یەکێتی کۆتایی هات، سەرەی پارتییە

Wednesday, 24/02/2010, 12:00

1558 بینراوە


ساڵی 2003 بەڕێز بارزانی لەسەر میبەری پەرلەمانی کورستان وتارێکی خویندەوە. لەوتارەکەیدا وتی : من و جەنابی مام جەلال بەهیچ جۆرێک بەرپرسیار نین لە بەرامبەر شەڕی ناوخۆ . دەکرێت بپرسین، کێ تاوانبارو بەرپرسیارە. کێ بە وتارەکانی پێشمەرگەو ڕۆڵەی ئەم گەڵەی بە کۆمەڵ بۆ بەرەکانی مەرگ ڕەوانە دەکرد. کێن و کێ بون ئەوانەی بڕیاڕی لەسەر جەنگ و ئاشتی دەدا، چ خائین و خۆفرۆشێک بو ڕۆڵەی ئەم گەلەی بۆ نێو بەردەئاشی هاڕینی شەڕی ناوخۆ ڕەوانە دەکرد؟
لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە شێوەیەک لەشەبەحی سنوری بادینان و سۆران لەنێوان دوو دەسەڵاتی کوردیدا بنیادنرا. ماتریالی ئەو لێک ترازانەی ماڵی کورد جەلالی و مەلایی بو. گفتوگۆی ژێر پیلان و بێ ئامانجی ساڵی 1970 توانی بەشێک زاڵ بکات بەسەر بەشەکەی تردا و جۆرێک لە یەکگرتنی ماڵی کورد بنیاد بنێت.

شۆڕشی نوێ هەر لە سەرەتادا بەحوکمی پاشماوەی پەروەردە و وانەی کۆن، لەناوچەی بادیناندا لاواز بوو. هەرچی لەو ناچەیەدا سەری هەڵداو وەلای بۆ بنەماڵەی بارزانی نوی نەدەکردەوە و پەسندنی نەدەکرد، بەپیلان یان لەبۆسەدا لەناویان دەبرد، کاتێک (قیادەی مۆقتە) لەودیو سنورە دەستکردەکانەوە دامەزرا، یەکگرتنە ناخەمڵیوەکەی ساڵی 1970 وەک مار و پەیژەی گەڕانەوە بۆسەرەتای دابڕان.
ئیتر گەمەکە بو بەدو بەشەوە، گومانەکان زۆرن لەسەر ئەو دو دابەش بونە. یەکێک لە گەمەکان داماڵینی ئەو پەردەیەی شەڕی ناوخۆیە کە بارزانی کوڕ لە پەڕلەمانی کوردستاندا باسی لێوە کرد. وتی : یەکێتی و پارتی بەدو پاشکۆی مەلایی و جەلالییەوە لە مێژوی پڕ شەرمەزاری و تاوانی شەڕی براکوژیدا بێ تاوان و بێ ئاگان. ئەم قسەیە کۆمەڵێک بۆچوون و کۆمەڵێک وشەو پیلانی شاراوەمان بۆ هەڵ دەداتەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە لەماوەی 36 ساڵی ڕابردودا بەگەڕخستنی دو بەردەئاشی هاڕینی لاوانی کورد بە دەست دو ئاشەوانی بنەماڵەی مەلایی و جەلالی
لەسەر پەڕەی مێژو و زەهنی تاکی کوردا مەحاڵە بسڕێتەوە، ئەم وتەیە لەڕوانگەدا بەشێکە لەکارەسات و کەمتەرخەمی سیاسییە پلە دووەکان تاخوارەوەی نێو بزوتنەوەی کوردی بە درێژایی مێژوو، زمان لەوە دەدرێت وتارو پیلان و ململانییەکانی شەڕی ناوخۆی گەلەکەمان سینارۆی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردە و بێئاگایی و نەزانیی کۆمەڵگایە، لە ئێستاشدا دامەزرێنەرانی شەڕی ناوخۆ زۆر بە ئاسانی بەرائەتی خۆیان بەبێ دادگا ڕادەگەیەنن.

پارتی و بادینان
لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە، قەڵای پێگەو پشتی مان و نەمانی پارتی، بادینانە. ڕاگرتنی بڵانس و چەمکی سەرکەوتن بۆ پارتی و بارزانی لە خۆری بادینانەوەیە. بارزانی باوک زۆر ژیرانە پاش ئەوەی گوندی بارزانی وەک ناو و سەنتەرێکی گرنگ زاڵ کرد بەسەر عەشیرەتی شیروانمەزندا، کەوتە کێوماڵکردنی سەرۆک عەشیرەتەکانی گەردی و مزوری باڵاو چەند عەشیرەتێکی پچوکی تر و هەمویانی یەکخست لەژێر ناوی بەرزانی و پاشان گوندی بەرزانی کردە سەنتەری بڕیاردان و خۆیشی وەک سەرکردە. هەر بەوەوە نەوەستا توانی عەشیرەتەکانی وەک ڕێکانی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆییەوە پاش ئەوەی (کەلحەی) سەرۆک عەشیرەتی سەرەونگون کرد. عەشیرەتەکانی نێروەو بەروەراری و سندی و گولی و دۆسکی و هتدد، بەهۆی چەک و لەژێر ناوی بزوتنەوەی کوردیدا زاڵ کرد بەسەر هەمویانداو بە زۆر وەلای پێ واژوکردن. عەشیرەتەکانی زێباری و هەرکی و سورکی کە ملیان بۆ داخوازییەکانی بارزانی باوک نەدا، بەناچاری کەوتنە بەرەی دژی گەل و خۆیان لەباوەشی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقدا بینییەوە.
لەدوای کۆنترۆڵی عەشیرەتەکان، بارزانی توانی ببێتە خاوەن هێزێکی گەورەی چەکداری هەمیشەیی و وەک یەدەکێک لەدژی نەیارەکانی بەکاری هێنان و سەرکوتی هەمو نەیارەکانی پێکرد و دەسەڵاتێکی ڕەهای بەسەرکردایەتی خۆی لەکوردستان دامەزراند.
لەشۆڕشی نوێدا ئەم شێوە دەسەڵاتە بەردەوام بو، نوێترین وەڵام دانەوە بۆ سەرانی یەکێتی کە بادینان خەتی سورە بۆ پارتی و بارزانی و بەزاندنی مەحاڵە، لەناو بردنی ئیبراهیم عەزۆو هاوڕێکانی دەسپێکی وەڵامدانەوەکە بو، لەدوای نەمانی ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی یەکێتی بەسەرکردایەتی ئیبراهیم عەزۆ، یەکێتی پایزی بەسەردا هات و تا دامەزراندی بەرەی کوردستانی دەورانی بەهاری نەبینی.
لەساڵی1994 دا پاش ئەوەی جەولەی چوارەمی شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد، بادینان وەک پێگەیەکی سەرەکی بەهۆی تەخشان و پەخشانی شەڕی ناوخۆوە دیسانەوە بەنسیبی پارتی بڕایەوە. تا هەڵبژاردنی 25 / 07 / 2009 پارتی لە بادیناندا تاکە دەسەڵات و خاوەن پێگەیەکی پانوپۆڕ بوو، لەدوای هەڵبژاردنەوەکەوە ڕێژەکە گۆڕاو ئاسۆی پارتیش پێ دەچێت بەدەردی سلێمانی بچێت، کە یەکێتی بە پایتەختی خۆی دەزانی.

بزوتنەوەی گۆڕان و دەسەڵاتی سەرتاسەری

ماشێنی دیموکراسی، ئۆپۆزیسوێنە.. لەپێش 27 5 / 2010 دیموکراسی و چەمکەکانی وەک مانا و پراکتیک بونی نەبو. لەکوێدا ڕەخنەو چاودێری و گەڕان بە دوای باشکردنی چەمکەکانی گوزەران و بەمۆدێربونی وڵات بونی نەبو، لەوێدا نە دیموکراسی بونی دەبێت و نە ژیان وەک مانا ئاڵوگۆڕ دەبێت. بزوتنەوەی گۆڕان تەنها جڵەوی گۆڕانکاری ' چەمکەکانی سیاسی نییە لە بازاڕی سیاسی کوردا، بەڵکو هەوێنی ژیانەوەی تاکی کوردو نوێ کردنەوەی ناوەڕۆکەکان و سەرقافڵەی خەمەکانی وڵاتە، بۆیە بەدوای چارەسەری ئارێشەکاندا وێڵە و بۆتە هەوێنی زامەکان، زامی گوزەرانی تاک، دابینکردنی سەروەری تاک، پاراستنی گیانی تاک، ڕوناکی بەردەمی تاک، بنیادنای هیوا بۆ تاک. هەنگاو دەنێت لەخەمی تاکەوە بۆ خەمەگەورەکەی کۆمەڵگا، ساڕێژکردن و پرکردنەوەی ئاسەواری براکوژی، سڕینەوەی سنوری ماڵوێرانی بادینان و سۆران، هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، خەمی بودجە، خەمی لەشکرێکی مۆدێرنی کورد، نوێخوازی لە دیبلۆماسییەتی کورد بەپێی بەرژەوەندی بەرامبەر، هەوڵدان بۆ ئەنجومەنی پیلاندانانی کاری وڵات، دەستورێک کە مافی تاک و کۆمەڵگای تیا چەسپا بێت، سەروەری یاسا، چەسپاندنی دیموکراسی و حکومەتێکی سێکۆلار.
هەنگاوەکان خواستی تاکە تا نیشتمان، ئەم خەمانە بادینی و سۆرانی جودا ناکات، تاکی کورد لەپێگەی خۆیدا کەرامەت و سەروەر و خاوەن بڕیاری دەکات ، بۆیە سنورە دەستکردەکانی بادینان و سۆران کە حیزب و دو بنەماڵە دەسەڵات کێشەرێتی، دەیسڕێتەوە. لێرەوە و لەو دەروازەوە کوردستانێکی ئاوێتە بێ سڵمینەوە لە دوژمن بەرجەستە دەکات.
بزوتنەوەی گۆڕان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لەدایک بو، لەوێ بازوی هێزی لێ هەڵماڵی و بە جیهانی سیاسی کورد شاد بو، بەخورسکی هاتە ئاراوەو بە خورسکی پانتایی کوردستانی باشوری داپۆشی، لە ویژدانی نیشتمانەوە خەمڵاو دوا بستی نیشتمانی تەنی، لەهەناوی تاکی کوردا چەکەرەی کردو بە پشتوپەنای ئەوان پێشڕەوی دەکات و کوردستانی بێ سنور دەپارێزێت.

کونجـــرینی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە