دەوڵەتی سووریا پێویستە گوێ لەداواكاری بەرخودانڤانان بگرێت

Saturday, 14/11/2009, 12:00

1778 بینراوە


لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەری پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان ناجی ئەرگوشی ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دەربارەی ئەو چالاكییە دیموكراتییە كە زیندانیانی سیاسی كورد لەزیندانی عەدرا بۆ ماوەی شازدە رۆژە دەستیان پێكردووەو، داواكاریەكانیشیان داواكاری دیموكراتین لە پێناو باشتر كردنی هەڵومەرجی زیندانیان و چارەسەری دیموكراتیانەی پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان. بۆیە پێویستە دەوڵەتی سووریا گوێ لەداواكاری زیندانیان بگرێت كەوا بۆ ماوەی شازدە رۆژە دەستیان بەمانگرتنی بێ سنوور كردووە.
ناجی ئەرگۆشی گووتی؛ پێویستە دەوڵەتی سووریا واز لەو سیاسەتانەی بێنێ كە بێ چارەسەری دەسەپێنێ. لە لاێك تاكو ئێستا سیاسەتی بێ ناسنامەیی هاوڵاتیانی كورد و لە لایەكی تریش سیاسەتی پشتێنەی عەرەبی لەناوخۆیدا بەردەوام دەكات. لە گەل دەرەوەش لەلاێك لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمی سیاسەتی داگیركەریی و نكۆڵی و پیلانگێڕی پێشدەخەن و لەلایەكی تریش هەموو تەعویزێك دەدات بۆ زڵهێزە جیهانیەكان وئیسرائیل تاكو بەردەوامی بەمانەوەی خۆی بدات، بۆیە باشترین هەڵوێست بۆ دەوڵەتی سووریا ئەوەیە كە بەزووترین كات واز لەو سیاسەتە كۆنەپەرستانەی بێنێ و دیموكراتیزە كردنی كۆمەڵگای سووریا و چارەسەری پرسی دیموكراتیانەی كورد بەبنەما بگرێت. هەر لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ناجی ئەرگۆشی گووتی؛ پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتەو لایەنە سیاسیەكان لەباشووری كوردستان پشتگیری بۆ ئەو چالاكییەی زیندانیان لە رۆژئاوای كوردستاندا نیشانبدەن و داوا لە رژێمی سووریا لە رێگای ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسیانەی كە هەیانە بكەن، كەواز لەسیاسەتە كۆنەپەرستانەكەی بەهێنێت و بەئێرادەیەكی چارەسەر ئامێز نزیك پرسی كورد ببێتەوە.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ناجی ئەرگۆشی گووتی؛ ئێمە وەك پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بەهەموو شێوەیەك پشتگیری خۆمان بۆ بەرخودانڤانی زیندان رادەگەێنین و پێیان دەڵێن ئێوە بەتەنها نیین، ئێمە لەهەموو هەوڵەكانتان لە پشتانین، چونكە گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان خاوەنی قوربانی وفیداكاریەكی بێ سنوورە لەتێكۆشانی ئازادی و دیموكراتیدا، بۆیە پشتیوانی لەرۆڵە بەرخودانڤانەكان لەزیندانەكانەكانی سووریادا بەئەركی نەتەوەیی ودیموكراتی خۆمانی دەزانین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە