گۆشت خۆرەكانی كۆبانێ دوای سەركەوتن زۆردەبن

Monday, 27/10/2014, 12:00

1555 بینراوە



دوای سەركەوتنی كۆبانێ گۆشت خۆرەكان زۆردەبن بۆیە پێویستە مافی خۆبەڕێوەبەری تەنها بەپارێزەرانی ڕەواببینرێت نەك حازرخۆرەكان بەناوی دۆستەوە،،لەسەردەمێكدا دەژین تەنانەت براكانمان لەبری دوژمن ڕۆڵی پیلانگێڕی ئاوا دەكەن بەجۆرێك خەم ساردیەكانیان بە ئاستی دوژمنكاری گەشتووە،تەنها لەبەر بەدەست هێنانی ئافەرینی بەناو ووڵاتانی دراوسێ، بەداخەوەهێشتا ئەوانەی خۆیان بەنوێنەری گەلەكەمان دەزانن نوقمی دەبڵ مۆڕاڵی بوون بەجۆرێك پاراستنی سەرمایەكانیان لەخودی ئازادی پیرۆزتر دەبینن،كۆبانی تەنانەت دوژمنانی نەتەوەكەمانی هێنایە قسەكردن تائاستی ئەوەی بەرخودانی كۆبانێ بووە هەواڵی سەرەكی میدیاكانیان بەڵام لەباشوور هێشتا سەرمەستی وەرگرتنی ئەو چەكوجبەخانەیەن كە لە ووڵاتانی ئەوروپیەوە پ]یان دەگات، بەڵام سنورەكانیان بەڕووی ڕۆژئاوادا داخستووە بەجۆرێك ئەم گەمارۆیە هیچی لە گەمارۆی ووڵاتانی سەردەست كەمترنیە،بۆیە بەرخودانی كۆبانێ بەگوێی هەموو زلهێزانیدا چڕی(ئێرە كۆبانیە) گۆڕستانی داعش و بڕیارە شومەكانی ئێوەیە بۆیە خۆبواردن لیی نەفرینی مێژووی گەلانی ئازادیخوازی هەموو جیهانی لەدوایە..
كۆبانێ بەرخودانی كردەوە بەری شۆڕشی كوردان لەپارچەكانی تری كوردستان بەجۆرێك چاندنی بیری بەرخودان وا ئاوێتەی بیری تاكی كوردی كرایەوە كە بەتەنها ڕێگای گەشتن بەسەربەخۆی نەتەوەكەمان ئەژماربكرێت،بۆیە لەڕێی كۆبانیەوە فشۆڵی ڕێچكەی پەیوەندی دیبلۆماسی و بازرگانی خرایەڕوو كە ئەم ڕێچكەیە جگە لەشەرمەزاری بۆ نەتەوەكەمان هیچ دەستكەوتێكی لەدوانیە.كۆبانی من وەك داستانی سەدەی بیست ویەكی دەبینم لەبەرامبەر دڕندەترین گروپی تیرۆرستی بەرامبەر بەمرۆڤایەتی بەگشتی و كوردان بەتایبەتی، ئەوبەرخودانەی شەڕەڤانانی كۆبانێ بەجیهانیان پیشان دا كەم وێنەو بێ وێنەیە بۆیە دەبێت هەموو كوردێك شانازی بەم بەرخودانەوە بكات وخاوەندارێتی لەگیانبازانی كۆبانێی خۆشەویست بكات،كۆبانێ بۆیە جیاوازە لەسەردەمی شكست و پاشەكشێی هێزێكی كوردی وەكو پێشمەرگەی لەشەنگال بەدرۆخستەوەو سەلماندی بەدوژمنان كە ئەگەر لەوێستەگەیەكدا لەبازنەی سیاسیدا بتوانن بمانخەڵتێنن ئەوا ئێوە بەهەڵەداچوون چونكە دیوی ڕاستەقینەی كوردان ئەمەیە كە(ماف نادرێت بەڵكو دەسەنرێت) بۆیە كۆبانی دڕنی بەشەوەزەنگی شكست هێناو ئاسۆی رَژێكی نوێی بەنەتەوەكەمان بەخشی،كۆبانێ توانی كەرامەتی تاكی كورد بەپارێزراوی بهێڵێتەوەو خەونی داعش و هاوبیرەكانیان بكاتە بڵقی سەرئاو بۆیە كۆبانێ تەنها لەخۆی دەچێت نەك شوێنێكی تر،چونكە داستانی بەرخودانی ڕاستی ئاشتی خوازی نەتەوەی كوردی بە ووڵاتانی ئەوروپی سەلماند بەجۆرێك ئەوان لەپێناو ئاشتی گەلەكانیان لەجەنگی دژەتیرۆردان لەسنورێكی دیاری كراوو مەرجداردا بەڵام كۆبانێ هەموو دژواریەكانی بەرەنگاری لەبری گەلانی جیهان لەئەستۆگرتووە،ئەویش بەبەخشینی خوێنی ئاڵی لاوەكانمان لەكچان وكوڕان لەپێناو بەرزڕاگرتنی ناوی نەتەوەكەمان، بەڵام بەداخەوە لەباشوور سەركردایەتی لایەنەسیاسیەكان نەیانتوانی لەئاست داخوازیەكانی نەتەوەكەماندا هەڵس وكەوت بكەن ئەویش لەبەرهۆێكی سادە كە هێشتا كلتووری تۆڵە زاڵە بەسەر كلتووری هاوكایدا بەهەموو لایەنەكانەوە بەبێ جیاوازی لەچەپەوە بۆڕاست لەلیبراڵەوە بۆئیسلامی چونكە ڕێبازی نەتەوەیی هەموو حەزە كەسیەكان و پیرۆزیە حزبیەكان تێك دەشكێنێت هەروەك ئیبراهیم بتەكانی تێكشكاند،لێرەوە دەبینین بەرخودان دۆستی نیە چ لەسەر ئاستی ناوخۆو چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ،لەسەدەی ڕابردوودا هەڵەبجەی سونبولی كوردان مەزڵومیەتی نەتەوەكەمانی بەجیهان ناساند لەم سەدەیەشدا كۆبانی زینویەتی نەتەوەكەمانی سەلماند،بەڵام حزبەكلاسیكیەكان هەرچۆن تونیان (هەڵەبجە)بكەنە قوربانی گیرفان و مەرامە حزبیەكانیان بەتەمان كۆبانیش بەهەمان شێوە بێت بەڵام ئەمەیان مەحاڵە چونكە كۆبانێ داكۆكیكارێكی سەرسەختی هەیە ئەویش خودی نەتەوەی كوردە بۆیە لەبێ ئومێدی خودی ئەم حزبانە لەداهاتووی كۆبانێ بازنەی دژایەتیان فراوان كردووە هەندێك جار بەنهێنی و هەندێك جاریش بەئاشكرا...
ئێستاش تەنها لایەنێك بێ بەرامبەرو دوور لەبەرژەوەندی و دەستكەوتی مادی خۆی گەیاندبێتە هەموو بەرەكانی جەنگ (گەریلاكانن)بۆیە پارتی كرێكارانی كوردستان لەدەرەوەی بازنەی مەرامی زلهێزاندا بەرخودان دەكات ئەمەش بووەتە مایەی دژایەتی سیاسیەكانی كورد بۆ ئەمان چونكە خۆیان لەبازنەی دۆستایەتی بێ مەرجی ئەو زلهێزانەدا دەبیننەوەو زۆربەی كاتیش پەكەكە بەڕێگردەبینن لەبەردەم مەرامەحزبیەكانیاندا تەنانەت كار بەوە گەشتووە ئەندامێكی مەكتەب سیاسی (یەكگرتوو)هەمان قسەی (پارتی دیموكرات)بكات و لەسەر شاشەی تیڤی بڵێت نابێت پەیەدە هەموو شتەكان بۆخۆی قۆرخ بكات بەڕاستی ئەمە توانەوەیە تاسەر ئێسقان لەسیاسەتی دەستەمۆبوون لەپێناو وەرگرتنی چەند پۆستێكی ئیداری بۆ ئەوحزبە لەباشووردا،من بۆیە دەڵێم كۆبانێ جیاوازە چونكە لەسەردەمی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیدا تیرۆریان بەرەوڕووكردەوە كەهەموو جیهان شایەتی سەركەوتنی ئەم جۆرەخۆبەڕێوەبەرییەیان دەدا،بۆیە كلتووری حزبی لەباشوور ئەم جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەی پێ قبوڵ نەكراو بەردەوام دژایەتی دەكرا بەبەخشینەوەی تۆمەت داتاشین كە گوایە ڕۆژئاوای كوردستان تیرۆرستن لەكاتێكدا خۆیان شەڕی تیرۆریان دەكرد،كۆبانێ و بەرخودان دوانەیەكی لێك جیانەكراوەن بۆیە دەبێت ئەم ڕاستیە قبوڵ بكرێت وئەوەش بزانین كەسەركەوتنی دۆزی ڕەوای نەتەوەكەمان بەستراوەتەوە بە پڕۆگرامی قوتابخانەی كۆبانێ چونكە نەوەی داهاتوو سەرمەشقی لەبەرخودانی كۆبانیەوە وەردەگرن نەك كۆشك نشینان و خاوەن ژمارەی بانكیەكان لەئەوروپادا،كۆبانێ هەوێنی هەرچوارپارچەی كوردستانەبۆ یەكگرتنەوەیان چونكە مەشخەڵی بەرخودان لەوێوە هەڵكراو تیرۆریش شكستی هەرلەوێوە پێهێنرا بۆیە كۆبانی (پایتەختی بەرخودانی كوردانە)...
كۆبانێ ژیانی كۆیلایەتی و كورسی ڕەتكردەوە بەجۆرێك شەڕەڤانان تەنها عشق و ئەوینێكیان وەرگتبوو كە بریتی بوو لە عەشقی نیشتمان وبەرخودان لەپێناویدا بۆیە ڕاستی ڕێبازی نەپساوەی بەرخودانیان بەبەخشینی گیانیان بۆ هەمووان سەلماند،كۆبانێ هانابردنی بۆ ووڵاتانی زلهێز ڕتكردەوەو قورسایی ئەركی بەرخودانی بە نەتەوەكەمان بەخشی بەجۆرێك ئەم بێ نیازمەندیە بووە هۆی ڕەواندنەوەی (دەستەمۆبوون) لەژێر ناوی (دۆستایەتی)ووڵاتانی سەردەستدا ئیتر لەم هەنگاوەی كۆبانیەوە دەكرێت داڕشتنەوەی نوێ بكرێت بۆ پەیوەندیەكانمان لەگەڵ دەوروبەرماندا،لێرەوە كۆبانێ ڕاستیەكی تری سەلماند ئەویش(نەبوونی دەستەواژەیەك بەناوی(شكست)ەوە لەفەرهەنگی نەتەوەیدا چونكە دەستەمۆبوون شێوەیەكی مۆدێنەیە لە(شكست)لەژێرناوی دۆستایەتی،كۆبانێ سەدەیەك لەبەرخودانی نەتەوەیەكی بەڕێ خستەوە لەژێر دەستەواژەی شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی نیشتمانن....




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە