها بەرگریی لێ دەکات. بەڵام کام بەرگریی؟

کێ دیوێتی گوڵ یەخەی ئاگر بگرێت؟ کچان و ژنان بەرامبەر بە هێرشی دەعبایەک وەستانەوە کە سوپای پیاوان لە عێراق و باشور لێی ئەتۆقان. ئەو فیشەکانەی لە پەنجەی کیژۆڵانەوە تەقێنران هەر گولـلە نەبوون. نامەیەک بوون بۆ هەموو فێمینیستەکانی جیهان:

ئەی ئافرەتان! ئەی قارەمان!
پیاو ژنێک دەپارێزێت، ئافرەت هەموو جیهان.
هەستن ئەم کلیلەمان لێ وەربگرن! کەلەپچەیەکی تر بکەنەوە!

قارەمانێتیی کیژۆڵان کێشێکی تری دا بە پرسەکەو بە رەنگی یەکسانیی نەخشانی. جاران کوردبوون لە ئەوروپا مۆری کچکوشتنی لێ ئەدرا، ئێستا مۆری کوبانی. کیژوڵانی کورد لە کوبانی بەرخۆدانی "ساڵی ٢٠١٤" دەکەن بەرامبەر بە پەلاماری "چرخی بەردیین".

ئۆردوگان ئێستاش تێ نەگەشتووە بۆچی لای ئەمەریکاو ناتۆ گرنگ بوو کوبانی. کورد چاوی تورکی کوێر کردووە. تورکیا وەکو کەمتیار ناچار بوو رێگایەکی تر بگرێت. چۆن سەرکەوتنی کوبانی دەپارێزرێت؟ قارەمانێتیی کوبانی سیاسەتێکی کوبانیانەشی دەوێت.

ئێمە لەبەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!






https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts
سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆنتراکت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە