دەسەڵاتدارانی باشووری كوردستان هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانەیان بۆ ئەو مۆڵەتنامەی "هێرش بۆ ده‌روه‌ی سنووره‌کان "نەكردووە ـ

Thursday, 15/10/2009, 12:00

2018 بینراوە


لەكاتێكدا بە نسبەتی چارەسەری دۆزی كورد لەتوركیا جمۆجۆلێكی هەمەلایانە لەئارادایەو قۆناخەكە گەیشتووە ئەو ئاستەی كە ئیدی پێویستە رووی راستی سیاسەتەكانی حكومەتی توركیا لە دانیشتنی پەرلەماندا بە تەواوی ئاشكرا ببێت. درێژكردنەوەی مۆڵەت نامەی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور لەپەرلەمانی ئەو وڵاتەدا بۆ ماوەی ساڵێكی تر، لەنێو رای گشتی كوردستان و هەرێمەكەدا رێ لەبەر كۆمەلێك گۆمانی جدی و بنەڕەتی كردۆوتەوە.
لەو قۆناخەدا حكومەت و رایەدارانی دەوڵەتی توركیا هەمیشە پێداگریان لەسەر چەند بابەت كردووە، كە بەو بڕیارەی پەرلەمان هەموویان لە بنەڕتەوە هەڵوەشاندەوە. یەكەمین بابەت، راوەستاندنی ئێش وژان و فرمیسكی دایكان و راوەستانی خوێن. سەروك وەزیران ئەوە چەند مانگە هەر باسی ئەوە دەكات. ووتارەكانی ئەوەندە لایەنی سۆزداری لەپێشە كە وەزیر و پەرلەمانتارەكانی خۆیان پێ راناگیرێـت و دەگرین. بەڵام لە هەموو ئەو ماوەیەش دا بگرە یەك رۆژیش ئۆپەراسیۆنی سەربازی رانەوەستاوە. سەرەرای ئەوە كە لایەنی كورد و هێزی پاراستنی گەل لەقۆناخی بێ چالاكی دا بوون، بەڵام بە شێوەیەكی هەمیشەیی ئەرتەش و حكومەتی توركیا هەوڵیان داوە ئەم هەڵوێستەی هێزی گەریلا نەك وەكو دەرفەتێك بۆ ئاشتی و بە كۆتایی هاتنی شەڕ، بەڵكو لەپێناو خوێن ڕشتنی زیاتر و گۆڕ كردنی شەڕ بەكار دێنن. ئەوە ئێستاكەش دەبینین كە مۆڵەت نامەی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور (كە ستراتیژیی ترین جمۆجۆڵی سەربازی ئەرتەشی توركیایە لەدژی كورد) لەلایەن پەرلەمانی توركیا بە كوێ دەنگ ئەرێ كرا. هەموو ئەو هێز وپارتانەی كە سبێ هەتا ئێوارە جنێو بە یەكتری دەدەن هێرش دەكەنە سەر ئەو قۆناخەی كە گوایا مۆناقشەی چارەسەری دۆزی كورد دەكرێت، ئەوە چەند مانگە بۆ ئاشتی و راوەستاندنی شەڕ چ كاتێك لەیەكیان نەكردووە، بەڵام بۆ درێژەپێدانی شەڕ بەكوێ دەنگ لەپەرلەمان دا یەك دەگرن.
لەراستیدا دەركەوت كە ئەردۆغان وەكو بازرگانێكی شەڕ لەسەر ئێش و ژان و فرمیسكی دایكان ئەو وڵاتە بە كورد وتوركەوە سیاسەت بەرێوە دەبات. پرسیار ئەوەی كە باشە، ئایا بەبێ ئەوەی شەڕ و ئۆپەراسیۆن راوەستێت، كوژرانی مرۆڤەكان رادەوەستێت. ئایا بەبێ راوەستاندنی شەڕ(ئەو شەڕەی كە هەرچی رۆژە رۆڵەی ئەو دایكانەی تێدا دەكوژرێت) چۆن دەتوانن پێش لە ئێش وژان و فرمیسكی ئەوان بگرن. ئەردۆغان لەوانەیە هەر بەتەنیا لەكتێبەكان و لە شیعرەكان و هەندێكیش لە ئەخلاقی بازرگانی سیاسی فێر بووبێت كە دایكانی ئەو وڵاتە لەبەر مردنی رۆڵەكانیان جەرگییان بسۆتێت. ئەگەر وەك مرۆڤ، وەك بەرپرس، وەك ئاشتی خواز هەڵس و كەوتی كردبایا، ئەوە پێویست بوو بەكردەوە خاوەن لە قسەكانی دەركەوێت و بۆ راوەستاندنی ئێش و ژانی دایكان هەوڵ بدات شەڕ راوەستێنێت. بەڵام ئێستا پەنجە مۆری خۆی لەژێر بەڵگەو سەنەدی درێژە پێدانی شەڕ داوە.
بابەتێكی تر كە دەوڵەتی توركیا زۆر پێداگری لەسەردا دەكات، ئەوەیە كە دەڵێن بۆ دۆزی كورد موخاتەبی ئەساسی پەرلەمانی توركیایە. هەر لەسەرەتاوە دیارە كە دەیانەوێت بە بێ مۆخاتەب گرتنی چ لە دەزگا و دامەزراوەكانی كورد كە نوێنەرایەتی ئیرادەی ئەو گەلە دەكەن بۆ خۆیان هەندێك شت پێش بخەن. واتا باسی چارەسەری دۆزی كورد دەكرێت، بەڵام بە هیچ شێوە پرس و را بە یەك كورد ناكرێت. دەستبەسەرداگرتنی نەخشە رێگای بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەر لەم چوارچێوەیەدایە. چۆن كە دەزانن ئەگەر ئەو نەخشە رێگایە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن ئەو كاتە بەناچاری پێویستە هەڵوێستی خۆیان بەكردەوە لەمەر هەموو بابەتەكان دیار بكەن. ئەوەی كە قەبوول دەكەن و ئەوەیشی كە رەدی دەكەنەوە بەدەر دەكەوێ، ئەمەش بەواتای موزاكریەكی ناراست وخۆ دەبێت. بۆیەش بەهیچ شێوەیەك نایانەوێت خۆیان لە قەرەی ئەم مەسەلەیە بدەن.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە ئایا ئەو پەرلەمانەی كە خۆی ئامادە دەكات كە سەر دۆزی كورد دانیشتن بكات بۆ گەلی كورد چەند جێ باوەری ومتمانەیە. ئەو پەرلەمانەی كە هەر لەم ماوە كورتەدا بڕیاری درێژە پێدانی شەڕی بەكوێ دەنگ ئەرێ كرد، هەر هەمان پەرلەمان و پێكهاتە سیاسییەكانی چەندە بۆ چارەسەریكی دیموكراتیانەی دۆزی كورد كراوەن و جێ متمانەنە. بەراستی ئەوەندەی هەتا ئێستا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە كوردان باوەڕییان بەم شێوە هەڵس وكەوتە دووروویانەیە لەدەست داوە، مەگەر ئەوەی كە مۆعجزەیەك روو بدات.
مۆڵەتنامەی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور ئەوە جارێ یەكەم نییە كە لە پەرلەمانی توركیا ئەرێ دەكرێت و بەكردەوەش جێ بەجێ دەكرێت. هەتا ئێستا ئەرتەشی توركیا زۆر جار ئەمەی تاقی كردۆتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك زەحمەتیشی لەگەڵ خۆیدا هێنا، بەڵام هیچ كاتیش نەیتوانیووە بگاتە ئامانجەكانی، هەمیشەش زەبڕێكی كۆشندەی بەر كەوتووە. دیارە مۆڵەتنامەی ئەم جارە لەبواری پێگەی سیاسی و نێونەتەوەییەوە ئەو هاوپەیمانییەی كە توركیا چاوەڕوانی دەكات لەجاران زۆر لاوازترە و لەگەڵ ئەوەش لایەنی كوردی و هێزی پاراستنی گەل لەباری ئەزموون و ئامادەكاری و رۆحی خۆڕاگریش دا بەتەواوی بەسەر ئەرتەشی توركیادا باڵادەستە. هەر بۆیەش ئەم مۆڵەتنامەیە بە سەقەتی لەدایك بووەو چ كاتێكیش ناتوانێت ئەو ئامانجانەی كە بۆ خۆی دیاری كردووە پێ بگات، بەپێچەوانەوە ئەمەش ئەبێتە، تكراری شكستێكی تر بۆ دەوڵەت و ئەرتەشی توركیا.
وەكو لایەنی كورد ئەو مۆڵەتنامەی و پێداگری توركیا لەسەر سیاسەتی شەڕخوازانە بە وردی چاودێری دەكەین و هەتا ئێستا بەو پەری فیداكاریی و بەئاگربەستی یەك لایەنەو لەگۆڕەپانی سیاسی و جەماوەریش بە چالاكی ئاشتی خوازانەو دیموكراتیدا پێداگریمان لەسەر لەسەر راوەستاندنی شەڕ و چارەسەری دیموكراتیانەی دۆزی كورد كردۆتەوە. لەئێستا بە دواشەوە ئەم هەڵوێستە بە گۆنجاوترین هەڵوێست لەقەڵەم دەدەین و پێویستیەكانیشی جێ بەجێ دەكەین، بەڵام ئەگەر سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵدانەشمان دەوڵەتی توركیا پێداگری لەسەر شەڕ بكات، ئەوە ئەو كاتە لەهەموو روویكەوەو لەئاستێكی بەرزدا بەرنگاری دەبینەوەو كەرامەت نەتەوەیی خۆمان دەپارێزین.
لەسەر مۆڵەتنامەی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری پەرلەمانی توركیا و رەنگ دانەوەی لەسەر هاوسەنگییە سیاسییەكانی هەرێمەكە كۆمەڵێك بیرو بۆچوونی جاوازی خۆڵقاندووە. رای گشتی گەلی كوردستان و هێزی دیموكراتیخواز و ئاشتی خوازان و گەڵ ئەوەش هەندێك لە هێزە نێونەتەوەییەكان بەگۆمانەوە سەری ئەم بڕیارەی توركیا دەكەنەو هەڵوێستێكی ئەرێنیان نیشان داوە. بەڵام بەتایبەتی رایەدارانی باشووری كوردستان لەمەڕ ئەو مۆڵتنامەیە بەپێ پێویست هەڵسەنگاندنیان بۆی نەكردووەو تەنانەت لەئاستی پەیوەندییان لە دەرەوە و ناوخۆی هەرێمیش وەكو ئەوەی كە گوایا ئەو مۆڵەتنامەیە كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی كوردان نابێت، نرخاندووەو وا نیشانی دەدەن كە ئەوە مافی دەوڵەتی توركیایە كە بەچ شێوەیە مامەڵە لە گەڵ دۆزەكەدا بكات. ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەر لەو ماوە كورتەی دوای دەركەوتنی ئەو مۆڵەتنامەیە لەلایەن پەرلەمانی توركیاوە، كاریگەرییەكانی لە هەرێمی كوردستان بەدێ دەكرێن. ئەوەتا لەشاری كەركوك رۆژانە بەرەی توركمانی و جبهەی توركمان لەهەوڵی گێرەشێوێنی دان. لەچەندی شوێنی ئەو شارەدا بە رەش كردنەوەی ئەو تابلۆ و شوێنانەی كە بە زمانی كوردی نووسراون كردووەو لە زوربەی شوێنەكانی شارەكەدا لافیتەی كەركوك توركمانییەو بە توركمانیش دەمێنێتەوە هەڵواسیووەو لە ئاستی قۆتابخانەكانیش دا، لەچەندین شوێن بەشە كوردییەكانیان رووبەرووی مەترسی داخستن و قەپات كردن بوونەتەوە. تەنانەت لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێراقیشدا ئەو پێداگرییەی كە بۆ دواخستن یانیش هەڵواسراوە مانەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لەكەركوك دەكرێت راستەوخۆ پەیوندی بەم بابەتەوە هەیە.
دۆزی كورد لەقۆناخێكی زۆر هەستیار و چارەنووسسازدا تێپەردەبێت، تێكۆشان و ئیرادەی دیموكراتیانەی گەلی كورد توانییوویەتی رێ لەبەر قۆناخێكی واتادار و چارەسەریكی ئاشتیانەو دیموكراتیانە بكاتەوە. بەڵام ئەوەش دیارە كە هێزی قەوارە پارێز و رانتخوارانی شەڕ هێشتاش پێداگری لەسەر سیاسەتی شەڕخوازی دەكەن و دەیانەوێ دەرفەتەكانی ئەو قۆناخە هەستیارە تێك دەن، بۆیە وەكو لایەنی كورد پێویستە بزانیین كە داهێنانی دیموكراتی و ئاشتی بەدەلی گەورەی دەوێت و پێویستی بە تێكۆشانێكی نەتەوەیی هەمە لایەنە هەیە. لەم چوارچێوەیەدا گەلی كورد پێویستە بەو پەری هۆشیاری وهەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو قۆناخەدا بكات و لەئاستی نەتەوەیی لەهەموو كوردستان و لەدەرەوەی وڵاتیشدا پەرە بە چالاكی و تێكۆشانی دیموكراتیانەی خۆیان بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە