ئێرە باشووری کوردستانە و ئەنفالیش بەردەوامە!

Friday, 12/12/2014, 12:00

1920 بینراوە


ھیچ شتێک لە دنیادا بە تەواوی ھەڵە نییە، تەنانەت کاتژمێرێکی نووستووش، کە لە شەو و ڕۆژێکدا دوو جار ڕاستە "پاوڵۆ کۆیلۆ"
-----------------------------
مەیفرۆش و نەوتفرۆش دوو دوانەن وا باواشیان بەیەکدا کردووە، ئیتر مەگەر قەدەر لێکیان جیابکاتەوە، کەچی لەناو ئەو هەموو کێشەیەی شاردا، قایمقام بە یاسایەک مەیفرۆشەکان ئاگادار دەکەنەوە لەدوای کاتژمێر ١٠ی شەوەوە بۆیان نییە مەی بە کەس بفرۆشن، چونکە پێدەچێت لەو کاتەدا مەلائیکەتەکان دابەزنە شارەوە و بەرەکەت دابەش بکەن، ئیتر حەرامەکان دەبێت دەروازەکانیان کڵۆم بدەن، مەیخۆرەکان ئەوانەی دەبێت هەموو شەوێک مەیبخۆنەوە ناچار دەبن بڕۆن لە ئوتێل و مەلهاکاندا ڕوو لە قاپی بازرگانە زەبەلاحەکان بکەن، کە کۆشکەکانیان بەرەو هەور هەڵکێشراوە، ئەوەش هەیە کە هەرگیز قایمقام توانای ئەوەی نەبوە و نییە کە باسی نەوتفرۆشەکان بکات کە بەردەوام ئەوە چەندین ساڵە یاری لەگەڵ حەرامەکاندا دەکەن.
شەوێکی درەنگ من لە یەکێک لە مەیفرۆشەکانم پرسی کە لەگەڵ هاوڕێیەکمدا چوو چەند بوتڵێک بیرەی لێکڕی: ئەی بڕیار نەبوو دوای کاتژمێر ١٠ی ئێوارە ئێوە دوکانەکانتان دابخەن ؟ ووتی: با ئێستا داخراوە ئەوەتانێ من دام خستوە، بەڵام ئاسایییە ئەگەر دڵی مشتەرێکانیش رازی بکەم، پێیان ووتووین ئەگەر ناسیاوی خۆتان هەبێت بە تاریکی دەتوانن کاسپی خۆتان بکەن.کاتێک گفتوگۆ درێژەی کێشا مەیفرۆشەکەتۆزێ مەستی پێوە دیاربوو ووتی: ئێمە ئاگادار کراوین دوای کاتژمێر ١٠ لیترێ مەی نەفرۆشین، بەڵام دەبوو قایمقام نەوتیشی حەرام بکردایە لەدوای کاتژمێر ١٠وە، بەڵام ئەوە کاری ئەو نییە، نەوت دزەکان بەردەوامن لە دزین و بەقاچاغبردنی نەوت، ئەوان ئێستا دوای کاتژمێر ١٠ شەو نەوت لە داعش دەکڕن و ئۆتۆمۆبێلیان پێدەفرۆشن.هەردوولامان لای خوا یەک تاوانمان هەی هەردوولامان یاری بەحەرامەکان دەکەین.

ووتم باسی داعش مەکە ئەوان بێن ئەم مەیە هەر دەچێتە قاتی ئەم شارە دەبێتە سەحرا لەچۆڵێ مەیخانەکاندا ڕەنگە لایەنی باشیشی هەبێت ژینگەش تۆزێک خاوێن دەبێتەوە بتڵەکان هێندە فڕێ نادرێنە شەقامەکان و ناو باخچە ڕەنگ زەردەکاندا، یارۆ پێکەنی ووتی: ئەو دەم کەسانێک کە ئەمڕۆ لە داعش نەوت دەکڕێ هەر ئەوانیش دەتوانن مۆڵەتی مەیفرۆشتن و خواردنەوەی لە داعش وەرگرن، چونکە ئەوان مشتەری بەردەوامی داعشن و پێویستیان بەیەکە، هیچ شتێک لەم مەملەکەتە محاڵ نییە.
لەو سەرو بەندی بازرگانانی شەڕ و خیانەتی تر، کە خۆی لەگەڵ بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو دەوڵەتە ڕەشپۆشەدا دەبینێتەوە و لەدەیان بەرەی شەڕەوە شەڕ لەدژیان هەڵگیرساوە، ئەم گەلە خوێن لەبەری دەڕوات، کەچی غاز چۆتە قاتی و بەیانییەک لەگەڵ هەستانی خەڵکی شاردا قەیرانێکی تر سەری هەڵدا قەیرانی دیارنەمانی غاز و گرابنونی کە لە ٧٠٠٠ دینارەوە فڕی بۆ ٤٠٠٠٠ دینار و خەڵکی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو.لە هەموو شەقام و کوچە و کۆڵانێکدا باس باسی گرانی غاز و هەڵچونی نرخی بوو، بۆیە لەناو هەموو ئۆتۆمۆبیلەکاندا چەند بتڵە غازێکت دەبینی، شانی خەڵکەکەش بەغاز تەنرابوو لێرە غاز ببوە باسی خەڵک و تەنانەت، ببوو بە باسی کەناڵێ تێڤێ و ڕادوێکان، کەسانی وا باسی گرفتی غازیان دەکرد کە بەدرێژایی تەمەنیان بتڵێک غازیان نەکردبووە ناو عەرەبانەیەکی تراکتۆرەوە و دوایی تراکتۆرەکان نەکەوتبوون بەنەعلی ئیسفنج و بیجامەوە لەبەیانی یەکی سەرمای شاردا، ئەوان ئەو کەسانەن کە دەسەڵات دایناون قسە لەسەر هەموو پڕوپوچیەک بکەن و پاساو بێنەوە کە نەمانی غاز خەتای حکومەتی هەرێم نییە، ئەوە تیرۆریستانی داعشە کە غازیشیان نەهێشتوە.

ئەو وێنەیەی سەرەوە ئەو کاتەیە کە غاز چووبووە قاتی سەیری خەڵکی ئەم مەمللەکەتە بکەن، سەیری ئەو دەسەڵاتەش بکەن کە چۆن گرفتەکان دروست دەکات، لەکاتێکدا نیشتمانی ئێمە پڕێتی لەغازو نەوت، دەبوو ئەم خەڵکە لەباتی ئەوەی شەڕە بتڵ بکەن داوا لە حکومەتە خۆماڵییەکەیان بکەن بۆخاتری پەنجەی مۆرکراویان غازیان بە بۆری بۆ بێنێتە ماڵەکانەوە، چونکە ئەوە باشترە وەک چۆن کارەبا دێتە ماڵەکانەوە، کارەبای سەرەکی و کارەبای موەلیدەکان، ئەودەم دەبوو بەغازی سەرەکی کە سەرۆکی حوکمەت خەوەنێتی و غازی مۆلیدە کە جێگرەکەی دەبێتە خاوەنی و بەدەستی دوو دەیداتەوە بە قەیوان گروپ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە