لە کوێ هەستت بەئارامی کرد ئەوێ نیشتیمانی تۆیە

Friday, 10/07/2015, 0:03

3072 بینراوە


کۆچکردن دیاردەیەکی بەردەوام بووە، لەگەڵ قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا هەمیشە بەپێی کات و کاریگەرە ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان، چوارچێوەیەکی تایبەت بەخۆی وەرگرتووە، بە هەمان شێوە کۆچکردن لە نێو گیاندارەکانیشدادیاردەیەکی بەردەوامە، کە زیاتر پەیوەستە بە کەش و هەوای وەرزەکان و گۆڕانکاریە ژینگەییەکان.
دەکرێت کۆچکردن دابەش بکەین بۆ دوو جۆر:
یەکەم: کۆچکردنی ئاسایی، بەو جۆرە کۆچکردنە دەگوترێت، کە مرۆڤ یان زیندەوەر، بەپێی ویستی خۆی و بێ هیچ فشارێکی ڕامیاری و مرۆیی ئەنجامی دەدات، بەڵکو پەیوەستە بە خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوە، واتە کۆچێکی پلان بۆ داڕێژراوە و ئامانجەکانی دیارن.
دووەم: کۆچکردنی نائاسایی: بەو جۆرە کۆچکردنە دەگوترێت، کە مرۆڤ یان زیندەوەر لە خواستی خۆیدا نیە و ناچار دەکرێت بەهۆکاری ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە کۆچ بکەن، جەنگەکان، هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان، دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتدارەکان، ڕۆڵی سەرەکی لەو جۆرە کۆچکردنەدا دەبینن.
لە ئێستادا، یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی ڕۆژ، کۆچکردنی بە کۆمەڵی گەنجانی باشوری کوردستانە بۆ دەرەوەی وڵات، هەریەکە و لەبەرخۆیەوە شتێک دەبێژێت، زۆرینەش لەسەر ئەوە هاوڕان، کە ئەو کۆچە پەیوەستە بە خراپی باری گوزەرانی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان، سەرچاوەکەشی ناکارایی دەسەڵاتدارانی کوردن و نزیکەی چارەکە سەدەیەکە نەیانتوانیوە خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن،یان گەنجەکان خاوەن کارێکی شایستەی ژیانیانبن، خۆشیان دەستیان بەسەر داهاتی ئەو هەرێمەدا گرتوە و زیاتر بۆ بەرژەوەندی پارت و بنەماڵەکانیان بەکاریدەهێنن، ئەوە وێڕای سنوردارکردن و سەرکوتکردنی ئازادیە تاکیەکان و شەڕی چەتەکانی داعش.
هەموو ئەوانە ڕاستین و هەمووانیش بەردەوام بەچاوەکانی خۆیان ئەو نادادپەروەری و پێشێلکاریانەی دەسەڵاتی کوردی دەبینن، دەبیستن و دەخوێننەوە کە ئەندامانی بنەماڵەی بەرپرسەکان، چۆن دەژین و هەر ڕۆژەی لە وڵاتێکن و خاوەنی کۆشک و تەلاری خەیاڵی چەند ملیۆنین، خوێندنیان هەر لەدەرەوەیە، کاروباری تەندروستیان هەر لەدەرەوەیە، کات بەسەربردنیان هەر لەدەرەوەیە، جلو بەرگ و پۆشاکیان هەر لەدەرەوەیە، هەموو شتێکیان هەر لەدەرەوەی وڵاتی خۆمانە، تەنها شتێک کە لەوڵاتی خۆمان هەیانە، دەسەڵات و گیرفانە، ئەویش بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و کۆمەڵێک خزمەتکاریانە.
منیش لەسەردەمی هەرزەکاریمدا، خولیای ئەو سەرهەڵگرتنەم دەهزردا بوو، چەندین جاریش هەوڵمدا بەڵام دوای دەردەسەریەکی زۆر بێئەنجام بووم، حەڤدە ساڵ لەمەوپێش، جارێکی دیکە ئەو خولیایە هاتەوە مێشکم و ڕێگەی هەندەرانم گرتەوە بەر، ئەو جارەش بەخت یاوەرم نەبوو، گیرام و لەگەڵ کۆمەڵیک کەسی دیکەدا سنورداشی برایم خەلیل کرامەوە،  ئەوجارەیان زۆر تایبەتمەند بوو، هەستێکی تەواو جیاواز ترم هەبوو، لە هەموو جارەکانی دیکە، دەمگوت هەر کە ئاودیوی سنور کرامەوە لە برایم خەلیل، دەکەومە سەر ئەژنۆکانم و خاک و خۆڵی ئەو نیشتیمانە ماچدەکەم، ئاخر ناهەقم نەبوو، ئەوجارە ئەوەندەم ناخۆشی دیتبوون، لە بێڕێزی و تێهەڵدان و برسێتی، بەدەست تورکانەوە.
 کاتێک یەکە یەکە ناویان خوێندینەوە و ڕادەستی ئاسایشی پارتیان کردین، هەموویان کۆکردینەوە و گوتیان وەرن بەدواماندا هەر نزیک لەوێ ئوتێلێکی بەرزی لێیە، پێموایە هەرچی بەو ڕێگایەدا ڕەتبووبێت دەزانێت کوێیە، ئێمە چەند هەنگاوێکمان هەڵێنا بەرەو ئەوێ بڕۆین، بەڵام خەڵکەکە زۆر بوو، نزیکەی پەنجا کەس دەبووین، هەندێک بە ئاڵۆزی ڕێماندەکرد، بێ ئەوەی پێمان بڵێن ڕێکبنەوە، پیاوێکی باڵابەرز، بەجل و بەرگی کوردیەوە، دارێکی لەدەستدابوو، کەوتە سەرمان بەلێدان و جنێوی پێدەداین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر یەکێک لەتاو ئازار خۆی بە لایەکداڕۆیشتبایە، دەیگوت ( نەڕەڤن گەواد.....هتد ).
ئێمەش ماندو، برسی، بێ هێز، پێمانوابوو بگەینەوە ئەو دیوی سنور ڕێزێکی زۆرمان لێدەگرن، بۆئەوەی سەرنجمان ڕابکێشن و جارێکی دیکە بیر لە بەجێهێشتنی وڵات نەکەینەوە، هەرچۆنێک بێت بەو شەڕە شەق و تێهەڵدانە گەیشتینە لای ئوتێلەکە، گوتم ئۆخەیش، پشوویەکی باش دەدەین و خۆمان دەشۆین و تێر ناندەخۆین، یەکێکمان پێشکەوت و ئێمەش بەدوایدا، هەر پلیکانە بوو نەدەبڕا، کاتێک خۆمان دیتەوە ئێمە لەسەربانی ئوتێلەکەین، لەوێ لەبەر ئەو گەرما و خۆرە دایان ناین و ئەو دار بەدەستە و یەکێکی دیکە بەدیارمانەوە بوون، لەسەر بانی سەرەوە ژوورێکی بچکۆلە هەیە بەسەر پلیکانەکانەوە، لە دیوی دەرەوەی ئەو ژوورە، کە دەکەوتە سەر سەربانەکە، چەند فەردەیەکی لێ ڕیزکرابوو، یەکێک لەو کەسانەی لەگەڵماندا بوو نزیک بوو لەفەردەکان و هەندێک جوڵا دەستی بردە ناو یەکێک لە فەردەکان و بینیمان دەمی دەجوڵێتەوە، ئەوە خواردنە لەوێدایە، تومەز ئەوە گوێچک و نانەڕەقی چێشتخانەی ئوتێلەکە بوون لەوێیان دانابوون، ئێمەش هەموومان برسی، لە پڕ هەموومان هوروژممان برد بۆ لای نانە ڕەقەکە وهەی لەوەی پەلامار بدات، بێ ئاگا لەوەی ئەو دار بەدەستە بەدیار ئێمەوە ڕاوەستاوە، هەر ئەوەندەمانزانی ئەو بەدارەکەی و ئەویدیکە بە شەق و شێلاقە کەوتنە سەرمان، جگە لە دەمیان هەر کە دەیانکردەوە، بۆنی زێرابی لێدەهات، هەندێک لە ترسانا، گوێچکە نانە ڕەقەکەی ناو دەمیشیان فڕێدەدایەوە، ئە و ڕەفتار و دیمەنانەی ئەو ڕۆژە لەماوەیەکی کەمدابوون، بەڵام سەرتاپای ژیانی منیان گۆڕی و هەر لەوێ بڕیارمدا یان مردن یان هەندەران و هەرگیز جارێکی دیکە بیر لەژیانی ئەوێ نەکەمەوە، تاوەکو ئەو مافیاو نامرۆڤانە سەرداری وڵاتەکەم بن.
ئۆرهان پامۆک، ڕۆماننوسی ناوداری تورک و جیهان، لە بەشێکی ڕۆمانی ( بەفر )دا دەنوسێت:  کۆچبەران ئەوانە نین کە تەنها لە نیشتیمانەکەیان ڕادەکەن، بەڵکو ئەوانەن ئەرکی ڕزگارکردنی ئەوانەشیان دەکەوێتە ئەستۆ، کە لەنیشتیماندا ماون.
ئەوەی کەباسمکرد، سەرچڵێک بوو لەو ئازارانەی کە لەنیشتیمانی خۆمدا چەشتوومە، دڵنیام هیچ گەنجێکی نیشتیمانەکەی ئێمە نیە، بە چەندین ئازار نەتلابێتەوە و هەمیشە لەچاوەڕوانی دەرەتانێکدا بووە، کەمێک لە خەم و ئازارەکانی کەمبکاتەوە، بەڵام کاتێک مرۆڤ هیوا بڕاو دەبێت، لە هەموو شتێکی نیشتیمانەکەی و کەسیش نیە پارێزگاری لە بەها مرۆییەکانی بکات، یان وەک مرۆڤ خۆی ببینێتەوە، کە شایستەی ژیانێکی ئاساییە، بێ جیاوازی بیر و ڕا و چینایەتی، دەبێ ئەو کاتە جگە لەهەڵگرتنی سەری خۆ و بەجێهێشتنی وڵات، چ شتێکی دیکە هەبێت، ئەو ناخە پەزمەندە بووە خاڵی بکاتەوە؟
ماویەتی..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە