سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


چەند کورتە وەڵامێک بۆ هەندێک لە گاڵتەجاڕیەکانی وتارەکەی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی

Saturday, 28/07/2012, 12:00

1385 بینراوە







لەو تارێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە مەسعود بارزانی ئەڵیت: من ئەو کاتە لە مالیكی نائومێد بووم کە لە ساڵی ٢٠٠٨سوپای عێراقی بە تانک و زرێپۆشەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پێشمەرگە ڕەوانەی دەورووبەری خانەقین کرد.

باشە ئەپرسین لە بارزانی: ئەگەر تۆ لە ٢٠٠٨ لە مالیکی نائومێد بوویت، ئەی خێرە دوو ساڵ دوای ئەوە لە هەولێرەوە مالیکیتان کردەوە بە سەرۆک وەزیران و بە شانازیەوە لە راگەیاندنەکانتانەوە باستان لە فریشتەبوونی خۆتان ئەکرد و گوایە جەنابتان کۆتری ئاشتین؟؟ خۆت وحیبزە هاوپەیمانەکانت چۆن مالیکیتان کردوە بەسەرۆک وەیزران و ئاواش ئەبێت خۆشتان باجەکەی بدەن نەک خەڵکی کوردستان و دەنگی ناڕازی لە کوردستان.

لە بەشێکتری وتارەکەیدا بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بابەتی سەندنەوەی متمانە لە مالیكی لە نێوان هەڵوێستە جیاجیاکاندا قسەی زۆری لەسەر کرا. هەندێک وا پیشان دەدەن کە ئەمەیان پرۆژەی من بووە، بەڵام ڕاستییەکەی وا نییه‌ و پرۆژەی کەسانی دیکە بوو نەک هی من. من پێشنیاری دیکەم هەبوو بۆ گۆڕینی ئەو نەهجەی کە مالیكی لە سەری دەڕۆیشت. پێشنیارم کرد چاکسازیی ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی عێراقدا بکرێت و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبوڵ کردن پتەو بکرێن، چونکە کڕۆکی کێشەکە ئەمەیە، بەڵام دوای ئەوەی هێزە سیاسەکانی دیکە بە ئامادەبوونی بەرێز سەرۆک کۆمار کۆبوونەوە، بابەتی سەندنەوەی متمانە بوو بە داواکاریی ئامادەبووانی دانیشتنەکە و منیش پاڵپشتیی ئەو کۆدەنگییەم کرد و لاریم نەبوو، چونکە ڕاستییەکەی ئەزموونەکانی ڕابردوو لە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان و پابەندنەبوون بە دەستوور دەرگای ئومێدی بە مالیكیی داخستبوو.

ئەرێ بەڕاستی ئەوە مەسعود بارزانی نەبوو لە ئەمریکا و دواتر لە کوردستان هەڕەشەی لابردنی مالیکی ئەکرد و خۆی سوور کردبووە و دواتریش بە فڕۆکەیەکی تایەبەتی نێچیرڤان بارزانی نارد بەدوای موقتەدا سەدردا و هێنای بۆ هەولێر و تەنانەت بارزانی بە ڕۆژێکی مێژوویشی وەسفکرد و پاشان لە گەڵ لیستی عێراقیە و سەدردا کۆبوونەوە و داوای متمانە سەندنەوەیان لە مالیکی ئەکرد؟؟ دیارە بارزانی بەهۆی شکستەکەیەوە یان زاکیرەی تێکچووە یان ئەوەتا خەڵک بە گەمژە ئەزانێت.

هەروەها بارزانی لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێت: بەداخەوە لە ناوەوەی هەرێم ئەم بابەتە هەستیارە ئاوێتەی بابەتی شەخسی و ململانێ و موزایەداتی سیاسی کرا، ئەمەشیان کارێکی ناڕەوابوو بەرامبەر ماف و داخوازییەکانی گەلەکەمان و زیانی بۆ ناوماڵی کوردستانی و پێگەی لە عێراقدا هەبوو. بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانی ئەم هەڵوێستە دەرببڕم و هۆشداری ئەوە بدەم کە ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا کاری بۆ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا مەترسیی گەورەی بۆ گشت لایەک لێدەکەوێتەوە، بابەتەکەم وروژاند تاکو گشت لایەک بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن.

بەبۆچوونی من ئەگەر شکیردنەوە و وتنی راستیەکان بۆ خەڵکی کوردستان کە شەڕی بارزانی شەڕی گریبەستە نەوتیەکانە و پارەکەی ئەچێتە تاختە باخەڵی خۆی و بنەماڵەکەوە مزایەدەی سیاسی بێت ئەوە جیگای شانازیە ئەو موزایەدەیە، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردودا خەڵکانی بەئاگا زۆریان وتوو زۆریان نووسی لەسەر ئەوە نابێت ماڵی دووژمنەکەی خۆت بنیات بنێت و شانازی پێوە بکەیت، بەڵام لەو کاتانەدا بارزانی بە شانازیەوە باسی لەوە دکرد کە بە دوو لیوای پێشمەرگەوە بنیاتی جێشی عێراقیان ناوە، ئەوتا هەر لەم وتارەیدا دانی پێدا دەنێت و ئەڵێت: ئێمە بەشدار بووین لە دروستکردنی عێراقی نوێ و قوربانیمان بۆی داوە.

کەچی بارزانی تازە بە تازە لە خەوی سەرکورسێکەیدا هەڵساوە و خەبەری بووەتەوە و ئەڵێت: بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانی ئەم هەڵوێستە دەرببڕم و هۆشداری ئەوە بدەم کە ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا کاری بۆ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا مەترسیی گەورەی بۆ گشت لایەک لێدەکەوێتەوە!!؟؟.

بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێستاش هەر کەسێک لەو بڕوایەدایە دەتوانێت کێشە هەڵواسراوەکان لەگەل مالیكی یەکلابکاتەوە، رێگا لەبەردەمی کراوەیە و ئامادەم بە پێی دەسەڵاتی خۆم فایلی ئەم کێشانەیان ڕادەست بکەم. کێ دەتوانێت بێت و سیستەمی دیموکراسی و حوکمڕانی لە عێراقدا بخاتە سەر ڕاستەڕێی و لە دەست پاوانخوازی و قۆرخکاری دەریبێنێت با هەنگاو بنێت.

مەسعود بارزانی وەکو گەمژەیەکی سیاسی ئێستا کە شکستی خواردوە لە بەرامبەر مالیکی و سیاسەتی جیهانیدا، ئەوجار هاتووە ئەیەوێت مەلەفی كێشەکانی نێوان هەرێم وحموکەتی عێراق و تەسلیم بە لایەنەکانی تری کوردستان بکات؟ بەخەیاڵی خۆی ئەیەوێت ئەو لایەنانەی کە تائێستا بەشداری پێنەکردوون لەم کاتەدا بەشداریان پێبکات و دواتر ئوباڵی شکستەکانی خۆی بخاتە ئەستۆی ئەو لایەنانەش و دەستی چەوری خۆی بەوان بسڕێتەوە.

هەر لە وتارەدا مەسعود بارزانی ئەڵێت :دەمەوێت لێرەدا بە هەڵگرانی ئەو عەقلییەتە بڵێم، سەردەمی ئەوە بەسەرچوو بیر لەوە بکەنەوە جارێکی دیکە هێزە سەربازییەکانیان و ئەمن و پۆلیسیان بێنن و بە سەر گەلەکەماندا بیانسەپێنن. ڕێگە نادەین عێراق بۆ دواوە بگەڕێننەوە و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و گەلانی دیکەی عێراق بکرێتە قوربانی هیچ ئەجندایەکی ئیقلیمی یان ویستی بەرتەسکی شەخسی.

ئێمەش ئەڵێن راستە سەردەمی ئەوە بەسەر چوو کە لەڕێگای هێز و دەسەڵاتی پۆلیسیەوە گەلەکەمان بچەوسێنرێتەوە، بەڵام خۆ مەسعود بارزانی خۆی لە کوردستان خەریکی بنیاتنانی حوکمێکی پۆلیسی مەلیکیە و ئەیەوێت لەو رێگایەوە خەڵکی ناڕازی کوردستان سەرکووت بکات و بیانکات بە کۆیلەی خۆی و بنەماڵەکەی. سەیرە مەسعود بارزانی ئەو قسانەی بە مالیکی ئەێڵێت لە خۆیشیدا وجوودی هەیە، لە کوردستان خۆی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی لەبەرچاو گرتووە و بەرژەوەندی گشتی لەژێر پێناوە و خۆیشی بووە بە وەکیلی ئەجیندای ئیقلیمی لە ناوچەکە، لە کوردستانیش خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز وئۆپۆزسیۆن داوای ئەو دەکات کوردستان نەکرێتە حوکمێکی پۆلیسی عەسکەرتارێت، کەچی هەزار ناوناتۆرەی جۆراوجۆریان لەلایەن پارتی بنەماڵەوە بۆ هەڵ ئەبەسرێت و بە خیانەتکاری لە قەڵەم ئەدەن.

هەروەها بازانی باسی ئەوە دەکات كە دەڤەرەکە گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە و گۆڕانکاری زۆرتریش بەڕێوەیە،ئێمە لەکاتێکدا پشتیوانی لە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلانی ناوچەکە دەکەین.

ئەوەی بارزانی بە مالیکی ئەڵێت، ئەوە هەمان داخوازی خۆپیشاندەرانی ١٧ شوباتی ساڵی پاری دەڤەری سلێمانی بوو بۆ دەسەڵاتی بارزانی و وەچەکانی، کەچی پارتی و بنەماڵە و هێزە هاوپەیمانەکەی بە گولە و تیرۆکردن و رفاندن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان وەڵام دیەوە و دەیان کەسیان شەهید و بریندار و ئەشکەنجەدا. خۆ ئەگەر بەو پێوەرە بێت ئەبێت مەسعود بارزانیش لەسەر ئەو قسەیە تەقەی لێبکرێت و و بکوژرێت.

بارزانی لە وتارەکەید داوا دەکات کە با گشت لایەک بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان لە سەرووی بەرژەوەندییە تەسکەکان دابنێن. ئەم تەنگژانەی لە عێراق و ناوچەکەدا هەن ئامرازی موزایەدەی سیاسی و بەکارهێنانیان لە دژی یەکتر نین، هەر کارێکی وا بۆ سەر داهاتووی کورد و کوردستان لە دەڤەرەکەدا مەترسیدار دەبێت. ئەم رەوشە بەرپرسیارییەتیەکی گەورەی مێژوویی خستۆتە سەر شانی هەموو لایەک.

ئەو یەک ریزیە بەوە نایەتە دی کە لە کوردستان مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی سەروەت و سامانی خەڵک بە تاڵان ببەن و یاسا لە ژێر پێ ئەواندا بێت و خەڵک بڕفێنن لەسەر بیروبۆچونی سیاسی و بنایتی عەقڵێتی حوکمی پۆلیسی بنێن و بە زۆرینە هەموو ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە لەبەرژوەندی بنەماڵەکەی خوێدا تێپەڕێنن و خۆیان حوکمێکی ستەمکارانە بەڕێوەبەرن. بەڵکو یەک ریزی بەوە بەدی دێت کە سەروەت و سامانی خەڵک بە تاڵان نەبرێت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەرقەرار بێت لە کوردستان و یاسا لە سەروی هەموو کەسێکەوە بێت و ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمان و بە کۆدەنگی هەموو لایەک ئەو یاسایانە دەربچوێنرێت وداهاتی چەند ساڵەی نەوت و غازی کوردستان کە دیار نیە بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و پارە و داهاتی باج و دەرامەت و گومرگەکانیش بگەرێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و هێزی پێشمەرگ و ئاسایش و پۆلیسی نیشتمانی بنیاتبنرێت و بکرێن بە هێزێکی نیزامی کە تەنها لە پێناوی بەرژەوەندی هاونیشتمانیانی کوردستاندا کاربکەن و نەبنە پاشکۆی هیچ حزبێکی کوردستانی و ریکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکتیڤ بکرێن و ئازای راگەیاندن و بیروبۆچون بە گوێرەی یاسایەکی مۆدێرن رێکبخرێت هتد... بکرێت. ئەوجار بەوشێوەیە یەکڕیزی و تەبای لە ناو هاونیشتمانیانی کوردستاندا ئەچەسپێت و خەڵک ئەم وڵاتە بەهی خۆی دەزانێت و لە پێناویدا گیانی خۆی بەخت ئەکات، نەک بەو شێوەی ئێستا کە زۆربەی خەڵک ئەم نیشتمانە بە هی خۆی نازانیت، چونکە لێی داگیرکراوە و لە لایەن دوو بنەماڵەوە کە بنەماڵەیکیان بنەماڵەکەی بارزانی خۆیەتی، ئەگەر ئەوانەی هاونیشتمانیانی ئازادیخواز داوای دەکەن لە دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی جێبەجێ نەکەن ئەوە یەکڕیزی و ئەو قسانەی مەسعود بارزانی کردوونی جگە لە گاڵتە جاڕیەکی منداڵانە هیتر نیە.

ئەو چەند وەلامە کورتەی سەوەروە بۆ وتارەکەی مەسعود بارزانی بۆ ئەوە نیە داکۆکی لە دەسەڵاتی پۆلیسی و عەسکەرتارێتی مالیکی بکەم، کە بەلای منەوە مالیکی و بارزانی و عەلاوی موتڵەگ و نوجێفی و تاڵەبانی و بارزانی و حەکیم و سەدر هەموویان یەک قوماشن، هەمووشیان وەکو بازرگانی سیاسی ئامادەنلە پێناوی دەسەڵاتدا هەموو شتێک بکەن لە بەرژەوەندی خۆیاندا ئەگەر بەهەڵگیرسانی شەڕی تایفی و نەتەوەیش بێت کە تەنها دەبێتە هاڕینی هاونیشتمانیانی هەژار و دەمارگیری کوردستان و عێراق.
سەرچاوە:
http://www.nrttv.com/dreje.aspx?jimare=19504


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە