حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان سەرباری ئەوەی لەچەندین لاوە تووشی قەیران بوون وهێشتاش رژێمی ئێران لەوە بەهێزترە

Thursday, 18/06/2009, 12:00

2818 بینراوە


حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان سەرباری ئەوەی لەچەندین لاوە تووشی قەیران بوون وهێشتاش رژێمی ئێران لەوە بەهێزترە كورد بەتەنیا بتوانێ مافەكانی لەبندەست دەربهێنێ، لەهەمان كاتدا ئەو پارتانە تووشی كێشەو لێكترازانی كاریگەر بوونەتەوە. "رەزای كەعبی" جێگەری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەرێی ئەم دیمانەیەوە تیشكی زیاتر دەخاتە سەر ئەم پرسە.
ستیڤان : وەك دەزانین لەماوەى دووتا سێ ساڵى رابردوو زۆرینەى پارتە سیاسیەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان ئینشقاق ولێكترازانیان تێدا دروستبوو، بەڵام پرسیارى سەرەكى لەوەدایە: ئایا ئەم هەموو لێكترازانە كەكۆمەڵە پشكى شێرى بەركەوتووە بەمانایەك لەماناكان ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەى زۆرینەى پارتە سیاسیەكانى رۆژهەڵات لەرووى سیاسیەوە بەبنبەست گەیشتوون وبەرنامە وخوێندنەوەكانیان بۆ دۆخى نوێ ستۆك بووە؟.
رەزا كەعبى: ئینشقاق ولێكترازانەكانى زۆرینە یا هەموو پارتە سیاسییەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان، ئەگەرچى لەماوەى دووسێ ساڵى رابردوو زۆر بەرچاو بووەو پەرەیسەندووە، بەڵام بەهیچ جۆرێك دیاردەیەكى نوێ ونامۆ نییە. حیزى دیموكراتى كوردستانى ئێران لەسەرتاسەرى مێژووى خۆیدا شاهیدى ناكۆكى، ناتەبایی، لێكترازان وئینشقاق بووە كەبەداخەوە زۆرجار بەكارەسات كۆتایی پێهاتووە. كۆمەڵە كەپاش رووخاندنى رژێمى پاشایەتى لەسەر گۆڕەپانى سیاسیی ولەجەرگەى بزووتنەوەیەكى نوێ لەرۆژهەڵاـى كوردستان بەخێراییەكى بەرچاو گەشەیكردو پەرەیسەند، هەر لەسەرەتاوە بەناكۆكى فیكریى وسیاسیی لەرابەرییەكەیدا رووبەروو بووە. حیزبى دیموكراتى كوردستان لەكۆنگرەكانى 2و3 و4و8 و13، لەگەڵ ناكۆكى ولێكترازانى گەورەى باڵەكانى رووبەروو بووەو كۆمەڵەش لەزۆرێك لەكۆنگرەكانى بێ كێشەو بێ ناكۆكى نەبووە. كۆمەڵە ل دووەمین كۆنگرەى خۆیدا، رەوتى دووركەوتنەوە لەحیزبێكى كوردستانى هەڵبژارد وبەرەو پێكهێنانى حیزبى كۆمۆنیست هەنگاوى هەڵگرت كە2ساڵ پاش ئەم كۆنگرە بەپێكهێنانى حیزبى كۆمۆنیست، بەتەواوى رێگایەكى دیكەى گرتەبەر. بەڵام زۆرى نەخایاندو پاش كەمتر لە 6ساڵ رەوتى كۆمۆنیستى كرێكاریى ئینشقاق ولێكترازانێكى گەورەى بەسەر كۆمەڵەو حیزبى كۆمۆنیستدا داسەپاندو لەهاوینى ساڵى 1991بەجودایی رەوتى كرێكاریى، ئینشقاقێكى گەورە كەوتە ناو حیزبى كۆمۆنیست. بەڵام بەهۆى ئەوەى رەوتى كۆمۆنیستى كرێكاریى زۆر زۆر دژى خەباتى نەتەوایەتى ودژى كار لەكوردستان بوو ومێژووى كۆمەڵەى بەتەواوى وەك هێزێكى چەپ حاشا لێدەكردو پاشان بەجێهێشتنى كوردستان، نەیتوانی پێگەى كۆمەڵایەتى كۆمەڵە لەكوردستان، توشى شێواندن بكات. بەڵام لەهاوینى ساڵى 2000 كاتێك رەوتێك بەناوى "جودایی كۆمەڵە لەحیزبى كۆمۆنیست" جودایی خۆى راگەیاند، راستە دەچێتە خانەى "ئینشقاق ولێكترازانى پارتە سیاسییەكانى رۆژهەڵات" بەڵام بەراستى ئەم جوداییە توانی كۆمەڵە زۆر زۆر گەشە پێبدات. كۆمەڵە بەچالاكى بەرچاو گەڕایەوە سەر گۆڕەپانى سیاسیی وخەباتى رزگاریخوازیى كوردستان وجارێكى دیكە وەك یەكێك لەهێزە سەرەكییەكانى كوردستان خۆی ناساندەوە. بەڵام ئەم جوداییە نەیتوانى كۆمەڵە لەبارى پێكهاتەى رێكخراوەیی وحیزبییەوە، توشى ئاڵوگۆڕێ بەرچاو بكات، لەلایەكى ترەوە لەناو رەهبەرى كۆمەڵە بەتایبەت دەفتەرى سیاسیی هێشتا لەبارى سیاسییەوە هاودەنگى ویەك هەڵوێستى بنەڕەتى لەسەر خەباتى سیاسیی لەكوردستان وهەروەها لەسەر ئەركەكانى حیزبێكى سوسیالیستى وچەپ لەكوردستان، نەهاتە ئاراوەو ناكۆكى بەردەوام هەبوو. هۆیەكەشى ئەوەبوو كۆمەڵە 17ساڵ لەحیزبى كۆمۆنیستدا مایەوە. فەرهەنگ وسیاسەتى حیزبى كۆمۆنیست هێشتا مقاومەتى دەكرد. لەلایەكى دیكەوە لایەنى حیزبى كۆمۆنیست وكۆمۆنیستى كرێكاریى كەهێشتا زۆرێك لەكادرە ناسراوەكانى كۆمەڵەى لەخۆ گرتبوو، گوشارى دەخستە سەر بەشێك لەدەفتەرى سیاسیی كۆمەڵە كەتازە لەحیزبى كۆمۆنیست جودابووەوە. پاشان بەهۆى هێرشى ئەمەریكا بۆ سەر عێراق، بەشێك لەدەفتەرى سیاسیی كۆمەڵەو بەتایبەت سكرتێرى ئەوكات، هەموو ژیانى سیاسیی خۆى لەسەر هێرشى ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دانا وكەوتە حسابات وخەونى خۆش خۆش كەبەهێرشى ئەمەریكا، دەبێتە سەرۆك كۆمارى ئێران ولەم هاوینەهەوار بەرەو ئەو هاوینەهەوار دەڕواو دەیان مۆنیكا ئەركى پاراستنى بەئەستۆ دەگرێ. كاتێك ئەم گەندەڵى وفەسادە كەهێشتا بەراستى هیچى بۆ جێبەجێ نەكرابوو، بەڵام وەك بیرۆكە، بەرنامەو پلانى فیكریى وخەباتكارانە لەبیر دەچێتەوە وجێگاى خۆى دەدا بەدژایەتى زۆر زۆر بێڕەحمانە. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لەسەر جودایی ولێكترازانى پارتە سیاسییەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان، بنەڕەتیتر بدوێین وقسە بكەین، دەبێ بڵێم سەرچاوەى ئەم ئاڵوگۆڕانە دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕەكانى كۆمەڵگاى كوردستان. كۆمەڵگاى كوردستان، كۆمەڵگاى سادە، ساوەو ساكارى 50، 40 ساڵى رابردوو نییە. گەلێك ئاڵوگۆڕى قووڵ وگەورەى كۆمەڵایەتى، سیاسیی، فەرهەنگى وئابوورى هاتۆتە ئاراوە كەئەم كۆمەڵگایە بەتەواوى لەرابردووى خۆى جودا كردووتەوە. شۆڕشى ساڵى 57 (1979) گەلانى ئێران دژى رژێمى پاشایەتى، ئەگەرچى بەهاتنە سەركارى كۆمارى ئیسلامى كۆتایی پێهات، بەڵام كۆمەڵگاى ئێرانى بەرەو ئاڵوگۆڕ بردو هێزە كۆمەڵایەتى وسیاسییەكانى توشى ئاڵوگۆڕى گەورە كرد. پاش رووخاندنى رژێمى پاشایەتى بۆ گەلى كورد لەرۆژهەڵاتى كوردستان، هەلێكى مێژوویى هەڵكەوت. بزووتنەوەیەكى گەورە، سەراسەریى ونوێ كوردستانى داگرت. سەرەڕاى هێرشى گەوەرى رژێمى ئیسلامى بۆسەر كوردستان، بەڵام گەلى كوردو هێزە سیاسییەكانى دەستیان دایە خۆڕاگرییەكى بەهێز.
لەماوەى ئەم سی ساڵەدا، كۆمەڵگاى كوردستان هەم توشى ئاڵوگۆڕى گەورەى كۆمەڵایەتى وسیاسیی وئابوورى بووەو هەم بزووتنەوەیەكى بەهێزى نەتەوایەتى جەماوەرى بەرێوە بردووە. ئەم ئاڵوگۆڕانە بەبێ شك كاریگەریى كردووتە سەر پارتە سیاسییەكانى. لەچاو سی ساڵى رابردوو، كۆمەڵگاى كوردستان زۆر زۆر خوێندەوارترە، رۆڵى ژنان لەهەموو بوارەكانى كار وژیان وخوێندن وبنەماڵە ئاڵوگۆڕى گەوەر وقووڵى بەسەردا هاتووە، كۆمەڵگاى كوردستان سەرەڕاى داگیركردنى لەلایەن سوپاى كۆمارى ئیسلامى، رێكخراوترە، سەدان رێكخراوى خۆڕستى پیشەیی، جەماوەریى، ئەدەبى، وەرزشى كوردستانى داگرتووە كەكاریگەریى خۆیانیان هەیە. پەیوەندیى كۆمەڵگاى كوردستان لەگەڵ دونیاى دەرەوە نەتەنیا بەهۆى سەتەلایت وئینتێرنێت بەڵكو بەهاتوچۆى بەرفراوان زۆر زۆر زیاتر لەرابردوو. هەموو ئەمانە كۆمەڵگاى كوردستانى بەتەواوى تووشى گۆڕان كردووەو زۆرترو زیاتر بەرەو دنیاى مودێرن وئەمڕۆیی هەنگاوى هەڵگرتووە. بەم هۆیانەوەو زۆر هۆى دیكە، پارتە سیاسییەكان ناتوانن وەك خۆیان بمێننەوە. ئەم هێزانە، پارت وحیزبى سەردەمى شەڕى ساردن. سەردەمى كۆمەڵگایەكى ساكارو سادەن كەدەیهەوێ بەخەباتى چەكداریى ودیپلۆماسییەكى زۆر كۆن بەرەو رزگارى هەنگاو هەڵبگرێ. كۆڵگاى ئێمە بەراستى گۆڕاوە. هێزە كۆمەڵایەتییەكان تێدا حزوورى بەرچاویان هەیە. بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان وەكوو بزووتنەوەى ژنان، كرێكاران، خوێندكاران وبزووتنەوەى رووناكبیریى وبزووتنەوەى گشتیى مەدەنى وسیاسیی لەكوردستان هەرساڵ بەرەو پێش دەڕوات. خەباتى چەكداریى تەنیا شێوازى خەباتى ئێمە نییە. یەكێك لەشێوازەكانە كەئەویش هەلومەرجى تایبەت بەخۆى دەوێت. بەڵام گەشەى خەباتى سیاسیی ومەدەنى لەكاتێكدا كەسەرتاسەرى كوردستان لەلایەن سوپاى گەوەرى رژێم گەمارۆدراوە، بەرچاوترین ئاڵوگۆڕى كۆمەڵگاى كوردستانە. هەربۆیە زۆر زۆر ئاساییە پارتەكانى رۆژهەڵات تووشى ناكۆكیى، لێكترازان وئینشقاق دەبن. من پێموایە ئەم ئاڵوگۆڕە درێژەى دەبێ. لەكۆتایی ئەم پرسیارە دەبێ بڵێم نەتەنیا ئەم لێكترازانانە تایبەت بەرۆژهەڵاتى كوردستان نییە بەڵكوو لەباشوورى كوردستان ولەزۆرێك لە وڵاتانى جیهان، ناكۆكى هێز وپارتە سیاسییەكان بوونى بووەو درێژەى دەبێ. پێموایە فرەحیزبیى دیارەیەكى سەردەمى ئەمڕۆ ومودێڕنە ودەبێ پۆزەتیڤ چاوى لێبكرێ. 
ستیڤان : باروودۆخى باشوورى كوردستان ماوەى 18 ساڵە كاریگەریى وكارتێكەریى هەبووە لەسەر پارتە سیاسییەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان، روونتر بڵێین پارتى ویەكێتى زۆرترین كاریگەرییان لەسەر هێزەكانى رۆژهەڵات هەبووە تا ئەوەى زۆربەى لێكترازانەكانى نێوان هێزە كوردییەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان بەبێ رۆڵ ودەستێوەردانى ئەو دوو پارتەى باشوورى كوردستان نەبووە. پرسیاردەكەم ئایا زۆرینەى لێكترازانەكانى ریزەكانى كۆمەڵە جیا هۆكارەكانى تر بەهۆى دەستێوەردانى یەكێك یان هەردوو حیزبى باڵادەستى باشوورى كورستانەوە رووینەداوە؟. 
رەزا كەعبى:پەیوەندیى نێوان بزووتنەوەى كوردستان لەرۆژهەڵات ولەباشوور، پەیوەندییەكى دەیان ساڵەیە. هەرپێش كۆمارى كوردستان لەمهاباد، حیزبەكانى"كۆمەڵەى ژ.ك" و"حیزبى هیوا" و"حیزبى خۆیبوون" پێكەوە پەیوەندیى زۆریان هەبوو. لەكۆمارى كوردستان، تێكۆشەرانى كورد لەباشوور بەهەموو شێوازێك پاڵپشتى كۆماریان كردو لەراگەیاندن ودامەزراندنى رۆڵى گەورەیان هەبوو. لەهەڵگیرسانەوەى شۆڕشى كوردستانى عێراق تێكۆشەرانى كوردستانى ئێران وبەتایبەت كۆمەڵە پاڵپشتى یەكێتى بووە. پاشان لەبەرامبەر هێرشەكانى رژیمى ئیسلامى، هێزەكانى یەكێتى بەناوى هێزى پشتیوان هاتنە رۆژهەڵات. راپەڕینى ساڵى 1991 كاریگەریى گەورەى لەسەر رۆژهەڵاتى كوردستان وهێزە سیاسییەكانى داناوە. كەوابوو، دەیان ساڵە كە بزووتنەوەكانى كوردستانى ئێران وعێراق وهەروەها پارتە سیاسییەكانى پێكەوە پەیوەندیى زۆر نزیكیان هەیە. بەڵام تا ئەو جێگەى پەیوەندیى بەلێكترازانەكانى كۆمەڵەوەیە، هەرچەشنە دەستێوەردانى پارتى ویەكێتى رەت دەكەمەوە. پێموایە ئەگەر حیزبێكى سیاسیی لەناوخۆیدا تووشى ناكۆكى وناتەبایی نەبێ،هیچ هێزێكى دەرەكى ناتوانێ لێكترازان وئینشقاقى پێ تەحمیل بكات. هەروەك پێشتر باسمكرد ئەم لێكترازانانەى كەتەنانەت هەموو هێزە سیاسییەكانى لەكوردستانى ئێران وعێراق داگرتووە، سەرچاوەكەى دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕى كۆمەڵایەتى كەحیزبەكان دەبێ خۆیان لەگەڵ دنیاى نوێ ومودێڕن وئەم ئاڵوگۆڕانە كۆمەڵایەتییە رێكبخەن. 
ستیڤان :  هاتنى ئۆباما دەرگا لەسەردەمێكى تازە دەكاتەوە لەپەیوەندیى ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانى جیهان، پێتوایە هەڵوێست وتاكتیكى سیاسیی كابینەكەى باراك ئۆباما دەرهەق بەرامبەر بەكۆمارى ئیسلامى ئێران چۆن دەبێت؟ پێتوایە هەنگاوە سیاسییەكانى كابینەى ئۆباما بەرژوەندیى كورد لەرۆژهەڵاتى كوردستان بڕواتە پێشەوە؟. 
 رەزا كەعبى: بەبڕواى من هاتنى ئۆباما، شكست وهەرەسهێنانى جۆرێك لەسیاسەتى ئەمەریكایە لە20-15 ساڵى رابردوودا، باڵى هەرە كونسرواتیو نوێنەرایەتى دەكرد. ئەویش ئەو سیاسەتە بوو پاش كۆتایی شەڕى سارد، دەیەهویست بەتاك، بەشەڕو بەهێرشى نیزامى تەنیا زلهێزى خۆى بەسەر جیهان وناوچە ئاڵۆزەكانى جیهان داسەپێنێ. هاتنى ئۆباما بەتایبەت شكستى كابینەى بووشە كەویستى بەهێرشى نیزامى وبەبێ لەبەرچاوگرتنى موخالیفتى گەورەرترین وڵاتانى جیهان، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەك گرنگترین وئاڵۆزترین ناوچەى جیهان جێبەجێ بكات، بەڵام هەرەسى هێناوە. هاتنى ئۆباما ئیعتراف بەوەیە چیدى ئەمەریكا تەنیا زلهێزى جیهان نییە (یا لانیكەم بەرەو ئەوە دەچێَ رۆڵى تەنیا زلهێزیى خۆى لەدەستبدات) بەڵكو تەنیا یەكێك لەهێزە گەورەكانى جیهانە. گەلى كورد لەكوردستانى ئێران وبزووتنەوەى رزگاریخوازیى بەبێ پشتیوانى ئەمەریكاو زۆرجار لەنێوان بێدەنگى دنیاى دەرەوە، توانیوویەتى درێژە بەخەباتى خۆیان بدەن. پێموایە لەسی ساڵى رابردوو ئەوە كۆمارى ئیسلامى ئێران بووە لەناكۆكى نێوان خۆى وئەمەریكا زۆرترین كەڵكى وەرگرتووە بەتایبەت لەدەرەوەى كوردستان. بە بیانووى دوژمنى لەگەڵ ئەمەریكا، كۆمارى ئیسلامى لەناوخۆی ئێران زۆرترین گوشارى خستۆتە سەرخەڵك، رووناكبیران، نەیارانى سیاسیی وهێزە سیاسییەكانى. لەسەرەتاوە بزووتنەوەى تازە هەڵگیرساوى كوردستانى ئێران بەبیانووى بوونى سیخوڕانى ئەمەریكا لەسنوورەكانى هێرشى كرایە سەر. بۆیە بەپێچەوانەى ئەوە زۆر كەس پێیانوایە وتووێژى ئەمەریكاو كۆمارى ئیسلامى گوشار دەخاتەسەر خەڵك، من پێموایە یەكێك لەكاریگەرترین چەكەكانى فریووكاریى لەدەس رژێمى ئێران دێنێتە دەر. بەڵام سەرەڕاى ئەوەى هەر تاكتیك وشێوازێك ئۆباما یان كۆمارى ئیسلامى رەچاوىبكەن، ناكۆكى گەورەیان هەیەو بەرژەوەندیى زۆر زۆر جیاوازیان بەتایبەت لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە. من پێموایە ئەمەریكاو ئەوروپا زۆر زیاتر لەرابردوودا لەسەر گەڕانەوەى هێمنى بۆ سەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سوورن. بەڵام بەبڕواى من بەراددەیەكى زۆر لەسەر ئەم باوەڕەن بەبێ گۆڕینى رژێمى كۆمارى ئیسلامى لەئێران، مومكین نییە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رووى ئاسایش بەخۆوە ببینێ. هەڵوێستى ئۆباما تاكتیكێكى دیكەیە بۆ هەمان مەبەست وسیاسەت وبەرژەوەندیى ئەمەریكا. تائەو جێگایەى بەئێمە وەك حیزبێكى سیاسی وبەبزووتنەوەى رزگاریخوازى كوردستان دەگەڕێتەوە، دەبێ لەسەر هێزو توانایی وبزووتنەوەیەكى جەماوەریى یەكگرتووانە حساب بكرێتەوە. پەیوەندیى دیپلۆماسى ولێكدانەوەى ئاڵوگۆڕە سیاسییەكان وجمووجۆڵى هێزەكان ودەوڵەتەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دەبێ كارى سەرەكیى ئێمە بێ وبتوانین هەڵوێستى دروستى بەرامبەر وەربگرین. 
ستیڤان :  ئۆپۆزیسیۆنى كوردى ئێران جیا لەوەى پەرش وبڵاو و نایەكگرتوون بەتایبەت بۆ ئەم دۆخەى ئێستا، لەهەمان كاتدا زۆر لەوە لاوازترن بتوانن سەبارەت بەژیانى سیاسی ئەمڕۆیی ئێران ونەخشاندنى پاشەڕۆژێكى نوێ رۆڵ بگێڕن، بەبڕواى ئێوە ئەم لاوازییەى ئۆپۆزیسیۆنى كوردى ئێران بۆچى دەگەڕێتەوەو چۆن وبەچ رێگایەك ئەم هێزە سیاسییانە دەتوانرێت بەهێز بكەین؟.
رەزا كەعبى: ئۆپۆزیسیۆنى كوردى ئێران، هەرلەكاتى هاتنە سەركارى رژێمى كۆمارى ئیسلامى لەئێران، رۆڵێكى بەرچاوى لەخۆڕاگریى خەڵك لەدژى ئەم رژیمە تەنانەت لەدەرەوەى كوردستان بووە. هەروەها ئۆپۆزیسیۆنى كوردى ئێران وكۆمەڵە ودیموكرات هەركام بەش بەحاڵى خۆیان پەیوەندیى زۆر نزیكیان هەبووە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانى ئێران. ئۆپۆزیسیۆنى ئێران بەگشتى خۆی لاوازەو ئێمە شاهیدى جمووجۆڵێكى بەهێزى هێزە سیاسییەكانى ئێران نین. بەڵام لەناوخۆى ئێران، بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان پێشكەوتنى بەرچاویان كردووە. بزووتنەوەى كرێكاران، ژنان، خوێندكاران وبزووتنەوەى جەماوەرى وسیاسیی ومەدەنى كەتێكۆشەرانى كورد تێیدا رۆڵیان هەیە. ئەگەر بمەوێ وەڵامى دیاریكراو بەپرسیارەكەى ئێوە بدەمەوە، بەبڕواى من هەرچەندە هێزە سیاسییەكانى كوردستان بەهۆى تێكۆشانى 30 ساڵەو رۆڵى ئێستایان هێشتا لەئێعتبارى باش لەنێوان هێزە سیاسییەكانى ئێران بەرخوردارن، بەڵام بەهۆى لاوازبوونى ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانەوە، ئەم پەیوەندییانە بەرەو لاوازبوون چووە. بەبڕواى من بەهێزبوونى ئۆپۆزیسیۆنى كوردى ئێران لەژیانى سیاسیی ئەمڕۆى ئێران ونەخشاندنى پاشەڕۆژێكى نوێ، تەنیاو تەنیا بەپێكهێنانى بەرەیەكى یەكگرتووى كوردستانى دەكرێ. دیارە هەر هێزێك دەتوانێ پەیوەندیى خۆى باشترو بەهێزترى بكات، بەڵام بۆ كاریگەریى گەورە لەسەر ژیانى سیاسیی لەدواڕۆژى ئاڵوگۆڕى سیاسیی لەئێران بەرەى كوردستانى دەتوانێ بەرژەوەندییەكانى كورد باشتر بپارێزێ.
ستیڤان :  لەدوا پرسیاردا پرسیارى ئەوە دەكەم، كۆمەڵەكەى ئێوە بۆچى جیابووەوە؟ ئایا بیرتان لەوە كردووەتەوە لەگەڵ هێز ولایەنى ترى چەپ وپێشكەوتووخواز لێك نزیك ببنەوە تا ئەوەى چەپەكان بتوانن بەهێزو گڕوتینى زیاترەوە بەرەورووى دۆخى سیاسیی ئێران ببنەوە؟ ئایا كاتى ئەو هەموو لێكترازانە بوو چەپەكانى گرتەوە یاخود سەروەختى یەكگرتن ویەكڕیزیی بوو؟.
رەزا كەعبى:كۆمەڵە پاش هاتنەدەر لەحیزبى كۆمۆنیستى ئێران لەهاوینى 2000 بەخێرایەكى بەرچاو گەشەى كردو ئەمە نیشانیدا كۆمەڵگاى كوردستان تینووى هێزى چەپى كوردستانییە كەهەم لەبزووتنەوەى نەتەوایەتى ورزگاریخوازیى وهەم وەك هێزێكى عەداڵەتخواز بتوانێ رۆڵى خۆی بگێڕێ. بەڵام بەم حاڵەشەوە كۆمەڵە پێویستیى بەگۆڕان، بەریفۆرم، بەپێداچوونەوەى رەخنەگرانەو بەداڕشتنى سەرلەنوێى ستراتیژى سیاسیی خۆى لەكوردستان بوو. كۆمەڵە وەك حیزبێكى كوردستانى وبەشدار لەبزووتنەوەیەكى گەورە لەقەیراندا بوو وهەم وەك هێزێكى چەپ وسوسیالیست. راستە ئێمە رۆژ لەگەڵ رۆژ گەشەمان دەكرد، بەڵام هێشتا پێویستى زۆرمان بەئاڵوگۆڕى سیاسیی وپێكهاتەى حیزبى خۆمان هەبوو. هێشتا لەكۆمەڵەدا سوننەتى حیزبى كۆمۆنیست وكۆمۆنیستى كرێكاریى مابوو. هێشتا بزووتنەوەى كوردستان، ئاڵاى كوردستان وحیزبێكى كوردستانى بۆ بەشێك لەرابەرییەكەى موشكڵ بوو. ئەمە لەلایەك لەلایەكى دیكە ئاڵوگوڕەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ورووخانى رژێمى سەددام وئەگەرى هێرش بۆسەر ئێران، بەشێك لەدەفتەرى سیاسیی كۆمەڵەو بەتایبەت سكرتێرەكەى كەوتە سەر بارودۆخێكى دیكە. ویستى حیزبى ئێمە بكات بەكۆمپانیایەكى شەخسى بۆ مەبەستەكانى خۆى. دیپلۆماسى ودارایی زۆر بەتوندى بەدەست خۆیەوە دەگرت ولەهەمانكاتدا لەبارى سیاسییەوە هیچ پرنسیپێكى نەمابوو. ئێمە پڕۆژەى چاكسازییمان هەبوو. لەسێ ساڵ پێش جودابوونەوە لەزۆرێك لەكۆبوونەوەكان پێویستى ریفۆرم وگۆڕانكاریمان باس دەكرد. بەڵام ئەو لایەنە بەتایبەت سكرتێرى ئەوكات كەتووشى گەندەڵى وخەونى سەرۆك كۆمارى دەبینی وهیوا بەسوپاى بێگانە تا كوردستانى بۆ رزگار بكات. حیزبى پێشڕەو وچەپ وكادرو فداكاریى وسەداقەت هەموو بوو بەوەى كێ وچۆن خزمەت بەخۆى وتەنانەت بنەماڵەكەى دەكا تا بەدەسەڵات بگات. بەهەموو ئەمانەوە ئێمە خوازیارى جودایی نەبووین. ئێمە هەموو پێشنیارەكانى لایەنى سێیەم بۆ قسەو باس لەنێوانماندا هاتبوو كەكۆمەڵە توشى لێكترازان نەبێ پەسندكردو قەبووڵكرد. بەرپرساێتى ئەم لێكترازانە بەتەواویى لەسەرشانى ئەوانە. بەڵام ئەوەى هێزە چەپەكان بتوانن یەكبگرنەوە، بەبڕواى من هێزى چەپ لەرۆژهەڵاتى كوردستان پێویستى بەپێداچوونێكى رەخنەگرانەى شەفاف هەیە. پێویستى بەپلاتفۆرمێكى سیاسیی روون هەیە. من پێموایە داهاتووى رەوتى كۆمەڵە لەكوردستان بەراددەیەكى زۆر بەوە بەستراوەتەوە تا چ راددەیەك بتوانێ ببێتە هەوێنى چەپ لەكوردستان. ئێستا زۆر زیاتر لەساڵى 1979 كەكۆمەڵە بەخێرایی گەشەى كرد، كۆمەڵگاى كوردستان پێویستى بەهێزێكى چەپ وسۆسیالیستى هەیە.
رەزا كەعبى:
*ساڵی 1959 لەسەقز لەدایكبووە. هونەرە جوانەكانی (دانش سرای هنر) لەسنە تەواوكردووە. 
ساڵی 1975 بەشداری كۆڕو كۆمەڵە چەپەكان بووە. ساڵی 1979 چۆتە ریزی كۆمەڵەوە.
* 1980-1985 بەرپرسی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بووە لەسەقزو موكریان وورمێ وبۆكان وسەردەشت.
*هاوینی1991چووە بۆ فەرانسەو پاشان لەكۆتایی ئەو ساڵ گەراوەتەوە كوردستان. 
*لەكۆنفرانسی"ساغكردنەوەی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران" بەئەندامی كۆمیتە ناوەندیی ئەو حیزبە هەڵبژێردرا.
*ساڵی 1995 لەكۆنگرەی هەشتی كۆمەڵەدا بوو بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵە. 
*بەسەرهەڵدانی ناكوكی لەكۆمەڵە و پێكهێنانی باڵی ریفۆرم، جێگای دیاری هەبوو ویەكێك بووە لەرابەرانی باڵی ریفۆرمی كۆمەڵە. لەكۆنگرەی ریفۆرم لەهاوینی رابردوو بووە بەئەندامی دەفتەری سیاسیی وجێگری سكرتێری كۆمەڵە. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە