هەموو راكەن ئازادیی هات

Friday, 29/01/2010, 12:00

1285 بینراوە




ئێمە بەدیار بەردێكەوە دانیشتووین و چاوەڕوانى هەڵێنانیشین، وەلێ خەریكە عومرى نەوەیەك بەڕێدەكەین جورئەتى ئەوە ناكەین كە دەست بۆ ئەم توحفەیە ببكەین تا بزانین ئایە بەردە یان هێلكە، چونكە پێمان وایە كە زۆرناسكەو لەوانەیە بشكێت. بەڵام نەوەیەك حەزدەكات ماهییەتى ئەم توحفەیە كەشف بكات كە میللەتێكیان پێوەسەرقاڵكردووە.
ئەمە ئەو ئازادییەیە كە دەبێت لەسەرى دابنیشین و گومان لەبوونى نەكەین، بەڵام هەرگیز ئەو پرسیارە نەكەوتۆتە سەرى پیاوەكانى دەسەڵاتەوە كە نەوەكانى ئەم مەملەكەتە لەچى رادەكەن؟ ئایە ئەوە ئازادییە كە گەنجەكانى ئەم وڵاتە راودەنێت یا تاعونەكەى ئەوانە كە بە ئازادى پێمانى دەفرۆشنەوە؟ بەدبەختى و كڵۆڵى ئەم پیاوە بچوكانەى دەسەڵات ئەوەندەیە كە پێیان وایە لەبەر ئەوەى دەتوانین قسەبكەین كەواتە ئازادى هەیە، ئەى سیاسەتمەدارانى كورد دەكرێت بپرسین ئەى دواى ئازادى چى؟ كوشتن یان لێدان یان نانبڕین؟
ئەوە نائارامى هەندێك رۆحى كوردە كە نۆكەرى قەبووڵناكەن نەك ئازادییەكەى سوڵتەى كوردى،هەرچى بەرهەمى ئازادى تفەنگ بەدەستەكانە بریتین لە كۆمەڵێك رەعییەت و لەشكرێك لە پیاوى نۆكەر.
وەلێ نە قوڕگى ئێمە ئەوەندە بچووكە تا لەسەر خوانى ناشیرینى ئەوان دابنیشین و خەریكى خواردنى تیكەى شەرمەزارى بین، نە نوێژ بۆ خوداكەى ئەوانیش دەكەین تا بڕۆینە سەر بەرماڵەكەى ئەوان، وەلێ ئەوان بە ئازارەكانى ئێمە دڵخۆشن. بەڵام بەدبەختى ئەوانیش لێرەوەیە كە وادەزانن ئەتوانن ئازارمان بدەن، كەچى ئێمە دەمێكە پێمانوتوون كە بمانبەخشن حەزمان بەم ژیانە نییە ئەوان بۆمانى دروست دەكەن.
هەمیشە پێموابووە ئەوانەى ئێستا دەیانەوێت ستاییشیان بكەین بەیانى داواى جنێو و شەڕى ئەوانى دیكەمان لێدەكەن، لەوانەشە بۆ ئەوان كارێكى ئاسایی بێت كە هەموو رۆژێك ئاوازێكى ناشیرینتر لە دوێنێ بچڕن، بەڵام بۆ نەوەیەك كە جوامێرى لە ئیرادەیەتى ماناى شەرمەزارییە.
ئەوە كارى ئێمە نییە ئەمڕۆ بڵێین نێچیرڤان پیاوى سیاسەتە و بەیانیش هەڵسینەوە سەرەى دكتۆر بەرهەم بێت تا پێیهەڵبڵێین، كارى ئێمەش ئەوە نییە سەرینەكەمان هەر رۆژە و لاى بەرپرسێك جێبێڵین و خەریكى میكیاجكردنى ناشیرینببەكانى ئەم و ئەو بین، كەسانێكین نە كوردمان كوشتووە و نە بانگەوازى كورد كوژیمان كردووە، وەلێ ئەو شوێنەى ئەو پیاوە ناشیرینانەى لێدابنیشێت هەزار میل دووردەكەوینەوە.
لەهەرشوێنێكدا بزانین دەنگى ئێمەى پێویستە پڕبە گەروومان هاوار دەكەین، لەهەر جێگایەكیشدا زانیمان شوێنى ئێمە نییە لێدەگەڕێین با پیاوە حیزبییەكان یەكتر سووك بكەن، بەڵام لەهەر چركەیەكدا هەڵبكەوێت ئێمە مێژوویان بیردەخەینەوە تا خۆیان بیرنەچێتەوە. دەبێت زوو زوو بیریانبخەینەوە كە نە ئێوە فیگەرى ئازادین، نە ئەوە ئێوەن شەڕى ئازادیتان كرد، ئەوە باوك و براكانى ئێمە بوون بۆ ئازادى مردن و ئێوەش خەریكن بەشەرمەزارى خوانەكەى دەخۆن.
لەوانەیەی كارى ئێمە هەر ئەوەندە بێت كە بزانین ئەوە چییە لەسەرى دانیشتووین كە جگە لە بەدبەختى هیچى بۆ ئەم وڵاتە پێنییە، بە ئاراستەیەكى دیكە لەوانەیە هەموو دەنگى ئێمە بۆ ئەوەبێت كە تێبگەین ئەوەى ئێمە لەسەرى پاڵكەوتووین و دڵخۆشین پێى بەردە یان هێلكە یان لوغم، بۆیە ئیشى بەردەوامى ئێمە ئەوەیە كە هەمیشە بەرد بگرینە ئەو توحفەیە كە كەسانگەلێك ماچى دەكەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە