شەقاوەکانی بارزانی لە پاڕلەمانیش هەن

Friday, 27/03/2015, 12:00

1746 بینراوە







هەرچەندە من پێشتریش هیچ گومانێکم نەبووە لە وەی کە ئەگەر کەسێک هەرچەندی پلەی بەرزتر بێ و لە ژێر سێبەری بنەماڵەی بارزانی سیاسەت بکا ئەوە بێ سێ ودوو لە ڕووی زهنیەت و مۆڕاڵەوە زۆر نیزیکە لە خوار سفریشەوە. چونکە دەکرێ کەسێکی نەخوێندەوار و بێ ئاگا وەدوای ئەوانەوە کەوتبێ. جا چ بۆ بژێوی ژیانیان بێ چ وەک بێئاگاییان بێ لە خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی. چونکە ئەو کەسانەی دەگەنە پلەی وەزیر، ئەندام پاڕلەمان ...هتد کە زۆریان ماستەر و دکتۆراشیان هەیە، زۆر باش دەزانن کە بنەماڵەی بارزانی هەمان ئەو بنەماڵەیە کە ٣١ی ئابی خوڵقاند و شەڕی هەموو پارچەکانی کوردستانی کردووە. شەڕی ڕۆژئاوای بەستەزمان مابوو کە بیکەن ئەویش لە ڕێگەی خەندەق لێدان بەرەو ڕووی ئاوارەیی ئەوان هەموو مۆڕاڵێکی ئەخلاقی پچڕاند.
ئەوانەی لە ژێر سێبەری بنەماڵەی بارزانیدا سیاسەت دەکەن بەتەواوی کۆیلە ن و دەروێشانە وەدوای بارزانی دەکەون. چونکە هیچ لە سیاسەتی ڕاستەقینەشەوە فێرنەبوون هەموو بونیادو هەبوونێکیشیان لە ژێر سایەی شەڕی براکوژیدا وەدەست هێناوە. چونکە شەڕی داعشی لێ دەرچێ (ئەویش کە بە جینۆساید کردنی شەنگالی لێکەوتەوە) تاوەکو ئێستا ئەوەندەی پارتی شەڕی ناوخۆی کردووە، نیو ئەوەندە شەڕی دوژمنانی نەکردووە.
لە ڕۆژی ٢٥ی مارس واتا پێرێ دوو شەقاوەی بنەماڵەی بارزانی بە ناوەکانی (نازم که‌بیر، مه‌ردان خدر) کە ئەندام پاڕلەمانی فراکسیۆنی زەردن، وەک ئەوەی بۆ کەسێکی داعش بچن پەلاماری عەلی حەمە ساڵحی ئەندام پاڕلەمانیاندا بە بۆکس وەشاندن وهێرش بۆ بردن، لە سەر ئەوەی کە عەلی حەمە ساڵح ویستوویەتی باسی سەرۆکایەتی بارزانی بکات!؟ لای ئەم شەقاوانە باس کردن و ناوهێنانی بارزانی هێڵی سوورە و پیرۆزە وەک ٣١ی ئاب.
زۆر کەس لە سەر ئەم بابەتە هاتە دەنگ. لەوانە عەلی باپیر ئەم هێرشەی بە ناشارستانی و ناشەرعی لە قەڵەمدا. هەروەها د.شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتیەکانی لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژ بەوە دەکات کە ڕۆژی چوارشەممە، پێش دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان، كە بڕیاربو بڕگەی سەرەكی تیایدا بریتی بێت لە گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژە یاسای نەوت و گاز و ئەگەری پەسەند كردنی هەبوو، روداوێكی نەخوازراو دروستكرا بە هێرشكردنە سەر پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان. بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرنجە خودی گۆڕان زۆر بە ساردو سڕی لە سەر ئەم مەسەلەیە هاتە دەنگ، کە ئەوەش جێگای پرسیارە!
هێشتا کورد زۆری ماوە بگات بە خەونەکانی کە سەربەخۆیی کوردستان کۆتایی یەکەیەتی، بەڵام لە ژێر سێبەری شەقاوەکانی بنەماڵەی بارزانیدا زۆر زەحمەتە تاوەکو ئەم دەسەڵاتە قەرەقوشانە لە ناونەچن هیچ ئومێدێک بۆ سەربەخۆی کوردستان هەبێ. مەسعود بارزانی زۆر جار ڕایدەگەیەنێ کە خەونی ئەو درووست بوونی دەوڵەتی کوردی یە، بەڵام لە ڕاستیدا تاوەکو ئەو بنەماڵەیە مابێ هیچ ئومێدێک بەدیناکرێ. پەندێکی لە مێژینە هەیە دەڵێ تا نەوشیرەوان*حاکم بێ و بەختەک نائیب بێ، سەد کەلاوە بە فلوسێکی دەبێ.
لە ڕاستیدا دەبێ بنەماڵەی بارزانی لە دەسەڵاتدارێتی بخرێن ئەوکاتە ترووسکایەک بەدی دەکرێ لە جاڕدانی سەربەخۆیی. بەپێی خۆشی خۆشی هەندێ کەس بێ کە پێ یان وایە پاڕلەمان مەرجەعی هەرێمی کوردستانە. بەڵام لە ڕاستیدا لە لای دەروێشەکانی بنەماڵە ئەوا بارزانی نەک هەر مەرجەعە بەڵکو پیرۆزە و ئەگەر کە سێکیش لە پاڕلەمان نێوی بهێنێ ئەوا بە شەقاوەیی تەمبێ دەکرێ، کە جارێکی تر باسی شتی وا نەکا! جا ئەگەر لە هەولێر، لە پاڕلەمان ئاوا بکەن، ئەی دەبێ لە سەری ڕەش و مەسیف چی بکەن!!؟؟
* تێبینی ئەو نەوشیرەوانە پاشایەکی کۆنی ئێرانیەکان بووە (نەک ئەو نەوشیروانەی گۆڕان) و بەختیاریش جێگری بووە.
هەندێ لینکی تایبەت بەو هەواڵە
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=43959&LinkID=4
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=43979&LinkID=4
سەبەست عومەر ٢٧/ ٠٣/ ٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە