سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


سیاسەتی بەعساندن لەلایەن یەكێتیەوە ئایندەی ئەو حیزبە بەرەو كیو دەبات؟

Friday, 08/01/2010, 12:00

1515 بینراوە


هەموو جل بۆرێك پێشمەرگە نیە، هەموو یاخێك شۆڕش نیە.
شەهید ئارام.
هەندیەك ڕۆژنامەنووس كە لە ڕۆژنامە و گۆڤارو سایتە سەربەخۆكان شت دەنووسن، بۆ مەرامێكی تایبەتی خۆیان یان بەرپرسێك بە دەمامكی سەربەخۆبوونەوە خۆیان دەخزێنینە نێو ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارو سایتە سەربەخوانەوە. بۆ ئەوەی بەرگری لەو شتە شەخسیانەی خۆی بكەن. لە گەڵ ڕێزمدا بۆ كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووسی پاك و چاك كە لە پێناوی ڕۆشنفكركردنەوەی خەڵكدا دەستیان داوەتە قەڵەم.
لە سەر دەمی پێشمەرگایەتیدا لە شاخ كەم نەبوون ئەوانەی كە لە ژێرەوە خەنجەریان لە پشتی هاوڕییەكانیان دەداو دواتر تەسلیم بە بەعس دەبنەوە، لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسیش بینیمان هەندێك لە بەرپرسە باڵاكان فایلە موخابەراتیەكانیان چەندە قەبەبوون. لە دوای ڕاپەڕینەوە دەسڵاتی پێشمەرگە دێرینەكانیشمان بینیووە كە چ كارەكتەرێكی فاشلی ئیدارەدانی خەڵكیان كردووە، لە گەڵ ڕێزمدا بۆ چەند كەسێكیان كە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.
شەهید ئارام كەسێكی زۆر زۆر ڕۆشنبیربووە، هەرزوو ماهێتی زۆریەك لە هاوڕیەكانی بۆ خەڵك ئاشكراكردووە، بۆیە ئەو درووشمە جوانەی وتووەتەوە كە لە سەرەوە نووسیومە.
بەعس بەناوی خیانەتەوە بەهەزارن گوندی ئیوران كرد بە هەزاران مرۆڤی كوردی زیندەبەچاڵ و كیمیابارن كرد بە هەزارانی كەسی تریشی لە زیندانەكانیدا توند كرد و ئیعدام كرد، بە ئاگرو ئاسن مامەڵەی لەگەڵ داخوازیەكانی خەڵكدا دەكرد. بەعسیەكان وڵامی داخوازیە رەواكانی كوردی بە سەركوتكردنی خەلك دەدایەوە بێ گیودانە بەها مرۆڤایەتییەكانی سەردەم، بەعس كە دڕندەترین دیكتاتۆری ناوچەكە بوو بەو كارو كردەوانەی نەك نەیتوانی كورد سەركووت بكات، بەڵكو هەستی نەتوایەتی و رق و كینەی لە دڵی خەڵكدا چوواند بەرامبەر بەو كارە نامرۆڤانەیەی بەعسیەكان. بینیشمان كە رق و كینەی گەلەكەمان لە ڕاپەڕینەكەی بەهاری نەوە و یەك چۆن ڕژا بەسەر دام و دەزگا سەركووت كەرەكانی بەعسداو تەفرو تونای كرد، لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسیش سەدام و هاوڕیەكانییانمان بینی كە چۆن زەلیل بوو بوون و چیشیان بە خەڵك كردبوو بە خۆیان كرا.
لە دوای ڕاپەڕینەوە بە ناو شۆڕشگێڕەكانی دوێنێی شاخ هاتن دەسەڵاتیان گرتە دەست، تا ئێستاش هەر خۆیان دەسەڵاتدارن و ئامادە نین دەسەڵات بۆ نەوەی نوێ چۆڵ بكەن، ئەوە لە كاتێكدایە كە لەماوی 19 ساڵی تەمەنیاندا شەڕی براكوژیان كردو جەرگی دایكانی پاشماوی ئەنفالیان دووبارە سوتاندەوە و خەڵكی كوردستانیان لە سەر خاكەكەی خۆیدا ئاوارەو دەربەدەركرد و ڕق و كینەو بوخزیان لە نێو زۆربەی ماڵی كورد و تاكی كوردیدا چوواند، جگە لەوەش تا ئێستا بە هەزاران دایك چاوەڕوانی تەرمی كوڕەكانیان دەكەن لە زیندانەكانی یەكێتی و پارتی.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە چوونە بەغداد و چوون ماڵی عەربیان پێكەوەنا و شانازیشی پێوە دەكەن و بە خەڵكی كوردی دەفرۆشنەوە، ئەوتا لە بەغداد عەربە براكانیان كە دەسڵاتیان گرتەوە تە دەست و خەریكە قەڵەو دەبن و دژی مافەكانی گەلەكەمان دەوەستنەوە. كەچی سیاسیەكانی یەكێتی و پارتی ئەو شكستەی بەغدادیان بە قارەمانێتی و شۆڕش گێڕی بە گەلەكەمان دەفرۆشنەوە!. بەداخەوە بە هۆی سیاسەتی بە ناو سیاسیەكانی كوردەوە لە بەغداو كوردستان، كورد ئێستا زۆر بە سوك سەیر دەكرێت لە محافلی نێودەوڵەتی و عەربی و ناو خۆیدا، وەكو نۆكەرو جاسوس و جەلاد سەیر دەكرێت.
لە كوردستانیش هەردوو حیزبە دەسەڵات داركە كە تا ئێستاش شۆڕِشگێڕی خۆیان بە خەڵكی كوردستان دەفرۆشنەوە، ئیدارەدانێكی فاشلیان لە سەر گۆڕەپانەكەدا نمایش و پێشكەش كرد، هاتن ڕێكەوتنێكی دوو كەسیان كردووەتە ڕێكەوتنی ستراتیجی و ڕیكڵامی بۆ دەكەن، ئەو ڕێكەوتنە دوو كەسیەش تەنهاو تەنها بۆ دابەشكردنی داهاتی كوردستان و دابەشكردنی دەسەڵاتی وەكو یەكیە لە كورسیەكانی بەغداد و كوردستاندا، ئەو ڕێكەوتنە دوو كەسیە تەنهاو تەنها لە مەسڵە حەتی دوو خێڵ و كۆمەڵێك موریدیاندایە. دەنا هیچ خێرو بێرێكی بۆ خەڵكی مافخوراوی كوردستانی تێدا نیە.
ئەو ناعەدالەتیەو كورسی دابەشكردنە خەڵكی كوردستانی بە ئاگا هێنایەوە كە بە ناو شۆڕگێڕەكانی دووێنی چی كۆمەڵە بازرگانێكن، وەكو قەساب لە خوێن ڕشتندا ئەمان گەورە دەبن و دەوڵەمەند دەبن.
پێش هەڵبژاردنەكانی 25 تەمموز ڕۆژنامە و سایت و گۆڤارە سەربەخۆكان ڕۆڵی كاریگەریان بینی لە ڕۆشنفكركردنی خەڵكدا لە بەرامبەر ئەو زوڵم و ناعەدالتییەی لە كوردستاندا هەیە، خەڵك لە ڕێگای خۆ پیشاندانەوە داوایان لە دەسەڵاتداران كرد كە خزمەتیان بكەن، بەڵام دەسەڵاتی ئەقڵ بەعسی كوردی بە زمانی چەك و تۆقاندن و زیندانی كردن و كوشتن وڵامی خواستە كانی خەڵكیان دایەوە كە ئەوەش كارەساتی جەرگ بڕ و لێ كەوتەوە. دەسەڵاتدارانی كوردستان بە تایبەت یەكێتی بێ ئەهمێتانە لە ناڕەزای خەلكی دەڕوانی، ئەوەبوو لە هەڵبژاردنەكانی 25 تەمموزدا خەڵك یەك زلەی لە یەكێتی داو بە هۆشی هێنایەوە كە دەست لە دزی و گەندەڵی و مەحسوبیەت هەڵبگرێت، هەرچەندە پارتیش زلەیەكی باشی بەر كەوتوو، بەڵام پارتی بە دەرمانی تەزویركردن و فرتوو فێڵ هاتەوە بە گەورەی خۆی نیشانی یەكێتی و حیزبەكانی تری گۆڕەپانەكەی دایەوە. وەكو چۆن لە 31 ئابدا بە دبابەی بەعس خۆی گرتەوە.
یەكێتی لە دوای 25 تەمموزەوە توشی نەخۆشی دەرونی هاتووە و چەند ڕێگا چارەیەكی گرتووەتە بەر كە هیچ سودێكی ئەوتۆی نابێت لە كەم كردنەوەی ناڕەزای خەڵك. یەكەم شت كە دەستیان دایە ئەوە بوو بە نان بڕینی لایەنگرانی گۆڕان دەستی پێكرد، دوای لە ژێر فشاردا ئەوەی ڕاگرت.ئینجا دەستی كرد بە نەقڵكردن و گواستنەوەی ئەو كەسانەی سەر بە گۆڕانن و لەوەشدا هیچ سەركەوتوو نەبوو، دواتر دەرهێنانی گۆڤاریك و ناشرین كردنی لایەنگرانی گۆڕان و ڕۆژنامەنووسە ئازادەكان بوو،دوای ئەوە دەستیان كردووە بە خەڵك كۆكردنەوەو نیشاندانیان لە تیڤی گوایە سەر بە گۆڕانن و وازیان هێناوە و گۆڕان درۆی لە گەڵ كردوون، ئەوەش ماوەیك لە لایەن گۆڕانە بە درۆ دەخرایەوە، بۆیە ماوەیەك یەكێتی ئەوەی ڕاگرت، ئینجا دەستی كرد بە فڕاندن و پاكتاوكردنی جەستەی و پەنابردن بۆ تیرۆر كە ئەمە خەتەرترین كارە دەستی داوەتێ. ئەنجا یەكێتی و پارتی بە هاوبەشی لە ڕاگەیاندنەكانیانەوە دەستیانكرد بە هێرشكردن بۆ سەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و ئەهلیەكان و تومەت هەڵبسەتنی خەتەر ناك وەكو جاسوسیكردن و ناوبردنیان بە تیرۆرست ، بۆ ئەوەی ڕێگای یاسای بۆ خۆیان بدۆزنەوە بۆ پاكتاكردنی ڕاگەیاندنی ئەهلی و سەربەخۆ، بەڵام ئەو هێرشانە هیچ سودێكی نەبوو، بۆیە ئیستا دەستیانكردووە بە كڕینی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆو ناشرینكردنی ڕۆژنامەو سایت و گۆڤار سەربەخۆكان، ئەو هەنگاوە سەرتا لە ڕۆژنامەی هاوڵاتیەوە دەستی پێكرد و ئەوتا لە گۆڤاری كلیل و سایتی كوردستان پۆستەوە نیشانەكانی تری سەری هەڵدا كە چەند كەسێكیان بە پارە كڕیوەو دواتر دێن ئەو جێگای لێی بوونە ناشرینی دەكەن. هەموو ئەو هەوڵ و تەقەلایانەیان هیچ سودێكی ئەوتۆی نابێت، چۆنكە خەڵك لە ڕاستیەكان گەشتووەو تازە بە و كارانە هەڵ ناخەڵەتێتەوە ، بەلای منەوە ئەو ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆی خۆی بەرامبەر پارە بفرۆشێت جگە لە كوشتنی خۆی و سوتاندنی مێژووی خۆی، هیچی تر نییە.
لە دوای خۆپیشاندانەكەی پیرمەگروونەوە یەكێتی دەستی كردووە بە گرتن و ترساندنی خەڵكی ئەو شارۆچكەیە، یەكێتی لە بری ئەوەی لەدوای خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگروون سەرۆك حكومەت و وەزیرەكانی بنێرێت بۆ گیو گرتن لە خەڵك، كەچی مەحمود سەنگاوی وەستا حەسەنی ناردبوو بۆ شارۆچكەكە كە هیچ بەرپرسیارێتیەكی حكومیان نیە تا بتوانن گیو لە خەڵك بگرن و پرۆژیان بۆ بكەن، لە هەمان كاتدا لە گەرمەی ناڕەزای خەڵكی سەید سادق بەرامبەر نەبوونی خزمەت گوزاری و ئەگەر ی خۆپیشاندانی خەڵك، یەكێتی حاكم قادری ناردبوو بۆ شارۆچكەیە و لە بری سەرۆكی حكومەت وەزیرەكان قسەی بۆ خەڵك كردبوو، ئەوە لە كاتێك دایە پۆستەكەی حاكم قادر هیچ پەیوەندیەكی بە خزمەتگوزاریەوە نیە. ناردنی ئەو بەپرسە سەربازیانە بۆ پیرەمەگروون و سەید سادق تەنها بۆ ترس و تۆقاندنی خەڵك زیاتر هیچتر نەبوو، سەیرە یەكێتی بیر لە ترساندن و تۆقاندن دەكاتەوە لە بەرامبەر گەل و خەڵكێك كە تەنەزولی بۆ بەعس و هێزە زۆرو زەوەندەكەی نەدەكرد، ئێستا ئەمانە دەیانەوێت بە چەند كەسێكی سەربازی دەنگی ناڕەزای خەڵك كپ بكانەوە!. هەموو ئەو كارانەی یەكێتی دەستی داوەتێ هیچ سودێكی نیە جگە لە توڕەتربوونی خەڵك لێیان.
یەكێتی ئەگەر دیەوێت بگەڕێتەوە ناو خەڵك و خەڵك متمانەی پێبكاتەوە، ئەوە دەبێت دەست لەو كارە بەعس ئاسایانە بهێنێت.
سەرتا ئەبێت یەكێتیەكانی هەرەمی دەسەڵات دەست لە كار بكێشنەوەو پارەی گەل بدەنەوە كە دزیویانە و دەسەڵاتی حیزبەكەیان بدەنە دەست خەڵكانی پاك و دڵسۆز و هەرچیان ڕۆژێك پێشمەرگایەتی كردووە خانەنشینیان بكات و لە دەسەڵات و سیاسەت دووریان بخاتەوە. نانی نان بڕاوان بداتەوە و نەقڵ بۆكان بگەڕێنێتەوە و واز لە دژایەتی میدیای ئازاد بهێنێت و گیو لە ڕەخنەكانیان بگرێت و دەست لە تیرۆركردنی سیاسی بهێنێت و حیزب لە حكومەت جیا بكاتەوە و ڕێگا بۆ خەڵكانی شیاو و پسپۆر لەبوارەكاندا بكاتەوە بە بێ ئینتمای حیزبی و ئایدۆلۆژی و یاسا سەروەر ولە سەروی هەمووانەوە بێت و دەستی حیزب لە زانكۆكان دەربهێنێت. ئەوجار دەبێتەوە بە یەكێتیەكەی جاران. بەڵام هەتاوەكو لە سەر ئەم ئەقڵە بڕۆن خەڵك و گەل لە ئایندەدا ڕەحمیان پێناكەن و وەكو بەعسیەكانیان بەسەردا دەهێنن. ئەگەر یەكێتی بەوە خەیاڵ پڵاو بووبێت كە هێزوو پارەی هەییە، خۆ بەعسیش هێزوو تانك و تەیارەو جاش و پارەیشی هەبوو و بینراش كە توشی چی هاتوو چۆن تەفروو تونابوو. ئەگەر بە باسكردنی شۆِرشگێڕی و خەباتكردن ئیەوێت خەڵك هەڵخەڵەتێنێت. ئەوە نەوەی نوێ وەكو ئەوە وایە باسی فیلمی ڕوبعی بۆبكەیت وایە و باوەڕتان پێناكات. ئەوتا ئێمە لە ناو خەڵكداین و ڕۆژانە خەڵك دەبینینن، هەتا بێت بەرەی توڕەی خەڵك بەرفراوان دەبێت بەرامبەر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی. ئەوەیشی ڕۆژانە لەڕاگەیاندنە حیزبیەكاندا باس دەكرێت، هیچ نیە جگە لە پارە پەیداكردن و خۆدەوڵەمەند كردن نەبێت. لەم هەڵبژاردنەی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا زلەیكی تری خەڵك بەر بناگیوتان دەكەوێت و ئەوجار دەزانن كە چی سیاسەت و ئیدارەیەكی ئفلیچتان هەبووە و پەیڕەوكردوە. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت یەكێتیش وەكو حیزبی شوعی بچوك ببێتەوە.
[email protected]


تیبینی: دیارە لە سەر سانسۆركردنی یەكەم وتار كە من لە سەر پۆڵا سەعید نووسیبووم لە كوردستانپۆست. من بڕیارم دابوو كە ئیتر هیچ بۆ كوردستانپۆست نەنووسم و نەینیرم. بەڵام كارو كردەوە ناشرینەكانی دەسەڵاتی كوردی كە ڕۆژانە بەرامبەر خەڵك ئەنجامی دەدا، وای لێكردم كە بیدەنگ نەبم و بێ لایەنانە كاری خۆم بكەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە