رێپێوانەكەى رۆژى چوارشەمە لە چاوى منەوە!

Thursday, 13/05/2010, 12:00

1149 بینراوە


رێپێوانەكەى رۆژى چوارشەمە لە چاوى منەوە!
دواى ئەوەى بریارم دا بەشدارى ئەو رێپێوانە بكەم, لە بەرێوەبەرى كۆمپانیاكەم داواى مۆڵەتم كرد و بەرێ كەوتم, بەپاێ تا نزیك لقى چوار رۆیشتم, كاتێ دابەزیم چیم بینى؟ بەردەم لقى چوار بە ئۆتۆمبێلى پۆلیس و هێزى بەرگرى و فریاكەوتن و حزب و حكومەت دەورە دراوە و پۆلیس بەوناوەدا بڵاوبۆتەوە! وتم لەوانەیە ئەمانیش بەشدارى بكەن یان خەڵكیان كۆكردبێتەوە, دواى كەمێك لە تێرامان لەو حەشاماتە وتم خۆ رێپێوانەكە لە باخى گشتییەوە دەست پێ دەكات بۆچى چواردەورى لقى چوار گیراوە.؟, وتم لەوانەیە لەبەر بارودۆخى ئەمنى بێت نەوەك تیرۆرستان ئەو هەلە بقۆزنەوە و زەرەر بە لقى چوار بگەیەنن, دواى كەمێك دیسان وتم نەخێر تیرۆرستان خەڵكى فەقیرو هەژارو بێ دەستەكان دەكەنە ئامانجى خۆیان چونكە بەرامبەر هێزى دەسەڵاتدار كە خاوەنى چەك و تەقەمەنین ئەژنۆیان شكاوە, پاشان وتم دەبێت هۆكارى ئەوە چى بێت كە هاوڵاتیانى بەشدار لە رێپێوانەكەدا پشتیان كردۆتە لقى چوار و بەسەر پشتى مەولەویدا و باوەش بەهاوڵاتیانى ناوبازاردا بەرەو پەیكەرى مەلیك محمود و بەردەركى سەرا كە سمبوڵى قارەمانى و ئازایەتى و بەرخودانە هەنگاو دەنێن, ئاسایش و پێشمەرگەكانى حزبەكەى لقى چوار تفەنگ و دەمانچەیان هەڵگرتبوو لەگەڵ پۆلیسەكانى چالاكیە مەدەنیەكان كە دارو قەڵغانى مەدەنیانەیان پێ بوو بۆ رووبەروبوونەوەى رۆژنامەنوسە چەكدارەكان , كام رۆژنامەنووسە چەكدارەكان؟ ئەوانەى قەڵەمەكانیان كردبۆیە چەكى روبورووبونەوەى گەندەڵیەكان و پەرە سپییەكانیان دانابوو بۆ كفنە بێ نازەكانیان , بەڵام ئەگەر چى هەنگاو لەدواى هەنگاو هاوڵاتیان بەهەموو چین و توێژەكانیانەوە روویان لەو خۆپێشاندانە دەكرد و بە سەرێكى بەرزو دەستێكى لەگیرفانى بێ باك لە هەموو شتێك و دەستێكى تر بە مۆبایل یان جگەرە یان قەڵەمێك یان لەنێو دەستى دەستگیرانەكەیدا هەنگاویان دەنا تا دەركى سەرا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە