لە عومەر فەتاحەوە ئەوانەى چاوەڕێى گیرانى منن با سیر بخۆن و زوڕنا لێ بدەن

Thursday, 15/10/2009, 12:00

2087 بینراوە


لە ووڵاتى بێ یاساو بێ دادگادا كەس دەورى نیە بێجگە لە لێپرسراوەكان , لە هەموو دنیادا یاسا بۆى هەیە سەرۆكى ووڵات یان هەر پۆستێكى تر بێت ڕاپێچى بەردەم دادگا بكات , یاسا بۆ هەموان وەكو یەكە و حەماڵێك و سەرۆك كۆمارێك لەبەردەم دادوەردا وەكو یەك یاسایان بەسەردا جێ بەجێ ئەكرێ , ئیتر ئەوەنیە ئەمە فڵانە و ئەوە فڵانە , ئەمە كوڕى مەسئولە و ئەوە كوڕى حەماڵ و كرێكارە , یاسا یاسایە , هاوڵاتیش هاوڵاتى ئیتر هەركەسێك بێت ئەبێت مل كەچى یاسا بێت ,كە دادگا فرمانى دەركرد پۆلیس بۆى هەیە بچێتەسەر ئەو كەسە و كەلەپچەى بكات ئەگەر خۆى نەچوو , لەوێ پۆلیس ڕۆڵى هەیە , كەچى لێرە پۆلیسى داماویان وا لێ كردوە كە هیچ دەورێكى نەبێت ,ئەگەر لێپرسراوێك یان كوڕو براكەى و كەسە دوورو نزیكەكانى كەوتنە داوى پۆلیسەوە لە باتى هاوكارى پۆلیس بن هەندێ جار لێشیان ئەدرێ و قسەى ناشیرین بە پۆلیسەكان ئەوترێ , پۆلیس ئەركى پاراستنى هاوڵاتیانە لە دزو ساختەچى و تێكدەرەكان ,شایەنى ئەوەیە ڕێزى لێ بگیرێ , بەڵام لە سایەى حوكمى قەرەقوشانەى مامە و كاكەوە هەرچى ڕێز بێت لەو كەسانەى ناگرن كەناویان پۆلیسە و تەنانەت بە جلى دەوامیشەوە كەوتونەتە بەر هێرشى لێپرسراوان و حیمایەكانیان و كوڕو براى مەسئولەكان , لێرە پۆلیس بۆى هەیە دزە بچوكەكان بگرێ , لەبەر ئەوەى پشت و پەنایان نیە , بەڵام دزە گەورەكان ئەوانەى چەندین سەیارە حیمایەیان هەیە وچاو لە خەڵك بز دەكەنەوە و كەس ناوێرێ سەیریان بكات ,نەك پۆلیس بەڵكو سوپاش ناوێرێ توخنیان بكەوێت , لەبەرئەوەى یاسا نیە و ئەگەر هەشبێت تەنها بۆ خەڵكانى داماو هەیە , ماوەیەكە پۆلیسى سلێمانى داواى عومەر فەتاحى كردوە لەگەڵ وەزیرى كارەبا كە تاوانبارن بەدزینى بڕێكى زۆر پارەى ئەم میللەتە , داواى لە مەكتەبى سیاسى یەكێتى كردوە ئەم دزەى تەسلیم بكات چونكە لێرە پۆلیسى داماو ناوێرن بەلاى ماڵەكەى عومەرمورتاحدا بڕۆن ئیتر چۆن بیگرن , ئەوە مانگێك تێ پەڕیوە كەچى نە عومەر ئەچێتە بەردەم پۆلیس و نەحیزبەكەشى گوێى ئەداتێ و لە ڕقى یاسا و پۆلیسیش نیشانى ئیمەى ئەدات كە لە كۆبونەوەكانى مەكتەبى سیاسیدا دانیشتوە و قاقا پێئەكەنێ و بڕیار لە سەر چارەنوسى میللەتێك ئەدات , من ناهەقى عومەر ناگرم چونكە هەرزوو سەرۆكە دزەكەى بە نامەیەك پشتیوانى خۆى بۆ عومەر دەربڕى و ووتى عومەر دز نیە و ئەو پارەیە لاى مامى خۆتانەو من ئاگادارم , مامە ئاوا بڵێ ئیتر عومەر چۆن ئەچێتە بەردەم پۆلیس , كە مامەش پشتیوانى ئەو دزە بێت ئیتر پۆلیس چۆن زات ئەكەن جارێكى تر باسى بكەن , جا خەڵكێك مامەى لە پشت بێت كێ ئەوێرێ سەیرى دەم و چاویشى بكات , ئەوە خاوەن فایلەكانیش هەروابون تا بە چەپڵە باران لە هەمویان خۆش بون , من ئەڵێم لەوانەیە لەم پلینیۆمەدا لە بە چەپڵە باران لە عومەریش خۆش بن , عومەر واتەنى ((من دزیم بۆ خۆم نەكردوە خەڵكى تریش ئاگادارن)) بۆیە عومەر دڵنیایە كە مامە و مەكتەبى سیاسى یەكێتى تەسلیمى ناكات , چونكە ئەگەر ئەو گیرا ئیعتراف لەسەربنەماڵەى مامەش ئەكات , ئەم هەویرە ئاو زۆر ئەكێشێ , بۆیە عومەر فەتاح لاى هەندێك كەس ووتبوى ((ئەوانەى بەتەمان من بگیرێم با سیر بخۆن و زووڕنا لێ بدەن ئەمە مەسەلەى دزى نیە و دەستێكى لە پشتە)) مامەش ووتبوى ئەمە پڕو پاگەندەی ناحەزانى یەكێتیە و هێرشە بۆ سەر كاك عومەر , خوا خراپ تر نەدات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە