بەڕێوبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە سلێمانی بۆتە مڵۆزمێک بۆ ڕوحە گەنجەکاننی هونەر!

Thursday, 13/12/2012, 12:00

1949 بینراوە





لەم ماوەیەدا چەندین دەنگ لێرەو لەوێ لە پەیمانگای هونەرەجوانە کانی سلێمانیەوە بەرز دەبێتەوەو هاواری لابردنی ئەم بەڕێوبەرە حزبیە تازەیە دەکەن ، هەرچەنە خۆم لە پەیمانگایا نیم بەڵام چاک ئەزانم بەرێوبەری شەق وەشێن و دەم پیس و نا ڕۆشنبیر لە پەیمانگا نابڕێ ، پێش ئەم بەڕێوبەرە کە ناوی هۆشیارە دانەیەکی تر بوو بە ناوی عەبدووڵا ، کە هەموو پێداویستیەکی شەق وەشان و سوکایەتی تێدابوو بەڵام خاڵی بوو لە هونەر ، وا دیارە ئەم بەڕێوبەرە تازەیەش هەمان پرنسیپە نا ئەخلاقیەکانی ئەوی گرتۆتە بەر و دوور لە ڕوحی هوونەر و ڕووحی گەنج هەڵس و کەوت ئەکات .
دیارە کارەساتی زۆرمان هەیە ئێمە لەم وڵاتەدا ، بەڵام کێشە هەرە ئەساسیەکانی ئێمە کلتوری و فەرهەنگیە ، ئەگەر ئێمە کێشەی کلتووری و فەرهەنگیمان نەبوایە ئەوا دەمێک بوو لە بەڵای کێشەی سیاسی و نەهامەتی دەسەڵات نەجاتمان ببوو ، سەرچاوەی کێشەو کەم و کوڕیەکانی دونیای کلتور و فەرهەنگ و هونەریش لە وڵاتی ئێمەدا لە خوێندنگاکانەوە دەست پێ دەکات ، تاک و ئێستا خوێندنگا نیە ڕێخراوی حزبی تیدا نەبێ ، تەنانەت باخچە و دایانگەکانیش پڕن لە مرۆڤی بە ئینتیما بۆ حزب و سیاسەت ، بەڵام لە هەموو ئەمانە خەتەرتر ئەوەیە پەیمانگایەکی گەورەی هونەری وەک پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی لە لایەن مولازم موحسینێکەوە مۆنۆپۆڵ بکرێ بە پاڵپشتی حزبی ! ئەمە بۆخۆی جگە لە کوشتنی حەز و ئارەزووی گەنج بۆ هونەر هیچی دی بەرهەم ناهێنێ ، بەڕێوبەرێ جوێن بە خوێندکاری هونەر باو پەلاماریان بدات و مۆڕەیان لێکات ئەبێ بارو دۆخی هونەر بە گشتی و لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بە تایبەتی بەرەو کوێ بڕوا؟؟





ئەگەر بە جدی خەمی پەیمانگای هونەرە جوانەکان نەخۆین ئەوا باشترە ناوەکەی بگۆڕن بۆ(پەیمانگای سەربازی و حزبی بەڕێوبەر و کادرە جوانەکانی سلێمانی)و بەیانیان خوێندکاران بە جلی سەربازیەوە بوەستن بۆ تەحیا کردن بۆیان !!!

دیارە ئینکاری ناکرێ زیاد لە بیست ساڵە ئاستی پەیمانگای هونەر لە سلێمانی بەرەو دواوە ئەچێت و ساڵ بە ساڵ خوێندکاری نەخۆشترو فاشلتر بەرهەم دەهێنێ ، گەورەترین هۆکار بۆ ئەمەش بۆ ئەو گەندەڵیە دەگەڕێتەوە کە لە بەڕێوبەرایەتی ئەو پەیمانگایەدا هەیە ، ساڵانێ کە من لەوێ بووم گەلێ باشتربوو ، بەڵام ئێستا بۆتە گۆڕەپانێ بۆ ململانێی حزب و کادری حزب بۆتە ، سەرۆکی هونەرمەند و بەڕێوبەری خوێندکارانی هونەر ، ئەمەش بەشێکە لە گەندەڵی کلتوری کە خەتەرناکترین جۆری گەندەڵیە .
ئەم بەڕێوبەرە و گشت ئەوانی پێشوش بەجۆرێک لە جۆرەکان تاوانبارێکی گەورەن ، لە بەهەدەردانی توانا و کات و تەمەنی خوێندکار و گەنجی ئەم وڵاتەی ئێمە ، بەڕێوبەرێ کە ستراتیژێکی پتەوی نەبێ بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی هونەر و توانای پلانی تۆکمەی نەبێ بۆ سەرخستنی توانا هونەریەکانی گەنجی بەهرەمەند و ، وەک هاوڕێیەک نەبێ بۆ گشت خوێندکارێ بە بێ جیاوازی و ، لە باتی ئەمانە بەیانیان لەبەردەم دەرگای پەیمانگا بوەستێت و بە مۆڕەوە پێشوازی لە خوێندکار بکا و بەبێ هیچ هۆکارێ گەنجی پەیمانگا فەسڵ بکا و پەلاماریان بدات ، بێ دوو دڵی دەبێ هەرچی زووە لاببرێت و لەسەر ئاستی پەیمانگا لە هەڵبژاردنێکی بێ غەل و غەشدا و بە بەرچاوی خوێندکاراناوە بەڕێوبەرێکی نوێ هەڵببژێردرێ ، ئەگەر نا ئەم جۆرە کەسانە کارەساتی گەورە بەدووی خۆیاندا ئەهێنن
دوور لەم بەڕێوبەرە وەک پێم گەشتوە لە هەرسێ بەشەکەی پەیمانگا جم و جوڵێکی حزبی هەیە بە تایبەت لە شێوەکاریدا کە چەند مامۆستایەکی حزبی بە کۆمەکی چەند خوێندکارێ لە ڕێخستنەکانی خۆیان ، کەوتونەتە دژایەتی و بەرهەڵستی مامۆستاو خوێندکارەکانی ترو ئەیانەوێ بەزۆر ئەوانیدیش بکەنە حزبی!!!، پێم وایە ئەگەر ئەمانە زوو چارە نەکرێن و نەبرێنە دەرەوەی پەیمانگا ئەوا خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەورە لە نێو خوێندکاراندا ئەخوڵقێنێ و وەک بورکانێ بەڕویی بەڕێوبەرایەتی و گشت حزب چیەکاندا ئەتەقنەوە.
لێرەوە داوا لە هەموو بەرپرسان بە گشتی و (وەزارەتی) ڕۆشنبیری بە تایبەت ئەکەم کە هەرچی زووە ئەم بەناو بەڕێوبەرە و مامۆستاکانی هاوپیشەی لاببەن و لەجێی ئەو بەڕێوبەرەش بەڕێوبەرێکی کارامەی ناو خودی دونیای هونەر بە شێوەیەکی ڕۆشن و دوور لە ئینتیمای حزبی و سیاسی بخەنە جێگەی .
ئەمە هەر وەکو هەواڵێک نەک بەدواداچون و لێکۆڵینەوە ، وەگەر نا ئەم بابەتە قسەی زیاتر هەڵدەگرێت و بە هیوام بتوانم لێکدانەوەیەکی چڕی بۆ بکەم لە داهاتودا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە