ئەی ئەگەر هۆمەرمەنان شێت بوو؟

Wednesday, 30/09/2009, 12:00

2997 بینراوە


قسەكردن لەسەر ئەركی هەندێ لە مەكتەبو لیژنەكانی كاری بیرو هۆشیاریو رۆشنبیری لە ناو پارتە سیاسییەكانی كوردستان، ئەگەر راستەوخۆ نەمانبەنە سەر ماڵێك لە تارمایی ئەندامانی خانەنشینو بیروكراتو بێ بەهرەو بێكار كە لەبەردی ئایدۆلۆژیا بت بۆ سەركردەكانیان دروست دەكەن، ئەوە لە لاوازترین حاڵەتدا دەمانبەنە بەردەم خێزانێكی "نا تەبا" لە رۆشنبیر،كە بە پێناسەی باوی ژیانی حزبایەتی، پێودانگە بنچینەییەكانی خەتی فكریو سیاسی ئەو حزبە دەخەنە بەردەم كۆبونەوەی سەركردایەتی راپۆرتیش بۆ كۆنگرەكانی ئامادە دەكات.
لەپاش كۆنگرەیش ئەگەر بودجەی بەلاش لەبەردەستدا بێت دەستدەكەن بەچاپكردنو بڵاوكردنەوەی هەندێ نامیلكەو كتێب كە لە بۆنەكانی حزبدا بەخۆڕایی بەسەر ئەندامانو دامەزراوەكانیاندا دابەشدەكرێ، ئەمەش نەكەن ئەوە دەبێت راپۆرت سەبارەت بەژمارەی سەردانو بەشداری پرسەو سەرقەبرانی هونەرمەندو رۆشنبیران بۆ سەركردایەتییەكەیان بنێرن.
سەرباری ئەو راپۆرتە "گرنگ"و ئەركە "گەورەانەی" كەلەسەرەوە
ئاماژەمان پێكردن، مەكتەبە نازدارەكەی بیرو هوشیاری یەكێتی لەئاڵۆزترین و ناسكترین، بارودۆخی رێكخراوەییو فكری ئەم حزبە كتێبێكی وەرگێڕدراوی بەناونیشانی (گەشتنامەی ئەسفەهانی بۆ ناوچەكانی سنوری ورمێو رەواندز) خستە بەردەم دیدی ئەندامانو خوێنەرانی پەرۆش بۆ كتێبی گەشتیاری. پێشتریش كتێبی نوسەرێكیان بە ناونیشانی (تاڵەبانی جۆرج واشنتۆنی عیراق)ە خستە بەر دیدی ئەو خوێنەرانەی كە (نەوشیروان مستەفا) بە ماندێلای كورد ئەزانن.
بەرپرسی مەكتەبی بیرو هوشیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك "جەژنانە"ی دواى رەمەزان، لە ژمارە (561)ی رۆژنامەی هاوڵاتی دا رایگەیاندووە لیستێك بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرەتای ساڵی ئایندەى پەرلەمانی عێراق دروستدەكات و ئێستا لەسەرانسەری عێراقدا سەرقاڵی كاركردنو دەنگ كۆكردنەوەن بۆ ئەو لیستەو لەم پێناوەشدا "پێدەچێت واز لە پۆستەكەی بهێنێت لە ناو یەكێتی"دا.
بەرپرسی مەكتەبە نازدارەكەی حزبى ئەندام لەسۆسیال ئەنتەرناسیونال، لەبری پێشكەشكردنی مشورەتو چالاككردنی باری فكری ناو یەكێتی، لەبری رێكخستنی دەیان مێزگرد و كۆڕو دیداری رۆشنبیری لەسەر بابەتەكانی ئەمڕۆ، لە بری قوڵكردنەوەی دیالۆگی فكریو هاندانی ئەندامان بۆ بەهێزكردنی بیرو هوشیاریان، كەهەندێك رەگو ریشەی ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بۆ ئەم مەسەلەیە دەگێڕنەوە، بڕیاری پێكهێنانی لیستی جیاواز لە یەكێتى دەداتو سەرلەنوێ عەرەبانەكە دەخاتەوە بەردەم ئەسپەكە.
ئەم مۆدێلە لە لێدوانی رۆژنامەوانی بۆ كەسێك شیاوە كە وەزعی فكری لەگەڵ ئەو حزبە دەمێك بێت گەیشتبێتە قۆناغی دابڕان، بۆ كادێرێكی پێشكەوتوی ئەو حزبە ناگونجێت كە دەزانێت ،(ئیدارەی كوردی ئاستەنگو ئاسۆی گەشەكردنی) چین؟
ئەمجارەیان مامۆستاكەی بیرو هوشیاری یەكێتی، لەبری هۆڵی نمایشیكردن كتێبو بتەكانی هزری سۆسیال ئەنتەناسییۆنال، سەر لە نوێ زنجیرە درامای كانتۆناتی ناو یەكێتیمان بۆ نمایش دەكات، كە هەموو تەكتولاتو جیابونەوە لەژێر ئەو ناونیشانانەدا ئەنجام درانو دەدرێن، ئاسەوارەكانی لە مەودای بینراوو نەبیراودا روخێنەر بوونو دەبێت.
خۆ ئەگەر لێدوانەكەی بەرپرسی مەكتەبی بیرو هوشیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەكتیكێكی ناوخۆی رەوابێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ، ئەوا هێندە كاریكاتۆرانە داڕێژراوە كە مەگەر تەنها پەندی پێشینان تەسلیمەكانی بكاتەوەوە، ئەوەی هۆمەرمەندانیش سادەترینیانە.
[email protected]





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە