ئایا سالح موسلیم و پەیەدە جاشن؟

Saturday, 16/11/2013, 12:00

1264 بینراوە





لە بیردان و فەرهەنگی سیاسی هەندێ حزبی لەمەڕ خۆمان و حزبی پارچەكانی دیكەدا تێڕوانینێكى ئەمریكا ئاسا پەیڕەو دەكرێ وەك ئەو سیاسەتەى ئەمریكا بانگەشەى بۆ دەكات بەوەى هەر كەسێ لەبەرەنگاربوونەوەى بەرەى تیرۆر لەگەڵیدا نەبێت ئەوە تیرۆریستە.

لە وردكردنەوەى ئەو دیدگایەوە گەلێ جار و زۆربەى كات بینیومانە لایەنە كوردییەكان ئەوەندەى كاریان لەسەر بێ هێز و لاوازكردنى حزبی بەرامبەر و بەردەوام سیخوڕیكردن بەسەر یەكەوە كردووە، نیو ئەوەندە لەخەمى پرسی نەتەوەیی و سەنگەر لێگرتن و بەرەنگاربوونوەى رەقیب و نەیارانى دا نەبوونە.

ئەگەر نەختێ بۆ دواوە بگەڕێینەوە، لەمێژووى باشووری كوردستاندا هێزە سیاسیەكان هەر یەكەیان بەپێی قەوارەى خۆی لەشەڕی ناوخۆیی و براكوژیدا بایی ئەوەندە دژ بەیەك وەستاون و بۆسەیان لەیەك گرتووە و بەدەیان سەركردەی قارەمان و پێشمەرگەی جوامێر و بەجەرگیان لەیەك كوشتووە، ڕەنگە بەبەراورد لەگەڵ دوژمنە سەرسەختەكەیاندا، نیو هێندە بۆسەیان لەڕژێمە سەركوتكار و دیكتاتۆر و دوژمنەكەیان نەگرتووبێ.

وەلێ هەر لەو فەرهەنگەدا هێندێ لەو حزبانە تا خاوپەیمان و هاوسەنگەر، دۆستى یەكدى بووبن، سوێندیان بەسەری یەك خواردووە و سیفەتى براگەورەیان بەیەك بەخشیوە، كەچی لەدروست بوونى بچووكترین ئاڵۆزى و ناتەواویدا تۆمەتى بێجێ و نالۆژێكى ناڕەوایان بۆ یەك هەڵبەستووە وەكو ئەوەى ئەو لایەنە سەر بە موخابەراتى فلان دەوڵەتە و جاشە و جاشۆلكە.. هەروەها ئەو لایەنە پیاوى ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتە و لەفلان دەوڵەتەوە ئاڕاستە دەكرێ و بڕیار لەفلان حزبی عەرەبی و ئیسلامى وەردەگرێ و دەستیان لەگەڵ قاعیدە و موساد و میتى توركى و ئیتلاعاتى ئێرانى تێكەڵە و قسەى لەو قسانە خراپتریش كەڕەنگە مرۆڤ گۆ نەكات باسیان بكات.

ماوەییەكە لێرە و لەوێ كەسانێ بێ پێشینەیەكى سیاسی ئاگاداربوو لەڕەوشی سوریا لەهەمبەر ڕۆڵی (پەیەدە) و هاوسەرۆكەكەى(سالح موسلیم) توتى ئاسا هێندێ قسەى بنێشتە خۆشەى سەر زاران دەجوێنەوە و كاریان لەو ڕتووشەدا تەنها بەخشینەوەى جنێوە و تۆمەتى وا دەهۆننەوە و ئۆباڵی وایان دەخەنە پاڵ وەك ئەوەى لەژیانیاندا یەك تەقەیان نەكردبێ و ئەسڵەن هەر كورد نەبووبن كە مرۆڤ بەدەست خۆی نییە لەئاقاریدا دەستەوسان بمێنێ.

لە شاڵاوێكى بێ ڕەحمانە لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوودا بینیم چۆن كۆلكە نووسەرانێكى نائەكادیمى بواری ڕۆژنامەگەری چۆن تیر و توانج و ڕەخنە و نەشتەری تیری ژەهراوى بەڕووى هاوسەرۆكی پەیەدە (سالح موسلیم) دەهاویشت وەك لە ژیانیدا ئەو مرۆیە كوردایەتى نەكردبێ و لەوەتەى هەیە هەر سەر بە موخابەراتى سوریا و جاشی ئەسەدبێ، ئەو قسانەیش لە كردنیدا زیاتر بۆ وروژاندنى ڕای گشتى یە تا خەڵك وا حاڵی بكەن ئەو كابراییە هی ئەوە نییە بەشان و باڵی هەڵبدرێ و ئەو كابرایە مەترسیەكى گەورەیە بۆ سەر داهاتووى كوردانى سوریا و زۆر قسەى تر.

ئەوەى لەڕێی میدیاكانەوە دەبیندرێ هێزى چەكداری(پەیەدە) بە نیزامترین هێزى عەسكەریە و زۆرترین جەماوەری لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە ئەوەش بۆ حزبانێكى لاواز و بەرچاو تەنگ و چاوهەڵنەهاتوو بەو پێشكەوتن و بەو جەماوەرە زۆرەی ئەوان هەیانە و ئەمانیش لێی بێ بەشن، وەك دەبینن ئەو حیسابەى بۆ سالح موسلیم لەلایەن وڵاتانى هەرێمایەتى و دەرەوە دەكرێ بەتایبەت كە ئەو یەك لە كەسانەیە دەست نیشانكراوە تا لە دانووستانەكانى جنیف2 وەكو كورد بەشداری بكات،هەر ئەمەیە وایكردووە ئەوانە تووشی هیستریا ببن، ئەمەیش وایكردووە ئەو حزبە بچووكانەی ئەو پارچەیە و بەتوجیهێكەوە تۆمەتى ناڕەوای بۆ هەڵببەستن و بزانن چ شتێك دەبێتە هۆی ناشیرینكردنی ئەو كابرایە و حزبەكەى بێ سڵەمینەوە پەناى بۆ ببەن، كە دواین لێدوان و ئەو سەركۆنەیان لە خاڵێكدا چڕكردەوە گوایە موسلیم جاشە وەئەگەرنا چۆن ڕژێمى بەشار ئەسەد بەبێ شەڕكردن هەندێ لەناوچە كوردیانەى بۆ بەجێ دەهێڵێ؟

لە تەكتیكى سەربازیدا هەموو شتێك رێی تێ دەچێ، خۆ هەموو مان بینیمان لەكاتى شەڕی براكۆژی لەهەرێمى كوردستان خەڵكانێك لەشەڕەكان بریندار دەبوون و بەهۆی بوونى لیژنەى هەماهەنگی لەنێوان ئەو لایەنە كوردیانە و ڕژێمى دیكتاتۆری بەعس، ئەو كەسانە بۆ چارەسەری ڕەوانەى بەغدا دەكران و هیچیش لەگۆڕێ نەبوو، تەنانەت لە ڕاپەڕین و دوای چەند جار دانووستانەكانى نێوان سەركردایەتى كورد و بەعس بۆ بەغدا، لە زۆر شوێن حكومەتی بەعس هێزەكانى بەبێ شەڕ بۆ پێشمەرگە بەجێ هێشت بێ ئەوەى یەك تەقە چیە لەیەك بكەن، خۆ ئەگەر ئەوها بیر بكەینەوە كەواتە دەبێ هەموومان گومان لەناخمان دروست بكەین كە ئەو حزب و هێزە سیاسیانەى لەمەڕ خۆمان چۆن چۆنى بەبێ شەڕ هاتنە ئەو شوێنانەى پێشتر سەربازگەو دام و دەزگاكانى بەعسی لێبوو؟ خۆ هەڵدانەوەى لاپەڕەكانى پەیوەندی بوونى هەندێ لەو هێزە سیاسیە كوردیانەش بە بەغداوە لەڕێی بڵاوكردنەوەى دیكۆمینتارەكانەوە كە لایەنە سیاسەكان لەشەڕی ناوخۆدا دژ بەیەك بڵاویان دەكردەوە ئیدى هیچ تەم و مژێك نەدەما تا ئیدى گومان ببەین كە ئەو هێزانە پەیوەندیان نییە و دوور و نزیك نەبوونەتە جاش و داردەستەى بەعس.

پەیەدە بۆ ئەم قۆناغە زەرورەتێكى مێژوییە بەتایبەت لەهەمبەر ڕاگەیاندنى حكومەتێكى لامەركەزى و دروست كردنى پەرلەمان بۆیە پێویستە هەموو لایەك پشتگیری لەو هەنگاوە بكات و ببنە دەستبارگر و هەماهەنگ دەرهەق بە پێشكەوتنەكان و داهاتووى كورد لەو پارچە دەستكردەى كە بە فیتى ناحەزان بووە بە واقعێكى تاڵ.

هەقە هەموو لایەنە سیاسیەكان(هێزەكانى خۆرئاوای كوردستان) بە خودی پەیەدەیشەوە لە ڕوانگەى هەست بەبەرپرسێتیەوە بەرژەوەندى نەتەوەیی و نیشتیمانى لەسەرووى هەر بەرژەوەندییەكى تایبەت دابنێن و واز لەهەموو ئەو دەستەواژە دژوار و نەشیاوانە بێنن كە كوردی پێ ناشیرین دەبێ و خزمەت بەڕەوتى كوردایەتیان ناگەیەنێ، مێزى گفتوگۆ بكەنە دەروازەى چارەسەری كێشە و ناكۆكیەكانیان، هەروەها هەوڵەكان لەو چوارچێوەیە كورت بكەنەوە با ئەوەندەى لەخەمى لەكەداركردن و سووك كردن و لاوازكردنى یەكدیدان، خەونى لەمێژینەی هەموو تاكێكى كورد لەسەربەخۆیی بەرجەستە بكەن ئەوەش ئەوەندە گران نییە نەتوانن ماڵی خۆیانی پێ لەو پارچەیە رێك بخەنەوە و نەتوانین واز لەو زمانە زبرە بێنین كە جگە لەڕق ئەستووری بەرامبەر بەیەك و هەنگاوەكانى خەونى گەورە كاڵ دەكاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە