نۆرەی روحانییە، کە باشوری وڵات بەهی خۆی بزانێت!

Tuesday, 04/08/2015, 9:33

3244 بینراوە


کاتێک سەرکردەکانی  کورد لە باشووری وڵات، دەبن بە جاشی دوژمنان، ملکەچ، سەرشۆری دەکەن بۆیان، بە پێشیان دەکەون لە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر هێزە کوردییەکانی تر، ئەوانیش لای خۆیانەوە، جگە لەوەی کە بە خزمتکارو نۆکەرییان دادەنێن، بە کەمی سەیریان دەکەن، لە هەمان کاتدا دەیانکەن بە دەروازەییەک بۆ دیتن وهەڵسەنگانددنی میللەتەکە. لە ئەنجامدا تێروانینیان بۆ میللەتەکەش هیچ پێگە، نرخ، رێزو سامێکی نابێت. لەو دیدەوە خۆیان بە خاوەنی دەزانن، هەق بەخۆیان دەدەن کە بڕیار بەدەست بن بۆ دیاریی کردنی چارەنوسییان، ئاییندەیان و داگیر کردنی وڵاتەکەیان.
یەکێک لە خاڵە هەرە لاوازەکانی کەساییەتی یەکەمی پارتە بەشدار بووەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، ئەوەیە پاراستنی رێز،هەیبەتی نیشتمانی و نەتەوەییان لا گرنگ نییە، خۆیان بەکەم دەزانن بەرامبەر بە دوژمنانی کورد. ئەمە هۆکارێکی گرنگە کە رێزو بەهێزی خۆیان لەوەدا دەبینن، کە کام لە سەرۆکەکانی وڵاتە دراوسێکانی دژە کورد و مرۆڤاییەتی، رویەکیی خۆشیان دەداتێ و دەست بەسەریاندا دەهێنێت. هەر کاتێک نوێنەرێکی ئەو وڵاتانە بێن بۆ سەردانییان، هەتا ئەگەر لە ئاستێکی نزمیشدا بێت، زۆر بەپەلە میدیایی ئەو لایانە زەقی دەکاتەوە، لەسەر کورسیی پاشایانە دایاندەنیشێنێت، سەڕۆکی پارتەکەیان لە پاڵی، سەردانەکە زۆر بە گرنگ و بەرز دەنرخینێت، بەهێزی خۆی لەوەوە بە میللەت دەناسێنێت، بەکاری دەهێنێت بە مەبەستی ترسانددن و تۆقانددن.
لە بەرواری ٢٦/٧/٢٠١٥دا، سەرۆک کۆماری ئێران، لە یاریگایی شاری سنە، وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی "ئەگەر دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، قارەمانەکانی ئێران نەبواناییە، ئیمرۆ هەولێر و بەغداد بە دەست تێرۆریستەکانەوە دەبوو. ئێمە هەر بەو شێوەی کە سنە دەپارێزین، دهۆک، هەولیر و سلێمانیش دەپارێزین".
ئەم وتارەی رۆحانی لە کاتێکدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە زلهێزەکان، پلانی گۆرینی نەخشەی جوگرافیایی ناوچەکەیان لەبەردەستتدا هەییە.  لەو کاتەدا مەبەستییەتی بە میللەتی کورد رابگەیەنێت، کە یارمەتی دانی ئێران بۆ میللەتی کورد لە باشوردا، ڕژانی خوێنی پاسدارن بەبێ نرخ نییە، پێشانددانی هێز و پێگەیی رژێمی ئیسلامی ئێرانە، لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەکە و دنیا، لە ساغ کردنەوەی بڕیارە سیاسییە چارەنوسازەکان بەتایبەتی لە کوردستاندا. لەهەمان کاتدا بچوک کردنەوە، لاوازیی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم بە میللەتی کورد لە باشورو رۆژهەڵاتدا دەناسێنێت، مەبەستیەتی ئەو ڕاستییە بۆ میللەتی باشور و رۆژهەڵات بسەلمێنێت کە هەرێم توانایی پاراستنی ئەوانی نییە، ىڕیارە چارەنوسازەکانی پەیوەندیدار بە میللەتی کورد هێشتا لە ژورە تاریککانی تاراندا ساغ دەکرێنەوە، کلیلی بەرقەرار بوونی ئآشتیی و ئاسایشیی وڵات لەدەست ئەواندایە. 

وتارەکەی رۆحانی چەند راستییەکی تیادا بەدی دەکرێت
یەکەم:
ئێران رێگەی پێداراوە لە لایەن پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فرەوان، دەورێکی کارایی هەبێت لە باشوری وڵاتدا. دامو دەزگایی هەوڵگریی ئێرانیی " ئیتیلاعات"، بوونیان هەییە لە هەموو شارەکانی باشوردا، بە تایبەتی لە شاری سلێمانی و کەرکوکدا. فەرماندەیی سوپایی پاسدارانی ئێران، دەورێکی باڵای هەییە لە بڕیارە سەربازییەکان و سیاسییەکاندا.
دووەم:
 پاسدارانیی ئێرانیی شان بەشانی هێزی پێشمەرگە بەشدار بوون، لە جەنگی دژ بە داعشدا.  بۆ سەلماندنی ئەوەش، هەر لە سەرەتایی شەڕەکانی دژ بە داعشدا لە باشوری وڵات، میدیایی ینک، رۆژانە وێنەی قاسم سلێمانی بڵاو دەکردەوە، لە ناوچەکانی کەرکوک سەرپەرشتی شەڕەکانی دژ بە داعشی دەکرد، خۆی پێ هەڵکێش و داکێش دەکرد، گەیشتە رادەیەک ئێران لە میدیاکانی خۆیەوە داوای دەکرد کە ئەوەندە وێنەی قاسم سلێمانی بڵاو نەکەنەوە لە بەرەکانی جەنگدا لە کوردستان.  ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پێشمەرگەی حدکا ئامادەیی خۆیان درىڕیبوو بۆ بەشداری کردن لەو شەرانەدا، بەڵام لە لایەن سەرکرداییەتی پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فرەوان، رێگایان پێنەدرابوو لەسەر داوای حکومەتی ئێران. 
 سێیەم:
پارتەکانی باشور پەیوەنیی ئێران وەکو کارتێکی فشار بەرامبەر بە یەکتر بەکاردەهێنن، لەکاتی قوڵبونەوەیی ناکۆکییەکانی نێوانیان، بۆ بەلادا خستنی بڕیار لە بەرژەوەندییەکانیاندا، وەکو ئەوەی کە روویدا سەرۆک پەرلەمانی کوردستان، ئەم ساڵ نوێنەری ئێرانیی بانگهێشت کردە نێو هۆڵی پەرلەمان، بۆ یەک لاکردنەوەی مەسەلەی سەرۆکاییەتی هەرێم. ئەم مەسەلەیە هۆکارەکەی هەرچی بێت، بەڵام بەرزنرخاندنی ئێرانەو کردنییەتی بە گەورەو سەڕۆک، بەکارهێنانییەتی بۆ چاو سورکردنەوە. بە دڵنیاییەوە هیچ کاتێک نوێنەری هەرێم لە ئێراندا رێگەی پێنادرێت بەشداری بکات بۆ یەک لا کردنەوەیی بڕیارەکانی پەیوەندیدار بە پرس و ئایندەیی ئێران. نمونەیەکی تر، مسۆگەر کردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بۆ داشی خێزانی تاڵەبانی کە فوئادە، جگە لەوەی کە ئەو پۆستە لەسەر بیناغەیی سازان و پشکە، لە هەمان کاتەدا چاو سورکردنەوەیی ئێرانیشە، کە ئەو پارتە کوردییانە بەو جۆرە سازان و پشکە رازی بوونە لە نێوان خۆیاندا.  
چوارەم:
ئێران دەکرێت بە ناوبژیوان، دەوری سەرەکیی دەگێرێت لە بەلاخستنی کێشە و گرفەت ناوەخۆکانی نیو رێزەکانی یەکێتی نیشتمانی. روویداوە سەرکرداییەتی ئەو هێزە، ئێرانی بانگ‌هێشت کردۆتە نێو کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی بە مەبەستی خاو کردنەوەی گرژییەکان. هێرۆ خێزانی تاڵەبانی، هەرکە دەرکیی بەوە کرد، تاڵەبانی ئیتر بووە بە مردوی ناو پێخەف، پەنایی برد بۆ ئێران بۆ مسۆگەرکردنی دەستەڵاتی یەکەم لە نێو یەکەتییدا. دوای گەڕانەوەی هیرۆ، ئێران رایگەیاند کە خێزانی تاڵەبانی هێڵی سوورە. ئەم راگەیاندنە چاو سورکردنەوەیەک بوو بۆ سەرکردەیی کوتلە ناکۆکەکانی تری نێو یەکێتی نیشتمانی. دوای قوڵبونەوەی ناکۆکیەکان لە نێوان بەرهەم و هێرۆ، لە سەر مەسەلەی پۆستی سەڕۆک کۆماریی عیراق، لەو کاتەدا بوو بەرهەم بانگ کرا بۆ تاران بە مەبەستی دەم کوت کردن.    
گومان لەوەدا نییە، کە ئێران تاوەکو ئێستا بەرژەوەندیی، ئابووری ،سیاسیی، مەزهەبیی خۆی هەیە، سودمەند بووە لەو پەیوەندییە، بەڵام لەهەماندکاتدا ئەجێندایی تایبەتی خۆشی هەییە بۆ ئایندە، بە تایبەتی ئەگەر دەستکاری نەخشەیی جوگرافیایی ناوچەک بکرێت. لەم وتارەی رۆحانی وا دەردەکەوێت ئەگەر ئەو پلانەی زلهزیزەکان بخرێتە بواری جێبەبێکردنەوە، پشکی بەرکەوتوی ئێران دەبێت هەولێر، سلێمانی و دهۆک بێت. ئەگەریش مەسەلەکان بەهێزی سەربازی چارەسەر بکرێت ئەوە ئەوان لارییان لەوەدا نییە بۆ ئەوەش هەنگاو بهاوێن.  

سەرچاوە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە