نەوشیروان مستەفا یان تاڵەبانییەكى تر؟!

Wednesday, 22/02/2012, 12:00

1686 بینراوە


هەرچەند لەگەڵ دەست لە كاركیشانەوەى نەوشیروان مستەفا لە یەكێتى و دروستبوونى گۆران، ئیتر خەڵکی بە خۆشمەوە ئومێدمان بە ئایندە و ژیان لەم وڵاتەدا بۆ دروست بوویەوە، بەوەى كەسێكى جیا بە بزوتنەوەیەكى نوێخوازەوە جیاواز لە یەكێتى و لە پارتى هاتۆتە مەیدان، بەڵام بە هەڵسەنگاندێك بۆ كارەكانى ئەم سێ ساڵەى تەمەنى ئەم بزوتنەوەیە و سەركردەكەى بە روونى ئەوەمان بەرچاو دەكەوێ كە نەوشیروان مستەفاش جیاوازیەكى ئەوتۆى لەگەڵ تاڵەبانى و بارزانییدا نییە و بڕیارەكانى تاك رەوانەیە، دوو نمونەى زیندوى ئەم چەند رۆژە دەخەینە بەرچاوى خوێنەرى بەرێزی کوردستانپۆست: 
هەمو لایەك ئاگادارى پەیامەكەى نەوشیروان مستەفا بوون، كە بێ گەڕانەوە تەنانەت بۆ هاوڕێ و هاوكار و رێكحستنەكانى بزوتنەوەى گۆڕان، خۆی بڕیارى دەركردنى هەر چوار پەرلەمانتارەكەى دەركر . رەنگە نووسەرى هاورێم عەزیز رەئوف بەهەڵەدا چوبێ كاتێ لە وتارێكیدا نوسیبووى، کە نەوشیروان مستەفا تاقەنەیە و دۆستى نییە، من دەڵیم ئەمە هەڵەیە کاک نەوشیروان دۆستى زۆرە، بەڵام گۆێ لە كەس ناگرێ و تاقەنەیە لە بڕیارەكانیدا بە كورتییەكەى نەوشیروان مستەفا تاڵەبانییەكى ترە، بەڵام بە فۆڕمێکی تر.
با نمونەیەكى زۆر نوێ بخەینە روو، ماوەى زیاتر لە ساڵێكە هەموو گۆرانخوازەكان بە رێكخستن و ژوور و رۆژنامەنووسەكانیەوە هاواریانە لە هەڵسوكەوتى هوشیار عەبدوڵلاى دەسەنە خۆرى كوسرەت رەسوڵ، بەبەڵگەوە دەیسەلمینین، کە بە ئۆتۆمبیلى كەى ئێن ئین سەردانى ماڵەكەى دەكات، بەڵام دواى ئەو هەموو نارەزایەتییە و كۆكردنەوەى ئیمزا لە لایەن رێكخستنەكانەوە نەوشیروان مستەفا هێشتا هەر وەك باوە گەورە پشتیوانى لێدەکات و بێ گویدانە ئەو هەموو نارەزایەتییە جارێكى تر تەمەنى بێ بایەخى بەرپرسیارێتى پیاوەكەى كۆسرەتى درێژ كردەوە. خەسڵەتی ئەم سەرکردانەی کورد ئەوەیە کە تۆ پێشنیارێکی دەخەیتە بەردەم، یان پڕ دەبیت و کەسێکی ناشیاوی بە کارە ناشیاوەکانیەوە بۆ باس دەکەیت، ئەو لە رقاندا دێت و گەورەتری دەکات، ئەم سەرکردانە پێیان وایە هەر کەسێک رەخنە و هێرشەکان لەسەری زیاد بوو، ئیتر دەبێت ئەمان بە پێچەوانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و پشت بکەنە دەنگە ناڕازییەکان.
كەواتە لێرەدا نەوشیروان مستەفایەك تەنها بۆچوونى خۆى و تەنها قسە و بڕیارى خۆى دەخوات! ئیدی كامەیە گۆڕانكاریی و كامە جیاوازى نێوان تاڵەبانییەكەى یەكێتى و بنەماڵەكەى بارزانى.
لە یەكێك لە نووسیەنەكانیدا کاک نەوشیروان مستەفا دەڵێت: گوایە بە تاڵەبانى وتووە كە تۆ خۆت دز نیت  ئەو هەموو دزە چی ئەكەن لە دەورو بەرت؟
منیش ئیستا بە نەوشیروان موستەفا دەڵێم بۆ خۆشت كاتى ئەوە هاتوە هەمان پرسیار ئاراستەى تۆ بكرێتەوە؟!
هەڵسوڕاوێكى گوَڕان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە