دولەقلەقتان بۆ پاریزگاری نەکرا لە هەولێر! ئەی چۆن پارێزگاری لە مافوبونی میللەتێک دەکەن؟

Monday, 29/07/2013, 12:00

2176 بینراوە





لەقلەق و مینارەو قەڵات، سێ هیمای بە هێزی مێژوی هەولێرن، نەو سێ هێمایە بەشێکی گەورەی لە دڵو دەرونو یادو بیرەوەریەکانی هەر تاکێکی هەولێری بەجێهێشتوە نەوە دوای نەوە، بە تایبەتی لەق لەقەکە، چونکە وێنەیەک بو لە دونیای منداڵ نزیک بو بۆیە ئەوەی ژیانی منداڵی لە هەولێر بەسەر بردبێت ئەگەر بۆ جارێکیش بێت ئاورێکی خێرای لەو دو لەقلەقە داوەتەوە
.
دادە مەڕاڵ، دایەنی دایکم بو دوایش دایەنی منداڵەکانی، کاتێ چاودێری منی دەکرد تەمەنی گەیشتبوە ١٠٠ ساڵ، بەڵام لە ژیانی نەچوبو بۆ دکتۆر، دادە مەڕاڵ لە قەڵاتی هەولێر لە دایک ببو، باوکو باپیرانیشی هەر خەڵکی قەڵاتی هەولێر بون، کوردیەکەی هەتا بڵێی شەقو شڕبو، زمانی سەرەکی تورکی بو. بیرەوەریەکانی خۆی بۆ خۆی بریتیبون لە مێژوی هەولێر، لە یادی بو کە هەولێر تەنیا قەڵات بو لە گەڵ بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی لای زیندانی هەولێرنزیک بە گەرەکی عارەبان ئەو دەیگوت "قشلە".دادە مەڕاڵ پیرببو زۆر کاری بۆنەدەکرا، بەڵام کاری بازاری رۆژانەی هەر بەهی خۆی دەزانیو سازشی لەسەر نەدەکرد، بۆیە لەکاتی پشوی هاوینانی قوتابخانە هەمو رۆژێ منی لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ بازار بۆ ئەوەی شتەکانی بۆ هەڵبگرم، لە رێگا باسی هەمو یادەوەریەکانی خۆی بۆ دەکردم منیش گوێم بۆ رادەگرت، بەڵام هەمو جار کە دەگەیشتین بە نزیک مینارەی ئەو مزگەوتەی کە لەقلەقەکەی لەسەر بو من قسەم پێدەبرێ و دەکەوتمە پرسیارکردن لێی دەربارەی ئەو دو لەقلەقە، دادە مەراڵ دەیگوت، لەوەتەی ئەو مزگەوتە هەیە ئەو لەقلەقە نەوە دوای نەوەی خۆی لەو هێلانەیە بەچێهێشتوە، وە لەوەتەی من لەبیرمە ئەو دو لەقلەقەم هەر لێرە دیوە. منیش وەکو منداڵێک پرسیارم لێدەکرد دەم وت دادە، ئەو لەقلەقانە بێچوەکانیان لەو شوێنە بەرزە بەر نابنەوە، ئەی پشیلە نایانخوا، ئەی شەوان لە تاریکی ناترسنو سەرمایان نابێ؟ دادە مەڕاڵ زۆر بە میهرەبانی وەڵامی دەدامەوە ەیگوت نە سەرمایان دەبێ و نە پشیلە دەیانخواو نە بەردەبنەوە و نە شەوانیش دەترسن، بەڵام پرسیارەکانی من هەمو رۆژی دوبارە دەبونەوە گەیشتە رادەیێ دادەم بێزارکردبو، رۆژێکیان تورە بو یەک مشتەکۆڵەی لێدام وتی هەزار جار من وەڵامی پرسیاری تۆم داوەتەوە جارێکی تر لەسەر ئەو لەقلەقانە پرسیارم لێبکەی لەگەڵ خۆم ناتهێنم بۆ بازار
.
ناتەبای نێوان منداڵانی قەڵاتو تەیراوە دانیشتوانی ئەو گەرەکەی هەرەسان کردبو، شەرە بەرد لەنێوان کورانی منداڵو مێرد منداڵی تەیراوەو قەڵات دەنگی دابوەوە، سەنگەریان لەیەک دەگرد بە بەرد کە دەبو بەهۆی نەمانی هاتوچۆی پیادەو ئۆتۆمۆبیل، بۆیە منداڵی کوری تەیراوەو قەڵات هەمویان هەمو کاتێک دارلاستیکو بەردە قانەیان لە گیرفان بو، بەڵام بۆ یەک جاریش کورە منداڵو مێرد منداڵەکان بەردە قانیو دار لاستیکەکانیان ئاراستەی ئەو دو لەقلەقەی سەر مینارەکە نەدەکرا

ئەو دو لەقلەقە، بەشێکن لە یادەوەری خەڵکی هەولێر، کاتێ سۆزی یادەوەریەکانی منداڵی لە دڵودەرون سەر ‌هەڵدەدەنەوەو دەگەرێنەوە دواوە، ئەوا ئەو دو لەقلەقە وێنەکانیان وەکو وێنەیەکی پاکی بیگەردی بێ تاوان چۆن لە مێشك چەسپاوە لەو ساتانەوە ئەوا هەربە هەمان شێوە دێنەوە خەیاڵ، جا ئیوە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ئەگەر نەتانتوانیبێ پارێزگاری لە ژیانی دو لەقلەق بکەن لە هەولێر!ئەوا پێم ناڵێن چۆن دەتوانن پارێزگاری لە مافوبونی میللەتێک بکەن؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە