په‌ندی پێشینان...!

Thursday, 24/06/2010, 12:00

3566 بینراوە


پێشه‌کی و هێنانه‌ سه‌ر زمانی کوردی له‌ سویدییه‌وه‌...

هه‌موو گه‌لێک خاوه‌نی مێژوو، خاکی خۆیه‌تی, هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌بێ خاک نابن...که‌ خاک و نیشتیمان هه‌بوو، گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ش هه‌ن... که‌واتا ، خاک یان نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و مێژو به‌بێ یه‌کدی نابن. هه‌رچه‌نده‌ کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ لایه‌ن داگیرکارانی کۆن و نوێوه‌ داگیرکراوه‌, وڵاته‌که‌ی به‌ خواستی داگیرکاران دابه‌شکراوه‌، به‌ چوار پارچه‌وه‌، هه‌ر پارچه‌یه‌ک به‌ ناوی ده‌وڵه‌تێکی هارو ئاگروئاسنی وه‌ک تورکیا، ئێران، ئێراک، سوریا وه‌ ناونراوه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌سه‌ر خاکه‌که‌ی به‌ زیندوی ژێرده‌سته‌ ماوه‌ته‌وه‌. له‌ هه‌مانکاتدا، له‌ رووی کولتوری و مێژووه‌وه‌‌ مێژووه‌کی نادیار و کولتوره‌که‌ی له‌ لایه‌ن داگیرکارانه‌وه‌ دزراو و زمانه‌که‌شی تاراده‌یه‌ک به‌ دوواکه‌وتوی و بێناز له‌ گه‌رمه‌ی جه‌نگی مانه‌وه‌دایه‌.
ئه‌وه‌ی که‌ مه‌به‌ستی ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ په‌ندی پێشینانه‌، که‌ هه‌موو گه‌لێک به‌ زۆر و به‌که‌م خاوه‌ندی چه‌ندان و هه‌زارن په‌ندی خۆیه‌تی... په‌ندی پێشینان... گو‌زاره‌ له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیان ده‌کات، جا له‌ رووی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، نیشتیمانی خه‌سڵه‌ته‌کانی مرۆڤ، دڵداری، وه‌فا، خۆشه‌ویستی، پیسکه‌یی و ئازایه‌تی. هتد.
ئه‌وه‌ی که‌ جێگای سه‌رنجه‌، نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌نی گه‌لێک په‌ندی پێشینانه‌... زۆر په‌ندی کوردی هه‌یه‌. ده‌ڵێی نه‌خشی سه‌ر به‌رده‌، کاڵ بوونه‌وه‌ی بۆ نییه‌. له‌ راستیدا هه‌ندێك په‌ندمان هه‌یه‌. مرۆڤ سه‌ری ده‌سوڕمێت که‌ ئه‌مه‌ په‌ندی گه‌لێکی دوواکه‌وتوی داگیرکراوی بێده‌وڵه‌تی وه‌ک کورد بێت...!
مرۆڤ که‌ بیر له‌ مانا و بۆچوونی هه‌ندێک په‌ندی کوردی ده‌کاته‌وه‌. ده‌که‌وێته‌ بیرکردنه‌وه‌ و پرسیار و ده‌بێژێت: ئه‌و مێشک و بۆچوونانه‌ هینی کام له‌ مرۆڤه‌ فه‌یله‌سوڤ و زاناکان بێت...!؟
له‌وه‌ ده‌چێت که‌ کورد له‌و رووه‌وه‌ زانا بێت، به‌ڵام مه‌خابن کاتاێک دێته‌ سه‌ر سیاسه‌ت، کورد هه‌میشه‌ ناسه‌رکه‌وتووانه‌ له‌ گۆره‌پانه‌که‌دا ده‌ستی خۆبه‌ده‌وه‌ستانی به‌رزکردۆته‌وه‌...! ئه‌و په‌نده‌ کوردیانه‌ و ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی کورد، دوو شتی سه‌ر سورهێنه‌ر و دژ به‌یه‌کدین...!
وه‌رگێرانه‌ سویدیه‌که... له‌ په‌رتوکی.. VRA BSTA ORD SPRK
له‌ راستیدا به‌ باشم زانی که‌ ئه‌و چه‌ند په‌نده‌ سوویدییه،‌ بکه‌مه‌ کوردی و پێشکه‌ش به‌ خوێنه‌رانی کورد و ئه‌وانه‌ی که‌ ئازه‌زوویان له‌ په‌ند و به‌کارهێنانی په‌نده‌ له‌ کاتی نووسین و ئاخاوتندا بکه‌م.
به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ وه‌رگێرانی په‌ندی پێشینانی گه‌لان و ئاگادار بوون له‌ ژیانی گه‌لان و بیر و بۆ چوونی ئه‌و گه‌لانه‌.
+ هه‌موو که‌سێک بیرو بۆچوونی خراپی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ ژیره‌، ده‌ریان نابڕێت و بێده‌نگی لێده‌کات.
+ منداڵ دوو ساڵی گه‌ره‌که‌ تا فێری ئاخاوتن ده‌بێت، به‌ڵام په‌نجا ساڵی ده‌وێت تا فێری گوێگرتن ده‌بێت.
+ ببیر بکه‌ره‌وه‌ که‌ ئازادی مه‌زنه‌، به‌ڵام راستی مه‌زنتره‌.
+ گوێدرێژ باره‌که‌ی هه‌مووی په‌رتووک بێت، نابێت به‌ سوکرات.
+ هه‌نگی ژیر، گوڵی سیس نامژێت.
+ هه‌وڵبده‌ مرۆڤێکی ژیر و مامناوه‌ند بیت، ده‌نا شێت ده‌بیت.
+ ژیرێتی له‌ مێشکایه‌ له‌ مووی سپیدا نییه‌.
+ ئێمه‌ دوو گوێ و یه‌ک زمانمان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زۆر گوێبگرین و که‌م بدوێین.
+ ره‌گوریشه‌ی زانست تاڵه‌، به‌ڵام میوه‌که‌ی شیرینه‌.
+ ئه‌و مرۆڤه‌ی ‌واده‌زانێت که‌ هه‌موو شتێک ده‌زانێت، هیچ شتێک فێرنابێت.
+ مرۆڤی ژیر، هه‌موو هێللکه‌کان له‌ سه‌به‌ته‌یه‌کدا دانانێت.
+ پیاوێک ده‌توانێت هێسترێک به‌رێته‌ سه‌ر ئاو، به‌ڵام به‌ بیست که‌س ناتوانن، به‌زۆر ئاوی بده‌ن.
+ مرۆڤێک که‌ مێشکی لایخۆی نه‌ما، خه‌ونه‌کانیشی نامێنن.
+ زانست ده‌سه‌ڵاته‌.
+ له‌ لاشه‌یه‌کی بچووکدا، زۆر جار هه‌ستێکی مه‌زن ده‌ژی.
+ نیوه‌ فێربوون، خراپتره‌ له‌ فێرنه‌بوون.
+ قسه‌کردن زیوه‌، بێده‌نگی زێڕه‌.
+ که‌س ناتوانێت، به‌خته‌وه‌ری بکڕێت.
+ خۆر له‌ خانووی نزمیش ده‌دات.
+ پیاوێکی شانسدار فڕێبده‌ره‌ ناو زه‌ریاوه‌، که‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ ماسییه‌کی به‌ده‌مه‌وه‌یه‌.
+ خه‌وبینین به‌ به‌خته‌وه‌ریه‌وه‌، به‌خته‌وری تره‌، له‌ به‌خته‌وه‌ریه‌که‌ خۆی.
+ ئاشتی گونده‌کان دروستده‌کات، جه‌نگ ده‌یانروخێنێت.
+ بۆ ئه‌وه‌ی به‌خته‌ور بیت، پێویستت به‌ سێ شته‌، کارێک که‌ بیکه‌یت، یه‌کێک که‌ خۆشت بوێت، شتێک که‌ چاوه‌ڕوانی بیت و خه‌ونی پێوه‌ ببینیت.
+ کات هه‌میشه‌ درێژه‌، کاتێک که‌ چاوه‌ڕوانی ده‌که‌یت.
+ کات و وشه‌ و لاوێتی، مرۆڤ ناکارێت بیان گه‌ڕێنێته‌ دوواوه‌.
+ خوله‌کێک بێده‌نگی، درێژترین خوله‌که‌.
+ هیچ کاتژمێرێک له‌ دووازده‌ تێناپه‌ڕێت.
+ تۆ ئه‌و کاتانه‌ت هه‌یه‌، که‌ هه‌یه‌.
+ مرۆڤ ئه‌و کاتانه‌ کاتی له‌ بیر ده‌چێت، که‌ به‌کاریان دێنێت.
+ هیچ ده‌ستێ ناتوانێت، کات دیل و یه‌خسیر بکات.
+ گه‌ر کاژێڕێک له‌ به‌یانیدا له‌ ده‌ستبده‌یت، ده‌بێت هه‌موو رۆژه‌که‌ به‌ دووایدا راکه‌یت.
+ کات بده،‌ به‌ کات.
+ ئه‌گه‌ر کات له‌ گه‌ڵ تۆدا نه‌بوو، تۆ له‌گه‌ڵ کاتدابه‌.
+ کات ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه،‌ پشتی لاوێتی له‌ زه‌وی ده‌دات.
+ کاتێک له‌ دایک ده‌بیت،تۆ ده‌گریت و ده‌وروپشتت پێده‌که‌نن، به‌ڵام هه‌وڵبده‌ کاتێک که‌ ده‌مریت،تۆ پێبکه‌نه‌ و ده‌وروپشت با بۆت بگرین.
+ ژیان ئه‌و رۆژانه‌ نییه‌ که‌ تێپه‌ڕ بوون، به‌ڵکو ئه‌و رۆژانه‌ن که‌ مرۆڤ له‌ یادێتی.
+ ژیان خه‌وێکی کورته‌.
+ یادی له‌ دایک بوونت به‌ ساڵان پڕمه‌که‌ره‌وه‌، به‌ڵکو ساڵان به‌ ژیان پڕکه‌ره‌وه‌.
+ ترس له‌ مردن، ترسناکتره‌ له‌ مردنه‌که‌ خۆی.
+ خاک ده‌یشارێته‌وه‌، کات له‌ بیری ده‌کات.
+ مرۆڤ ته‌نیا به‌ شیوه‌یه‌ک له‌ دایک ده‌بێت، به‌ڵام به‌ هه‌زان شیوان ده‌مرێت.
+ مردن باشترین دکتۆری هه‌ژارییه‌.
+ مردن هه‌موو قه‌رزه‌کان ده‌داته‌وه‌.
+ مردن له‌ پشت کێوانه‌وه‌نیه‌، به‌ڵکو له‌بن هه‌نگڵدایه‌.
+ ئێمه‌ سه‌ت ساڵان ده‌ژین، که‌چی گیروگرفتی هه‌زاران ساڵ له‌ خۆمان گرده‌که‌ینه‌وه‌.
+ ئه‌وه‌ی شورای به‌ده‌وره‌وه‌ نه‌بێت، دژمنیشی نییه‌.
+ که‌س وه‌کو ئه‌و که‌سه‌ که‌ڕ نییه‌، که‌ نایه‌وێت ببیستێت.
+ مرۆڤ ماسی به‌ قولاپ ده‌گرێ، مرۆڤیش به‌ وته‌ی جوان.
+ که‌س وه‌کو ئه‌و که‌سه‌ کوێر نییه‌، که‌ نایه‌وێ ببینێت.
+ هه‌ر باڵنده‌یه‌ک، به‌ ده‌نوکی خۆی ده‌خوێنێت.
+ چاوێک باشتره‌ له‌ کوێری.
+ گوڵ و دڕک له‌سه‌ر یه‌ک چڵ گه‌وره‌ ده‌بن.
+ پارێزه‌ر و بۆیه‌کار ده‌توانن، ره‌ش بگۆڕن به‌سی و سپیش به‌ ره‌ش.
+ ترس، ده‌یان چاوی هه‌یه‌.
+ ئه‌وه‌ی که‌ ناتوانێت پێبکه‌نێت، ناشتوانێت دووکانداری بکات.
+ مرۆڤی ترسنۆک، هه‌میشه‌ ده‌می به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌.
+ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ناو که‌په‌کدا بشارێته‌وه‌، به‌راز ده‌یخوات.
+ مرۆڤی له‌ش ساخ هه‌زان ئاوات و خۆزگه‌ی هه‌یه‌، مرڤی نه‌خۆش ته‌نیا یه‌ک خۆزگه‌.
+ گوێدرێژی زێبڕا، هه‌رگیز ئه‌و هێلانه‌ له‌ پێستی نابنه‌وه‌.
+ قاژوو چه‌ند به‌ته‌ما بێت، سپی نابێته‌وه‌.
+ ماسیه‌ گه‌وره‌کان بچوکه‌کان ده‌خۆن.
+ کاتێک هه‌موو تڤ به‌ به‌ردێکدا بکه‌ن، ئه‌و به‌رده‌ ته‌ڕ ده‌بێت.
+ هه‌موو که‌سێک بیر له‌ خۆی ده‌کاته‌وه‌، ته‌نیا من نه‌بێت بیر له‌ خۆم ده‌که‌مه‌وه‌.
+ باشترین ئه‌سپیش، دوو زین ناکرێت.
+ کاته‌کان ده‌گۆڕدرێن، ئێمه‌ش هه‌روه‌ها.
+ له‌ نێوانی دوو ئازاردا، مرۆڤ ئازاره‌ که‌مه‌که‌یان ده‌خوازێت.
+ ئه‌وه‌ی به‌ چرپه‌ ده‌دوێ، درۆده‌کات.
+ ئه‌وه‌ی له‌ پڕیشکی ئاگر بترسێت، ئاسنگه‌رێکی باشی لێده‌رناچێت.
+ بێده‌نگیش، په‌یڤینه‌.
+ ئه‌و شوێنه‌ی کۆتری لێیه‌، بازیشی لێیه‌.
+ زۆر که‌مده‌بێته‌وه‌، کاتێک که‌ زۆرتر ده‌خوازی.
+ کاتێک ئه‌سپه‌که‌ له‌ ته‌ویلکه‌ هه‌ڵهات، ئیتر ده‌رگای ته‌ویله‌که‌ پێویست به‌ داخستن ناکات.
+ مردن له‌ ژوور سه‌رته‌وه‌یه‌، تێینه‌سره‌وێنی، تێت ده‌سره‌وینێت.
+ هه‌موومان به‌رووتی له‌ دایک بووین.
+ ئه‌و مرۆڤه‌ی که‌ نیشانه‌ی برینێکی پێوه‌یه‌، هه‌رگیز برینه‌که‌ی له‌ یاد ناچێت.
+ دووان ده‌توانن درۆ بکه‌ن، سێهه‌م بکه‌ن به‌دارا.
+ هه‌موو که‌سێک خۆی به‌ پاڵه‌وان ده‌زانێت، کاتێک دژمن ده‌شکێت.
+ کاتێک گوێدرێژێک جووته‌یه‌کت لێده‌دات، ئه‌گه‌ر شه‌قێکی تێهه‌ڵده‌یت، جیاوازی تۆ و گوێدرێژکه‌ نییه‌.
+ ئه‌و‌ که‌سه‌ی‌ که‌م ده‌زانێت، به‌ په‌له‌ ده‌ریده‌بڕێت.
+ مێش به‌سه‌ر مه‌نجه‌ڵی به‌کوڵه‌وه‌ نانیشێته‌وه‌.
+ یاسا وه‌ک تۆڕی جاڵجاڵۆکه‌ وه‌هایه‌، بچوکه‌کان ده‌گرێ، به‌ڵام گه‌وره‌کان پیدا تێده‌په‌ڕن.
+ ئه‌وه‌ی دوو ئاغای هه‌بێت، ده‌بێت درۆ بۆ یه‌کێکیان بکات.
+ پیاوان فه‌رمانڕوایی جیهان ده‌که‌ن، ژنانیش هینی پیاوان.
+ کاتێک ژنێک بێده‌نگه‌، ده‌یه‌وێت شتێک بڵێت.
+ ژن سه‌روه‌ریی پیاوه‌.
+ پیاو که‌لله‌یه‌، ژنیش لاشه‌.
+ ئه‌گه‌ر پیاوێک دڵخۆش بکه‌ی گۆرانی ده‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژنێک دڵخۆش بکه‌یت ده‌گری.
+ ژن ده‌کارێت هه‌موو شتێک بکات، کاتی ئه‌وین و ‌کاتی رککوکین.
+ ژنێکت خۆشنه‌وێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ گه‌نجه‌، ژنێکێش واز لێمه‌هێنه‌ که‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ته‌مه‌نه‌.
+ ژنێک جه‌سووره‌، که‌ خۆی به‌ نه‌وێرانه‌کانی پڕچه‌ک ده‌کات.
+ شه‌راب و ژن، پیاوی ژیر شێتده‌که‌ن.
+ پیاو له‌ چاوه‌وه‌‌ ئه‌ویندار ده‌بێت، ژن له‌ گوێوه‌.
+ هێللکه‌ی تازه، ‌و ئه‌وینی نوێ تامیان خۆشه‌.
+ ئه‌و ژنه‌ ژیره،‌ که‌ واده‌زانێ جوانه‌، ئه‌و ژنه‌ جوانه،‌ که‌ بڕوای وایه‌ ژیره‌.
+ خۆشه‌ویستی و کوێرێتی دوو خوشکی جووته‌ن.
+ چاوی خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌ نابینێت.
+ خۆشه‌ویستی رێگا نه‌هێنیه‌کان ده‌زانێت.
+ خۆشه‌ویستی جۆرێکه‌ له‌ جه‌نگ.
+ خۆشه‌ویستی دانێشه‌ی رۆحه‌.
+ خۆشه‌ویستی راست ناشاردرێته‌وه‌.
+ خۆشه‌ویستی خه‌وشه‌کان ده‌شارێته‌وه‌.
+ خۆشه‌ویستی مرۆڤ کوێرناکات، به‌ڵام نایه‌ڵێت مرۆڤ ببینێت.
+ مرۆڤ ناوی چاو ده‌بینێت، به‌ڵام ناوی دڵ نابینێت.
+ ئه‌وی دڵی تێربێت، چاویشی تێره‌.
+ ماڵی بێ که‌یبانۆ وه‌ک به‌له‌می بێ سه‌وڵ وه‌هایه‌.
+ له‌ جه‌نگ و خۆشه‌ویستیدا، هه‌موو شتێک روو ده‌دات.
+ یه‌که‌م ماچ سووتێنه‌ره‌، دووه‌م ماچ تاوده‌ره‌.
+ هاوسه‌ریه‌تی وه‌ک قه‌فه‌‌زێک وایه‌، ئه‌وه‌ی که‌ تیایه‌تی ده‌یه‌وێ لێده‌رچی، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێ بۆی بچێ.
+ مرۆڤ تا ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌ویندار بێت،لاوه‌.
+ هاوسه‌رگیری به‌ دووکه‌س ده‌کرێت، به‌ڵام به‌ یه‌کێکیان له‌ناو ده‌چێت.
+ خۆشه‌ویستی وا له‌ گوێدێژ ده‌کات، که‌ بێته‌ سه‌ما.
+ خۆشه‌ویستی وه‌ک کۆتر وایه‌،پیاو به‌ تونگی ده‌یگوشێت، بۆ ئه‌وی له‌ده‌ستی نه‌فڕێت، کاتێک ده‌ستت شلکرد ده‌داته‌شه‌قه‌ی باڵ و ده‌فڕێت.
+ ده‌رگای خۆشه‌ویستی به‌ئاسانی ناکرێته‌وه‌، به‌ ئاسانیش داناخرێت.
+ خۆشه‌ویستی مه‌زنتره‌ له‌ یاسا.
+ به‌ خۆشه‌ویستی کات زوو ده‌ڕوات، به‌ کاتیش خۆشه‌ویستی.
+ له‌و مرۆڤه‌ بترسه‌، که‌ هیچ شتێکی نییه‌ له‌ ده‌ستی بدات.
+ خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ تۆ و به‌رامبه‌ره‌که‌ت یه‌کتری ببینن، خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ردووکتان بۆ یه‌ک شت بڕوانن.
+ خۆشه‌ویستی و کۆکه‌کردن، ناشاردرێنه‌وه‌.
+ گوێچکه‌ رێگای دڵه‌.
+ گوڵی سه‌ر رێگا زۆر نامێنێته‌وه‌.
+ دوو به‌ردی سارد لێکبخشێنی ئاگر ده‌که‌نه‌وه‌.
+ هاوسه‌ریه‌تی وه‌ک گوێز وایه‌، ده‌بێت توێکڵه‌که‌ی بشکێنی بۆ ئه‌وه‌ی ناوکه‌که‌ی بخۆیت.
+ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ منداڵی نییه‌، نازانێت خۆشه‌ویستی چییه‌.
+ له‌ شه‌ڕی خۆشه‌ویستیدا، ئه‌و که‌سه‌ به‌سه‌ر ده‌که‌وێت و ده‌یباته‌وه‌، که‌ خۆی ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌.
+ به‌خته‌وه‌ری هه‌رگیز ناکڕرێت.
+ ئه‌و که‌سانه‌ به‌خته‌وه‌رن، که‌ پێده‌که‌نن.
+ ده‌توانی سه‌ما و شایی بکه‌یت، کاتێک که‌به‌خته‌وه‌ری موسیکت بۆ ده‌ژه‌نێت.
+ هیچ مرۆڤێک له‌ هه‌موو شتێکدا به‌خته‌وه‌ر نییه‌.
به‌خته‌وه‌ری چه‌شنی زه‌ریایه‌، ده‌مێک شه‌پۆل ده‌دا، ده‌مێک مه‌نگه‌.
+ خه‌وبینین به‌ به‌خته‌وه‌ریه‌وه‌، به‌خته‌وه‌ریتره‌، له‌ به‌خته‌وه‌ری خۆی.
+ خۆر له‌ شوێنک هه‌ڵدی، له‌ شوێنێکی تر ئاوا ده‌بێت.
+ کاژێرێک زووتر ئاماده‌بی، چاکتره‌ له‌ خوله‌کێک دره‌نگی.
+ ئه‌وه‌ی منداڵی خۆی له‌ یاد نه‌بێت، باش په‌روه‌رده‌ نه‌کراوه‌.
+ ره‌گوڕیشه‌ بده‌ به‌ زارۆکه‌کانت، باڵیشیان بده‌ری بۆ فڕین.
+ مریشکی ره‌ش هێلکه‌ی سپی ده‌کات.i
22.06. 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە