ئەبێت تاڵەبانی خانەنشین بکرێت

Sunday, 23/12/2012, 12:00

1628 بینراوە






خۆشەویستی مانەوە لە کورسی دەسەڵات بە مانایەکی گشتی دەتوانم بڵێم نەخۆشییەکە کە تەنها بەرۆکی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گرتۆتەوە ، لە وەڵاتە دیموکراتەکاندا ئەم نەخۆشییە نییە و بەڵکو دەتوانم بڵێم هەر لە مێژەوە قەڵاچۆی ئەم نەخۆشییە کوشندەیان کردووە ، یاسر عەرەفاتی فەلەستینی سەرەرای ئەو هەموو نەخۆشییە و کە نەشی دەتوانی قسە بکات هەتا دوا هەناسەی دەست بەرداری کورسێکەی نەبوو تاکو مردیش ، سەدام حوسەین هەتا پەتی سێدارەشیان کردە ملی هەردەیوت من سەرۆکی عێراقم و خۆشەویستی گەلی عێراقم ، زەینەل عابدینی تونس هەتا دەربەدەریان نەکرد هەروازی نەهێنا ، معەمەر قەزافی هەتا بەو دەردەیان نەبرد هەر کۆڵی نەدا ، نمونە زۆرن هەڵبەت بەڵام ئەم نمونانە تەواوکەرە بۆ ئەو کەسانەی تۆزقاڵێک مێشکیان هەبێت بۆ ئەوەی ئاوڕێک لەم نەخۆشییە بدەنەوە .
من پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە مام جەلال خانەنشین نەک بکرێت بەڵکو ئەبێت خۆی داوا بکات ، زۆر لەو سەرکردانە کە ئەچنە تەمەنی مام جەلالەوە ئەبێت بیر بکەنەوە کە بواری تەندروستیان لەبار نییە بۆ ئەو پۆستەی کە بەدەستی هێناوە ، سەرۆکی ئەمریکا جۆرجی بچوک هەر لەبەر ئەوەی بینوبیان دوو بیرەی خواردۆتەوە بە گەنجێتی خەریک بوو لە کارەکەی لابدرێت ، چونکە دەیان ووت ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر کارەکانیدا چوونکە مەشروب ئەخواتەوە ، تاکو ئێستاش بە تەواوی نازانرێت نەخۆشی مام جەلال چییە ، لە وانەیە فەقدی زاکیرەبێت ، یان نەخۆشی دڵ ، یان سەرەتانی مێشک و خوێن ، هەڵبەت هەموولایەک ئەزانێت مام جەلال زۆر نەخۆشە بەڕای من بەردەوام بوونی لە پۆستەکەی بە گشتی زەرەر بە عێراق و کورد بە تایبەتی و یەکێتیش ئەگەهێنێت ، ئیبراهیم ئەحمەد کە توشی کێشە هات لەگەڵ مەلا مستەفادا خۆ نەخۆشیش نەبوو بەڵام دەستبەرداری پۆستەکەی بوو چوو بۆ هەندەران ، مام جەلالیش ئەبێت وا بکە ، من دڵنیام کارێکی زۆر لە ئۆفیسی کۆماری چاوەڕێی ئیمزای مام جەلالن ، کارێکی زۆری ناو یەکێتی چاوەڕێی مام جەلالە ، ئەمە ناکرێت سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی هەر دوو مانگ جارێک عێراق و کوردستان بەجێ بهێڵێت و بچێت بۆ هەندەران لەلای هەموو کەسێک ئاشکرایە کە مام جەلال ماندووە و نەخۆشە ، من ئەڵێم ئەوەی مام جەلالی خۆشەوێت ئەبێت ئەوە بڵێت کە مام جەلال ماندووە و مافی خۆیەتی پشوو بدات ، ئەوەی ئەم قسەیەش ناکات من پێم وایە نەسودی یەکێتی ئەوێت و نە عێراقەکەشیان .
نەخۆشییەکی کوشندەی کورد ئەوەیە کە پیلانی درێژخایەنی نییە بۆ پاشەڕۆژی ، هەر وەک ئەم تابلۆیەی ئێستا لەناو یەکێتی بەدی دەکرێت ، یەکێتی ئەبوایە بە ڕەزامەندی مام جەلال کۆبونەوەی گشتی خۆیان بکەن و ئەو زاتە دەست نیشان بکەن کە لە جێی مام جەلال دائەنرێت هەڵبەت بە مەرجێک کاتی نەبێت ، لە حاڵەتی دیاری کردنی هەر کەسێکیشدا ئەبێت مام جەلال ئیمزای بۆ بکات ، کەواتە دەتوانین بپرسین دوای نەمانی مام جەلال یەکێتی بەرەو کوێ ؟ ، یەکێتی ئەبێت بە تەواوی ئامادەباشی دوای نەمانی مام جەلال بکات ، من دڵنیام لەناو یەکێتیدا بورکانێک بەڕێوەیەو زۆر کەس دەسوتێنێت ئەگەر ئەشڵێن یەکێتی سوسیال دیموکراتە ناکرێت زەمینە بۆ کوڕەکانی مام جەلال خۆش بکرێت لەناو یەکێتیدا ئەگەر ئەم هەڵەیە بکەن نە دیموکراتن و نە سۆسیال و ئەوکاتە هیچیان لە بنەماڵەیەک کەمتر نابێت .
ئەزانن کەی ئێمە دووچاری زەرەری نەتەوەیی نابینەوە ؟؟
ئەوکاتەی راستێکانمان هێنایە زمان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە