کوردستان و گۆڕانکارییەکان

Saturday, 26/02/2011, 12:00

1315 بینراوە



ئەگەرچی خۆپیشاندانەکانی ئێستای کورد وەکو درێژکراوەی ئەو شەپۆلە ناڕەزاییە تەماشا دەکرێت کە وڵاتانی ناوچەکەی گرتوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئاوڕێك بدەینەوە دەبینین کە ساڵانی پێشتریش لە کوردستان خەڵکی هەر ناڕازیی بووە لە دەسەڵات و دژی گەندەڵی دەنگی هەڵبڕیوە، دیارترینیان خۆپیشاندانەکانی کەلارو دەربەندیخان و چەمچەماڵ لە ساڵی ٢٠٠٦ دا گەلی کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە زیاتر خۆپیشاندان و راپەڕینی کردوەو ئەزمونی کردوە لە سایەی زوڵم و ستەمی هەر چوار وڵاتی بەشداربوو لە دابەشکردنی خاکی کوردستان، راستە لە سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان راپەڕین و خۆپیشاندانەکان وەکو باشوور بەرەنجامی نەبووە،
بەڵام لە راپەڕینی جەماوەری کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ لە باشوری کوردستان توانرا کۆتایی بە دەسەڵاتی بەعس بهێنرێت لەبەشیکی زۆری باشوور واتا ئێمەی کورد لە باشور بەر لە زۆرێك لە میللەتانی دیکەی ناوچەکە ئەزمونی راپەڕینی جەماوەریمان کردوەو بەرهەمیمان بینیوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئەزمونی حوکمڕانی خۆماڵییەوە ئەو کەسانەی کە متمانەی خەڵکی کوردستانیان بەدەست هێنا بۆ گرتنە دەستی جلەوی حوکمرانی لە باشوری کوردستان بەناوی حکومەتی هەرێمەوە، نەیانتوانی لە ئاستی خواستەکانی میللەتدا بن
بە تایبەت هەردوو حیزبە زلهێزەکەی کوردستان، پارتی و یەکێتی لەو نێوەندەداو لە ساڵی نەودەکاندا، شەڕێکی ماڵوێرانکەریان هەڵگیرساندو بە کۆی گشتی ئامارەکان باس لە ١٢ هەزار قوربانی شەڕی ناخۆ دەکرێت
کە ئەم ژمارە زۆرەی قوربانی ململانێی کورسی و ، پلەو سەرمایە لەبەردەم کۆمەڵێك پرسیاری جدی رامان دەگرێت، یەکەم: ئایە بە جدی پارتی و یەکێتی پێیان وابوو دەبێت ململانێکانی نێوانیان بە  کوردستان و گۆڕانکارییەکان خوێنی منداڵی کورد چارەسەر بکەن؟ یاخود دیوە شاراوەکانی شەڕی ناوخۆ زۆر لەوە جوداترن کە ئێمە بۆی دەچین!!؟

دووەم: تاکەی عاتیفەی هەستی نەتەوایەتیمان وامان لێبکات کە باوەڕمان بە یەکێتی و پارتی باوەڕێکی موقەدەس بێت و پێمان وابێت لەوان باشتر نە هەیەو نە دەبێتەوە؟
ئایە میللەتی کورد بە درێژایی مێژووی خەبات و شۆڕشەکانی هەر ئەو دوو حیزبەو ئەو دوو بنەماڵەیە بووە؟
ئەی باشە بەر لەوان چەندانی دیکە هاتن و بوونە قوربانی و خەباتی راستەقینەیان کرد بۆ ئەم میللەتە؟
لێرەدا دەبێت خۆمان لەبەردەم بڕیارێکی مێژوویدا رابگرین و لە وردو درشتی مەسەلەکان قاڵ بینەوە تا بتوانین بڕیارمان بەئاڕاستەی باشترکردنی بارودۆخی کوردستان ببەین
میللەت نابێت باوەڕی وابێت کە بوون و مانەوەی پەیوەستە بە دوو کەس بەناوی سەرۆك یاخود دوو حیزب بەناوی پارتی و یەکێتی، نەخێر مانەوەو بەردەوامی میللەت پەیوەستە بە خەباتی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانیان مانەوەو بەردەوامیمان پەیوەستە بە هۆشیاری سیاسی و نەتەوایەتیمان، پەیوەستە بەرێزگرتن لە خوێنی شەهیدان، بە رێزگرتن لە پیرۆزییەکانی میللەتێك کە جگە لە دەنگی گەل و هێزی ئامادەی گیانبەختکردن هیچ پشت و پەنایەکیان نیە دەسەڵاتی کوردی، هەر بۆیە موقەدەساتی ئەم گەلە بەر لە هەموو شتێك تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردییە کە لە هەموو لایەکەوە کار بۆ بچوککردنەوەو لە بەین بردنمان دەکەن، دەبێت خوێنی منداڵێکی کوردمان لە سەروەتی هەموو دونیا پێ زیاتر بێت نابێت هەرگیز لولەی چەکی کورد روو لە سنگی منداڵی کورد بکات ئێمە دوژمنمان زۆرن، نابێت پێشمەرگەکان، ئەوانەی موچەکانیان رەنجی ماندوبوونی خۆیانە لە دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبەی وەردەگرن خێریان پێناکەن، ئیرادەی نیشتمانیتان مەکە قوربانی بڕیاری شێتانەی ئەفسەرێك کە شەقی کەسێکی لە خۆی گەورەتر وای لێکردوە بڕیاری تەقەکردن بدات روو لە نەوەی کورد ئەوانەی داوای چاکسازی دەکەن بۆ هەموو وڵات بەبێ جیاوازی، دەیانەوێت ژن و منداڵی پێشمەرگەیەك و وەزیرێك هەمان مەکانەت و ژیانیان هەبێت
نەك کۆمەڵێك بیکات و چەند کەسێکی کەم بیخوات و میللەتیش هەر بەبرسێتی و هەژاری بمێنێتەوە
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە