مەسعود بارزانی دەڵێت: خەریک بوو یەکێک لە کوڕەکانم شەهید ببێت

Monday, 09/02/2015, 12:00

3274 بینراوە


ئۆشۆ لە کتێبی ژن دەڵێت: "بەداخێکی زۆرەوە خەڵکی تەنها پیر دەبن، کەچی ژیر نابن ".مەسعود بارزانی لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی حەیاتی عەرەبی چاپی لەندەن دەڵێت: کوڕەکانم لە پێشمەرگەکانی دیکە ئازیزتر نین، دەبێت بچنە بەرەکانی جەنگەوە. هاروەها دەڵێت: كوڕەكانم لەو گەلەن و بەشدارییكردنیان لە پرۆسەكەدا ئەركیانە. پاشان بارزانی دەڵێ: ئەو مافە بە خۆم نادەم، پێشمەرگە بۆ شەڕ بنێرم و كوڕەكانیشم لە ئارامیدا بن، کوڕەکانم خۆشیان ئەمە قبوڵ ناكەن، بۆیە دەڵێت:" یەكێك لە كوڕەكانم خەریك بوو لەم شەڕانەی دواییدا شەهید ببێت".
تا ئێرە ئێمە وچانێک بە قسەکانی دەدەین و دێینە سەر قسەکردن لەسەر ئەم خۆهەڵکێشان و بەشان و باڵ هەڵدانەی بارزانی بەسەر خۆی و کوڕەکانییدا و دەڵێین:
مردن و شەهید بوون لەپێناو خاک و خەڵکدا لوتکەی گەورەیی هەڵبژاردنی ژیانە، هەموو کەس ناتوانێت بەو سەروەرییە بگات. ئێمە دەزانین مەسعود بارزانی حەز دەکات پێمان بڵێت، جا شەهیدبوون چییە؟ ئەو ڕۆژە خەریک بوو کوڕێکم شەهید بێت. دەیەوێت ئەو سەروەرییەش بۆ خۆی لە ڕێگەی ئەم قسە دروستکراوەوە، کە بە خەیاڵ بیری لێکردۆتەوە سەروەریی بۆ خۆی و کوڕەکانی وەربگرێت. ئێمە دەپرسین جەنابی سەرۆک، زەحمەت نەبێت ئەوە لە کام ڕۆژدا بوو، لە کوێ، لە چ بەرەیەکی شەڕدا بوو، کە کوڕەکەت خەریک بوو شەهید بێت؟ ناشێت بڵێیت لە شەنگال، یان لە گوێڕ بوو! پێدەچێت ئەو کاتە بووبێت لەگەڵ سیروان بارزانییدا رای کردبێت بۆیە سیروان دەیووت: "لە شەڕدا ڕاکردنیش دەبێت! چونکە ئێمە فێرین، بۆ تورکیا، بۆ ئێران، ڕادەکەین" یان هەر نەبێت خۆتان ئاسایی وەک لە کەرکوکەوە بە ڕەحیم ئاوادا لە ٣١ئابی ١٩٩٦دا ڕاتان کرد.

جەنابی سەرۆک...! ئەو کەسەی ژیانێکی ڕاستەقینە ژیابێت، هەرگیز لە مردن ناترسێت، مردن دوا شتە کە باسی دەکات، ئیتر بێمانایە، کە تۆ باس لەمردنێک دەکەیت لە کاتێکدا کوڕەکانت لە دوبەی و ئەمەریکا و ئەوروپاوە پاڵیان لێدابێتەوە و تۆش لێرەوە داستانی سەروەرییان بۆ تۆمار بکەیت؟
راستە مەسعود بارزانی خۆی پروپاگەندەی ئەوە دەکات، کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە پێشمەرگەیە، ئەو پێشمەرگایەتیی بە جلی خاکیی پێناسە دەکات، وەکو پیشە سەیری دەکات، کە بەیانیان لە خەو هەڵدەستێت جلە خاکییەکانی لەبەر دەکات، وا دەزانێت لە ناو سەنگەردا راست بۆتەوە، ئێمە دەزانین ئەگەر کەبابچییەک لەماوەی ٥٠ساڵی کارکردنییدا، کەباب ببرژێنێت، سەدان جار کەبابی سوتاندوە! یان هەڵیوەشاندووە! رەنگە کرێکارێکی بیناسازیی لەماوەی کارکردندا چەندین جاران لە سەر داربەست کەوتبێتە خوارەوە، خێرە مەسعود بارزانی لە ماوەی پەنجا ساڵدا گوللەیەک بە لایدا گڤەی نەکردبێت! کاک مەسعود لە ماوەی ئەو ٥٠ و ساڵەدا کە خۆی باسی دەکات، هێشتا جلەکانی بەری دەڵێی ئەم بەیانییە لە بوخار هاتوونەتەوە. جگە لەوەش دێت ئەفسانە بۆ کوڕەکانی دروست دەکات و دەڵێ خەریک بوو کوڕێکم شەهید بێت. ئەی بۆ شەهید نەبوو؟ دیسان دەیەوێت بڵێت ئەوەی منیش وەک کوڕەکەی حەمەی حاجی مەحمود و ساڵح موسلیم خەریک بوو شەهید بێت، بەڵام بە داخەوە بەخت یاوەری نەبوو، وەکو سیروان بارزانی رایکرد و نەبووە شەهیدی خاک و نیشتیمان!.

من هەست دەکەم سروشت ڕەحمی بە گەلەکەمان کرد، دەنا ئیتر بۆ هەتا هەتایە بنەماڵەی بارزانی بە کوردیان دەفرۆشتەوە، ئەوە نییە ئیدریس بارزانی دڵی وەستا، کەچی بوو بە شەهیدی نەمر؟!
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە مەسعود بارزانی بێ ئەوەی خەڵک داوای لێکردبێت کە بۆچی کوڕەکانی نانێرێت بۆ بەرەکانی شەڕ!؟ دەڵێ: دەچن ئەوان خۆیان قبوڵی ناکەن، جیاوازییان لەگەڵ پێشمەرگەدا نییە، هەڵبەت وایە لە مەلا مستەفای باپیریان دەچن، ئەویش وەک زرار بەگ لە بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە، کەوا جارێک بە تەڵاشەبەردێکی دوای گوللەتۆپ قاچی بریندار دەبێت، ئیتر لە هەموو دانیشتنێکدا باسی برینداربوونی خۆی دەکات.

دوا ووتەم بۆ کاک مەسعود ئەوەیە: جەنابی سەرۆک لەو قسەیە دوور بکەوەرەوە، کە وەک سێبەری خۆت پێی نەگەیت، ئێوەی هەزار پیاوەکە، ئەگەر بمرن لەبەرەکانی شەڕدا من خۆم وەک تاکێکی ئەو بەشەی باشوور، کە ئێوە داگیرتان کردوە دڵم بۆتان داناخورپێت، چونکە ئێوە لە جێگەیەکدا ناکوژرێن کە خۆتان دوژمنتان هێنابێتە سەری! گەلەکەمان دەزانێت ئێوە بە فەرمانی تورکیا لەپشت هێنانی داعشەوە بوون، ئێوە بازرگانی لەگەڵدا دەکەن، هەروەک چۆن کوڕەکەت بازرگانی لەگەڵ (عودەی کوڕی سەدام)دا دەکرد.ئەم قسانەی تۆ دەیکەت بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو خیانەتەیە کە بەرامبەر بە گەلەکەمان کردووتە.

گەلەکەم هەمووی لەشەردایە ئێوەش خۆتان و کوڕتان لە گەشتی ووڵاتاندان و لەوێ بەدەم قاوەخواردنەوە خۆتان هەڵدەکێشن و قسەی درۆ دەبەخشنەوە، لە بری ئەوەی باسی کوڕەکەت بکەیت، کە خەریک بوو بکوژرێت ئەی بۆ باس لەو هەزار پێشمەرگە شەهیدەت نەکرد، یان لەو٥٢ گەریلایە، کە لە شەنگال و مەخمور و کەرکوک بەڕاستی شەهید بوون؟

ئەمەی تۆ ووتت، ڕێک ڕۆژەکانی راپەڕینم بیر دەخاتەوە، کە جامەدانەکەت فڕێ داو ووتت من شەرم لە خۆم دەکەم! ئەچمە هەر شوێنێک پێشمەرگەی یەکێتیی لێیە و لەوێدا شەهید دەبن! جەنابی سەرۆک هەروایە پارتی لەکوێ بێت داعش بێتەقە لەو شوێنەیە و بە ئاسانی دەیگرێت. ئێوەی بنەماڵەی بارزانیش بە ڕاکردن و خۆدوورخستنەوە لە بەرەکانی شەڕ فێرن. تکایە جارێکی تر ئەفسانە و خەو مەگێڕەوە، ئەگەر گێڕاشتەوە بچۆرە لای عەلی باپیر تا فێری خەوگێڕانەوەت بکات، ڕەنگە ئەوە خەوێکی کابوس بووبێت، وەک فرۆید دەڵێ: ترس خەوی کابوس دروست دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە