هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت: هەرچەند من سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگام، بەڵام هیچم پێنکارێت

Thursday, 23/04/2015, 1:14

8374 بینراوە


 داوای لێبوردن دەکەم لە ناونیشان و ناوەرۆکی نووسینەکەمدا پۆستەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکرم  بە هەڵە نووسیبوو. لە خوار نووسینەکە روونکردەوەم لەسەر داوە.

پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوو لە سلێمانی،  دەبوو هەڤاڵ ئەبوبەکر  بەزۆرینەی دەنگ پۆستی پاریزگاری سلێمانی وەربگرێت، بەڵام هەر لە سەرەتاوە یەکێتیی کردی بە هەڵا و جاڕی ئەوەی دا کەهەڤاڵ شایستەی پۆستی پاریزگاری سلێمانی نییە، چونکە لەسەردەمی بەعسدا  هۆنراوەی بۆ قادسییە و سەدام وتووە. گۆڕان دەبوو وەڵامی رەسمی یەکێتیی بدایەتەوە و ئەمانیش قسەیان لەسەر کاندیدەکەی ئەوا ن بکردایە،  بەمە پێگەی خۆی لە ناو جەماوەردا بەهێزتر بکات، جیاوایی خۆیان و حیزبەکانی دەسەڵات پیشان بدایە، لە هەمان کاتدا لەسەر ئەم قسە و پروپاگاندە کردنانە هەڤاڵی لە کاندیدکردنی ئەو پۆستە دوور بخستایەتەوە، یەکێکی دیکەی دابنایە تا یەکێتییەکان لەسەر هێرشبردن بۆ سەر بزووتنەوەکەیان دوور بخەنەوە، دیسان لەبەر ئەوەش کە بە جەماوەر و دەسەڵات بڵێن فەرمو ئێمە بەم کارە هەڵدەستین و یەکێکی دیکە دەخەینە شوێنی هەڤاڵ، یان لەبەرامبەرەوە ئەمانیش فایلی کاندیدەکەی یەکێتییان هەڵبدایەتەوە، ئەمە لایەنێکی دیکەی دەرخست، کە بزووتنەوەی گۆڕان هەڵگری ئایدۆلۆژیا و فیکرێکی سیاسیی و  کۆمەڵاتیی و چاکسازیی و گۆڕانکاریی نییە، هەرچیەکیان لە پێشترا وتبوو تەنها هاش و هووش بوو، گۆڕان پەیامێکی جیاوازی پێ نەبوو، بتوانێت خۆی لە پارتیی و یەکێتی جیابکاتەوە. گۆڕان و رێکخەری بزووتنەوەکەی، لەسەر ئەو هەموو سوکایەتییە کە بە نوێنەر و کاندیدێکی خۆیان دەکرێت، هیچیان نەکرد و بێدەنگ بوون.
کاتێک یەکێتی ئەم هێرش و تۆمەتانەی دایە پاڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، لەبەر ئەوە نەبوو، کە کاندیدەکەی خۆیان شیاوتر و خاوێنتر و شەریفترە، یان چاوەڕێی ئەوە دەبن بەپێی دەنگەکان پۆستی پارێزگار بۆ زۆرینەی دەنگ بێت، بەڵکو دەیانویست بە زۆریی و بە تۆپزیی دەسەڵاتی خۆیان  لە سلێمانی بسەپێننەوە و هێزی بازووی خۆیان بۆ خەڵکی و بۆ گۆڕان دەربخەن، ئەگەر ئەو پۆستە سیمبۆڵی دەسەڵات بێت، لە هەمان کاتدا سیمبوڵی درێژەدانیشە بە دزیی و داگیرکردنی زەویی و دەستدرێژی بۆ سەر شاری سلێمانیی و هاوڵاتیان و پیسخۆڕیی و خیانەت، یەکێتیی ئەڵتەرناتیڤی باشتری نەبوو دوور لەو تۆمەتانەی دایانە پاڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، کە کەسیاتییەکی خاوێنتر و باشتریان هەبێت، هەرچەندە دوایی بە گۆڕانیشەوە گوێیان بە دەنگەکان نەدا، لە کۆتاییدا هەردوو لا رێککەوتن، نیوە بە نیوە ئەو پۆستە دابەش بکەن، هەر دووساڵە یەکێک پۆستی پاریزگار وەربگرێت، بەمەش سەلماندیان کە سندوقی دەنگدان، سنوقی لگاوە، دەنگی جەماوەر رابواردن و فشەی سەر مێزیی خواردنەوەیانە، ئەو خەڵکەیان وەکو سەرە مەڕ تەنیا بۆ قەرەباڵغیی هێناوە، تا بڵێن ئێمە بە ئارەزووی خۆمان وەک بوکە سەماکەرێ دەتانهێنین و دەتانبەین، دەنگی ئەو خەڵکە باعەی مەڕە، چارەنووسی کاندیدەکان بە دەست ئێوەی مەڕ نییە، بەڵکو بەدەست ئێمەی پیرە سەربۆیاخکراو وئەو پیرەژنانەیە کە بێشەرمانە بوونەتە خاوەنی ئەرز و ئاسمانی وڵات.
لە کۆتاییدا یەکێتیی و گۆڕان لە نێوان خۆیاندا رێککەوتن، کە یەکەمجار کاندیدی یەکێتی ئاسۆ فەرەیدون ببێتە پارێزگاری سلێمانی، دوای دوو ساڵەکە هەڤاڵ ئەبو بەکر لەسەر کورسی پارێزگاریی دابنیشێت. هەڵبەت ئەم رێککەوتنە لە یاری چەرکوفەلەقی منداڵیش دەچێت، بۆ ئەوەی دوو منداڵ ژیر ببێتەوە دایک و باوکە هەر جارەی یەکێک لە منداڵەکان سوار دەکات، تا هەردوولایان بێدەنگ بکەن.

ئاسۆ فەرەیدون کێیە؟
ئاسۆ پزیشکە وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر نەشاعیرە و نەنووسەر، گومانی ئەوەی لەسەر نییە رۆژێک لە رۆژان هۆنراوە، یان وتارێکی لەسەردەمی بەعسدا نووسیبێت، لە بەغدا لە دایک بووە، خوشکەزای موکەڕەم تالەبانییە، موکەرەم دۆستی نزیکی سەدام و سەرانی بەعس بوو، لە زۆر بۆنەدا پرس و راوێژیان بە موکەڕەم دەکرد و بۆ دانووساندن بەملاو بەولادا دەیاننارد، موکەڕەم توانی لای سەددام، واستە بۆ  ئاسۆ فەرەیدونی  خوشکەزای بکات و لە ناخۆشترین سەردەمی رەشی بەعسدا کە کورد چارەی رەش بوو، ئاسۆ لە کۆلیژی پزیشکی وەرگیرا، دوایی بە خشکەیش ئەندامی اتحاد الطلبة بوو،  دوای راپەڕین هاتە سلێمانی، لەبەر ئەوەی دایکی تالەبانییە، ئاسۆ تالەباناویی بوو، واتە نیوە  تالەبانی بوو، بۆیە بە ئاسانی جەلال تالەبانی وەکو خزمی خۆی سەیری کرد، ئەم موبارەکەی لە خەستەخانەی سلێمانی دانا،  بەمە پشتی قایم بوو، بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوتی ناشیاوی دەکرد،  تا لە دواییدا لە خەستەخانە دەستدرێژی کردە سەر کیژێک و کەسوکاری بڕیاریان دا تۆڵەی نامووسی لێبکەنەوە، هێرۆ و جەلال تالەبانی فریای کەوتن و یارمەتییان دا،  لە کوردستان دەربازیان کرد، بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەناوی خوێندنەوە ناردیانە دەرەوەی وڵات، ئەم ئاسۆیە راستە شیعری بۆ بەعس نەنووسی، لێ رابردووی باش و شەرەفمەندانە نەبوو، کاک نەوشیروان زانیاریی لەسەر هەبوو، لێ رێگای نەدا بۆ راگرتنی پارسەنگی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن پشتگیری لە هەڤاڵ بکات و لە گوڵ کاڵتریان بە ئاسۆ نەگووت، لاپەڕەی پۆخڵی ئاسۆیان هەڵنەدایەوە، بۆیە هەڤاڵ ئەبوبەکر بێ باڵ و بێ پشت و پەنا  کەوتە بەردەست یەکێتییەکان و ئەوانیش سوک و کەوڵیان کرد، لە فەیسبوکدا نەبێت، هەندێک لە گەنجی گۆڕانخواز، بێ ئاگا لەسەریان دەکردەوە، بەڵام یەکێتیی هەڤاڵیان ماندوو کردبوو،  هەڤاڵ ئەبو بەکریان پیس شکاندەوە، تا وای لێهات پاکانە و سوێندی دەخوارد، ئەمە لە کاتێکیشدا بوو، ئەو دوو پیرەژنە (هێرۆ و شاناز) یارمەتیی دەیان کەسی کۆنەبەعسی و جاش و ناپاک دەدا، چەندین کەسی وەکو تارق رەمەزانیان لە  کوردستان دەرباز دەکرد و لەملاشەوە لەسەر هۆنراوەیەک دادگایی هەڤاڵیان دەکرد، وا ئیستاش ئاسۆی اتحاد الطلبة و نامووسبەر و لاقەکەر بۆتە پاریزگاری سلێمانی، چونکە نیوە تالەبانییە، دەبێت نیوە خولێک لەسەر کورسی پاریزگار دابنیشێت، هەڤاڵ ئەبوو بەکریش جێگرەکەیەتی، دەسەڵاتی وەکو کۆسرەت رەسوڵ وایە  لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمدا.
ئەم درێژدادڕییەم بۆیە کرد، تا بێمە سەر  باسەکە و ئەو هەواڵە رابگەیەنم، کە لەم کەینو بەینەی نێوان سەرانی یەکێتیی و گۆڕاندا، تەنیا گۆڕانخوازەکان زەرەمەند بوون، بوونەتە قۆچی قوربانی بزووتنەوەی سەرگردەکە، کاک نەوشیروان و چەند دەستوپیوەندێکی لێدەربچێت، هەرچی دەرکراو و نانبڕاوکراوە،  باجی گردەکە و کارگەی چیمەنتۆکەی کاک نەوشیروان و فاروقی مەلا مستەفا دەدەن.
 لە هەواڵێکدا کە کەسێکی نزیک لە زاری عەتای برای قادری حاجی عەلی گێڕاویەتەوە، دەڵێت ماوەی چەند مانگێکە عەتا حاجی عەلی سەردانی پاریزگای سلێمانی دەکات، کارێکی  لە پاریزگا هەیە، کارەکەش یاساییە، تەنیا واژووی ئاسۆی دەوێت، بەڵام ئاسۆ بۆی ناکات، بە بیانووی ئەوەی گۆڕان بووە، نوکتەکە لەوەدایە، کە عەتا چۆتە لای هەڤاڵ ئەبو بەکر، داوای لێکردووە بەڵکو بە ئاسۆ فەرەیدون بڵێت تا واژوو لەسەر داواکەی بکات، لە وەڵامدا هەڤاڵ پێی وتووە: راستە من سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگام، بەڵام بڕوا بکە هیچم پێ ناکرێت، چاوەڕوان بە، تا دوو ساڵەکەی ئاسۆ تەواو دەبێت، ئەوسا من کە بووم  بە پارێزگار،  واژووی لەسەر دەکەم و کارەکەت بۆ رایی دەکەم.

 تێبینی: دوای لێبوردن دەکەم  بەهەڵە پۆستەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکرم نووسیبوو،  کە گوایە جێگری  پارێزگارە، جێگری پاریزگار یەکێکی دیکەی گۆڕانە، و هەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگایە، لەو هەڵەیە داوای لێبوردن دەکەمەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە