فینلاند، لەڕۆژی سەربەخۆیدا ئاڵاکەی دەسووتێنرێت!!

Monday, 07/12/2009, 12:00

1648 بینراوە


6ی ١٢ی ١٩١٧ ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی فینلاند لەژێر دەستی ڕووسیا. ٩٢ هەین ساڵی ئازادییە. فەرەنسا، سوید، ئەڵەمانیا دوای چوار هەفتە لەڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئیعترافیان پێکرد و دانیان بەبوونیدا نا.
تا ١ی ١٢ی ١٩٢٨ ، ٣٩ وڵات لەوانە تەنها ٣ وڵاتی مسڵمانی وەک ئێران، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئەفغانستان دانیان پێداناوە!
بەم بۆنەیەوە، لەهەموو گۆشەیەکی وڵات ئاڵا هەڵدەکرێت، چالاکی جۆراوجۆری سڤێلی و سەربازی ئەنجام دەدرێت. هاوکات خەڵات و نیشان دابەشدەکرێت و چەپکە گوڵ دەخرێتە سەر گۆڕی شەهیدان و سمبوولەکانی ئازادی.
بەڕەواڵی هەموو ساڵێک خانم تاریا هاڵۆنێین لەکۆشکی کۆماری، ناوەندی شاری هێلسنکی پێشوازی لە کەسایەتی فینلاندی و بێگانە دەکات. ئەمساڵ دەبێت لەگەڵ ئەوەی تەوقەکردن بەهۆی پەتای ئنفلۆنزای بەرازەوە قەدەغەیە، بەڵام دەبێت ١٨٠٠ جار ئەوکارە لەگەڵ میوانەکاندا ئەنجامبدات. باڵوێزخانەی عێراق بەبێ نوێنەری حکومەتی هەرێم ئامادە بوو.
لەیەکێ لەگۆڕەپانەکانی هێلسنکی، هەژارانی پایتەخت کە نزیکەی ١٥٠٠ کەس دەبوون، سوودیان لەخواردن و خواردنەوە بەلاش بینی.
٣ خۆپیشاندان ڕوویاندا، لەیەکێکیاندا کە نزیکەی ١٠٠ کەسێک دەبوون، پرۆتستۆکردنی سیاسەتی ژینگە و کۆنگرەی کۆبنهاگن بوو، ئاڵای فینلاندیان سووتاند! هەرچەندە ئەو کارە تاوانی یاساییە بەڵام کەس نەگیرا.
بەپێی قسەی یەکێ لەڕۆژنامەنووسان، بۆ میوانانی کۆشکی کۆماری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەچاو ساڵی ڕابردوودا بەتایبەتی خواردن و خواردنەوە، بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە کەمکراوەتەوە.
شایەنی وەبیرهێنانەوەیە، بەڵگەنامەی سەربەخۆیی فینلاند، بەواژووی لینین و ستالین و ترۆتسکی کراوە.
زانیاری زیاتر لەسەر فینلاند بەکوردی، لێرەدایە:
http://www.infopankki.fi/ky-KG/home


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە