کورد ئەمڕۆ لە پاشەکشێدایە بە بەراوورد لەگەڵ لەساڵی١٩٢٠

Friday, 17/12/2010, 12:00

1527 بینراوە




بەکارهێنانی ختوولکەی نەتەوەیی لە لایەن حیزبی دەسەڵاتەوە لەبەر خاتری مانەوەی خۆیەتی ، نەک سەربەخۆیی نیشتیمان ، بۆ مانەوە و بەردەوامیشی تا کارتی سیاسی کاریگەری بە دەستەوە بێت خۆی هەڵدەواسێت بە بەرۆکی نەتەوەوە. لە ئەخلاقیاندا تا ئەمرۆ حیزبەکانی باشوور ئامادەی هەموو تەنازولێکن بۆ داگیرکەر بەڵام بەرامبەر بە یەک بە گوولە وەڵامی یەکتر دەدەنەوە و سفەرەی شەر ئەکەن بە دادوەر. سەرەتا خوازیارم ئەم پرسیارە ئاڕاستەی هەموان بکەم : ئایا کوردەکانی باشوور لە ساڵەکانی ١٩٢٠ بە دواوە ژیر و دانەتر بوو لە ڕوبەڕووبوونەوەی داگیرکەرەکانی یان کوردی دوای ساڵەکانی ٢٠٠٣.
گەورەترین تراجیدیا هەرگیز شانۆیی خەیاڵاوی نەبووە، بەڵکوو تراسان و بێهەڵوێستی بووە بەرامبەر نەیارە نەتەوەییەکان و سەرسام بوونی گەلی ژێر دەست بووە لە جەربەزەیی و بەرزی مۆڕاڵیانی داگیرکەرەکەی. وەخۆ گرمۆڵە کردن و خۆدزینەوەی بووە لە سەروەریی و سەربەخۆیی خاکە لێکترازاو و ژێر دەستەکەی . وە لەوەش ترسناکترین ،پاساوهێنانەوەیە بۆ ژێر دەستی. تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران و جێنۆساید گەر هەر نەتەوەیەکی غەیرە کورد خاوەنی بوایە، لە ماوەیەکی کەمدا دەبوو بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی . بەڵام بۆ کورد نەبوو بە خاوەنی..؟.؟.؟
دروست بوونی دەوڵەتی عێڕاق پێویستییەکی مێژوو نە بوو بۆ گەلی کورد کە خاوەنی ویلایەتی موسڵی خۆی بوو (بە سەرتاپای موسڵیشەوە هەتا سنووری ڕووباری فورات). ئەم دەوڵەتە چۆن بە سەقەتی دروستکرا ، هەر بەو ئەخلاقە سەقەتەوە سستێمی حکوومڕانی پیادەکرد . بەڵام یەکێک لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی ئەم دەوڵەتە ئەوەیە کە جێگای میللەتی کوردی تێدا نەبۆوە، هەر بۆیە لە یەکەم ڕۆژی سەردەرهێنانی گەلی کورد بە سەرکردایەتی شێخی نەمر دژایەتی کرد لە شەڕی دەستەویەخەوە تا شەڕی درێژخایەن هەربۆیەش (قبووڵ نەکرا) و وەک مۆتەکەیەک بەسەر گەلی کوردا حسابی بۆ کرا . گەلی کورد هەموو ڕۆژێک گیانی خۆی خڵتانی خوێن دەکرد تەنها بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لەم عێڕاقە داسەپیوە .هەر لە هۆکاری ئەم دژایەتییەی کورد بۆ دەوڵەتی عێڕاق ، خاکی کوردوستان کاول و وێرانکرا. و بە هەزارەهاش کەوتنە بەردەم ئۆپەراسیوێنەکانی هۆلۆکۆست. ئەمە مێژوویەکی ڕوون و بەرچاوە و زۆر خەڵکیش هەن شاهێدی ڕووداوەکانن وەک چاودێر.
بەڵام دوای هەشتا ساڵ لە کۆیلایەتی و بێڕەوەشتی پێکردنی لە لایەن عێڕاقەوە جارێکی کوردی (خراپ) دێنەوە بەردی بناغەی هەمان عێڕاقی درێژکراوەی زەمانی شێخ مەحموود دادەنێنەوە ، ئەمەش وەک ئەوەی نە بایان دیبێت، نە بۆران (گەلی کورد شاهێدی ئەو هەموو پەیمان و دروشمە درۆانەیە کە سەرانی دایان بە میللەتی هەڵخەڵەتاو و لەخشتە براو ، ئەوە هەر ئەوان بوون پێی بوون بە خاوەنی پارە و دەسەڵاتی ڕەهایی بۆ خۆیان و پیاوەکانیان).
لێرەدا هەندێک سروشت و خەسڵەتی سیاسی ئەقڵی حیزبی کوردیمان بۆ گەڵاڵە دەبێت کە ئێستا خاوەنی چ ئەخلاقێکن و هەشتا ساڵ بەر لە ئەمڕۆ خاوەنی چ ئەخلاقێک و پرینسیپێک بوون (کوردی باش و کوردی خراپ).
کەواتە وەک بەرهەمی ڕووداوەکان دەتوانین بڵێین : کوردەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ ئەسڵەن ئەوەی لایان پیرۆز نەبێت نەتەوە و سەوەرییەکانی بوو هەر بۆیە نەیانتوانی ببن بە میراتگری بەشێکی هەرە بچووک لەو سۆزە زلانەی دابوویان بە میللەتەکەیان بەو جۆرە خۆیان خستە زبڵدانی مێژووە. وە سەلماندیان ئەو (کوردوستان یان نەمانەی) ئەیان ووت تەنها بۆ ختوولکەدان و هەڵخەڵەتاندنی ئێمەی کورد بوو. بەم جۆرە ئەخلاقی سیاسی و ویژدانی سڕبوویان ئاشکرا بوو وە بارمتەی خۆیان و بڕوای خەڵکیان دۆڕاند ،.ئەمە بۆ خۆی لای میلەتێکی هووشیار زۆر بەرز و گرنگە ، بۆ هەڵسەنگاندن ، لێکۆڵینەوە و توێژینەوە مێژووییەکان.
بەڵام ئەم مێژووە لە ڕووی فەلسەفییەوە چۆن هەڵدەسەنگێندرێت ...؟
لە هەموو شۆرشێکی ڕزگاریدا گەر خەڵکی ڕەشووڕووت سەرکردایەتی بکات بە حوکمی بەرژەوەندییەکانی لە شۆڕش نوێدا سەرکەوتن بە دەستدێنێت چونکە لە سەرکەوتنی شۆڕشدا تەنها زەرەرو زیانی کە لێیان دەکەوێت پچڕاندنی ئەو کۆتوزنجیرەیە کە لە دەست و پێکانینان ئاڵێنراوە (مامۆستا لێنین ، پەرتووکی دەوڵەت و شۆڕش). بە پێچەوانەوە خەڵکی مشەخۆروگەندەڵ و خاوەن سەروەت و سامان ، زەرەر مەند ئەبێت لە سەرکەوتنی شۆڕشی پرۆلیتاریادا بۆیە بە هەموو هێزیان و توانایان ئامادەن دژی ئەم شۆڕشە بوەستنەوە لە هەموو قۆناغەکانی سەرهەڵدانی و بەرپابوونیدا. لە شۆرشێ ڕزگاری نەتەوەیشدا ئەم هاوکێشە وەک لۆجیک جێی خۆی دەکاتەوە نەک تەنها لە هزری خەڵکی و پارسەنگە سیاسییەکانیدا بەڵکوو لە خوێندنەوە، هەڵسەنگاندن ، ووردبینی کردن، و بڕیاردانیشیدا(بۆ نموونە شۆڕشی ڤێتنام لاوس کەمبۆدیا ، چین کوبا و کۆریا ، چەند سیمای شیوعیەتیان هە بوو دوو هێندەش سیمای ڕزگاری نەتەوەییان هەبوو چونکە خوودی شۆڕشەکە مۆبیلیزە کرابوو دژی داگیرکەرانی نیشتیمانەکەیان). بەڵام لە جەنگی هەڕەمەکیدا کە تیرە وئاغا سەروەی بێت و مۆنۆپۆل بکرێت لە لایەن گروپێکەوە ،جوانییە سروشتییەکانی و خەسڵەتە ئەخلاقییەکانی وون دەبن و ناوەرۆکی شۆڕش خۆی بێبەش دەکات لە عەدالەتی نەتەوەیی سەردەمیانە. لە سەردەمی جیهانگیریدشدا کە سستێمی کۆمۆنیزم هەڵوەشایەوە بە دەیان کۆماری نەتەوەیی سەریانهەڵدا وەک کۆسۆڤۆ،چیک ، سلۆڤاکیا،بۆسنییە و هێرسۆکۆڤینا ،کرۆواتیا،مەچەدۆنیا،
هەموو کۆمارە بەزۆر خزێنراوەکانی یەکێتی سۆڤییەت. بەلام ئەوە کوردە کە بێخاوەنە و لە دەوڵەت بوون هیچی بەرنەکەووتووە و ماییەی ماییەی پیاز فرۆش بووە.(کەسیش نە بووە بەرهەمی ڕەنج و قوربانیدانی کۆبکاتەوە). پاساوهێنانەوەیە بۆ ژێر دەستی.
. چینی دەوڵەمەند برسی چاوچنۆک و ترسنۆکە لە ڕووبەڕوو بوونەوە و ناهەمواری و شڵەژاندنی سیاسیدا هەر بۆیە ئامادەی هەموو دابەزین و مناوەرەی فێڵبازانەیە لەگەڵ نەیارە (نەتەوەکانی) . بەڵام لە بەر ڕەواجی سیاسی خۆی و مانەوەی چەمکەکانی نەتەوە (و نەتەوە بوون) بەرنادات و ڕۆژانەش دەیکات بە درووشم بۆ دۆشینی شەقامی سیاسی.(ئەمەشیان بۆ مانەوەی پلەوپایەی دەسەڵاتی حیزبی خۆی). هەر بۆیە بازاڕی سیاسیان وەک ئەخلاقی سیاسیانی لێدێت ئەو کاتە ئامادەی هەموو ملکەچی و بێسەروەری نەتەوەیی دەبن بۆ داگیرکەرەکانیان (ئەوان دەڵێن شەریکی سیاسی). بوون بە دەوڵەت بوونی هەر نەتەوەیەک یانی (سەروەری سستێمی داد ،دارای ڕێکخراو ،ئازادی تاک و میدییاکانی،داڕشتنی خزمەتگووزارییەکان وەک پرینسیپ، ئاسایش و خیانەتی نەتەوەیی) کەواتە لەم سستێمە نۆێیەدا کە پێی دەڵێن دەوڵەت ، مەجالی دزی و گەندەڵی و بنەماڵەی سەرکردە و خێڵ نابێتەوە . هەر بۆیە دەوڵەت بوون خەوەکانیان تاریک دەکات. وە سەروەری دەوڵەتی یاسایی و پرینسیپییە ئەخلاقییەکانی دەبێتە شەرعییەتیدان بۆ دادگای کردنیان. بەرامبەر هەموو ئەو سەرپێچیانەی پیادەی دەکەن.
حیزبەکانی باشوور ئەمڕۆ خاوەنی یەک ووتاری سیاسین (ئەویش بە بەرژەوەندی زۆردارانی میللەتەکەمان شکاوەتەوە) ،وەک دەڵێن پاراستنی یەک پارچەیی خاکی عێڕاق ، فێدڕاڵی بۆ عێڕاق و پاراستنی برایەتی کورد و عەرەب.(ئەوە باسی عەرەبی ڕەسەن و توورکمانی برا مەکەن کە کەرکووکیان پێ دەرمانخوارد کرد). سەرانی کورد ئەمەیان کردووە بە شەرع بۆ ئەمەش ئەو نوشوستییەکانیان کە پێی ڕاهێنراون بەو جۆرە پڕۆسەی سەربەخۆی بوونیان خەساندووە.
جار جاریش حەماس دەیانگرێت و لە وەعداکانیان پەشیمان دەبنەوە بەرامبەر ئەو یەکپارچەییە، (وەک ئەوەی دیمان لە کۆنگرەی١٣ی پارتیدا، مافی چارەی خۆ نووسین بۆ میللەتی کورد هەقێکی رەوایە و کۆنگرە کاری لە سەر دەکات) ،بەڵام دوای ٤٨ سەعات لەو قسانەی کاک مەسعوود ،کاک نێچیروان دەڵێت سەرۆک مەخسەدی نە بووە لە جیابوونەوە(لە عێڕاق) ،بەڵکوو مەخسەدی عێڕاقی فێدڕاڵی بووە. ،باشە کە تۆ جێگەت هەر ناو عێڕاق بێت ، ئیتر مافی چارەی خۆنووسین چییە ، خۆ ئەمە خۆ ناونووسین نییە بۆ بایعی(شەکر و چا).
بەڵام لە باتی ئەم قسە لێڵ و تەماویانە دەتوانن بڵێن ئێمە سەربەخۆیی کوردوستانمان دەوێت ؟
ئەوەش ڕوونە کە هەزار و یەک فێدڕاڵی و برایەتی و دیمۆکراتی ناتوانێت جێگای کوردوستانێکی سەربەخۆ بگرێتەوە. ئەوانەی بوون بە غوولامی عێڕاق ، یان سەربەخۆیی بە خەون و خەیاڵ دەبینن ، ناتوانن خۆدی خۆیان ئازاد بکەن ،نەخوازەڵا سەربەخۆیی نیشتیمانێک.
من و زۆری زۆریش لە هاوبیرانی نەتەوەیی ،ووتتومانە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێڕاق و دیمۆکراتی بۆ عێڕاق (کە کلتووری عەرەب نییە) خەون و خەیاڵە.
چونکە بوونی دوو ئیتنیکی جیاواز یانی دوو ووڵاتی جیاواز و دوو جوغرافیای سیاسی لە یەک دابڕاو و نەگوونجاو. وە ئەو جەنگانەی بەرپا بوون بەرهەمەکەشی بۆ نەتەوەی ژێر دەست ، ئەنفال و جێنۆساید بووە.
هۆکاری ئەم شکستیانە کە نۆرەیان گرتووە بۆ دووبارە بوونەوەیان دەگەرێتەوە بە پلەی یەکەم بۆ ؛نە بوونی ئەکادیمی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ پرسە نەتەوەییەکان وای کردووە کە کورد بلیمەت و ژیرانە نەتوانێت مامەڵە و بڕیاری چارەنووسازانە بدات لە سەر هاوکێشە کوردوستانییەکان. لە کات و شوێنی ڕووداوەکاندا.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە