ئابووری هیچ وڵاتێك بەئەندازەی كوردستان شێوێندراو و بێ یاسا نییە

Saturday, 20/06/2009, 12:00

2571 بینراوە


محەمەد كەریم سەرۆكی مونتەدای ئابووری كوردستان: ئابووری هیچ وڵاتێك بەئەندازەی كوردستان شێوێندراو و بێ یاسا نییە
بێ پلانیی حكومەت ونەبوونی سیاسەتێكی ئابووری نەتەوەیی ورد لەباشووری كوردستان، یەكێكە لەدەردە هەرە كوشندەكانی ئەم هەرێمە. بیرنەكردنەوە لەپاشەڕۆژی ئابووری وپشتبەستن بەژێدەری نەوت وەك بنەمایەكی ئابووری وڵات، بگرە تەخشان وپەخشانی دارایی نەتەوەیی وهەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووری كوردستان بەشێك بووە لەو واقیعەی لێرە بوونی هەیە. بۆ خوێندنەوەی ئەم دۆزەو روانین بۆ پاشەڕۆژی ئابووری هەرێم، بەپێویستمانزانی "محەمەد كەریم"ی سەرۆكی مونتەدای ئابووری كوردستان بهێنینە گۆ.
ستیڤان:  ئابووریناسان پێیانوایە ئەو شكستە گەورەیەی بواری بەرهەمهێنان لەكوردستان وبوونی تەواوی كۆمەڵی كوردەواریی بەكۆمەڵێكی بەكاربەری بێ بەرهەم كەهەمیشە چاوی لەسەروەتی نەوت بڕیوە، لەئاكامدا دەبێتە هۆی خوڵقاندنی كێشەو قەیرانێكی گەورەی ئابووری كەرەنگە ترسناكییەكەی هێندەی ترسناكیی كۆمەڵكوشتن بێت، بەبڕوای ئێوە ئابووری ئەم بەشەی كوردستان چۆن دەتوانرێت لەخنكان رزگار بكرێت؟.
محەمەد كەریم:مامەڵەی نازانستیی حكومەت لەگەڵ بووجەی كوردستان دواكەوتنی ساڵانەی بووجە لەلایەك وئیدارەیەكی ناپڕۆفیشناڵی ئابووری كوردستان لەلایەكی تر، بەبەردەوامی كوردستانی لەبۆشایی وەبەرهێناندا قەتیسكردووە. بۆیە گۆڕانكاریی قەیرانی بووجە هەمیشە لەسەر حسابی بووجەی وەبەرهێنان بووە، بەواتای نەك هەر سیانە نەكردنەوەی پڕۆژە دروستكراوەكان وپاراستنیان لەسووان ولەناوچوون، بەڵكو رەوشەكە گوازراویشەتەوە بۆ دروستنەكردنی پڕۆژەی نوێ، دەبووایە ئەم پڕۆسێسە (پڕۆسێسی وەبەرهێنان) بەردەوام بووایە بۆ ئەوەی پشكی نەوەی نوێ لەهەڵێنجانی نەوتی ئەمڕۆی كوردستان بكرێت بەپڕۆژەی ستراتیژیی، كاتێك ئەوان دێن، نەیەنە سەر هەواری خاڵی. لەهەمانكاتیشدا بێجگە لەم رۆڵە مێژووییەی بووجە ئەم پڕۆسێسە كۆمەڵگەی ئێستا دەگۆڕێت لەكۆمەڵگەیەكی بەرخۆرەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی وەبەرهێن. ونبوونی رەهەندی وەبەرهێنان یان كەمبوونەوەی پشكەكەی لەبووجەی كوردستان ئەو رەوشەیە ئێستا ئابووری كوردستان وقەیرانی بوجەی كوردستانی تیا دەگوزەرێت.
ستیڤان: كێشەی بەفەرمانبەركردن وبەمووچەخۆركردن لەچەند ساڵی رابردوودا وەك چەكێك بۆ ململانێی سیاسیی لەلایەن هەردوو هێزی سەرەكیی باشووری كوردستانەوە یەكێك بووە لەو قەیرانانەی ئابووری كوردستانی تووشی هەڵئاوسانێكی لەراددەبەدەر كردووەتەوە. ئایا چۆن دەتوانرێت ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت؟ گرنگترین ئەو رێگاو هەنگاوانە كامانەن لەم راستایەدا پێویستن؟.
محەمەد كەریم: ئەمە كێشەیەكی ئابووری ئاڵۆزی كوردستانە كەدەرئەنجامی بەكارهێنانی هەڵەی فاكتەری ئابوورییەو بەقوربانیكردنییەتی بەفاكتەری سیاسیی، بۆیە ئەگەر دوێنێ بۆ مەبەستی سیاسیی دەستی بۆ برابێت ئێستا دەبێ باجی ئەو هەڵەیە بدرێت. ئەوەی كێشەكەی زیاتر ئاڵۆز كردووە، رۆژ بەڕۆژ گەورەبوونی قەبارەی بێمتمانەییە لەنێوان حكومەت وشەقامدا. چونكە چارەسەری ئەو كێشە ئاڵۆزە پێویستی بەكات هەیە كەحكومەت پلانێكی پلە بەپلە دابنێ بۆ هەڵمژینی دەستی كاری زیادە لەفەرمانگەكانداو تەحویلكردنی بۆ كەرتی تایبەت یان خانەنشینكردنیان، هەردوو پڕۆسێسەكە پێویستی بەمتمانەو بڕوابوونی خەڵكە بەبڕیارەكەی حكومەت بەسیستمی خانەنشینەكەی یان هێشتنەوەی مافەكانی ئەگەر بوو بەكارمەند لەهێزی كار یان كارێكی كەرتی تایبەتی بۆ دابین بوو. بەمانایەكی تر هاووڵاتی ناتوانێ دەست لەكارێكی مسۆگەر هەڵبگرێت (لەفەرمانگەی حكومەتدا) بۆ كارێكی تری نامسۆگەر ئەگەر مووچەكەشی كەمتر بێت، بۆیە هیچ فەرمانبەرێك ناوێرێت دەستی لەعەرەبانەكەی فەرمانگەكانی حكومەت بەربێت تەنانەت بۆ مۆڵەتی درێژخایەنیش!. ئەمە سەرچاوەی كێشەكەیە. تەحویلبوون لەحكومەتەوە بۆ كەرتی تایبەتیش بەدڵنیاییەوە كاتێكی باشی دەوێت كەلەئەوروپا ئەو تەحویلە بەمووچەی سۆشیاڵ ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەكوردستان متمانەی ئەو تەحویلە نییە. هەر كاتێك ئەو متمانەیە دروستبوو ئەوا چارەسەری كێشەكە ساكار دەبێت. ئەو متمانەیەش دەیان بنەمای پێویستە كەسەرەكییەكان بریتین لەسەروەریی یاساو حكومەتی پڕۆفیشناڵ ئەمەش بەسیستمی حیزبی ناپڕۆفیشناڵی هەرێمی كوردستان نایەتەدی.
ستیڤان:  بەرەڵاكردنی بازاڕ بەناوی رەخساندنی كەشێكی ئازاد بۆ خاوەن سەرمایەكان بەمەبەستی لەدایكبوونی بازاڕی ئازاد، زیانێكی زۆر گەورەی داوە لەئابووری كوردستان، بەو پێیەی ئەم بەرەڵاكردنە بەجۆرێك لەجۆرەكان هۆكارێكە بۆ گرانكردنی نرخ، هاوكات نەبوونی هیچ پێودانگێك تاوەكو خاوەن كاڵاكان لەژێر ئەو پێوانانە كاری بازرگانیی خۆیان رێكبخەن كێشەیەكی ترە. كەوایە ئەركی سەرشانی حكومەتە رۆڵ بگێڕێت لەكۆنترۆڵی بازاڕدا، بەڵام پرسیار ئەوەیە: تەندروسترین رێگا بۆ بەرەنگاریی ئەو پاشاگەردانییەو دروستكردنی بازاِری ئازاد كامانەن؟.
محەمەد كەریم:لەئەوروپاو ئەمەریكاو هەموو سیستمە ئابوورییە سەرمایەدارەكانی جیهاندا، ئەوە حكومەتە ئازادیی بازاڕ دەپارێزێ وئیدامەی پێدەدات. بازاڕی ئازاد (ئابووری بازاڕ) بەمانای (جێبەجێكردنی) كۆمەڵێك یاسای ئابوورییە لەپێشیانەوە، یاسای كواڵێتی كۆنترۆڵ، یاسای كێبڕكێ وقەدەغەكردنی مۆنۆپۆڵ، یاسای پاراستنی بەرهەمی نیشتیمانی، یاسای بانق وبازاڕی دراو وكەرتێكی تایبەتی خاوەن سەروەر. بازاڕی كوردستان گرفتەكەی ئەوەیە كەنەك هەر ئەم یاسایانەی جێبەجێ نەكردووە، بەڵكو هەتا ئێستا هەر یاساكانیشی دەرنەكردووە. ئەمەش بەدڵنیاییەوە خواستی بەرژەوەندییەكانی حیزب وكۆمپانیاكانیانە، چونكە لەكوردستاندا ئەوە كۆمپانیاكانی حیزب ودەستڕۆیشتووەكانە یاسا بۆ حكومەت دادەنێن، لەغیابی پەرلەمانێكی راستەقینەدا، نەك بە پێچەوانەوە بۆیە ئەمەش جارێكی تر دەمانگێڕێتەوە بۆ سیستمی ئیدارەی ئابووری كوردستان كەبەدەرە لەئیرادەی خولقاندنی كەشوهەوای بازاڕی ئازادی كوردستان و ونكردنی كێبڕكێ وكەمكردنەوەی نرخەكان بەكێبڕكێی راستەقینە.
ستیڤان:  وەك هەموو لایەكمان دەزانین بەهۆی رامیاریی بەفەرمانبەركردنەوە، كەرتی كشتوكاڵ لەكوردستان بەتەواوی پاشەكشەی كردووە، ئەمەش ژێرخانی ئابووری كوردستانی لاوازكردووە تائەوەی ناچارین سەوزەو میوەش لەوڵاتانی دراوسێ بهێنینە وڵاتەكەمانەوە، ئێستا چۆڵبوونی گوندەكان ونەمانی چینی جووتیاران وایكردووە: شتێك نەمێنێت بەناوی بەروبوومی كشتوكاڵیی خۆماڵییەوە، كەوابوو بۆ رزگاربوون لەكاریگەرییە نێگەتیڤەكانی شكستی كەرتی كشتوكاڵ چی پێویستن؟ ئایا بەپیشەسازییكردنی كەرتی كشتوكاڵ یەكێكە نییە لەرێگا هەرە گرنگ وپڕ بایەخەكان بەمەرجێك حكومەت بەتەواویی پشتگیریی لەو سیاسەتە بكات؟.
محەمەد كەریم:كەرتی كشتوكاڵی كوردستان پابەند نییە بەئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی كوردستان كەبۆ ئەم قۆناغە ئەگەرێكی زۆر ئەستەمە، بەڵكو تەعاملكردنی ئاقڵانەی ئابووری پێویستە بۆ ئاوێتەبوونی كشتوكاڵ بەبازاڕ بەپرنسیپە ئابووری وتەكنۆلۆجی ومەعریفییەكەی. دەكرێت زۆر بەپووختەیی بڵێین ئاوێتەكردنی زەوی كشتوكاڵی كوردستانە بەسەرمایەو تەكنۆلۆژیای سەردەم. ئەم خۆگواستنەوەی كشتوكاڵی پڕاگەندەو پەڕاوێزەی ئێستای كوردستان توانای ئەم خۆ گواستنەوەی نییە بەو هێزی كارە نائەكادیمییەی ئێستای گوندی كوردستان. بۆیە ئیشكردن لەسەر كشتوكاڵی كوردستان ئیشكردنە لەسەر تەكنۆلۆجیاو سەرمایە لەهەموو رەهەندەكانی كشتوكاڵدا وەك ئاودێریی، بەرهەمهێنان، ناوەندەكانی توێژینەوە، بەبازاڕكردنی ناوخۆ ودەرەوە، سیتسمی بانك ودڵنیایی و..هتد، ئەمەش بێ پلان وئامادەكردنی ژێرخانی پێویستی ئەو كەرتە دەبێتە پوش بژاردن لە كا. جا هەر كاتێك ئەو پێداویستییانەی كشتوكاڵی كوردستان هاتە ئاراوە بەرهەمی كشتوكاڵی هەرزان وزۆری كوردستان واقیعی بازاڕی كوردستان وجیهان دەبینێ دەنا هەموو كات تێچوون لەدەستكەوت زیاتر دەبێت.
ستیڤان: دوای تەنگژەی ئابووری ئەم دواییە كەسەرتاپای جیهانی گرتەوەو چەندان ئیمپراتۆریای سەرمایە لەناو جەرگەی ئەمەریكادا هەرەسیان هێنا، نرخی نەوت دابەزینێكی جادوویی بەخۆوە بینی، ئەمساڵ دابەزینی نرخ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبوو بۆ سەر بودجەو داهاتی عێراق، بەڵام بۆ ئەمساڵ بڕی داهاتی عێراق وەك پێشبینی دەكرێت سێ یەكی بودجەی پار دەبێت، بەبڕوای ئێوە ئەم قەیرانە كاردانەوەكانی سەخت وقورستر نابن لەسەر كوردستان؟ پێشبینی ئەوە ناكەن دۆخی كوردستان بەرەو هەڵدێرێكی ئابووری بڕوات؟.
محەمەد كەریم:چەند رەهەندێك حوكمی ئەو ئەگەرەی ئاماژەت پێكردووە دەكات وەك:
1- ماوەی زەمەنی قەیرانی دارایی لەسەر ئاستی جیهان.
2- ئاستی خواستی جیهانی لەسەر نەوت پاشان نرخی نەوت.
3- بڕی پاشەكەوتی دراوی كەڵەكەبەوی بانكی ناوەندیی عێراق وئاستی دەستبردن بۆ بەكارهێنانی ئەو یەدەگە.
لەحاڵەتی هاوجێبوونی هەموو ئەو فاكتەرانە بە نێگەتیڤی ئینجا ئاسەوارە خراپەكانی قەیرانەكە لەئابووری كوردستاندا دەردەكەوێت، بەدڵنیاییەوە زۆر قورستر لەوڵاتە دواكەوتووەكانی جیهان، چونكە ئابووری هیچ وڵاتێكی جیهان بەئەندازەی كوردستان نەشێوێندراوە، بەئەندازەی كوردستان بێ یاسا نییە، بەئەندازەی كوردستان گەندەڵیی شەكەتی نەكردووە، بەئەندازەی كوردستان ئابووری نەكراوە بەقوربانی بەرژەوەندیی وخواستی سیاسی كورتخایەن. لەم راستییانەوە، دەتوانین داهاتووی ئابووری كوردستان پەی پێببەین ئەگەر قەیرانەكە زۆری خایان. هەنگاوەكان بەوجۆرە لەكوردستان پەرەدەستێنێ وەك فراوانبوونی رێژەی بێكاریی بەتایبەتی لەناو گەنجەكاندا، فراوانبوونی هێڵی هەژاریی، دابەزینی بەرهەم بەتایبەتی كشتوكاڵ، سستی بزاوتی بازاڕ، بەرزبوونەوەی رێژەی نەخۆشی وگەڕانەوەی نەخۆشییە درمییە لەناوچووەكانی وەك كۆلێراو گرانەتا وسیل ومەلاریا و..هتد، بەرزبوونەوەی ئاست ورێژەی تاوان، هەڵوەشانی خێزان، لەدەستدانی زیاتری كۆنترۆڵی یاسایی، زۆربوونی خۆپیشاندان ومانگرتن وناسەقامگیری كۆمەڵایەتی، دابەزینی نرخی دراوی عێراقی وپاشان سەرهەڵدانی گرانی وبەرزبوونەوەی نرخەكان ئەگەر هەر بەردەوام بێت ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتی وئاسایش وبڵاوبونەوەی تیرۆرو توندڕەوی دینی ونەتەوایەتی و سیاسیی..هتد لێدەكەوێتەوە.
محەمەد كەریم
*لەدایكبووی ساڵی 1953. هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر ئابووری وەبەرهێنان.
*مامۆستای زانكۆ بووە لەزانكۆی سلێمانی دوو ساڵ.
*راوێژكاری ئابووری بووە لەوەزارەتی پیشەسازی و وزە دە ساڵ.
*سەرۆكی دەزگای وەبەرهێنان بووە لەسلێمانی دوو ساڵ.
*سەرۆكی مونتەدای ئابووری كوردستانە لەساڵی 2008 وە.
*ئەندامی لیژنەی باڵای یەكێتی ئابووریناسانی كوردستان بووە لەماوەی 1994-2009.
*خاوەنی چوار كتێبە لەبوارەكانی ئابووری و وبەرهێنان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە