ئەسیرێک پێش زەمەن کەوتووە، ئۆجەلان مەشقى ئاشتى و تێگەیشتنە

Friday, 30/10/2009, 12:00

1833 بینراوە


زەینى دوورگەى ئیمیرالى کە لە زەنگ دەدات، باوەشى تێکڕاى گەلى کورد لە ئامێزى دەگرێت. ئیشکالییەتى هەرە گەورەى ئۆجەلان لەوەدایە کە پێش زەمەنى کورد کەوتووە. تێگەیشتن لە تێزو ڕەهەندە فیکرییەکانى لەناو ئەو زەمەنەدا ئەستەمە! بۆیە بە توندى و جەرگبڕانە ڕووبەڕووى وەحشى ترین و کرێت ترین پروپاگەندەى ناو پارتە کوردیەکانى باشوور بۆتەوە. ئەو، هەنووکەشى لەگەلڕ دابێت مەشق بەعەقڵ دەکات و کوردان فێرى تێگەیشتن لە ئاشتى و ئازادى و حەوانەوە لەگەڵ خودو دەورووبەر دەکات. دەیهەوێت مرۆڤى ئەم فەزا پڕ فەوزایە لەگەڵ خود تەبابێت و مرۆڤایەتى ئاشت بێتەوە. جۆناسان ئاسا کە لە گەشتەکەى گەلیڤەردا عەوداڵە بەدووى ئاشتبوونەوەى مرۆڤایەتى لەگەڵ یەکداو سەرەنجام لەگەڵ جیهانى ئاژەڵاندا ژیان گوزەر دەکات و ئاشتى لەوێ دا دەدۆزێتەوەو هەر لەوێشدا سەر دەنێتەوە؟!
داخى گرانم کە ئێمە خراپ کەوتووینەتە ژێر کاریگەرى ڕاگەیاندنە سەقەت و چەواشەکارییەکەى (پارتى و یەکیەتى) دژ بەوانەى کە شوێن خەبات و تێکۆشانى فەلسەفى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگییان بەوان لەق کردووە. سەیرە ئێمە تا ئەو ساتەیەش بەچاویلکەى ئەو دوو دەستگە نەخوێندەوارە نێو دەوڵەتییە!، سەیرى خۆمان و دەورو بەرمان دەکەین؟!
ئۆجەلانى ئەسیر، وەک نمونە کە مرۆڤێکى چەندە قووڵبین و عاشقە بە بەهەشتى ئاشتى و ئازادى هەر یەکێک لە ئێمە سەر بەسەر پەرتووکە فەلسەفى و مێژوویى و مەعریفییەکانى ئەو کەڵە پیاوە دابگرێت ئەم هەقیقەتەى بۆ بەیان دەبێت کە چەندە پێش زەمەنى کورد کەوتووە. بەڵام نەخوێندەوارى ئافەتى هەرە گەورەى پارت و بەربەستى ڕەقى نەناسینى گەلەکەمانە بە تاک و مەزنەکانى لە مێژوودا بەتایبەت لە باشورى کوردستان! بۆیە ئەم دوو دەستگە خێڵەکییە نەخوێندەوارە، بۆ بەرژەوەندییە تەسکە تاکە کەسییەکانییان هەموو شتێکیان کرد دەرهەق بە ئۆجەلان و پارتەکەى؟؟!! نمونەیەکى زۆر سادە کە ئێستاش هەر لە یادم ماوە لەباشور لە نەوەتەکان، خێزانى کورد گەر بیانویستایە زارۆکەکانییان بۆ ماڵەوە بانگ بکەن، بەپەکەکە شۆکیان دەکردن و دەوروبەریان دەتۆقاند!! گوایە پەکەکە کابوس و مۆتەکەن، مناڵان دەڕفێنن؟؟ ئەمە گوتەیەکى بەناوبانگى نێو شەقامى کوردە لە باشور بەتایبەت لە شارى هەولێر. لە کاتێکدا بەهێزترین و دیپلۆماسیترین پارت لەناو پارتە کوردییەکان بەتایبەت لە تاراوگە، ئەوانن.
داخەکەم ئێستاش زۆربەى خەڵکى باشور هەر لەژێر پاڵەپەستۆى قسەو قسەڵۆکە چەواشەکاریەکانى ڕاگەیاندنى (پارتى و یەکیەتى) دان دژ بەو پارتە مەزڵومە. هەمیشە بە چاویلکەى (ئەوان) سەیرى هەڵسوکەوتى پەکەکە دەکەن. ئیدى لێرەوە کارەساتەکان، خۆیان وێنا دەکردو، شتەکان تێکەڵ بەیەکترى دەکران. ئاڵۆزى و گرژى سەریهەڵدەدا. ئاواتى ئەم دوو دەستگە نەخوێندەوارەیەش تا ڕادەیەک هاتە دى لەوان سەردەمان. بەڵام بویەر ڕۆژ بەڕۆژ ڕاستییەکانى وەک خۆی پیشانى گەلدا کە کێ لەسەر شەقامى ڕاستى ئاشتى و نەتەوایەتى و، نیشتمانپەروەرێتییە.
دروستە ئەم خاڵە بکەیەنە پێوەرو، نمونە بۆ ڕەوشى هەنووکەى ئەو پارتە کە چەند ساڵ بوو ئێستاشى لەگەڵ دابێت ئەم دوو دەستگەیە بە هەمان نەفەس و، پشى پەشۆکاویان بەرببوونەتە گیانى کەسایەتى و، تێزە گۆڕانخوازیەکانییان. من نامەوێت باسى کۆن بکەم و نوختە بخەمە سەر پیلانەکانییان! بەڵام تا ئەو گوڵە سوورو سپیانە لەجێگەى ئەو زەین زبرو هۆش شێلوانە بەردەوام بن، دڵنیام درێژە بە تێکۆشانى عەقڵ و تێزە گۆڕانخوازییە باڵاکانى ئاپۆ دەدەن. ئەم ڕەنجە، مەرجە بۆ خەبات و تێکۆشانى لەنیاى مۆمى ناو تونێلە دەیجورەکانى زەمەنى کورد. گریللا لەم هەقیقەتە چاک تێگەیشتووە کە (هەر سەرکردەیەک یان ڕابەرێک ئەگەر قووڵبینى لەناو تێکستە مەزن و فەلسەفییەکان نەبێت، ئەوا ئەو سەرکردە، دەست و هۆزو تاقمەکەى بەرەو هەڵدێر دەبات) ئەمە گوتەى عاریف و بیرمەندێکى کوردە کە لەژێر ئەشکەنجەو ئازارى سەختى ئاخوندەکان، گیانى سپارد!! *
گڕى شوعلە سەرمەدیەکەى قەندیل و، گروپى هەڵمەتى ئاشتى و بەردەوامبوونیان لە دیرۆک و لە داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموون و خوێندنەوە. خوێندنەوەى ڕابردوو، ژیان لە ئێستاو، پردى پەیوەندى لە نێوانیان بە دروستکردنى وتووێژ بۆ بنیاتنانى ئایندە کە بەشێکن لەڕەهەندە فیکرییەکانى ئاپۆو، تێخوێندنەوەکانى.
ئەم وەرچەرخانە، ئومێد بەخشە بۆ تێکڕاى گەلى کورد لە ئێستاو لە داهاتوودا بۆ هەر چوار پارچەکانى کە شانازى پێوە بکات.
لە هەمووى گرینگتر جێبەجێ کردنى ئەو موتارەحاتانەى دوورگەى ئیمڕالە بە تەرجەمەکردنەوەى فەحواى پەیامەکان لەسەر ئەرزى واقیع. وەک بینیمان لە گروپى ئاشتیدا ئەمە بە زەقى خۆى بەرجەستە کرد کە بوون بەخاڵێکى وەرچەرخان لە مێژووى هاوچەرخ و شەهامانە خۆیان خزاندە ناو پەیژە دژوارەکانى مێژوو.
مەحەکى سەرکەوتن ئا لەمەدایە، لە بوونى بازنەیەکى ئەزمووندارو کارامە و خۆبەختکار، ئەنجومەنێک کە مەشقدار بێت بە عەقڵ و حیکمەت، ڕاستگۆ لە بەڵێنەکانى، جێبەجێکار بە بەڵێنەکانى ئەسیرى پێش زەمەن کەوتوو!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەحمەد موفتی زادە كە زیاتر لە 10 ساڵ لە زیندانەكانی ئاخوندەكانی ئێران لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لە دەستدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە