بیرەوەرییەكانی "جەمیل مەردۆخیی" سەبارەت بە قۆناغێكی گرنگی شۆڕشی كوردستان (8) و کۆتایی

Tuesday, 07/05/2013, 12:00

2369 بینراوە


وازهێنانم لەشۆرشی كوردستانی عێراق و تیهەڵچونەوە لەخەباتی كوردانی رۆژهەڵات

دوای ئەم ئینقیلابە بەناوی دیداری شێخانی قەرەداغ، كە بەبنەماڵە یەكئەگرینەوە، ئیجازەیەكم كردو تفەنگەگەشم دانا، بەكورتی رۆژێكی زۆر تاریك و نادیار بوو، كەس متمانەی بەكەس نەمابوو، لەم لا پێشمەرگە ئەچوو بۆ ئەولاو لەولاوە ئەهات بۆ ئەملا، سەرگەردانییەكی بێشومار روویدابوو. من بێ‌ تفەنگ روومكردە قەرەداغ و لەئاوایی حەمەی كەرەم بووم بە میوانی خوالێخۆشبوو شێخ مستەفا. رووداوەكەم بۆ گێڕایەوەو وتم لەوانەیە من بەزۆر ناچاربكەن لەگەڵیان بكەوم، بەڵام لەدڵەوە بڕیارمداوە خۆم لەم براكوژییە بەدووربگرم، كاك شێخ مستەفا هەڵوێستەكەی منی زۆر لەلا پەسەند بوو، وتی لێرە لەماڵی ئێمە بمێنەوە هەتا رەوشەكە ئارام دەبێتەوە، ئەو كاتە من ئەوان ئەبینم و لەبیرورای تۆ ئاگاداریان دەكەم. دواتر كاك شێخ مستەفا قسەی لەگەڵا كردبوون و تێیگەیاندبوون كە جەمیل ئامادەنییە بۆهیچ لایەكتان پێشمەرگایەتیی بكات. دوای مانگێك مانەوە لەئاوایی حەمەی كەرەم، تازەدێ‌، جەمیل ئاواو شیوی قازی لەو ماڵە خزمانەدا، لەگەڵا شێخ مستەفا هاتمەوە بۆ سلێمانی و ئەمجارەش بڕیاری ئیش و كارو كاسبیمدا.
لەساڵی 1966 هەتاكو ساڵی 1970، لەڕووی ژیانی شەخسییەوە چەند هەنگاوێكم نا، سەرلەنوێ‌ ماڵم كردو هاوسەرم بۆخۆم دۆزییەوەو بوومە خاوەن منداڵا و بەتەواوی خوداحافیزیم لەژیانی تاكەكەسی كرد. بەدەرچوونی بەیانی 11ی ئاداری شاڵی 1970، هیوام زیاتر بوو كە جارێكی تر كورد تووشی مەینەتیی و دەردەسەریی نابێتەوە. پاش ئەم بەیانە، تاڕادەیەك ئازادی بەرچاوئەكەوت منیش خەریكی كارو دوكانی خۆم بووم، هیچ كات بەتەمای ئەوە نەبووم پەیوەندیی بە كۆنە هاوەڵانی سیاسیی پێشوو بكەمەوەو كەسانی وەك ئەحمەد تۆفیق و هاوكارانی بدوێنم.
رۆژێك نامەیەكیان دایە دەستم، خێرا خەتەكەم ناسی، نامەی ئەحمەد تۆفیق بوو، بەڵام من و نامەی ئەحمەد تۆفیق لەم كاتەدا كوجا مەرحەبا. ئەو لەبەغداوە نامەكەی نووسیبوو، لەپێشتردا بیستبووم كە ماوەیەكی كەم پێش دەرچوونی بەیانەكەی 11ی ئادار، ئەحمەدو مەلا سەید رەشید لەشۆڕش رایانكردووەو پەنایان بۆ بەغدا بردووە، بەڵام بەتەمای وەها نامەیەك نەبووم لە ئەحمەد تۆفیقەوە، ئێمە كە پێشتر زۆر نێوانمان تێكچووبوو، ئەحمەد لەم نامەیەدا پەشیمانییەكی زۆری لەو كارە نامرۆڤانەیەی پێشوویان دەربڕیبوو كە دەرحەق ئێمە ئەنجامیاندابوو.
زانیم ئەحمەد تۆفیق هەم لەسەفەرەكەی بۆ بەغدا پەشیمانەو هەم لەو هەڵوێستە ناشرینانەی خۆی و سلێمانی موعینی، بۆیە ئەم كاغەزەی نووسیوەو ئەیەوێت ئەم جارەش بەهۆی خەتی ئێمەوە كە مەلا عەبدوڵڕەحمان و مەلاسەید رەشیدو چەند برادەرێكی تری وەك عەبدولڵای مەلا عوسمان و كاك خدرو عەلی قوتبییەوە هەستێتەوە. ئەو لە نامەكەدا زۆر پاڕابۆوە كە بچم بۆ بەغداد و چاوی پێی بكەوێت، لەسەرەتاوە نیازم نەبوو جوابی نامەكەی بۆ بنووسمەوە، لەپاشان وەڵامێكی نامەكەیم دایەوەو بۆم نووسیبوو كە هاتنم بۆ بەغدا زەحمەتەو داوای لێبوردنم لێكردبوو. بەڵام ئەو نامەیەكی تری بۆ نووسیمەوەو زۆر پاڕابووەوە كە بچم بۆ بەغدا، هەربۆیە وام بەباشزانی سەردانێكی بەغدا بكەم نەوەكا هەموو رۆژێك نامەیەكم بكاتەسەرو دواتر پارتیش بیكەن بەخاڵێك.
لەبەغدا، من و ئەحمەد تۆفیق پاش دابڕانی پێنج ساڵا یەكترمان بینیەوە، ئەو زۆر پەشیمانی لەوكارانە دەربڕی كە پێشتر روویاندابوو، هەروەها دیداری مەلاسەید رەشیدیشم كرد كە ئەوكاتە لەماڵی كاك هەژار بوو. مەلا سەید رەشید زۆر لە ئەحمەد تۆفیق توڕە بوو، وای پێشاندەدا كە ئەحمەد تۆفیق ئەوی بەزۆر لەگەڵا خۆی بردووە بۆ بەغدا. من هەوڵی زۆرمدا ئەو ناكۆكییەیان چارەسەر بكەم بۆم نەكرا، جارێكی تر لەگەڵا كاك رەئوفی مەلاحەسەن بۆ ئاشتكردنەوەی ئەو دوانە پێكەوە رۆیشتین بۆ بەغدا، ئەم جارەش هەر بێسوود بوو. ئاخر جار لەگەڵا كاك ئەمیر قازی و رەشەی قاچاخچی، خێزانی مەلاسەید رەشیدمان بە بوكیی لەسلێمانییەوە برد بۆ بەغدا، لەم سەردانەشدا ئەوپەڕی كۆشش و هەوڵی خۆمان خستەكار بۆ ئاشتكردنەوەی ئەحمەد تۆفیق و مەلاسەید رەشید ئەنجامی نەبوو، وابزانم زیاتر مەلا سەید رەشید لەگەڵا ئاشتبوونەوەدا نەبوو، بەداخەوە هۆیەكەیم بەتەواویی بۆ روون نەبوو.
لەماوەی دانوسانی ئاداردا، دكتۆر عەبدولڕِەحمان قاسملو لەفەرەنساوە گەڕایەوە عێراق و لەكوردستانی عێراق بەكۆكردنەوەی ئەندامانی حیزب لە كۆیە كۆنفرانسێكیان بەست و جیا لەهەندێك ئەندامانی حیزب مەوجودیەتی خۆیان كردو دەستەو یەخەی هەندێكی تر راوەستان، ئەوانەشی لەگەڵا دكتۆر نەبوون كۆمیتەیەكیان بەناوی كۆمیتەی مۆقەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان پێكهێنا و مەقەریان بردە گوندی "بۆڵێ‌"، بەمجۆرە گردۆڵكەیەكیان لەسەر رێگای دكتۆر قاسملو قوتكردەوە.
ئەحمەد تۆفیق گێڕایەوە وتی: لەكۆڵانێك لەم كۆڵانانەی بەغدا تێئەپەڕیم لەو سەرەوە رەحمانی قاسملو دەركەوت هەر كە چاوی پێم كەوت پێیەكی هەبوو دوانی تری بۆ قەرزكردو رایكرد، وتم ناحەقی نەبووە تۆی بەماجراجو زانیوە!! پێكەنی و وتی بڵێی وابێ‌؟!!!
ئەحمەد لەبەغدا زۆر ئەترسا، وتی داوام لە حكومەت كردووە جەوازی سورییم بۆ دەربكەن وەڵامم نادەنەوە. لەدوای 1974ەوە، شەڕ دەستیپێكردەوە برادەرێك لە زیندان بەرببوو گێڕایەوە وتی:" ئەحمەدم بینی لەزیندانی ئەبوغرێب نەخۆش بوو، میزی گیرابوو، نەیدەتوانی بڕوات بۆ سەرئاو، لەدواوە یەكێك لە حەرەسەكان شەقێكی تێهەڵداو سەرمەوقولاتی بردو لەناو حەوشەی زیندانەكە بێهۆش كەوت، دواتر بردیانەوە بۆ ژوورە ئینفرادییەكەی و جارێكی تر چاوم پێی نەكەوتەوە.
برادەرانی كۆمیتەی مۆقەت كە لەگوندی بۆڵێ‌ بوون داوایان لێكردم هاوكارییان بكەم و پەیوەندییان بۆ بگرم بە قەومییە كوردەكانەوە كە لەگەڵا من هەمیشە دۆستایەتیی هاوبیریان هەبووە لەگەڵا كاژیك پەیوەندیم كردو پێم ڕاگەیاندن كە كۆمیتە داوای هاوكاریتان لێدەكات، ئەو كاتە تۆفیقی نوری بەگیان دانابوو بە مەسئولی عەلاقات.
لەم پەیوەندییەدا كاژیك نزیكەی 50 كیلۆ بەڵگەو نامەی رەسمیی و خەتی سەرانی جمهوری كوردستانیان پێشكەش بەكۆمیتەی مۆقەت كردو من ئەم بەڵگەنامانەم رەوانەی بۆڵێ‌ كرد نازانم لەپاشان چییان بەسەرهات. ئەم بەڵگانە خەتی پێشەوای تێدابوو، هی مەلامستەفا بارزانی تێدا بوو، چی فەرمانی رەسمی مەنتیقەی سەردەشت و بانە بوو لەلایەن حیزبەوە بە ئارم و شیعاری حیزبەوە نێراوە، لەناو ئەم بەڵگەنامانەدا بەدی دەكرا. ئەوان بڕیاریاندا چی بەكەڵكی بڵاوكردنەوە بێت بڵاوی بكەنەوە. ئەم بەڵگەنامانە لەكاتێكدا حەمەرەشیدخان كۆماری كوردستانی جێهێشت لەگەڵا خۆی هێنابووی بۆ ئەم دیو، لەم دواییە پێشكەش بە كاژیكی كردبوو، كاژیكیش پێشكەشی كۆمیتەی مۆقەتی حیزبی دیموكراتی كردبوو.
بە بەتاڵكردنی شۆڕشی كورد بەهۆی رێكەوتنامەی جەزائیرەوە، كۆمیتەی مۆقەتیش بەتاڵا بوو، هەر یەكێكیان بەدەردێك چوو، 150 كەسیان رادەستی ئێران كرانەوە، لەوانە: مەلا سەید رەشید، مەلا عەبدولڕەحمان و عەلی قوتبی و عەبدوڵڵای مەلا عوسمان و كاك خدر...بەمجۆرە تۆماری پارچەیەكی تر لە پارچەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان پێچرایەوە...
بەراستیی، كاتێك ئاوڕ لەرابردوو و رووداوەكانی ئەو دەورانە دەدەمەوە چەندین خاڵی دژبەیەك و ناكۆكم دێتەپێش چاو كە وەڵامم بۆ هێندێكیان هەر پێ‌ نییە. مەلامستەفا زۆر ئامۆژگاریی برادەرانی دەكرد كە ئەگەر ئەیانەوێت ئیش بۆ كورد بكەن ئەبێت لە وابەستەیی حیزبی تودە خۆیان رزگاربكەن و بە رانكوچۆغەی كورد قەناعەت بكەن و سەربەخۆ حیزبی دیموكرات بەڕێوەبەرن و چاویان لە پارەوپولی حیزبی تودەوە نەبێت، دیارە یەكەم هەنگاوی خۆرزگاركردن لە هەژمونی حیزبی تودەو سەربەخۆكردنەوەی حیزبی دیموكرات لەسەرەتای شەستەكانەوە دەستپێكردو ئێمەش بە برسێتیی و رووت و قوتی ئاڵای حیزبمان بەشەكاوەیی راگرت و بەشدارێكی چالاكی شۆڕشی كوردستانی عێراق بووین بە هەموو شێوەیەكی چەكداریی و سیاسیی و ئیعلامیی و وەك حیزبێكی قەومیی هەڵدەسوڕاین و وێڕای هەلومەرجە ئاڵۆزەكەی كوردستانی عێراق، پەیوەیندییمان بە كوردستانی ئێرانەوە بەشێوەیەكی هەمیشەیی بوو، جگە لەو هەموو ئازارو ئەشكەنجەو بێوەفاییەی كە لەلایەن هەمووانەوە دەرحەقمان كرا.
دیارە زەقترینی ئەو خاڵە ناكۆكانە، ئاكاری كەسانی وەك ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی (فایەق) و ئەوانی دیكەش بوو. ئەوان جامانەی سوریان كردبووە سەرو پەلاماری فڵان مقەڕیان دەدا!! ئایا ئەوان بەفەرمانی بارزانی ئەم جامانە سورانەیان كردبۆ سەر یان هەر بۆخۆیان بۆ خۆهەڵنان و ئیفرات و خۆسەپاندن ئەم ئاكارەیان دەنواند؟! باشە ئەگەر ئەم ئیفراتەیان راست بێت، ئەی بۆ دواتر سلێمانی موعینی بەدژی مەلامستەفا بارزانی و بەهاندانی لایەك كەوتە شەڕ لەگەڵا ئێران و سەرئەنجام گەیشتە ئەوەی كە دیمان!!! یان ئەحمەد تۆفیق دوای ئەو هەموو هەوڵا و تێكۆشانەی لەپێناو شۆڕشی ئەیلول كردی، چی وایلێكرد رابكاتە بەغداو پاشان لەچوونەكەی بۆ ئەوێ‌ پەشیمان بێت؟!! مەلا سەید رەشید لە ئیفراتییترین برادەرانی حیزبیی، ئەوەی ئەو لەجامانەی سوریش تێپەڕی كردبوو!! دەیوت: "ئەگەر ئیدریس بارزانی مەلامستەفای باوكی جێبهێڵێت و بڕواتە ناو حكومەت ، من هەرگیز مەلامستەفا جێناهێڵم!!"
كاتێك ئەحمەد تۆفیق بەئەمری مەلامستەفا بۆ شاردنەوەی لەبەرچاوی ئێرانییەكان ئەنێررێتە دەڤەری بادینان بۆ لای ئەسعەد خۆشەوی، هەموو رۆژێك ئەحمەد نامەیەك ئەكاتە سەر مەلامستەفا و هەرجارە بە بیانویەكەوە، هەتا بەنامە زۆر بۆ بارزانی ئەهێنێ‌ و ئەویش ناچاردەبێت هێندێك لەبرادەرانی حیزبی دیموكرات بانگ بكات و پێیان ئەڵێت:" برابینە بۆخاتری خوا ئەحمەد چی دەوێت؟! من ئەوم ناردۆتە دەڤەری بادینان ئەو بۆخۆی هەمەكارەیە بەئەندازەی هێزێك مەسرەفی هەیە، دیوەخانی لێداناوە و هەموو رۆژێك بەوشاخانەوە خەریكی راوە! چی بكات كەس لێی ناپرسێتەوە! بادانیشێت هەتا بزانین وەزع چی بەسەردێت، ئێستاش تۆ وەرە (دەستی بۆ مەلاسەید رەشید رادەكێشێت) بڕۆ بۆ لای ئەحمەد تۆفیق لەباتی من چی دەوێت قسەی لەگەڵدا بكە هەتا بۆی بكەم، ژنی دەوێت كچی كێی پێ‌ باشە هەتا بۆی بێنم، ئەگەر نەیاندا ئەوە بەزۆر بۆی مارە دەكەم، هەرچەندە تا ئێستاش شتی وام نەكردووە!! حەزی لەدەرەوەیە بۆ كوێ‌ پێی خۆشە رەوانەی دەكەم، بەس با كەم نامەم بكاتە سەر، هەموو رۆژێك نامەیەكی ئەوم بۆ دێت هەر پێم دەكرێت وەڵامی نامەی ئەو بدەمەوە!!"
ئەوە بوو مەلاسەید رەشید بەناوی بارزانییەوە چوو بۆ لای ئەحمەد تۆفیق لەباتی ئەوەی زمانی مەلا مستەفا بێت هانی ئەحمەدی دا بوو پێكەوە چوونە ناو حكومەت و شۆڕشیان بەجێهێشت، دوای ئەوە بە نزیكەی 15 رۆژ بەیانی 11ی ئادار دەرچوو، هەربۆیە ئەو دووانە نەیاندەزانی چۆن لەو هەڵەیە بێنە دەرەوە، ئەوەش بووە هۆی دابڕانی ئەو دووانە لەیەكتری!! مەلاسەید رەشید كە دەیوت ئەگەر ئیدریس ببێت بەجاش ئەو مەلامستەفا جێناهێلێ، كەچی بەناوی بارزانییەوە چوو ئەحمەدی هەڵفریواندو هەردووكیان سەریان لە بەغداوە دەرهێنا!!
دیارە لەساڵەكانی 1961 بۆ 1966 لەنێو سەرانی پارتیشدا شتی سەیر دەوترا، قسەی هێندێكیان بەتایبەت مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد زۆر كاریگەریی هەبوو، هێندێك لەو قسانە :" مەلامستەفا بارزانی كەسێكی نەخوێندەوارو عەشائیر و دیكتاتۆرەو هەڵساوە بە دانانی كۆسپ لەسەر رێگەی ئەم شۆڕشە بەوەی : ئەحمەد تۆفیقی كردووە بە داردەستی خۆی ‌و بەرەڵای ناو ئەم ئاغا دەرەبەگانەی كردووەو جەماعتێكی كوردی ئێرانیشی خستۆتە پشت سەری، ئەگەر ئەحمەد تۆفیق پیاوێكی كوردپەروەرە با بچێتەوە كوردستانی ئێران و لەوێ‌ كوردەكان بیكەن بە والی سنە!!، هەروەها بارزانی شێخ لەتیفی لە سیتەك قوتكردۆتەوە بۆ كۆسپ خستنە ئیشم!! ئەمیر شەرقی بۆ من قوتكردۆتەوە(مەبەستی حەمەرەشید خانی بانە بوو) ئەم پیاوە شۆڕشی مەهابادی جێهێشت و ئیستەش دەرەبەگێكی گەورەیەو خوێنی میللەت ئەمژێ‌!!". ئەم قسانەی ئیبراهیم ئەحمەد زۆر گەنجی قەناعەت پێكردبوو، بەڵام تەنانەت ئەویش بۆخۆی دوای نەمانی ئەو كەسایەتییانەی كە بەكۆسپی دەزانین لەجیاتی رێبەرایەتیی میللەت هەستا چووە هەندەران و پاڵی لێدایەوە، گوایە:" ئەو بۆ خۆی زیاتر حەزی بە ئەدەب بووەو زۆر ئارەزووی سیاسەتی نەكردووە!!"
بەهەرحاڵا، پاش دەرچوونی بەیاننامەی ئادار، زۆر كەس شانی دایەوە بەر ئیش و كار و هیوا بۆ خەڵك گەڕایەوە و بەتەمای گەڕانەوەی شەڕو شاخ نەبوون و پێیان وابوو سبەی حوكمی زاتی بۆ كورد جێبەجێئەكرێت و كوردستانی عێراق لەهیمەتی ئاسایش و ئارامیدا هەناسەیەكی راحەت هەڵكێشێ‌ و رووبكاتە ئاوەدانكردنەوەو بنیادنان. بەڵام بە پێچەوانەی ئاواتەكانی گەلی كورد، ئەوەبوو ساڵی 1974 حكومەتی عێراق بەهەموو هێزو توانایەكی شەڕی دژی كورد دەستپێكردەوە، دوای رێكەوتنی شای ئێران و سەدام حسێن لەجەزائیر، شۆڕشی كورد داتەپی و ئەمجارەش ئاوارەو پەرتوبڵاو بوو، هێشتا كورد ناسۆری ئەو برینەی لەدڵدا بوو كە شۆڕشی ئێران لەساڵی 1979 دەستیپێكرد و جارێكی دیكە هیوای كورد كەوتە ئاسۆ.
منیش وەك رێبوارێكی رێگای ئازادیی كورد و رزگاریی كوردستان هیوام بەم دەرفەتە نوێیە هەبوو تاكو كوردانی رۆژهەڵات لەرێگەی كۆبوونەوە لە رێكخراوێكی نەتەوەییەوە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و مافە نەتەوەیی و فەرهەنگی و سیاسییەكانی گەلەكەمان قۆناغ بەقۆناغ بێنینەدی، بۆئەم مەبەستەش پەیوەندیمان بە برادەرانی خۆمانەوە لەنێوخۆی وڵات كرد كە كار بۆ ئەو ئامانجە بكەین، بەڵام بەداخەوە وەڵامی ئەوان ئەوەبوو كە " ئێمە تازە دوای بیروباوەڕی كۆنەپەرستانە ناكەوین و ئەگەر ئەو هاوڕێیانە خوازیاری كار و تێكۆشانن بابێنە نێو ریزی "حیزبی یەكسانی" كە لەسەر بنەمای كۆمۆنیستی دامەزراوە!! هەربۆیە ئیدی ئەم ساتە دوا خاڵی كۆتایی پەیوەندییەكانی كۆن و تازەی من و ئەوان بوو، هەروەها بڕیاریشمدا كە ئەم ساتە بكەمە دوا خاڵی كارو چالاكی سیاسیی خۆشم و هەروەك هاوڵاتییەكی سادە خەریكی ژیانی شەخسیی و خیزانی ساكاری خۆم بم، بەڵام هەمیشە دڵم لەلای خەون و ئاواتەكانی میللەتەكەم بووەو هەتا دوا ساتی ژیانیشم چاوەڕیی بەدیهاتنی سەركەوتنی یەكجارەكیی خەباتی كورد و رزگاریی یەكجارەكیی تەواوی كوردستان و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی میللەتەكەمم..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە