گردەكانی مەسیف و سلێمانی

Thursday, 09/04/2009, 12:00

2006 بینراوە


ئەو ڕۆژەی كە سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی لە هۆڵی تەلاری هونەر لە ڕێگەی نامەیەكى پڕئاماژەوە پەیامی یەكەمین ڕۆژی دەسپێكردنی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكانى دەستپێكرد، داوای خۆسازكردن و بەشداری و كاندیدی لاوانی كرد لە هەڵبژاردنەكانو هێرشی كردە سەر "بوختانچى و چەواشەكاران" كە راستیەكان دەشێوێنن ،هەرئەو ڕۆژە وەك لە هەواڵی لاپەڕەى رۆژنامەى كوردستانى نوێدا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕیزی پێشەوەی ئاهەنگی ساڵیادی رۆژنامەی خەبات ئامادە بوبو و لەلای چەپیشیەوە ئەدهەم بارزانی دانیشتبوو.

هەردوو دیمەنەكە گوزارشتن لە ئاماژەكانى پروپاگەندەی هەڵبژاردن، بەڵام بە دوو شێوازی جیاواز، حیكمەتێكى ێینى هەیە دەڵێت (وێنەیەك یەكسانە بە هەزار ووشە) لە ئاهەنگەكەی پارتیشدا بە تەنها وێنەیەكە دەدوێت و ئاماژەكانى خۆى دەنێرێت، لە كۆبونەوە گشتیەكەی یەكێتیش نامەكەی سكرتێری گشتى یەكێیتی كە بۆ بەشداربوانی ئاهەنگەكەی تەلاری هونەر كە زۆربەیان گەنجبون ناردبووى.

گوزارشتەكانی وێنەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو شێخ ئەدهەم بارزانى پێكەوە لە بۆنەیەك كە بە پلەى ئیمتیاز حزبی بوو ، پێمان دەڵێت پروپاگەندەی هەڵبژاردن لە ناوماڵی كۆكى پارتیەوە دەست پێدەكات،بەم شێوەیەش دەست پێدەكات كە لە وێنەكەدا دەیبینن،كە لە وێنەى یەكەمدا گرتەیەكی سەرۆكە نزیك و بەتەنیشت ئەدهەم بارزانیەوە، كە دەكرێت لە بۆنەیەكی تریشدا كەسایەتیەكی دیكە بێت لە بانگهێشتكاران بۆلیستی سەربەخۆو نەیارانی هاوپەیمانی لیستی داخراو لە ناو پارتیدا.

بەڵام كۆبونەوەكەی رۆژی هەینی یەكێتی،لە تەلاری هونەر زیاتر لە بەیاننامەی شەڕێكی راگەیاندن دەچوو لەناو ماڵى یەكێتی خۆیدا نەك دەروەی خۆی ، كە ئەمجارەیان بە وەزنو پێگەی شەخسیو حزبی سكرتێری گشتی سەركردایەتی دەكرێت،دەستپێكی شاڵاوەكەیان بە سرودی مەشخەڵانی شۆرشو پەیامی تالەبانی سكرتێری گشتى بوو بۆ گەنجانی ناو حزبەكەی.

بێگومان ئەوانەى لە هۆڵەكەدا بینیمانن هەموو سونبولەكانی یەكێتی نین بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردن و جارێ فاكتەرە خرۆشێنەرەكانى تری ئەو حزبە ماوە بێنە ناو هەڵمەتەكەوەو بێگومان كاریزمای تالەبانی فاكتەرە گەورەكەی دەبێت.

لە سەر ئاستی دیمەنی ژیانی نێوخۆی حزبایەتی، ئەوەی پارتی لە یەكێتی جیادەكاتەوە ئەوەیە تا ئێستا لەناو پارتیدا كەس "گرد"ی لە پارتی نەگرتووە، قەڵاو گردەكانیشی تا هەنوكە لە چوارچێوەی جوگرافیاو قەڵەمڕەوى ماڵی حزبدایە.

گەر سەرنجی دیدارە رۆژنامەوانێو لێدوانی ئەم دواییەی بانگهێشتكارانی لیستی سەربەخۆ لەناو ئەو پارتەدا بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە ئارەزوی پێكهێنانی مینبەرو لیستی سەربەخۆ تائێستاش چیدى نیە جگەلەوەى كەلە چوارچێوەی چاوشاركێیەكی سیاسیو حزبیدایە لەگەڵ سەركردایەتیەكەیانو ڕای گشتی كوردستان.
بە پێچەوانەی ئەمشەوە هەر كەسێك سەردانی گردكەی كۆمپانیای وشە بكات لە پرسگەكەوە داوای لێدەكەن دەنگ بە لیستەكەیان بدەن، هەرئەمەشە دیمەنو ناوەڕۆكو خیتابی پروپاگەندەی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن لە هەموو حزبەكانی تری دونیا جیادەكاتەوە.

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە