قارەمانی فەیسبوک و گاڵتەجاڕی بە چارەنووسی گەلێک

Sunday, 10/08/2014, 12:00

3679 بینراوە


کاتێک پێشمەرگە دژی داعش لە سەنگەردا بوو، قارەمانەکانی فەیسبوک بۆ وێنەگرتن و خۆدەرخستن دەچوون سەردانی سەنگەرەکانیان دەکرد. کاتێک داعش پەلامار دەدات و لەسەرکەوتندایە، تینیان بۆ دەهێنن، پاڵەوانەکان دەنگیان نامێنێت، هەر یەکە تێدەتەقێنێت و رادەکات، کوردگوتەنی (خواحافیز مەعێن لە ماڵەوە بانگم دەکەن)، بەڵام کاتێک قارەمانەکانی قەندیل و خۆرئاوا، ئینجا ئەمەریکا دێنە ناوەوە، ورەی پێشمەرگە بەرز دەبێتەوە و شکست بە داعش دەهێنن. کەچی لە جیاتی بەرز نرخاندنی پێشمەرگە و هێزەکانی پەکەکە، دیسان قارەمانەکانی فەیسبوک دەردەکەونەوە. تەماشای مەلا بەختیار بکەن بە شەبقەوە ئەڵێی فلیمی کۆمێدیی دەردەکات. پێشمەرگە و هێزی بەرگریی گەل گەیشتۆتە ئەو رادەیەی کە بووە بە گاڵتەی منداڵان. تەلەفیزیونەکان ریکلام بۆ (لاهور) و (پۆڵاد)ی برای و باڤێڵی ئامۆزی و مەلا بەختیاری خەزوری باڤێڵ دەکەن. ئاری هەرسین هەر زوو فشەی خۆی کرد و داوای پلەی سەربازیی لە سەرۆکی هەرێم کرد بۆ ئەوەی بچێت ئەو سوپایە چاک بکاتەوە کە (هێلی لەڤ) پێشتر دەستی پێاهێنابوو، مەگەر هێزی پێشمەرگە خۆی نەبێت ئیتر هەر یەکە و لای خۆیەوە پۆز بەسەر هێزی پێشمەرگەدا لێدەدات. تەماشا بکەن چۆن لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵی نەزان دەڵێی کۆنکەن دەکەن وەکو ئەمان ناپلیۆن، رۆمل یان چەرچڵ بن لاسایی پیاوی گەورە دەکەنەوە و لە بەرەی شەڕیشدا پێشمەرگەی بێ موچە و پەکەکە خوێن دەڕێژن.
تەماشای تەلەفیزیۆنەکان بکەن، چۆن چارەنووسی گەلێک بووە بە گاڵتەی منداڵان و پرۆپاگەندە بۆ خاوەن کۆمپانیا و مافیاکان دەکەن.


- لاهور شێخ جەنگی و براکەی ئێستا کۆڵان بە کۆڵان لە مەخمور شەڕ لەگەڵ داعشدا دەکەن.
تاقمێک پێشمەرگە لە مەیداندا دەڵێن ئێمە جەماعەتی کاک کۆسرەتین. تەماشابکەن پاڵەوانانی فیسبوک شەڕیانە لەسەر ئەوەی کە کامیان فشە و ریکلام بکات بەو شەڕانەوە، کە هەژارانی تیا دەچن. دەک داوەشێن نووسەران و مێدیا گەندەڵەکان کە لە دزەکان روورەشترن.


ئەی باشە وەزارەتی پێشمەرگە و ئەم هەموو لیوا و جەنەڕاڵ و ئەم هەموو پێشمەرگە کۆنانەی بابەتی: شێخ جەعفەر، مام رۆستەم، عوسمان حاجی مەحمود، مستەفا چاوڕەش، وەهاب، ئاوات قارەمانی، حامی حاجی غالی، دلاوەر ..هتد چیان لێهات؟ چۆن فەرامۆش کراون و لە جێگایان ئەم هەموو قارەمانە لە فیسبوکەوە هاتنە دەرەوە و جێگای ئەمانی گرتەوە؟


تەماشای ئەم حکومەت و دەستەڵاتە هەزیلە بکەن، چۆن کچێک بۆ وێنەگرتن ئەم هەموو ملهوڕ و شان پانانەی ریز کردووە! خۆیان سوک کردووە، کچێک کە ناوی (هێلی لەڤە) و لە گۆڤارێکی ئیسپانیدا قسەیان لەسەر کردووە.


تەماشای وەزیری پێشمەرگە مستەفای سەید قادر بکەن ئەڵێی بانگوشە و لە بانگێران هاتۆتەوە لەسەر شۆستەیەک دانیشتووە، دەستی خستۆتە چێشتەوە. ئەرێ ئەوە کوا لە کوێن؟ ئەوە خۆی و جەنەراڵەکانی ئەقڵیان پێ ناشکێت ئەوە گاڵتەجاڕییە بەوان دەکرێت، هەر مناڵەورتکەی بەرپرسەکانە، لە لای خۆیەوە نەخشەی شەڕ دادەنێت؟ وەزیری پێشمەرگە بۆچی ناچێت لە دارە سوتاوەکەی سلێمانی کۆمەڵێک نەخشەی جەهەنەمی بکڕێت؟


ئەڵێن مستەفا سەید قادر بە دوای مەنسوری کوڕی مەسعوددا دەگەڕێت.
زێڕەڤانی چاکی کرد. هەر زوو سەری خۆی هەڵگرت.
ئەرێ ئێوە کوردینە بەچی غیرەت دەتان گرێت؟
کوا ئەو پێشمەرگانەی کە چەندەها هاوڕێیان شەهید بوون، یان لە دار دران؟ چۆن ئێوە تەریق نابنەوە؟ ئایا هەق نییە گومان لە رابردوشتان بکرێت!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە